سەرەتای میوزیك لە سلێمانی

پارێزگای سلێمانی


گومانی تێدا نییە لە ناوچەكەدا پێش هەزاران ساڵ چەندین ئامێری میوزیكی میللی و ناوچەی هەبوون كە هەندێك خەڵكی بەهرەمەند خۆ رسكانە فێری ژەندنیان دەبوون و پشتاوپشت و نەوە بۆ نەوە ژەنینی ئەو ئامێرانە دەگوازرایەوە، وەك شمشاڵ و دەف و جوزەلەو نەیی و تەپڵ و گەلێك ئامێری تر، رەنگە هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و سیاسی پیش سەدەی بیستەم زۆر بواری نەدابێت كە میوزیك بە شێوەیەكی بەرچاو گەشە بكات و لە چەند ئامێرە دەربچێت كە هەزاران ساڵ لەوپێش بەكارهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو دەقی نوسینی شاعیران و خوێندەوارانی ئەو سەردەمەدا دەتوانین بەڵگەی ئەوە بدۆزیینەوە كە میوزیك لە ژیانی ئەو سەردەمەدا پێگەی خۆی هەبووەو میرانی بابان گرنگیان بەجۆرێك لە میوزیك داوە. هەروەك شێخ رەزای تاڵەبانی لە هۆنراوە بە ناوبانگەكەیدا دەڵێت:

له‌ بیرم دێ‌ سوله‌یمانی كه‌ دارومولكی بابان بوو
نه‌ مه‌حكومی عه‌جه‌م, نه‌ سوخره‌ كێشی ئالی عوسمان بوو
له‌به‌ر قاپیی سه‌را, سه‌فیان ده‌به‌ست شێخ و مه‌لا و زاهید
مه‌تافی كه‌عبه‌ بۆ ئه‌ربابی حاجه‌ت گردی سه‌یوان بوو
له‌به‌ر تابووری عه‌سكه‌ر, ڕێ‌ نه‌بوو بۆ مه‌جلیسی پاشا
سه‌دای مۆزیقه‌ و, نه‌ققاره‌, تـــا ئه‌یوانی كه‌یوان بوو

لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە مۆسیقا لە شاری سلێمانی برەوی زیاتری پەیدا كردوو وردە وردە بەرەو ئەكادیمی بوون چوو، لەسەرەتاوە لە قوتابخانەكاندا تیپی میوزیكی بچوك هەبوون، بەڵام رۆڵیان بەرتەسك و دیاریكراو بوو.
ساڵی 1927 عەبدول واحید حاجی مستەفا كە ئەفسەرێكی كۆیی دەرچووی ئەستەمبوڵ بوو لەوێ‌ فێری میوزیك بوو بوو، پیانۆ زانێكی شارەزای لێ دەرچوو بوو، هاتە عیراق و حكومەت ناردی بۆ سلێمانی، هەستا بە دروستكردنی تیپێكی میوزیك بەشێوازێكی تازە لەچاو ئەو سەردەمەدا.
هەروەها فێرگەیەكی میوزیكی كردەوە كە لە ماڵی خواجە ئەفەندی بووە، لەو كاتەدا نزیكەی 50 خوێندكاری هەبووە یەكێك لەوانە نوسەری دیار شاكر فەتاح بووە.
بۆ تیپی میوزیكەكەش چەند ئامێرێكی هەوایی كڕدراوە لە هەمان ساڵدا، ئەندامانی تیپەكەش بریتی بوون لە: رەحیم كەریم، رەمزی قەزاز، جەمالی مەجید ئەفەندی، جەلالی برای، فایەق زێوەر.
هەروەك لە قوتابخانەی ئەولی سلێمانی باندی میوزیك هەبووە لە ساڵی 1928 لە بەهاری ئەو ساڵەدا لە پێشوازی موتەسەریفدا پارچە میوزیكیان ژەندووە.
لە ساڵەكانی 1929-1930 قوتابخانەی ناوەندی و سەرەتایی لە سلێمانی تیپێكی مۆسیقایان هەبووە.
هەروەها قوتابخانەی فەیسەڵییە باندێكی میوزیكی هەبووە، سودیان لە ئامێرەكانی قوتابخانەی ئەولی سلێمانی وەرگرتووە.لەم خوێندنگەیەدا مامۆستایان خوێندكاران قوتابیەكانیان فێری میوزیك ژەنین كردووە لەوانە: مامۆستا پەتراكی كە عودی ژەنیووە، سەركیس سیمون كە ماندۆلینی ژەنیووە. عەلی كاكە ئەمین كە لەكاتی خۆیدا لە سوپای عوسمانیدا بووەو كلارێنتی ژەنیووە.
ساڵی 1937 قوتابخانەی ناوەندی سلێمانی باندێكی میوزیكی دامەزراندووە كە ئەندامانی بریتیی بوون لە شەوكەتی رەشید ئەفەندی، شمشاڵ و عود و كەمانی لێ‌ داوە، محەمەد ساڵح عەنبەر و جەمال.
هەر لەو رۆژگارەدا هەردوو برای مۆسیقازان مەدحەت موبارەك و تەڵعەت موبارەك رۆڵی گەورەیان گێراوە لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و هونەری مۆسیقا لە سلێمانی 
ناوەراستی چلەكان چەند میوزیكزانێك لە سلێمانی ناویان دەركرد لەوانە: رۆبێن ئۆفیك كە یەكێك بووە لە ئەرمەنەكانی سلێمانی و كەمانچە ژەن بووە. بەهجەتی رەشید ئەفەندی كەمانچەی لێداوە.ئیستیفان كە مەسیحی بووەو عودی لێداوە، ئەنترانیك گرەبیت كە ئەویش ئەرمەنی سلێمانی بووەو فلوتی لێداوە.

ساڵی 1947 لەسەر راسپاردەی حەننا پترۆس كە سەرۆكی یەكەم تیپی ئۆركسترای عیراقی بووە، لە هاویندا خولێكی فێركردنی میوزیك لە سلێمانی كراوەتەوە، كە ئەم مامۆستایانە وانەكانیان دەوتەوە:جەمیل بەشیر،غانم حەداد، سالم حوسین، پەتروس حەننا، منیر ئەڵڵاوێردی و یەعقوب یوسف.
هەندێك لەوانەی بەشداری ئەم خولە بوون دواتر بوون ناوی ناسراو لەوانە: قادر دیلان، شەماڵ سائیب ، شێخ محەمەد گوڵانی، رۆبین ئۆفیك، سەركیس كیغام، عەبدوڵا میدیا، نوری عەنبەر، ئەحمەد زرنگ، غەریب میرزا كەریم.