مێژووی وه‌رزشی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

مێژووی وه‌رزشی سلێمانی

وەرزش  بەشێکە لە کلتور و رۆشنبیری هەر میللەتێک، لە سلێمانی هەر لە مێژەوە وەرزش وەک چالاکییەک بوونی هەبووە، بە تایبەت لەو جۆرە یاریانەدا کە لەنێو کوردا باو بوون، وەک سوارچاکی و تیرئەندازی و  هەمیشە ستایشی ئەو جۆرە وەرزشە کراوەو  ئەتوانین  پێش پەیدابوونی ئۆتۆمبیل کەم کەس هەبووە لە شاردا شتێک لە سوارچاکی نەزانێت، تەنانەت ژنانیش لەم بوارەدا بەجێ‌ نەماوبوون،

هاوکات یارییە کوردەوارییەکانی تریش لە گەرگ  و کۆلان و گردەکانی شاردا خەڵکی سەرقاڵ و سەرگەرم دەکرد و بەگشتی ئەهلی سلێمانی بە ئەهلی کەیف و سەفا و سەرگەرمی ناسراون

.

شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌شیعری (له‌بیرم دێ سلێمانی که‌ دارولمولکی بابان بوو) دا به‌روونی باسی ئه‌سپسواری و نمایشی ئه‌سپسوارانی شاره‌که‌ ده‌کات که‌ ئه‌و کاته‌ شێخ ره‌زا به‌جرید بازی ناوی ده‌بات و شوێنه‌که‌ش دیاریی ده‌کات که‌ ده‌وری کانی ئاسکان بووه‌ و ده‌ڵێت:
درێغ بۆ ئه‌و زه‌مانه‌ ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌و عه‌سره‌ ئه‌و رۆژه‌
که‌مه‌یدانی جرید بازی له‌ده‌وری کانی ئاسکان بوو

دواى  روخانی ئیماره‌تی بابان، "مامه‌ یاره" ‌ی تۆپچی بابانییه‌کان  له‌ جاده‌ی سابونکه‌ران نزیک حه‌مامی موفتی‌، زۆرخانه‌یه‌ک ده‌کاته‌وه‌و گه‌نجان و لاوانی شارەکەى  تیا فێری میلبازی و زۆرانبازی کردووه‌.

یاره‌ خۆی پیاوێکی تێسمڕاوو گه‌ڵه‌گه‌ت و به‌هێز بووه‌و له زۆرانبازیدا زۆر به‌توانابووه‌، ئه‌م زۆرخانه‌یه‌ی ئه‌و بنه‌مای دروستبوونی یانه‌بووه‌ له‌سلێمانی و خۆیشی وه‌ک راهێنه‌رو سه‌رۆک یانه‌ رۆڵی بینیوه‌ و که‌سانێکی زۆریش له‌سه‌رده‌ستی ئه‌م فێری ئه‌و جۆره‌ وه‌رزشه‌بوون.


پێش ئه‌وه‌ی ئینگلیز بێنه‌ سلێمانی یارییه‌ک نه‌بووه‌ به‌ناوی تۆپی پێ، به‌ڵام که‌ئه‌مان ساڵانی بیسته‌کان دێن و که‌مپێکی سه‌ربازی له‌ باکوری  سلێمانی و گه‌ڕه‌کی توی مالیکی ئێستا داده‌نێن، سه‌ربازه‌ ئینگلیزه‌کان تۆپی چه‌رم له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێنن و له‌و که‌مپه‌دا له‌نێو خۆیاندا یاریی پێده‌که‌ن.
ئه‌م یاریکردنه‌ی ئینگلیزه‌کان به‌تۆپ سه‌رنجی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌لای خۆیدا راده‌کێشێت و ئه‌مانیش به‌په‌ڕۆ تۆپ دروستده‌که‌ن و له‌نێوان خۆیاندا یارییه‌که‌ ده‌که‌ن و لاسایی سه‌ربازه‌ ئینگلیزه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌، ئیتر لێره‌وه‌ یه‌که‌م به‌ردی بناغه‌ بۆ وه‌رزشێکی سه‌ده‌میانه‌ له سلێمانیدا داده‌نرێت.
ئیتر وه‌رزش ساڵ له‌دوای ساڵ فراوانتر ده‌بێت، تیپی تۆپی پێ له‌گه‌ڕه‌که‌کاندا درووست ده‌بن، وه‌رزشی قو‌تابخانه‌ گه‌شه‌ده‌کات، له‌گه‌ڵ که‌شافه‌و ئیستیعرازی ساڵانه‌، یارییه‌کانی تریش وه‌ک تۆپی پێ و باسکه‌و باله‌ش په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.
هه‌نگاوه‌کانی گه‌شه‌ی وه‌رزش ئه‌م شاره‌ گه‌وره‌ تر ده‌بن تا وای لێدێت یانه‌یه‌کی وه‌رزشی به‌ناوی یانه‌ی سیحه‌و قووه‌ داده‌مزرێت، ئه‌م یانه‌یه‌ که‌م ده‌وامی کردو دواتر ساڵی 1956 یانه‌ی سلێمانی دامه‌زرا.


مێژووى دامەزراندنى یانەى سلێمانى

لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦ لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە :
•    لە گەڕەکی مەڵکەندی تیپی پێشکەوتن کە خوالێخۆش بوو عەبدولڕەحمان عەبە گۆڕێ سەرپەرشتی ئەم تیپەی کردووە.
•    لە گەڕەکی شێخان تیپی ئەزمەڕ.
•    لە گەڕەکی کانێسکان تیپی ئاسۆ.
•    لە گەڕەکی سابونکەران تیپی ھێرش.
•    لە گەڕەکی سەرشەقام تیپی سەیوان لە پاشدا خەبات و تیپی ئاکۆ.
•    لە گەڕەکی ھۆڵی تیپی ھیوا لە پاشدا تیپی برسی گەڕەکی پیرمەسوور دروست بوو.
جگە لەم تیپانەش :
•    تیپی سووپا حامیەی سلێمانی.
•    تیپی فەرمانبەران.
•    تیپی پۆلیس.
ئەم تیپانە لەگەڵ یەکدا یاری دۆستانەیان ئەنجام ئەدا و تیپەکانی دەرەوەشیان بە یاریکردن بەسەر ئەکردەوە. لەو ساڵانەدا جێگری پارێزگاری سلێمانی بەڕێز عەبدوڵڵا بەگ بوو کە بەم جوڵانەوە بەو چالاکیە وەزشیانە زۆر خۆشحاڵ و پێی باش بووە وە لە ھەمان کاتدا خۆی حەزی لە وەرزش بوو ، ھەموو سەرۆک تیپەکانی بانگھێشت کرد بۆ دیوانی پارێزگا و پێی ڕاگەیاندن کە دەورەیەک بکەنەوە لە نێوان ھەموو تیپەکان و بەڵێنی پێدان کە ھەموو جۆرە یارمەتیەکیان بۆ دابین دەکات (لە خەڵات و کڕینی کاس و پێداویستیەکانی ئەو خولە) سەرۆک تیپەکان بە خۆشحاڵیەوە ڕەزامەندیان پیشاندا و زۆر سوپاسیان کرد. وە بۆ ئەنجامدانی چۆنیەتی یارییەکان بڕیاریاندا کە یاریەکان بە (دۆڕاندنی دووجار) بۆ ھەر تیپێک بۆ خولەکە دەچێتە دەرەوە وە لە پاشدا (قرعە) کرا بۆ یاریەکانیان لە ئەنجامی یاریەکان ھەردوو تیپی سەیوان و پێشکەوتن مانەوە بۆ یاری کۆتایی وە ڕۆژی یاری کردن دیاری کرا بەپێی ڕێکەوتنی ئەو سەرۆک تیپانە ، یاری کۆتایی ئەگەر یەکسان بوون یاری دووەم ئەنجام بدەن خۆ ئەگەر یاری دووەمیش یەکسان بوون ئەوا یاری سێیەم ئەنجام دەدەن. بەرپرسی تیپی سەیوان شەھید مامۆستا یاسین حەمەساڵح بوو وە تیپی پێشکەوتن کاک تالیب سەید عەلی بوو. وا ڕێکەوت ھەردوو تیپ لە یاری یەکەم و دووەم دا یەکسان بوون ڕۆژی دیاری کراوی سێیەم دیاری کرا.
یاری سێیەم لە یاریگای تەیارەخانەکە ، ھەردوو تیپ دەستیان بە یاری کردن کرد وە ماوەی (٢٠ خولەک) تێپەڕ بوو ، مامۆستای خوالێخۆشبوو (ساڵح علی ھاتە ناوەوە و یارییەکەی ڕاگرت و ئەندامانی ھەردوو تیپەکەی ھێنایە قەراغ یاریگاکەوەو بە یاریزانەکانی ووت ئەوە جەنابی ( وەزیری ناوخۆی عێراقە) بەڕێز(حمە سەعید قزاز ) ئەیەوێت قسەتان لەگەڵ بکات ، کە یاریزانەکان کۆبوونەوە لەبەردەم وەزیری ناوخۆ و مامۆستا ساڵح علی لەقسەکانیدا زۆری پێخۆش بوو وە لەھەمان کاتدا ھانی دان کە بەردەوام بن لە وەرزش کردن ، لەم کاتەدا یاریزانی تیپی پێشکەوتن (تاڵب سید علی ) بە مامۆستا ( ساڵح علی) ووت دە مامۆستا پێی بڵێ و داوای ( کردنەوەی یانەیەکمان بۆ بکە) ، مامۆستای خوالێخۆشبووش ووتی ( جەناب ئێمە چەند جارێک داوای کردنەوەی یانەیەکمان کردووە کەچی ڕێگەمان پێنادەن، بەڵکو لەڕێی جەنابتەوە یانەیەکمان بۆ بکەنەوە). خوالێخشبوو ( حمەسعید قەزازیش) ووتی: ئێستا گەڕانێکم بەدەستەوەیە بۆ پارێزگاکانی ( کەرکوک و موسڵ ) ماوەی ( ١٠ ) ڕۆژم پێئەچێت دوای ئەو (١٠) ڕۆژە وەرن بۆ لام بۆ بەغداد سەرم لێبدەن ، بەڵام کە ھاتن ( عەریزەیەکتان ) پێ بێت ناوی کۆمەڵێ کەسان لە پارێزەرو فەرمانبەرو مامۆستا و کاسب کاری تێدابێت و لەگەڵ ناوەکانیان ئیمزایان کردبێت. کەلەم بەڕێزانە پێک ھاتبوون:
•    بەڕێز ساڵح علی ساڵح چاودێری وەرزش و یارییەکان
•    بەڕێز ئەحمەد زرنگ پارێزەرو بوڕێوەبەری ڕۆژنامەی ژین
•    بەڕێز نامق تۆفیق قزاز پارێزەرو موڵکدار
•    بەڕێز خلیل ئیبراھیم خالد معاونی تەسویە
•    بەڕێز سعید شفیق ژمێریار لە بەڕێوەبەرێتی تاپۆی سلێمانی
•    بەڕێز اسماعیل عبد الوفا‌و خاوەنی کۆگای پرشنگ
•    بەڕێز دکران الیکسندریان بریکاری ڕادێوات
•    بەڕێز حسێن ڕەش ڕحیم بەرگدرو
•    بەڕێز عمر محمد امین مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی
•    بەڕێز عزیز محمد ڕەشید مامۆستای وەرزش لە ناوەندی سلێمانی
پاش نوسینی عەریزەو ناوو ئیمزایان کە ژمارەیان (١٠) دە کەس بوون و لەدواییدا ناوەکانیان دێت ، مامۆستای خواڵێخۆش بوو (ساڵح علی ساڵح) بردی بۆ بەغداد و ئیجازەی کردنەوەی یانەکەی ھێنایەوە بەناوی ( یانەی وەرزشی سلێمانی) لە مانگی (١٠/ ١٩٥٦) کە ئەو دە(١٠) بەڕێزە بوون بە(ھەیئەی گشتی) ، لە پاش تێپەڕبوونی (٦) مانگ بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری میری ئەو سەردەمە ئەبوایە ماوەی (٦) مانگ بەسەر دامەزراندنی یانەکەدا تێپەڕ بکات ئەوسا دەتوانرێت دەستەی بەڕێوەبردنی یانە دابمەزرێت. ھەربۆیە بانگەوازێک لە لایەن ئەو بەڕێزانە دەرچوو وە بڵاوکرایەوە بەناو شاری سلێمانیدا . کەوا یانەی وەرزشی سلێمانی ھەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری یانە دیاری دەکات. لەڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٦/ ٤ /١٩٥٧ لە ھۆڵی قوتابخانەی (سانەوی سلێمانی کوڕان) کات ژمێر (١٠)ی سەرلە بەیانی ھەڵبژاردن ئەنجامدرا . وە لە ئەنجامدا ئەم بەڕێزانەی لای خوارەوە بەیەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانی دەرچوون و لەھەملن کاتدا ناونیشانەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کرا :
•    بەڕێز ساڵح علی ساڵح چاودێری وەرزش و یارییەکان سەرۆک
•    بەڕێز ئەحمەد زرنگ پارێزەرو بوڕێوەبەری ڕۆژنامەی (ژین) جێگری سەرۆک
•    بەڕێز سعید شفیق ژمێریار لە تاپۆی سلێمانی سکرتێر
•    بەڕێز عمر محمد امین مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی بەڕێوەبەری ئیدارە
•    بەڕێز عمر محمود میرزا مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی ژمێریار
•    بەڕێز عزیز محمد ڕەشید مامۆستای وەرزش لە ناوەندی سلێمانی چاودێر
•    بەڕێز ھاشم عزیز نوسەر (کاتب) لە ئەوقافی سلێمانی ئەندام
•    بەڕێز عزیز کریم ملاحزی بەڕێوەبەرێتی ئاوو کارەبا ئەندام
•    بەڕێز عبد اللە سعید شوفێر لە شەریکە ئەندام
•    بەڕێز گالب علی نوسەر (کاتب) لە تەلەفۆنات ئەندام
ئەم بەڕێزانەش وەک یەدەک ( احتیات)
•    بەڕێز یاسین محمد ێاڵح قوتابی لە خانەی مامۆستایانی کوڕان یەدەکی یەکەم
•    بەڕێز جەمال حکیم قوتابی شەو (مسائی ) یەدەکی دووەم
•    بەڕێز ئەحمەد محمد قوتابی لە خانەی مامۆستایانی کوڕان یەدەکی سێیەم
جا بۆکارەکانی بەڕێوەبردنی یانە بڕیاریان دا کە خانووی بنەماڵەی (حەکیم حاجی مەلا سەعید) کە دەکەوێتە کۆڵانەکەی (مزگەوتی خانەقا)وە بە بڕی (١٦) دینار بۆ ھەر مانگێک بە کرێ گرت. وە بۆ ئەنجامدانی ڕاھێنان و مەشقی تیپەکان یاریگاکانی قوتابخانەی (سانەوی سلێمانی کوڕان) کە ئێستا ئامادەیی سلێمانی کوڕانە بەکار ئەھێنران ، بۆ یارییەکانی (تۆپی پێ و باسکەو بالە) بارەگای یانەش بۆ یارییەکانی قورسایی ھەڵگرتن و جوانی لەش و تۆپی سەرمێز و تەناف بازی و جمناستیک بەکار ئەھێنرا.

مێژووی نوێ ی یانەی وەرزشی سلێمانی

 ئێستاش یانەی وەرزشی سلێمانی ناودارترین یانەی وەرزشییە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ، پتر لە دوو ھەزار ئەندام و دۆستی ھەیە لە پیاوان ولاوان وکچان. بارەگاکانی یانە : بارەگای یەکەم کەبەپیتاک و ھەرەوەزی ئەندامان و دۆستانی یانە دروست کرا.دەکەوێتە سەر شەقامی تەنیشت یانەی پزیشکان بەرامبەر بەنەخۆشخانەی (عەلی کەمال) ، لەناو بارەگاکەدا (یاری تۆپی باسکەو بالەو تۆپی دەستی) تێدایە ، یاریگای باسکەو بالەکەی لە مادەی (ریکۆبۆڵ) دروست کراوە لەگەڵ جێگای دانشتنی سەیرکەران (مدرجات)
لەناو بارەگاکەیدا ھۆڵی تۆپی سەرمێز و ھۆڵی قورسایی ھەڵگرتن و جوانی لەش و ژووری کۆبوونەوەی ژووری میوانداری و چەند ژوورێک بۆ خۆگۆڕینی یاریزانەکانی تێدابوو. جگە لەم بارەگایە بارەگایەکی تر کەئەکەوێتە گەڕەکی (چوار باخ) نزیک مزگەوتی ( عبداللە لوتفیی) ەوە کەناودەبرێ بە (کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی).لەبەر ( بوونی ھۆڵی داخراو) لەسەر تازەترین شێوەی مۆدیرن دروستکراوە ، کە زەویەکەی بەمادەی (تارتان) دروست کراوە ، لەگەڵ جێگەی دانشتنی سەیرکەران کە یاری تۆپی باسکەی تێدا ئەنجام دەدرێت ، ھەر لەم یاریگایەدا ژووری کۆبوونەوەو ژووری سەرۆک و ژووری جێگری سەرۆک و ژووری سکرتێر و ژووری ژمێریاری و ژووری خۆیەتی تێدایەجگە لە چەند ژوورێک کە بەجوانترین کەل و پەلی نوستن و حەوانەوە پڕ کراوەتەوە بۆ ئەو یاریزانانانەی جێ ی نیشتەجێبوونیان نیە لەوێ ئەنوون . ھەروەھا مەلەوانگەیەکی (داخراو) کە لەسەر تازەترین شێوەکە ھەموو مەرجە یاساییەکانی تیادایە، لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان درووست کراوە بە پێوانەی (٢٥× ١٣) م. جگە لەمانە ھۆلێکی تۆپی سەر مێز کە ھەموو مەرجە یاسایی یەکانی تۆپی سەرمێزی تیادا ھەیە. یاریگایەکی تۆپی دەستی تیادایە کە لە تەواو بووندایە و بەمادەی (تارتان) دروست دەکرێت. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بەچیمەنی سەوز و پتر لە(٠٠٠ ٢٠) بیست ھەزار کەس دەگرێت ،لەسەر تازە ترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، وە ئێستا بە کۆبوونەوەی ھەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە) داناونراوە (کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی ) لە گەڕەکی چوار باخ. پێویستە ڕۆڵی گرنگی بەڕێز خوالێخۆش بوو (رشید میران) برا گەورەی شەھید کمال سلیم پێبزانریت کە لەپاش ھەوڵدانێکی زۆر و ململانێیەکی گران توانی لە ساڵی (١٩٧٠) ئەو زەویە لە وەزارەتی (بلدیە) وەربگرێت کەبووە بارەگای یانەکە کەلەسەر شەقامی (حەمدی) وە لەھەمان کاتدا خوالێخۆشبوو (سەرۆکی ئەندازیاران) بوو. ھەروەھا ڕۆڵی بەرچاوی ماندوبوونی بەڕێز (حەمید میران) برای شەھید( کمال سلیم) و برای خولێخۆشبوو (ڕەشید میران) وون نەکرێت کە بەڕێزی (ئەندازیارە) بوو خۆی نەخشەی بینای یانەی دروست کردوو لە کاتی کارکردنیشدا بۆ دروست کردنی دڵسۆزانە وەک کرێکارێکیش ھاوبەشی دەکرد بۆ دروست کردن .