پهیامی شوبات
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەیانیتان باش، بارانتان پیرۆز
شادمانم ئەمڕۆ لەناو ئەم دەستە خەڵكە هەمەڕەنگە، چاكە، باشە، زاناو زیرەك و داناو تواناو زرنگەدا، بەیەكەوە لەم بەیانییەی سلێمانیدا كۆدەبینەوە.
ئێمە ئەمڕۆ لە ڕۆژێكی گرنگ و پیرۆزو بههادارو مەزنداین، كە سەرچاوەی زۆرێك لە گۆڕانكارییەكان بووە، ههنگاوی ڕاستهقینهی ههستانهوهو پهیامی ئاشتیانهی نوێترین خهباتی مهدهنیی بووه، ئەویش خۆپیشاندانهكانی 17ی شوباتی ساڵی 2011یە، لێرەوە سڵاوی ڕێزو وهفاداریی و شكۆمەندیی بۆ تەواوی شەهیدانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و ئازادیی و بەرگریی لە كوردستان؛ ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی، بە پەیامداریی، خۆنهویستانه، بەرگرییان لە خەڵك و خاكی كوردستان كرد؛ دەكەین.
بە ڕێزەوە سڵاوی پشتیوانیی و سهركهوتن و سهرفرازیی بۆ خەڵكی شكۆمەندو جوامێرو بەرگریكەرو مرۆڤدۆستی عەفرین، بۆ ئەو بەرخودانە مەزنەی كە لەجیاتی هەموو مرۆڤایەتیی بەرپایان كردووە، پێشكهشدهكهین.
ئێمە لە قۆناغی دوای 16ی تشرینی 2017دا دەژین، ئەو قۆناغەی كە تیایدا ئیرادەی نیشتمانیی و بەشێكی گەورە لە خاكی كوردستان لە هەرێمی كوردستاندا؛ تووشی كارەساتێكی گەورە بۆوە، لەم ساتهدا پێویستمان بەوەیە كە بە هەستانەوەیەكی نیشتمانییانهو، بەزیندووكردنەوەو بەهێزكردنهوهی ئیرادەگهلێكی میللییانه؛ دەستپێبكەینەوە. قۆناغێكە هیچی لە دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵەكانی حەفتا كەمتر نییە، ئەوكاتەیە كە تیایدا شكستو ئاشبەتاڵ بەرۆكیان به كوردایەتیی گرت، لهلایهكی تریشهوه ئیرادهی مهزنیی نیشتمانیی، له كاری نهكردهی دهسهڵاتدارانی كوردهوه، بههۆی گەندەڵیی و بێبەرنامەییو دووبەرەكییو ناكۆكییەوە شكانێكی گهورهی بەركەوتووە، دەریخستووە كە بە درێژایی مێژوو تاكە دوژمنی سەرەكیی ئەم نەتەوەیەی ئێمە هیچ وڵات و هیچ كەسێك و هیچ لایهك نهبووهو نییە، هیچ ئایین و ئیرادەو ئایدۆلۆژیایەك نییە، بەڵكو تاكه دوژمنمان ناكۆكییو دووبەرەكیی ناوخۆمانە.
ئێستا ئیتر كاتی ئهوهیه كە بە ئامادەبوون و پشتیوانیی و بهشداریی ئێوە، دەبێت ئەم ڕۆژە بكەین بە ڕۆژی هەستانەوەی نیشتمانیی، واز لە ناكۆكییو دووبەرەكیەكانمان بهێنین، ئەمڕۆ ئەوەی كە پێی دەوترێت كیانی كوردیی لە مەترسیدایە، ئەوەی ناوی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە بەشێكی بچووكە لهم هاوكێشهیهدا، وەكو چۆن ئێوە لەم هۆڵەدان، بەڵام وڵاتێك هەیە ناوی كوردستانە، بە نەمانی كوردستانەكە، نە ماڵەكانی ئێوە دەمێنن، نە زانكۆكان و نە شوێنی كارەكانتان و نە بازرگانیەكانتان و نە ئەم هۆڵەش دەمێنێت كە تیایدا كۆببنەوە، بۆیە ئەركی هەموومانە بە گیانێكی نیشتمانییانەی خۆبهخشانهی خۆنهویستانه دەستپێبكەینەوە. ئەوەش سەرەتا بەوە دەبێت؛ كە بە پەروەردەیەكی مهدهنیانهی ڕاستەقینە دەستپێبكەینەوه.
لەم كاتەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی خەڵكی كوردستاندا، لە سیاسەتەكانی لەگەڵ بەغدادا، لە سیاسەتەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو ناوچهكهدا؛ شكستی هێناوەو، حكومەتی ناوەندیش ئەركە دەستورییەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكات، هەستانەوەی نیشتمانی بەوە دهستپێدهوكاتهوهو دروستدەبێتهوهو گهشهدهكات؛ كە لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەكادیمیەكانەوە، لە ناوەندەكانی شەقامەوە، له مێدیاو دامهزراوه مهدهنییهكانهوه، بە ئیرادەی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كە نەیانهێشتووە شهقام بمەێت، شەقام بووهستێت، شهقام بخەسێت، جوڵەو زیندوێتیی هێزیان بە ئازادیی و بە ژیان و بەبەرپەرچدانەوەی گەندەڵییەكان و نادادییو بێئیدارەیی داوەتەوە، دەبێت سەرلەنوێ هۆڵەكانی خوێندن ببوژێننهوهو گەرمبكەنەوە، بۆئەوەی نەوەیەك پەروەردە بكەن جارێكی تر بتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەم دەسەڵاتدارانەی كە ئەم ڕۆژەیان لە 26 ساڵی ڕابردوودا بە ئێمەشەوە بەرهەمهێناوە.
ئهم ساتهیه كە دەبێت مامۆستایانی بەڕێز، كە گەورەترین شكۆمەندیی نیشتمانهكهمان و ههموومانن، سەنگەری دواوەی دروستكردنی پێشمەرگەو ئەندازیارو پزیشك و داناو زاناو تواناو كرێكارو جوتیارو بەقاڵ و بازرگان و هەر دەستڕەنگینێكن كە لەم وڵاتەدا دەتوانێت بەردێك بخاتە سەر بەردێك، تروسكایهك بۆ هیوایهكی نوێ دابگكیرسێنێت. خوێندن و جوڵهی هۆڵەكان به ههر هۆیهك بێت، نابێت بوەستن، مووچە لە هەر سەردەم و حكومەتێكدا بێت بە ڕۆیشتن وگۆڕین و ڕووخانی ئەم حكومەتەش؛ قەرەبوو دەكرێتەوە، بەڵام ئەوەی ههرگیز قەرەبوو ناكرێتەوەو كەسمان ناتوانین بیگێڕینەوە، كاتە، ساڵی خوێندنە، پێگهیاندنی نهوهی نوێیه.
بۆیە من تكاتان لێ دەكەم تكای برایانە، تكای كهسێكی دڵسۆز، تكای هاووڵاتییەكی ئەم نیشتمانە؛ كە ئێمە دەبێت بەدیلی حكومەت بین نەك ئێمەش وەكو حكومەت لە بێباكیدا ڕابوەستین. ئەو داواكاریانەی ههن هەموو هەقن، بڕینی قووتی خەڵك، دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵك، تاوانێكە، هیچ تاوانێك لەوه گەورەتر نابینین، بەڵام نابێت ئێمە بچینە ژێر باری تاوانەكانەوە و نابێت بە سزای پێچەوانە مامەڵە بكەین، چونكە دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە دەسەڵاتێكی گەندەڵی بێباكە، ئەوەی لە بەین دەچێت نەتەوەیەكی زیندووە، نەوەیەكە كە جارێكی تر توانستی هەستانەوەی لەم چركهساته ترسناكهدا نامێنێتەوە.
ئەوەی تەواوكەری ئەمە دەبێت، هەڵبژاردنەكانن كە لەبەردەمماندان، بۆیە لێرەوە داواتان لێدەكەم كە هەمووتان خۆتان لە بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆماربكەن، نەك تەنیا لەبەرئەوەی ئێوە بەشداربن و كۆمەڵێك خەڵكی تر دەوڵەمەند بكەن كە بچنە ناوەندەكانی بڕیاردان و دەسەڵاتدارییەوە، نەخێر، بۆئەوەی تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتهوه لەو هەموو دەنگەی كە هەموو جارێك خەڵكێكی ناڕازیی زۆر دەكەونەوە ژێر ئیرادەو ههژمونی كەمینەیەكی كەم، كه بەو ساختەكارییو تەزویرەی لە ناوو لە دەنگو لە تۆمارەكانتاندا دەیكهن، دواجار ئیرادەی خۆتان له بەشداریی سیاسییانهی خۆتاندا مومارهسهدهكهن، ڕۆڵی خۆتان له سهرخستنی ژیانی مهدهنیی و دیموكراسیی و هەڵبژاردنەكانەدا بەشێوەیەكی بابهتییانهو مەدەنییانەو یاساییانە دهبینن.
ئێمە بڕیارمانداوەو فەرمانیشمان دەركردووە؛ كە حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانیدا، تەواو بێلایەن دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی لەبەردەمماندان، بەهیچ شێوەیەك ناهێڵین سەرمایە مرۆییو ماڵییو ئابورییەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ ململانێی سیاسیی لایەنەكان و لیستەكان بەكاربهێنرێن، بۆ هیچ لایەنێكی سیاسیی، بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدایە، بۆ ئەوەی لە ئۆپۆزسیۆنیشدایە، چونكە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا حكومەتو خزمەتگوزارییەكان دەبنە قوربانی، لەكاتێكدا حكومەتو خزمەتگوزارییەكان ئامانجی خودی هەڵبژاردنەكانن، بەڵام ئێمە لەپێناوی هەڵبژاردنەكاندا هەموو جارێك دەیانكەینە ئامڕازی ململانێكانمان، لەبەرئەوەشی هەموو هەڵبژاردنەكانمان لە ڕۆژێك و لەكاتێكدا دانەناون، بۆیه بەردەوام ئێمە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەبین، بەردەوام ئەمانە كە دەبێت خزمەتی خەڵك بكەن، توشی قەیران و كارەساتی گەورە دەبنەوە.
داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم كە بە شێوەیەكی مەدەنییانەو یاساییانە دوور لە تۆمەتباركردنی یەكترو دوور لە بەریەككەوتنو دوور له توندوتیژیی، ، دوور لە دروستكردنی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایانەی كە دەیكەنو ئێمەیش خۆمان بۆ خۆمان له ڕابردوویهكی نزیكدا؛ گەورەترین نمونهی قوربانیبوونی ئەو جۆرە لە مامەڵەكردن بووین و دواجاریش به ئیرادهو تێگهیشتنی ههموو لایهك ئێستا لەبەردەمی ئێوەدا وەكو پارێزگاری سلێمانی ڕاوەستاوین، با جارێكی تر درۆو بوختان و یەكترشكاندن نەكەین، كورد لە یەكتر شكاندنی كەم نییە، لە یەكگرتوویی كەمە، لە یەكڕیزیی كەمە، لە یەك و یەكبوونی كەمە، بۆیە لێرەوە تكا لە لایەنەكان دەكەم كە بە شێوازێكی مەدەنییانەو سەردەمییانە هەڵمەتەكانی ههڵبژاردن بەڕێوەبەرن، ئهوهی گرنگه سەركەوتنی پرۆسەكەیە، گرنگ ئەوەیە نوێنەرانی كوردستان نوێنەرێكی ڕاستەقینە بن، لەجیاتی ئەوەی مامۆستایان بەرنە بەر ئەنجومەنی نوێنەران، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەوان شەڕی مووچەی مامۆستاو فەرمانبەران و بودجهی ههرێم بكەن. لەجیاتی نوێنەرانی پەرلەمانی كوردستان بێن تهنها لەسەر شەقامەكانی سلێمانی ئەم كارە بكەن، بچنە پەرلەمانی كوردستان داكۆكی بكەنو وەزیرە بەرپرسەكان بانگ بكەن و متمانەیان لێ بسەننەوە، لەجیاتی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەنیا لە دەرەوەو لە شەقامەكاندا هەڵوێستی خۆیان بنوێننو سیاسیانە دەربكەون، لە هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا داكۆكی لە ژیان و خزمەتگوزارییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزگاو یهكه كارگێڕییهكان بكهن.
لێرەوە داوا لە هەموو لایەك دەكەین بەتایبەتیی لە لایەنە سیاسییەكان، واز لە دووڕوویی سیاسییو دوو پێوانهیی هەڵوێستەكانیان بهێنن، ئەگەر بایكۆت دەكەن بە هەوادارو لایەنگرو هەڵسوڕاوەكانیان بڵێن لە تەواوی كوردستاندا بایكۆت بكەن، ئەگەر بایكۆتیش ناكەن پێویستە لە تەواوی كوردستاندا بایكۆت نەكەن. بهڕێزان؛ لە هۆڵەكاندا كەسی زاناو ئازا دروستدەبێت، 17ی شوبات نمونەی ئەو بەرخودانەیە كە شهست و شهش ڕۆژ ئێمە بەردەوام بووین تیایدا، بەڵام نەمانهێشت بۆ چركەساتێكیش دەوامكردن لە هۆڵەكانی خوێندن و ناوەندەكانی خوێندن و لە زانكۆكاندا لە دائیرەكاندا له گوزهرو بازاڕهكاندا، له ڕابگیرێن. ئینجا لەمەوە پێویست بەوە دەكات جارێكی تر دەستبكەینەوە بە دروستكردنەوەی هیواو هۆشیارییو خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینەی بهپڕۆژهی بهرههمدارانهی كردارییانه، به دروستكردنی بهدیل و ئیرادهی نیبشتمانیانه.
ههمووتان دڵنیا دەكەمەوە كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە گفتوگۆی بەردەوامو ئەنجامگیریی باشداین، كە دەبێت وەزارەتی پەروەردە یەكەم وەزارەت بێت لەو وەزارەتانەی لە لیستی مووچەدا ڕادەگەیەنرێن، لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا گفتوگۆمان كردووە، دڵنیاتان دەكەمەوە لە چەند ڕۆژێكی داهاتوودا ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادان هەنگاوی گەورە دەبڕێت، لە مەسەلەی مووچەو بودجەی خەڵكی كوردستاندا ئاراستەی ڕاستەقینەی دەستوریانەی خۆی وەردەگرێت، پهیامی پهیامدارییانهیش ئهوهیه كه هەموومان نەهێڵین ژیانی گشتیی لەم وڵاتەدا بەهیچ جۆرێك بوەستێت.
كاتی ئەوەیە كە هەمووتان بەو ڕۆحە زیندوو باڵایهی هەماتە كار بكەن، دهخوازم ئەم پەیامدارییەی لێرە باسی دەكرێت، له بونیاتی كەسێتیو كۆمەڵایەتیشماندا بیچهسپێنین. چركەساتی هەستانەوەی نیشتمانیی، ڕاستگۆیانە، دەستپاكانە، دووربینانه، بە تێڕوانینێكی نیشتمانییانەی تەواوهوه بەڕێبكەین، هەموومان خاكو خەڵكی كوردستان بپارێزین، هەموومان بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بكەین. بۆئەوەی ئەو شوێنانەیشی كە لەدوای 16ی تشرینەوە لە دەستمانداون، بە یەكڕیزیی نیشتمانو نەتەوەو خەڵكەكەمان بتوانین لەڕووی دەستوریو لەڕووی دیمۆگرافیو لەڕووی هەڵبژاردنەوە بەدەستیان بهێنینەوە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە لە بەردەوامبوونی دووبەرەكییو ناكۆكییو دابڕانو بێباكیماندا ئەو 48% ەی خاكی كوردستانیش كە ماومانە بە دەردی ئەوی تر دهچێت، پێویسته لە ڕێگای راستهوه به ههنگاوی ڕاست دەستپێبكەینەوە ئەو ڕێگایەش ڕێگایەكە دوورە لە تاكڕەویی و خۆسەپێنی دوورە لە خۆپەرستیی و ستهمكاریی.
داواتان لێدەكەم هیچ دۆسیەیەكی نیشتمانی نەكەن بە قوربانی هەڵبژاردنەكان، نەیكەن بە قوربانی حیزبەكانتان، نەیكەن بە قوربانی بهرژهوهندییه كهسییهكان، نهیكهنه قوربانی كاندیدێك كە دەیەوێت لەپێناوی دهنگهكانی خۆیدا هەموو میللەتەكە بدات بە داری گۆڵدا، ئەمە ساتهوهختی ئەوەیە كە دەبێت هەموومان جۆرێك له قوربانیی و بهخشش بدهین لەپێناوی ئەوەی نیشتمانەكەمان هەستێنینەوە، ئەو پهیام و ئەركەی كە شەهیدان داویانە بەسەرماندا، پەیامە ئاسمانییو مرۆڤایەتییەكان داویانە بەسەرماندا؛ جێبەجێ بكەین.
دهخوازم ئەم كۆڕو كۆبوونەوەی ئهم دەستە گەنجە زیرەكە بوێرە، بە ئەزموونی خەڵكە بەتەمەنەكان بە جوانە دێرینە بەئەزموونەكان؛ كردوویانە، (كە بڕوامان بە یهكترتەواوكردنی نەوەكانە نەك بە ململانێی نەوەكان)، هەموومان ئەزموونو زانستو توانست و دانست و كاراییو گەنجییو ماتەوزەو جوڵەوزەمان بەكاربهێنین بۆئەوەی جارێكی تر ڕۆحی پێشمەرگانەی ڕاستهقینه دروستبكەینەوە، كوردستان لەم هەموو قەیرانو ئاڵۆزییو ناكۆكیانه دەرباز بكەین.
شادو سەربەرزو سەركەوتوو بن.
سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازم.
خودا پشتوپهنای ههموومان بێت..
د. ههڤاڵ ئهبوبهكر
پارێزگاری سلێمانی
17ی شوباتی 2018