مەكینەى چاپ لە سلێمانى

پارێزگای سلێمانی

 

 له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی  بیسته‌مه‌وه‌ چاپخانه‌ هاتووه‌ته‌ شاری سلێمانی و یه‌كه‌مین چاپخانه‌ش ئینگلیزه‌كان هێناویانه‌ته‌ شاره‌كه‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ چاپخانه‌كان رۆڵێكی زۆر گرنگیان گێراوه‌ له‌ به‌ره‌وپێش بردنی بواری رووناكبیری و خوێندن و گه‌شه‌پێدانی زمانی كوردی و بواری رۆژنامه‌گه‌ری، ریزبه‌ندی مێژووی هاتنی چاپخانه‌كانیش بۆ شاری سلێمانی له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوون:


1/چایخانەى ئینگلیزەكان
كە ئینگلیزەكان دەستیان بەسەر سلێمانیدا گرت پێش ئەوەش كە عیراقیان گرت ژمارەیەك چاپخانەى كۆنیان هێنایە عیراقەوە بۆ  ئەوەى كاروبارى میرى خۆیانى پێ بەرێوەبەرن.
ئەو كاتەى میجەرسۆن حاكمى سیاسى سلێمانى بوو یەكێك لەو چاپخانانەى هێنایە سلێمانییەوە: دكتۆر كەمال مەزهەر لەبارەى ئەو چاپخانەیەوە دەڵێت: سۆن چاپخانەكەى بەرامبەر ماڵى هەمزەئاغاى ئەورەحمان ئاغا جێگیركردوو توانى سێ‌ لاوى خوێندەوارى ئەو سەردەمە قایل بكات كە كار لە چاپخانەكەدا بگرنە ئەستۆ كە شێخ مەجیدى شێخ عارف و ئەدیب عەزیز و محەمەدى زوهدى بوون. ئەو سیانە پێشرەوى رۆژنامەنوسى و چاپخانەى كوردى بوون و هەر سێكیان تیپەكانیان رێك دەخست و پرۆڤەى نوسینەكانیان راست دەكردەوە.بەو چاپخانەیە مێجەرسۆن یەكەمین ژمارەى رۆژنامەى (پێشكەوتن)ى پێ دەركرد.كە هەفتانەبوو. دواى ئەوەى ئینگلیزەكان سلێمانیان بەجێ‌ هێشت و شێخ مەحمود هاتە سەر حوكم ئینگلیزەكان چاپخانەكەیان بۆ نەبرا، بەلآم میلێكیان لێ‌ دەرهێنابوو، شێخ فەرمانیدا هەرچۆنێك بێت چاپخانەكە بخرێتەوە كار. وەستا ساڵحى جەژنێ‌ كە چەخماخچییەكى زیرەك و شارەزا بوو، لەماوەى دوو رۆژدا میلێكى بۆ چاپخانەكە دروست كرد و شێخیش وەك پاداشت 200 روپییەى ئەو رۆژەى پێدا و چاپخانەكە كەوتە كارو رۆژنامەكانى سەردەمى شێخ بەم ئامێرە چاپ دەكرا و تەنانەت شێخ ئەو چاپخانەى لەگەڵ خۆى گواستەوە بۆ ئەشكەوتى جاسەنە لەدوكان.ئەم چاپخانەیە لە دواید بوو بە موڵكى شارەوانى سلێمانى.
2/ چاپخانەى ژین
تا ساڵى 1932 مامۆستا حسین نازم سەرپەرەشتیارى چاپخانەكەى شارەوانى بوو، رۆژنامەى ژیانیشى پێ‌ دەردەكرد. دواى سەرپەرشتیارى دەركردنى رۆژنامەكە كەوتە دەست حاجى تۆفیق بەگى پیرەمێرد و چاپخانەكەى لە شارەوانى بە ئیجار گرت و ئیمتیازى رۆژنامەكەشى بەناوى خۆیەوە كرد.هەوڵى زۆرى لەگەڵ رۆژنامەكەدا داو تا ژمارە (538) ژمارەى لێ‌ دەركرد. لەبەرئەوەى ماوەى بەكرێ‌ گرتنى چاپخانەكە تەواو بوو، رێبازى رۆژنامەكەش بەدڵى كاربەدەستانى ئەو كاتە نەبوو، مۆڵەتەكەى بۆ تازە نەكرایەوە، ئەوەیش ناچار بەقەرز و بە رەهنكردنى خانووەكەى چاپخانەیەكى تازەى كرِى و لە20/9/1937وە ژمارە 539 ژیانى پێ‌ دەركرد، ناوى چاپخانەكەش بەناوى ژینەوە نرا. دواى كۆچى دواى پیرەمێردیش لەساڵى 1950 چاپخانەكە لەلایەن ئەحمەد زرنگى كچەزایەوە بەرێوەدەبراو كارى دەكرد.
دواى ئەوەى ئەو ئامێرە كۆن بوو، ئەحمەد زرنگ چاپخانەیەكى نوێى كرِى و چاپخانە كۆنەكەش گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەى ئەنتۆگرافیاى سلێمانى و تا ئێستا لەوێ‌ پارێزراوە.
چاپخانەى كامەرانى
ساڵى 1958 بەناوى چاپخانەى كامەران لەسەر شەقامى سەیوان لەلایەن محەمەدى حاجى عەزیزى قەفتانەوە دامەزرا. لەدوایدا ناوەكەى گۆرا بۆ كامەرانى. ئەم چاپخانەیە یەكێك بوو لە چاپخانە گەورەو پێشكەوتووەكانى سلێمانى و ژمارەیەكى زۆر لە كتێب و نامیلكە و گۆڤارى چاپ كردووە، وەك گۆڤارى رۆژى نوێ‌، هەروەها چەند ژمارەیەك لە رۆژمێرى هاوسەرى لێ‌ چاپكراوە.
خاوەنى ئەم چاپخانەیە لەسەر چاپخانەكە توشى گرتن و ئەشكەنجە بووە لەلایەن رژێمەكانى عیراقەوەو چەند جارێكیش چاپخانەكە داخراوە.
چاپخانەى السلام
سەرپەشتیارى ئەم چاپخانەیە  لەساڵى 1971 عەبدولعەزیز ئەلتالبى بوو، كە لەلایەن پارێزگارى ئەو كاتەى سلێمانییەوە دانرابوو، لەدەرەوەى سلێمانى.ئەم چاپخانەیە پێشتر بەناوى نهزە لەلایەن هەمان كەسەوە كارى پێ دەكراو رۆژنامەیەكیش بە هەمان ناو بە كوردى و عەرەبى دەردەكرد.
چاپخانەى كاكەى فەلاح
لەساڵى 1972 كاكەى فەلاح(حەمەى حەمە ئەمین) دایمەزراند و رۆژنامەى ژینى پێ‌ چاپ دەكرد.