مێژووی كۆنی ناوچەی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەی سلێمانی پێك هاتوە لە شاخ و دەشتایی بەرزو نزم ، لە سەردەمانێك ئەم شاخانە دروست بوون، كە ناسراوە بە پڵیۆسین PLIOCENE ) و هەروەها ناوچە بەرزوو نزمەكانی لە دەشتایی لە سەردەمانی پڵیستۆسین : ( PLEISTOCENE ) دروست بوون و بە هەردوو سەردەمەكە چاخی نیۆجین ( NEOGENE ) پێكدێنن كە ماوەی ٢٣ ملیۆن ساڵی خایاندوە و پاش چەند ملیۆن ساڵێكی تر گۆڕانكاری جوگرافی تر بە خۆوە دەبینێ لە داهاتوودا.
ناوچەی سلێمانی، بەهۆیە ناوچەیەكی چیایی و جەنگەڵ و دارستان و هەوراز و نشێو بووەو دەیان ئەشكەوتی تێدا بووە،  هەر لە كۆنەوە جێگەی مانەوەی مرۆڤ بووەو یەكێك بووە لەو ناوچانەی جیهانە  كە سەرەتایی شارستانییەتی تێدا دەركەوتووە، لە چاخی بلایستۆسینەوە ئەشكەوت و دۆڵەكانی ئەم ناوچەیە مرۆڤی لەخۆی گرتووە.نزیكەی هەموو ئەشكەوتەكانی ئەم ناوچەیە جێ پێی مرۆڤی چاخە كۆنەكانی پێوە دیارەو  تەنانەت لە هەندێك ناوچە بێ‌ هەڵكۆڵین ماددەی ئاركیۆلۆژی وەك پارچە گۆزەو دیزەو ئامرازی بەردین ..هتد دەدۆزینەوە.بەگشتی ناوچەی كوردستان و بەتایبەتیش ئەوەی ئەمرۆ پێی دەڵین  پارێزگای سلێمانی وەك خاڵێكی سەرەتا بۆ مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و ناوچەی میزۆپۆتامیا.

 

وێنە: كەرەستەیەكی بەردی لە ئەشكەوتی هەزار مێرد

هەر لەچاخی بەردینی كۆنەوە واتە پێش(120000) ساڵ پێش ئێستا  لەهەندێك لە ئەشكەوتەكانی ئەم ناوچەیەدا پاشماوەو جێی پێی مرۆڤی چاخی بەردینی تێدا دۆزراوەتەوە، كە تەمەنی هەندێك لەوانە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 120 هەزار ساڵ پێش ئێستا بۆ نمونە ناوچەی بەردە بەڵەك، كە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی چەمچەماڵ بەدووریی دوو كیلۆمەتر.كە چەندین ئامرازی ئاركیۆلۆژی لەلایەن تیمێكی زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكی تێدا دۆزراوەتەوە. كە بریتین لە پارچە بەردی راو، هەروەها چەنیدن ئێسكی بەبەردبووی ئاژەڵی ئەو سەردەمەی وەك فیل و گا و مەڕو بزن.كەمێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 100 هەزار تا60 هەزار ساڵ پێش ئێستا.
هەروەها شوێنەواری مێژووی چاخی بەردینی كۆن لە هەردوو ئەشكەوتی زەرزی لە چەمی رێزان سەر بەناحیەی  سورداشی سلێمانی و ئەشكەوتی هەزارمێرد لە چیای بەرانان لەبەرامبەر شاری سلێمانی دۆزراوەتەوە كە تەمەنیان دەگەرێتەوە بۆ 60 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
لەهەردوو ئەو ئەشكەوتەدا چەندین ئێسكی مرۆڤی چاخی بەردینی كۆن دۆزراوەتەوە.هەمان ئەم ئەشكەوتانە لە چینەكانی سەروتریاندا جێ پێی مرۆڤی چاخی بەردینی ناوەراست و نوێش دۆزراونەتەوە.

وێنە: چەند كەرەستەیەكی بەردی  دۆزراوە لە ئەشكەوتی زەرزی



لەو قۆناخەنەدا مرۆڤەكان بە كۆمەڵی بچوك لە پێدەشت و ئەشكەوتەكان و نزیك رووبارەكاندا ژیاون فێری راوەماسی و بەخێوكردنی هەندێك ئاژەڵی ماڵی بوون، 
ئەم مرۆڤە كۆنانە كە لەچاخی بەردینی نوێدا هەوڵی نیشتەجێ‌ بوونیان داوە بۆ نمونە ناوچەكانی كەریم شار لە ناوچەی سلێمانی پێش 10 هەزار ساڵ یەكەمین هەوڵی نیشتەجێ‌ بوون دەبینرێت.كە بەشێوەی كاتی و هاوینان تیدا نیشتەجێ‌ بوون و زستانان لەبەر بەفروباران گەراونەتەوە ئەشكەوتەكان.

 

 

بەپێی تازەترین لێكۆڵینەوەی شوێنەواری لە گوندی بێستانسوری ناوچەی شارەزوو  12 هەزار ساڵ لەمەوبەر یەكەمین هەوڵی نیشتەجێ‌ بوون لەوێ‌ روویداوە.

 

بەڵام گوندی چەرموو لە چەمچەماڵ كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 6.700 هەزار ساڵ پێش زایین، رەنگە یەكەمین گوندی هەمیشەی بێت لە ناوچەكەدا، كە 25 خانوو پێكهاتووەو هەر خانوویەكیان لە چەند ژوورێكی بچوك دروست كراون. هەروەها لەم گوندەدا بزن و سەگ ماڵی كراون و خەڵكی ئەم گوندە جگەلە بەخێوكردنی ئاژەڵ و راوكردنیان، كشتوكاڵیشیان زانیووەو دانەوێڵەی وەك گەنم و جۆ و هەروەها پاقلەی بەخەڵوززبووی تێدا دۆزراوەتەوە. جگەلە دۆزینەوەی دەسكەوان بۆ كوتانی دانەوێڵەو بەئاردكردنی. 

وێنە:دیمەنێك لە كاتی كنەوپشكنین لە گوندی چەرموو

گوندی چەرموو بە كۆنترین گوند دادەنرێت كە مرۆڤی كۆنی تێدا نیشتەجێ‌ بوو بێت و كشتوكاڵی كردبێت. لەو گوندەدا پیشەسازی دەفر و ئامانی لە قوڕ دروست كراو و كەلوپەلی كشتوكاڵی و راو پەرەی پێدراوە. جگەلە دروستكردنی خوداوەندی دایك كە چەند پەیكەرێكی بچوكی ژنە بۆ پەرەستنی ئاینی بەكارهێنراون.
ئەو گاسنانەی تا ئەم دوایەش كە جوتیارانی كورد بەكاریان دەهێنا بۆ كێڵانی زەوی قەد شاخەكان سەرەتای دروست بوونی دەگەڕێتەوە  بۆ گوندی چەرموو.

وێنە: چەند پاشماوەیەكی گوندی چەرموو


هەروەك مرۆڤی كۆنی كوردستان رێزی مردووی زۆر گرتووەو ناشتوویەتی، كە ئەمەش لە گوندی چەرموودا هەستی پێ دەكەین و مردووەكانیان لەژێر تەختی ژوورە بازنەییەكانیاندا ناشتووە.

ئەم جۆرە گوندە دواتر لە ناوچەكەدا زۆر بوون وەك گوندی تەپە گۆران.


لەهەرێمی كوردستان بەرەسمی نزیكەی 3364 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراون و بەشێكی بەرچاوی ئەو شوێنەوارانە لە سلێمانی هەڵكەوتوون، بەڵام ژمارەیەكی ئێجگار كەمیان كنەوپشكنیان بۆ كراوەو بەم هۆیەش گەلێك نهێنی و رازی مێژووی كۆنی ئەم ناوچەیە هێشتا لەژێر خاكدا.
ناوچەی سلێمانی دائەنرێ بەیەكێك لە شووێنە كۆنەكانی نیشتەجێبوونی مرۆفی سەرەتایی بەپێی لێكۆڵەرەوە و زانكۆ و پشكنەر و پڕٶفیسۆرە جیهانیەكان ، لە دەمی ( چاخی بەردینی هەرە كۆن ) ەوە مرۆف تیایدا ژیاوە لە ماوەی نزیكەی ١٢٠ هەزار ساڵی ڕابردوو دا كە ناوەندی مرۆفە سەرەتاییەكان بووە لە مرۆفی نیادەرتاڵ و هاوشێوەكانی:
  شووێنەواری بەردەبەڵەك : لە ڕۆژهەڵاتی چمچەماڵ  سەر بە چاخی بەردینی هەرە كۆنە 600هەزار پێش زایین لە ساڵ ١٩٤٩ دۆرش كاردۆ پشكنینی تیاكردوە و هەروەها هاری ڕێ‌یت و پڕۆس هاوەر سەردانی كردوە و پشكنینیان بۆ كردوە .

ئەشكەوتی هەزار مێرد : لەباشوری رۆژئاوای سلێمانی سەر بە چاخی بەردینی كۆنی ناوەراست 600 هەزار بۆ 120 هەزار پێش زایین،

وێنە: كاتی كنەوپشكین لە هەزارمێرد 


ئەشكەوتی زەرزی: لە سورداشی سلێمانی، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی كۆن 35 هەزار ساڵ پێش زانین.
شوێنەواری كەریم شایەر: پێش 10 هەزار ساڵ و لەچاخی بەردینی ناوەراستدا مرۆڤی تێدا ژیاوە.
گوندی چەرموو: كە مێژووەكەی 7 هەزار پێش زانینەو سەر بە چاخی بەردینی نوێیە.

جگەلەوەی بەپێی ئەو شوێنەوارانەی باسكران, سەرەتای كشتوكاڵ شارستانی و نیشتەجێ‌ بوون لە ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت ئەوەی ئەمرۆ پارێزگای سلێمانییە سەری هەڵداوە، بگرە رەنگە سەرەتای نوسینیش بگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە، چونكە هەندێك لەمێژوونووسان تەئكید دەكەنەوە كە سۆمەرییەكان كە داهێنەری نوسین بوون  نوسینی وێنەییان داهێناوە  لە بنەڕەتەوە لەهەمان ئەو خەڵكانەبوون كە پێشتر لەناوچە شاخاوییەكان ژیاون. دكتۆر پاكیزە رەحیم حلمی  بروای وایە نوسینی سۆمەری بێ‌ پێشینە نییەو مۆرەكانی شوێنەواری تەپەگەورە پلەیەكەم و هەنگاوی یەكەمی خەتی وێنەی(هیرۆگلیفی)ن.
هەروەك بەم دواییانە لە ناوچەی رۆژئاوای دەریاچەی دەربەندیخان و لەنزیك گوندی گوڵان لەپارێزگای سلێمانی شوێنەوارێك دۆزراوەتەوە كە بەقەد بە شاخێكەوە وێنەی چەند ئاسكە كێویەك هەڵكەندراوە، هەرچەندە مێژووەكەی بەشێوەیەكی زانستی دیاری نەكراوە بەڵام بەرای هەندێك شارەزا مێژوویان بۆ چاخی بەردینی ناوەراست دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەمەش وابێت دەبێت هەنگاوی سەرەتایی نوسینی هێمای لە ناوچەی سلێمانییەوە دەستی پێكردبێت.

وێنە: سكێچ و شێوەی وێنە هەڵكۆڵراوەكانی گوندی گوڵان

وێنە: گەشەكردنی نوسینی مێخی