ناوی شاری سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

لەسەر ناوی سلێمانی رای جیاواز هەیە لەوانە:
1/ لەنێو بنەماڵەی بابانەكاندا "سلێمان "ناو زۆر هەبوون، لەوانە: سلێمان بەبەی كوڕی فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە، سلێمان پاشای گەورە(سلێمان پاشای مەقتول) هەروەها كوڕێكی ئیبراهیم پاشای بابان بونیاد نەری ناوی سلێمان بووە.هەروەها ئەم ناوانە زیاتر لە خۆشەویستی پێغەمبەر سلێمان ناونراون، بەشێك لە مێژوو نوسان پێیان وایە ئیبراهیم پاشا بەناوی سلێمانی بەناوی باپیرییەوە : سلێمان پاشای گەورە ناوناوە.
2/لە سەروەختی بونیادنانی شاری سلێمانیدا والی بەغدا( سلێمان پاشای كولەمەند) بووەو هەندێك را هەیە كە ئیبراهیم پاشا لەبەر خاتری ئەو والییە ناوی شارەكەی ناوە سلێمانییە.
3/ دەڵێن لە كاتی هەڵكەندنی بناغەی شارەكەدا، كرێكارەكان ئەنگوستیلەیەكیان دۆزیوەتەوە كە مۆری یان خەتمی حەزرەتی سلێمانی لێ‌ هەڵكۆڵراوەو كە دەگاتە دەستی ئیبراهیم پاشا وەك رێكەوتێكی پیرۆز شتێكی موبارەك سەیری دەكات و ناوی شارەكە بەوهۆیەوە بەناوی پێغەمبەر سلێمانەوە ناو دەنێ‌.
4/ ئەمین زەكی بەگی مێژوونووس پێی وایە شاری ئێستای سلێمانی لە شوێنی شاری مێژووی (سێلوونا)یە كە شارێكی لۆلۆی و گۆتییەكان بووەو كەوتووەتە نێوان دەربەندی بازیان و ئاكباتان. مستەر ریچ كە ساڵی 1820 سەردانی سلێمانی كردووە دەڵێت لە مەحمود پاشای بابانی بیستووە كە لەكاتی دروستكردنی شارە نوێكەدا هەندێك ئامێرو شتومەكی خانووی كۆنیان دۆزیوەتەوە.بۆیە دوور نییە هەر لەسەر وێرانەی ئەو شارە مێژوویە بونیاد نرا بێت.

5/ رایەكی تری لاوازیش هەیە كە شارەكە بەناوی سلێمان پاشای جەلیلی حاكمی موسڵ لە ساڵانی (1771-1789) نراوە. بەڵام زۆربەی لێكۆڵەرەوان ئەم رایە بەلاواز دەزانن.
مێجەرسۆن و گۆڕینی ناوی سلێمانی
حاكمی ئینگلیزەكان لە سلێمانی لە مستەر مێجەرسۆن لە ساڵی 1920 بە فەرمانێك كە لە رۆژنامەی پێشكەوتندا بڵاویكردووەتەوە فەرمانیدا كە لە نوسراوە رەسمییەكاندا لەبری نوسینی سلێمانیە، بنوسرێت سلێمانی.