هونەری گۆرانی وتن لە سلێمانی

پارێزگای سلێمانی


لە كۆنەوە لەشاری سلێمانییەوە كاروانی بازرگانی بەرەو كەركوك، موسڵ، بەغدا ، ئەرزروم و هەمەدان و سنەو تەورێز و تاران لە هاتووچۆدا بوون،ئەم كاروانانە جگەلە كارە سەرەكییەكان ئاڵوگۆری بازرگانی رۆڵیان لە ئاڵوگۆری كلتوریشدا هەبووە. هەروەها لەگەڵ دروست كردنی سلێمانیدا گەلێك خەڵكی پیشەوەرو بازرگان خەڵكی جۆراو جۆر روویان لەشارەكە كردووە ئەمەش بووەتە هۆی تێكەڵاوی كلتوری و زۆرێك لەو بەستەو گۆرانیانەی لە ناوچەكانی تری كوردستان هەبوون گەیشتوونەتە شارەكە. بۆیە ئەگەر لەو بەستەو ئاوازانە ورد ببینەوە كە لە شارەكەدا ناسرابوون بە گوێی خەڵكی دەتوانین بڵێن: لە سنەو سابڵاخ و سەقز و سەردەشت و بانەوە بەستەكان هاتوون بەم دیودا، لە ئێرانەوە هەندێك مەقامی فارسی ، لە موسڵ و بەغداوە هەندێك مەقامی عیراقی، لە هەولێرەوە حەیران، لە كەركوك و دەوروبەرییەوە هەندێك لە ئاوازو مەقامە رەسەنە كوردییەكان وەك: ئەڵاوەیسی، قەتار، خاوكەر، خورشیدی و ئای ئای. هەروەك خودی شارەكەش بەتێكەڵ بوونی ئەم هەموو ئاوازە جۆراو جۆرانە بەرهەمی ناوازە و شعری جوانی بەرهەم هێناوە.

یەكێك لەشاعیرانی بابان مستەفا بەگی كوردی، لە هۆنراوەیەكدا ئاماژە بۆ ناوی ئەو مەقام و ئەو هونەرمەندانەش دەكات كە لەسەدەی نۆزدەی سلێمانیدا شارەزا ئەم مەقامانە بوون لەگەڵ ئەو ئامێرە میوزیكانەی بەكارهێنراون دەقی شعرەكەی كوردی:
(خاوكەر)ەی خانمە(قەتار)ەی سۆزو سەوزەی نەسمەجان
(رقسی-سمكە) نازی شەهراشوب و غەمزەی سەروی ناز
(ئاغا زەنوون) لێ‌ بدا(سینەكەمان) فارسی گرفت
(ئەلكە) تەنبور و دەف و (ئەسعەد) بدا دەستی ساز
(مستۆ) ئیبراهیمی، ئەورەحمان(نەوا) فەتحی(حەزین)
(مستەفا) ناری و سێگا, (یونس) بڵێ‌ دەشتی و حیجاز
با(رەسوڵ) هەڵداتە راست و (ساڵح) بڵێ‌ نیوەشەوی
(محێدین) چوارگا و (قەرە) دەنگی بڵند بكا بۆ قەزاز
جار بەجار بەكزیكەوە هەستێ‌ لە (پەردەی-تاهیری)
بارەكەی عاشق كوژە و مەعشووقەیی دوژمن نەواز

بەپێی هەندێك دیكۆمێنت و بەڵگەی مێژووی كە بەداخەوە زۆریش نین ناوی ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و گۆرانی بێژانی سلێمانی تۆماركراوە كە لە سەدەی نوزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا ناوبانگی فراوانیان هەبووە لە بەهرەو دەنگ خۆشیدا لەوانە:
حەسەنی ئامێ:1821-1885
ئەم هونەرمەندە گۆرانی بێژو بەیتخوان و مەقام زانێكی شارەزا و بە توانا بووە، لە مەقامەكانی قەتار و خاوكەر و ئایی ئایدا زاناو شارەزا بووە.
حەمە شێرە:1894-1940
دەستەبژێری هونەرمەندان و گۆرانبێژانی سەردەمی خۆی بووە، خوێندەوار و شارەزای ئەدەبیاتی فارسی بووە، زۆر لە شعرەكانی حافزی شیرازی و شێخی سەعدی لەبەر بووەو بە مەقامەوە وتوونی. بەستەكانی سەیزادە، خاڵەی رێبوار، كوڵەنجە رێ رێ‌، دادەنگ، دەم قەند و لێوقەند هەمیشە لەسەر زار بووە، جگەلە مەقامەكانی غەمەنگێز، دەشت و هومایون.
كاكە رەشی ئەحان 1845-1898:
دەنگ خۆشێكی قۆز و خوێندەوار بووە، خاوەنی بەهرەیەكی سروشتی بەرز بووە، لە مەقامە كوردییەكاندا لێزان بووە، بەتایبەت مەقامی ئای ئای.
عەزیزی ئامینە1850-1915:
پیرەمێرد لە باسی ئەم هونەرمەندەدا دەڵێت: شعری مەولەوی بە دەنگی خۆش و هیجرانی عەزیزی ئامینە لەنێو ئێمەدا برەوی پەیدا كرد.عەزیز گۆیندەیەكی (عەزیز) بوو، لە مەجلیسدا (هیجرانی) و لە چیادا (قەتار) هەر لەخۆی دەهات. ئەمەش راستە كە بەیانییەك لە راوە كەودا قەتارێكی خوێندەوە كەوی كۆسارانی هێنایە جونبوش و قاسپە، لە بەهاراندا لەسەر كارێزی وەستا شەریف دەیگوت.

گوڵ جەمین 1870-1924
گوڵەخان كچی عەبدوڵای مەلا سەعیدی حەبە جوانێیە. لە ئەسڵدا خەڵكی دێی مڕانێی سەر بە سیوەیلە. ئەم ژنە هونەرمەندو گۆرانی بێژە، لە مەولود خوێندنەوەدا ئاوازخوانێكی دەنگخۆش بووە، لە زەماوەندو شایدا بەستەبێژێكی بە توانا بووە، لە مەقامەكانی(حەیران،ئای ئای و لاوكدا)شارەزا بووە. داستان و بەیتەكانی كاكەلاس و لەشكری و قەروگوڵەزەرد و مەم و زین)ی بە ئاوازەوە وتووە.
هەندێك جار جلی پیاوانەی لەبەركردووەو لە سلێمانی و سنەو مهاباد و بانە ئاهەنگی گێراوە.لەشایی و زەماوەندا بەستەبێژێكی بەهرەمەند بووە.سەردەمی گەنجێتی لە سلێمانی بەسەر بردووەو دوای رووی كردووەتە بانەو تا كۆچی دوای كردووە لەوێ‌ ماوەتەوە.

مەلا رەعنا
ئەم خاتوونە مەولودخوێنێكی بەناوبانگی سەردەمی خۆی بووە، ساڵی 1910-1912 قوتابخانەیەكی بچوكی لەبەرامبەر مزگەوتی شێخ سەلام كردووەتەوە.
صدیقە مەلا
بەپێی وتەی ئەحمەد خواجە ئەم كچە گۆرانبێژە كە كاتی خۆی ناوبانگی زۆری لەعیراقدا هەبووە، كچی خاتوو مەلا رەعنا بووە. ئەم خاتوونە بە منداڵی توشی نەخۆشی چاو دەبێت و خەڵكی گەڕەكەیان داوا دەكەین لە دایكی رێگەی نەدا بێتە دەرەوە تا منداڵانی تر توش نەبن، ئەم خاتوونە لە سەروەختی شەڕی جیهانی یەكەمدا لە بەچاوان ون دەبێت و تا ساڵی 1941 لەگەڵ دەستەیەك تیاترۆ بە گۆرانی بێژی دێتەوە سلێمانی.

مەلا فەتاح
دەنگخۆش و خوێندەوار بووە، مەقام زان و گەڕۆك بووە، پێش جەنگی جیهانی یەكەم لەسلێمانییەوە چووە بۆ ئێران لەوێ‌ لەسەر رەخنەگرتن لە مەراسیمی شین و سنگ كوتان دەكوژرێت.
رەشە شایەر
گۆرانبێژێكی میللی بەناوبانگی سەردەمی خۆی بووە، دەنگی خۆش و لێزان بووە، لەگەڵ (سەعە گنە)ی میوزیك ژەنی میللیدا شایی و ئاهەنگەكانی سلێمانی بەرێوەبردووە، بەجۆرێك بەناوبانگ بووە سەرەی بۆ گیراوەو بەرنەكەوتووە.
عەلی خان
لە ئەسڵدا خەڵكی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە، بەڵام ساڵی 1920 هاتووەتە سلێمانی.نابینا بووە، بەڵام تارژەن و دەنگبێژێكی بە تواناو بێ‌ وێنە بووە.پێش ئەوەی رادیۆ بێتە سلێمانی ئەم هونەرمەندە شەوانە لە چاخانەكاندا لەگەڵ دوو كەسی تردا بە تەپڵ و دایەرە زەنگ و خۆشی بە تار بەستەی وتووە.

ئەحەی ناسر
لە سلێمانی لەگەڕەكی سەرشەقام لە خێزانێكی هەژار لەدایك بووە.لە تەمەنی 12 ساڵیدا چووەتە بەرخوێندن لای مەلای مزگەوتەكان كتێبەكانی گوڵستان و بۆستان و پەندی عەتاری خوێندووە. بەڵام زوو وازی لە خوێندن هێناوەو رووی كردووەتە بواری هونەرو وتنی ئاوازو گۆرانی.
ئەحەی ناسر دەنگێكی یەكجار خۆشی هەبووە، زۆرینەی مەقامە رۆژهەڵاتییەكانی زانیوە.جگەلە مەقامە كوردییەكان.دەڵێن مەقامی سەفەر كە تایبەتە بە ناوچەی سلێمانی لەلایەن ئەمەوە لە نەغمەی بەیاتەوە دەریهێناوە، ئێستا بووەتە مەقامێكی كوردی رەسەن.
ئەحەی ناسر ناسراوی و دۆستایەتی لەگەڵ كەسایەتییە ناسراوەكانی ئەو رۆژگارەی كوردەواریدا هەبووە لەوانە: مەحمود پاشای جاف، سەید ئەحمەدی خانەقا، حەپسەخانی نەقیب، زۆربەی ژیانی لە ئێران لە كرماشان و هەمەدان بەسەر بردووە.
دەگێرنەوە جارێك لە تاران دەروێشێك داوای یارمەتی لێ‌ دەكات، ئەحەی ناسر هیچی پێ‌ نابێت بیداتێ‌، بۆیە بەگوزەرو بازارەكەدا دەست دەكات بە گۆرانی وتن و خەڵكەكە زۆریان پێخۆش دەبێت و ئەوەندەی لەدەستیان بووبێتەوە پارەی پێدەدەن و ئەویش دەچێتەوە لای دەروێشەكەو هەمووی پێ دەبەخشێت.

ئەحەی ناسر بەهۆی رووداوێكی دوژمندارییەوە لە 30/9/1932 كۆچی دوای دەكات و لە گردی سەیوان بەخاكی دەسپێرن.

شێخ نوری شێخ ساڵح 1895-1958
شێخ نوری هەروەك چۆن شاعیر و نوسەرو رۆژنامەوانێكی بەتوانا بووە، لە هەمان كاتدا دەنگخۆش و گۆرانبێژێكی بەتوانا بووەو مەقامەكانی وتووە.
عەبە حەیران(1893-1972)
خەڵكی گوندی مڕانەی شارباژێر بووە، لە چوارتاو سلێمانی ژیانی بەسەربردووە، دەنگخۆش و گۆرانبێژێكی بە توانا بووە بەتایبەتی لە وتنی حەیراندا بۆیە هەر بەو ناوە ناسراوە.
رەوف بەگی ئیسماعیل بەگ
رەوف بەگ بە بنەچە دەچێتەوە سەر بابانەكان، ئەم هونەرمەندە یەكەم كەس بووە لە سلێمانیدا شارەزای ئامێری عود بێت و لێی بدا.
مەلا ئەحمەدی دیلان
خوێندەوار و شارەزای شعر بووە، مەلا ئەحمەد مەقامخوێنێكی بەناوبانگ بووە لە كۆڕی پیاوان و كەسایەتییە گەورەكاندا، بەماقەم شعری كوردی و غەیرە كوردی خوێندوەتەوە.مەلا ئەحمەد باوكی هونەرمەندانی دەنگخۆش محەمەد ساڵح دیلان و قادر دیلانە.

حەمەی عەلۆ1870-1931
ئەم پیاوە گۆرانیبێژێكی خوێندەوار بووەو شعری شاعیرانی ناوداری لەسەر مەقامەكانی سێگا و مەقامەكانی تر وتووە.بێخودی شاعیر لەسەر بەهرەی ئەم هونەرمەندە دەڵێت:
(شوور)ێ‌ بەیادی لێوی بڵێ‌ ئەی(حەمەی عەلۆ)
ئەمما بە شیعری مونتەخەب و بەیتی (فەرد)وە
مەلا كەریم1885-1938
ناوی تەواوی كەریم ئەحمەد محەمەدە، بەناوبانگە  بە بولبولی كورد  لە بنەڕەتدا خەڵكی مهابادە بەڵام هەر بەمنداڵی هاتووەتە سلێمانی.
نزیكەی 30 گۆرانی لەسەر قەوان تۆماركردووە لەوانە: هاتەوە با بێتەوە خانم لە حەمامەوە، كە دەڵێن ئەمرۆ دەشت و كێو شینە، ئاگر بارانە ، كاڵێ‌ هەی لیمۆ، دەچمە سەر ناڵەشكێنە، شلێ‌ یار، وەرگەڕێ‌ ئاوێزانت بم، خانمی مەزەدار، هێزی پام نییە، ئەگەر هات و بزانێ‌ من چلۆنم، غەزێمێ‌، دیسان هات، هاتەوە بابێتەوە خانم لەنێو باخەوە...هەروەها چەند سرودێكی نیشتیمانیشی وتووە لەوانە: چەند شیرینە داروبەردی وەتەنم، فەخرە بۆ ئێمە كوردستان، دڵە لە دەردی وەتەن پەست و گیراوە. جگەلە لە چەندین مەقام. دواتر زۆربەی گۆرانییەكانی لەلایەن گۆرانبێژانی بەناوبانگ وتراونەتەوە.
ئەم هونەرمەندە بەتوانایە لەبەر باری خراپی بژێوی ناچار بووە بەپیشەی ناتری حەمام خۆی بەرێوەبەرێت، لە رۆژی 12ی حوزەیرانی 1938 رۆژنامەی ژیان هەواڵی مەرگی بەم جۆرە بڵاوكردووەتەوە: خوا عافوی كا، لەم هەفتەیەدا مەلا كەریم مەشهور بوو بە بولبولی كوردستان خاوەنی قەوانە كوردییەكان، ئەمری خوای كردووە، خوا عافوی كات.

دایكی جەمال1908-1979
ناوی تەواوی بەهیجە ئیبراهیم یەعقوب بووە، لە رەسەندا جولەكە بوون و دواتر موسڵمان بووە، بووەتە هاوسەری پیاوێكی خەڵكی سلێمانی.ئەم خاتوونە هونەرمەندە رۆڵێكی بەرچاوی لە بەرهەم كوردییە تۆماركراوەكانی سەر قەواندا هەبووە. ئەم خاتوونە هەر یەك لە گۆرانییەكانی: هەی بەللار و هەی گوڵ، هەی ئاغا و ئاغا، هەی خان، هەی روحی شیرینم، خانمی سلێمانی، ئەسڵی وەسڵت سلێمانی، هەی بێنن بێنن، ئامێن و ئامین، و سرودی وەتەنی من كوردستانە و زۆری تری وتووە.

حەمەی ئەفەندی1894-1948
ئەم هونەرمەندە لە سلێمانی لەدایك بووە، پیاوێكی روخۆش و قسەخۆش و هێمن و میواندۆست بووە. لە كۆمپانیای بەیزافۆن چەند قەوانێكی تۆماركردووە، لەوانە مەقامەكانی سێگا و ئای ئای و نەوا لەگەڵ بەستەی لەخرنگەی بێری بێری ئاوەڵ كەتانە-لەماڵی دۆستان بێ سەر بە لەرزانە.ی وتووە.
ئەم هونەرمەندە لەسەرەتادا تونچی حەمام بووە، پاشان چایخانەو دواتر دوكانی پێڵاوفرۆشتنی داناوە، پیاوێكی ئاینداریش بووەو هەموو هەینییەك لەمنارەی مزگەوتی گەورەوە سەڵاواتی خوێندووە.هەروەك لەگەڵ براكەیدا بانگێشتی ئاهەنگەكانی مەولود كراون. لە بەغداش لەگەڵ ئەعزەمییەو كازمییە مەقامە عیراقییەكانی خوێندووە.

رەشۆل1912-1974
ناوی تەواوی رەشید عەبدوڵا میرزا عەزیزە، لە سلێمانی لەدایك بووە، رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە بواری مەقام و ئاوازی كوردی.لە ساڵانی 1928-1930 لەگەڵ مەلا كەریمدا لە بەغدا دووقۆڵی گۆرانییەكانی : كەوای بەرت ماهوتە، خاسێ‌ تۆ خانمی، دڵ لەدەردی وەتەن یان تۆماركردووە.
لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوودا لە رادیۆی كوردی بەغدا چەند مەقام و بەستەیەكی تۆماركردووە. لەوانە مەقامی قەتار، خاوكەر، دەشت، و بەستەكانی: گوڵاڵە سورە، ئەم بەرەو بەرە.بە دوو قۆڵیش لەگەڵ مەحمود محەمەدا گۆرانی ئایشیلێ‌ نازەنینێ‌ و دەستم لێ مەدەن بە زام زەلیلم یان تۆماركردوە. لەساڵی 1970شدا مەقامی قەتار و بەستەی ئۆخەی گردەكەی یارەی بۆ تەلەڤیزیۆن تۆماركردووە.
رەشۆل پیاوێكی قسەخۆش و قسە نەستەقیش بووەو رێزی خۆی و خەڵكیشی زۆرگرتووە، بۆیە خەڵك زۆریان خۆش دەویست.

تەلە 1915-1978
ناوی تەواوی تاڵب مەجید قادر عوسمانە، لە گەڕەكی سابونكەرانی سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی 1943 لە رادیۆی كوردی بەغدا گەلێك گۆرانی تۆمار كردووە.بەهۆی ئەوەی كاروانچی بووە زۆر شوێنی كوردستان گەڕاوە و بۆیە زۆر بەندو بەستەو بەیت و ئاوازی لەدەمی گۆرانبێژانی ئەو شوێنانە وەرگرتووە، دوای لە رادیۆ تۆماری كردوون. لەوانە: خانمۆڵێ‌، بارانە، مەگری مەگری، زێنەبێ‌، سەڵتە، رێحانەم دێراو دێراوە، پێم لێ‌ نێ‌ بووكە زارا.بەداخەوە پێش مردنی هەژاری رووی تێدەكات و 10ی 11ی1978 بە زەلیلی كۆچی دوای دەكات.

ئیبراهیم حەزین 1917-1970
لە سلێمانی لەگەڕەكی كانێسكان لەدایك بووە، پیاوێكی خوێندەوارو دیندار بووە، لە كۆڕی مەولود خوێندن و ئاینیدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، لەسەر پیشەی چایچێتی و كوتاڵ فرۆشی ژیاوە، ساڵی 1947-1948 لە رادیۆی كوردی بەغدا چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە لەوانە: لیمۆ هەی لیمۆ، ئامین و ئامین، حەبیبم،یار جوانە.

قادر حاجی حوسێن1922-1981
ئەم هونەرمەندە لە گەڕەكی گوێژەی سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی 1942 لە رادیۆی كوردی بەغدا چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە لەوانە :گوڵكۆی تازەی لەیل، گوڵم گوڵم، بەخەیاڵی ئەو، مەقامی عوشاق، مەقامی غەمەنگێز. یەكێك لە گۆرانییە سەركەوتووەكانیشی گوڵی سەربەستیە. 
محەمەدساڵح دیلان1927-1990
كوڕی مەلا ساڵحی دیلانە، لە سلێمانی لەدایك بووە، بەهرەی ئاوازدانان و شعرنوسینی لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە، ئەم هونەرمەندە شاعیرو دەنگخۆشێكی بەناوبانگەو شارەزای تەواوی لە وتنی مەقامدا هەبووە بەتایبەت: راست، سێگا، عەجەم، سەبا، موحەییەر،سەفەر، ئەڵڵاوەیسی.
چەند گۆرانییەكی بەناوبانگی هەیە لەوانە: پاییز، دەروێش عەبدوڵا، ئەژدەهاك، نائومێدی، وەفدی كوردستان، نەورۆز.
هەروەك ئاوازی سرودی(ئەم ساڵی تازەیە نەورۆز هاتەوە) كە هۆنراوەی پیرەمێردە داناوە كە یەكێكە لە ئاوازو سرودە بەناوبانگەكانی كوردستان.
كەریم كابان1929-2014
كوڕی مەلا جەلالی كابانە . لەسلێمانی لەدایك بووە، باوك و براكانی بە دەنگخۆشی ناسرابوون. زۆربەی مەولودی سلێمانی مەلا جەلالی كابان دەیگێرا.
كەریم كابان ساڵی 1944 چووەتە رادیۆی كوردی بەغدا و چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە لەوانە: بەری بەیانە، زڕەی فنجانە، یار جوانە، لە مابەینی گوڵ و گوڵزار، خۆزگەم بە پار.ساڵی 1976 بووەتە ئەندامی تیپی میوزیكی سلێمانی و چەند گۆرانییەكشی بۆ تەلەڤیزیۆن تۆماركردووە لەوانە: یاران وەسیەتم ئەمە بێت لاتان، شەو، خەنەبەندان. لە كۆتایی تەمەنیشدا گۆرانییەكی بەناوی تەمەن بڵاوكردەوە كە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.

شەماڵ سائیب 1931-1987
كوڕی جەلال سائیب كوڕی مەلا ئەحمەد سائیبە، لە بنەماڵەكەیاندا چەندین شاعیر و نوسەر و هونەرمەند هەڵكەوتوون.
شەماڵ سائیب لە رادیۆی كوردی وەك میوزیك زان و گۆرانبێژ دەست بەكاربووە، لە رادیۆی كوردی و كۆمپانیای چەقماقچی چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە لەوانە: هەرَ لەیلێ‌، پێم بڵێ‌، ئازیز بەهارە، بۆ هاتی، هاوار سەد هاوار، بەردەبەردە، دەمەكەت بێنە، بۆ تۆیە دڵ بۆ تۆیە.
شەماڵ سائیب بە هونەرمەندێكی گەورەو مامۆستا دادەنرێت و زۆربەی ئاوازو وشەكان هی خۆیەتی.

عوسمان عەبدول رەحمان (سابونچی)1931-1970
لە سلێمانی و لەگەڕەكی سابونكەران لەدایك بووە، لە ساڵی 1945-1946 چووەتە رادیۆی كوردی بەغدا، چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە لەوانە: لەبیرت نەچم، ئەی كچی جوان، خۆزگە وابوایە. پاشان بووەتە ئەندامی تیپیی میوزیكی مەولەوی لە سلێمانی .
دەروێش عەبدوڵا1890-1950
عەبدوڵا قادر محەمەد ، پیاوێكی قەلەندەر، گەڕۆك, بەهرەمەند، دەنگخۆش و دەف ژەن بووە. زۆربەی ژیانی لە سلێمانی بەسەر بردووە. هەر لە سلێمانیش كۆچی دوای كردووەو لەگردی شێخ محێدین نێژراوە.
دەروێش عەبدوڵا لە شەوێكی رەمەزاندا لە یەكێك لە ماڵەكانی سلێمانیدا كاسێتێك تۆمار دەكات كە مەقامەكانی سێگا و بەستەكانی: غەزالێ‌،خوایە هەڵكەی بای شەماڵێ‌، بۆم لێدە چەنگ و عودە، خەدەنگی قەوسی ئەبرۆی تۆ، قوربانی دوو ئەبرۆی، وەك قومری لە باخ و جۆباران، هەورێكی هێنا، پرسیم لە چیمەن و ئەگەر بمێنم، هەرمێ‌ وەی هەرمێ‌ تۆمار دەكات و بەمەش بۆ هەتا هەتا دەنگی بە نەمری دەهێڵێتەوەو دەبێتە شاهیدی بە توانای ئەو هونەرمەندە.

دەروێش عەبدوڵا برایەكی تری هەبووە بەناوی فەقێ‌ ئیسماعیل، ئەمیش دەوری دیاری هەبووە لە بڵاوكردنەوەی بەیت و بەند و بەستەی رەوان و رەسەنی كوردی.

فەرەجی حاجی رەشید(فەرید)1922-1979
ئەم هونەرمەندە گۆرانی بێژێكی میللی بێ‌ تەرەتان و هەژار بوو، كەسێكی سادەو قسەخۆش و بێ‌ غەل و خەش و رەوشت بەرز بوو، چەند گۆرانییەكی لەدوای بەجێ‌ ماوە وەك مەقامی خەنەباد, لەبەرنازی چاو بازان، ئەرێ‌ هات، خۆم بە خوڵامی سوخمەی كۆنی، لە سیلەی شێخ مەولانا ومارگێ‌ و ماریانا. 
رەفیق چالاك1924-1973
رەفیق چالاك ئەدیب و هونەرمەندێكی مەزن بوو، گەلێك بەهەرە لەم پیاوەدا هەبوو، لە مەقام و بەستە خوێندندا هونەرمەند بوو، ئەو ئاوازانەی تۆماریكردون: ئەی چاو چەشنی بازی قەفەز، دوو ئاوانەكەی، مردنە بێ‌ تۆ ژیانم، دادەنگ، ئارامی ئارامی ، ئامۆزا گیان  و سەوزە مەرۆ سەوزەكە.

عوسمان شارباژێری
نوسەر و شاعیر و دەنگ خۆش بووەو ساڵی 1960-1961 بەهاوكاری میوزیكی مامۆستا ولیەم وحەننا چەند بەرهەمێكی تۆماركردووە، لەوانە مەقامی سەفەر ، هومایون، سەبا، ئەی خوایە لەم ئاگربارانە.

جگەلەوانەی سەرەوە لە مێژووی سلێمانیدا چەندان هونەرمەندی گۆرانبێژ هەبوون و هەر یەكەیان بەهرەمەندی بەتوانا و شارەزا بوون  لەوانە:
كاكە حەمەی بەكر، مەحمود تۆفیق شلك، ئەحمەد شەماڵ، ئەمین ئیبراهیم، قادر كابان، جەمال كابان، ئەسعەد قەرەداغی، جەمال جەلالی قادر ئاغای عەتار، دڵشاد مەسرەف، كەریم خەمزەی، عەباس تۆفیق شلك، عومەر رەزا، عومەر خەمزەیی، سەڵاح مەجید، شەوكەت رەشید، تۆفیق عەلی، حەمە جەزا...هتد.