لەرابردوودا مەلاكان پێشڕەوی خوێندەواری بوون و بەهۆی پیشەكەیانەوە كە سەروكاری لەگەڵ خوێندەواری و كتێبدا هەبووە، هەمیشە ماڵەكانیان كتێبی تێدابووە، هەروەها ئەو كەسانەی ئارەزووی خوێندنەوەیان كردووە یان لە بواری رۆشنبیری و سیاسیدا كاریان كردووە كتێبەخانەیان هەبووە، كە بێگومان هەزاران كەس بوون لە شاری سلێمانی، بەڵام لەناو ئەوانەدا هەندێك هەبوون زۆر بەناوبانگ بوون وەك:
كتێبخانەی بنەماڵەی مەحوی: كتێبەكانی ئەم كتێبخانەیە پێشكەش بە ئەوقاف كراوە
كتێبخانەی بنەماڵەی حاجی مەلا عەلی و مەلا وەسمان نزیكەی 50 دەست نوس پێشكەشی ئەوقافیان كرد، كتێبخانەی بنەماڵەی پیسكەندی: بەشێكی پێشكەشی فەرمانگەی شوێنەوار و باقییەكەی كە 40 دانەبوو پێشكەشی ئەوقاف كرا.
كتێبخانەی مەلا رەسوڵی دێلێژەی،كە دوای كەوتە دەست كورەكەی مەلا مستەفای سەفوەت.
كتێبخانەی خاڵ : ئەم كتێبخانەیە گەورەترین كتێبخانەی تایبەتی سلێمانی بوو، كەپڕبووە لە كتێب و دەستنوسی بەنرخ و لە مەلا ئەبوبەركی مسنەفەوە كۆكراونەتەوە،تا گەیشتوونەتە دەستی شێخ محەمەدی خاڵ تەنیا دەستنوسەكانی بریتی بوون لە 641 دانە،
كتێبخانەی حاجی مەلا سەعیدی كەركووكلی زادە، كتێبخانەی رەفیق حیلمی، دوای مردنی كەوتنە دەست كوڕو كچەكانی، كتێبخانەی حەلال ئاغای حاجی سەعید ئاغا، كتێبخانەی حەمەبۆر لە سیەكانەوە كتێب و گۆڤاری هەمەجۆری كوردی تێدا كۆكردبووەوە پاشان بەناچاری فرۆشتنی
كتێبخانەی ماڵی عەزمی بەگی بابان ئەمەش بریتی بوو لە كتێبی كۆن عەرەبی و فارسی و توركی كوردی كۆن لەگەڵ وێنەی كۆنی هەندێك لە بابانەكان.