مێژووى بوونى مەسیحییەكان لە شارەزوور دەگەرِیتەوە بۆ سالآنى (500-600) زاینى، بەلآم سەبارەت بە مێژووى مەسیحیەكان لەشاری سلێمانى نزیكەى 30 ساڵ دواى دروست بوونى شارەكە گەریدەى ئینگلیز مستەر ریچ كە لە ساڵى 1820 سەردانى سلێمانى كردووە ، دەڵێت دانیشتوانى سلێمانى 10هەزار كەس و 2144 ماڵ پێك دێت لەوانە 130 ماڵى جولەكە و 9 ماڵى مەسیحى كلدان و 5 ماڵى ئەرمەنییە.
مەسیحییەكان لە سلێمانى لەسەرەتاى نیشتەجێ بوونیان لەشارەكەداو زۆربوونى ژمارەیان لە گەرِەكێكى گویژە نیشتەجێ بوون و بەو گەرِەكەش دەوترا گەرِەكى گاوران.
لە ساڵى 1862ى زاینى یەكەم كەنیسە لە سلێمانى دامەزراوە بەناوى: كەنیسەى مریم عەزرا، لەگەرِەكى گاوران لاى ماڵى كەریمى عەلەكە لەلایەن خێرخوازێكى مەسیحییەوە بەناوى شماس یڵدا كە بازرگانێكى خەڵكى سنەى رۆژهەلآتى كوردستان بووە و كارگێرى كەنیسەكەش سەر بە سنە بووە.
مەسیحیەكان لە سلێمانى هەر لە دێرزەمانەوە رێزیان لێ گیراوەو مافى ئەوەیان پێ دراوە بە ئازادى مەراسیمە ئاینەكانیان بەجێ بهێنن.
هەروەك تێكەڵى دانیشتوانى شارەكەبوون و لەخۆشى و ناخۆشیدا بەشدار بوون و لەهەمان كاتدا رۆڵى كاریگەریان بینووە لە ناو ئیدارەى شارەكەدا .
لەسەردەمى حكومرانى كوردى شێخ مەحمودى نەمردا لە ساڵى 1922، كەسایەتى ناسراوى سلێمانى و مەسیحیەكان (كەریمى عەلەكە) وەزیرى دارایى حكومەتەكەى شێخ بووەو جێگەى متمانەو خۆشەویستى شێخى نەمر بووە.
مەسیحییەكانى سلێمانى جگەلە تێكەلآوى كۆمەلآیەتى و كلتورى لەگەڵ پێكهاتەكانى ترى شارەكەدا بەشدارى بەرچاویشیان لە خەباتى گەلى كوردا كردووە و لەم پێناوەشدا چەندین شەهید و قوربانیان بەخشیووە.
مەسیحیەكان هەر لە كۆنەوە چەندین پیشەیان هێناوەتە شارەكەوە كە لەوەپێش نەبوون یان زۆر دەگمەن بوون، وەك كارگەى شى كردنەوەو رستنى موو كردنى بە بەن بە خەرەك بۆ دروستكردنى كۆپان و دەوارو رەشكە بەكارئەهات، هەروەها خەرار بە پێچاڵ لە جیاتى گوێنى كە تووتنى تێدا هەڵدەگیرا كە خاوەنى ئەم كارگەیە پۆڵس ئستیفان موتاپچى بوو, هەروەها سركیس رەوزوقى لە ماڵەكەى خۆیدا كارگەى دروستكردنى جاجم و پۆپەشمینى هەبووە.یوسف قوندەرەچى ، باشترین پیلآودروو بووە.
هەروەك بەشی زۆرى مەى فرۆشییەكانى شارەكە لەلایەن ئەوانەوە بەرێوەدەچوو،لەبەر ئەوەى لەرووى ئاینى و كۆمەلآیەتییەوە ئەم پیشەیە بۆ خەڵكى تر ئاستەم بوو، ئەوان توانیبوویان ئەم بوارە لەژیانى شارەكەدا پرِ بكەنەوە.
هەروەك چەندین ژنى مەسیحى لەشارەكەدا هەبوون كە دەستى بالآیان هەبووە لە حەكیمى و پزیشكى میللیدا،و هەر لە كۆنەوە دەرمانیان لە گژوگیا دەگرتەوەو چارەسەرى نەخۆشى مندالآنیان دەكردو كەڵەشاخیان ئەگرت لەوانە: حەنیفە خێزانى موسا،دایكى نیسان، جەمیلە خێزانى مەتى اللە وێردى، وارینە شینا، رفقە ئیلیا، ئامینە نەنكى، پەترۆس ئەسكەندەر، كاترینا ئیلیا، ئێلشوا پەترۆس)
هەروەك لە گەرِەكى گاوران چەندین مامانى شارەزا هەبوون لەوانە:ئێلشوا پەترۆس و ئەسۆمە سابر، گوڵێ داود، نعیمە داود، لەگەڵ چەند پەرستارێك وەك ناهیدە داود عەلەكە، خاتوو میخائیل و زۆربەى مندالآنى سلێمانى لەژێردەستى ئەمانە لەدایك دەبوون.
هەروەك ئاشى ئاوى گاوران و ئاشە مەكینەى قوستەنتین كۆنترین ئاشى بنەماڵەى عەلەكە بوون لەگەڵ حەمامى سورەت كە موڵكى كەریمى عەلەكە بووە.
هەروەك كەریمى عەلەكە پیاوى خێرخواز و ناسراوى مەسیحییەكان لە سلێمانى یەكەم كەس بووە كە بازرگانى كەتیرەو مازوو لەگەڵ ئێران و شەكرى كەللەى هێناوەتە سلێمانى لە بەغدا.
لە چلەكانى سەدەى رابردووشدا د.نورى فەتحى بەرێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بووەو عیادەیەكشى لە سەرجادەى سابونكەران هەبووەو رۆژانى پێنج شەمان بە خۆراى نەخۆشى هەژار و دەستكورتى ئەبینى.
بەهەمان شێوە د.نصورى عەبدولكەریم عەلەكە، كە خوێندنى پزیشكى لە فەرەنسا تەواو كردبوو، پزیشكى نەخۆشخانەى سلێمانى بوو، عیادەیەكى لە تەنیشت قوتابخانەى گۆیژەى كۆن هەبووەو رۆژانى پێنج شەممە نەخۆشى هەژارى بێ بەرامبەر دەبینى.
هەروەها ئیسحاق شماس عیسى، پیاوێكى هەڵكەوتووى شارەكە بووەو پیاوێكى وریا و قسەزان و بازرگانى پێستەو سابوونى حەلەب و چابووە و ماوەیەكى زۆر ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بووە.
دكتۆر نەوال ئیسحاق یەكەم دەرمانساز(صیدلانى) كچ بووە بە سلێمانى و كچى ئەو پیاوە بووەو لە ساڵى 1968 دەرمانخانەى تایبەتى خۆى دامەزراندووە بەناوى(دەرمانخانەى سلێمانى)، نەوالخان وێراى ئەوەى خزمەتى زۆرى سلێمانى كردووە، لەو خانمانە بووە كە شۆڤیرى ئافرەتیان لە سلێمانى كردووە بە شتێكى ئاسایى.
هەروەك ئەندازیار ستار و وەستا شەمعون داود سەرپەشتیارى یەكەمین محەتەى كارەبای DC بوون ، كە لە سلێمانى دامەزرا.
لەبوارى پێشخستنى هونەریدا ، مەسیحییەكانى سلێمانى رۆڵێكى بەرچاوو كاریگەریان هەبووە، خاوەنى چەندین هونەرمەندى بەتوانا بوون لەوانە مامۆستا (ولیم یۆحنا خنانیشۆ) كە بەتەنیا خۆى وەك پەیمانگایەكى میوزیك بووەو چەندین میوزیكزانى ناودارى پێگەیاندووە و ژیانى خۆى تەرخانكردبوو بۆ ئەو بوارە.
جگەلە مامۆستاى ناودار ولیەم یوحنا، چەندین هونەرمەند و مامۆستاى میوزیكزانى مەسیحى لە سلێمانى هەڵكەوتوون وەك: فرەنسیس داود، مامۆستا فرید عیسا، سامى سلێمان، هونەر كوستەنتین.
هەروەك لە بوارى خوێندنیشدا چەندین مامۆستاى بەتوانا و لەخۆ بردوو لەنێو مەسیحییەكانى ئەم شارەدا هەڵكەوتوون و بێ جیاوازى خزمەتى شارەكەیان كردووە لەوانە: عەبدول مەسیح ئەسكەندەر، لەتیف ئەسكەندەر، ئیبراهیم سەركیس، بەشیر داود عەلەكە، عیسا یوسف، فەرید داود، ئیسحاق سلێمان پەرى، لەتیف پۆلس، بەترۆس سلێمان ، نەوفل بابا یوسف....
لە سەرەتاى سەدەى بیستەوە تا ئێستا ئەم قەشە بەرێزانە كێساكانى سلێمانیان بەرێوەبردووەو سەرپەرەشتى كاروبارى ئاینى مەسیحییەكان بوون:
1/پەترۆس پۆڵس 1900
2/سڵیوە شەقلآوى 1903
3/پیلێپس حەنا دیرایا 1907
4/ هورمز خۆشابا دیرایا 1915
5/مەتى دیرایا شەقلآوى 1916
6/ئەلیاس دیرایا 1920
7/بەهنام سیوش 1927
8/هورمز خۆشابا دیرایا 1928
9/عەمما نۆئیل حەداد 1939
10/ئەنتیۆنۆس گورگیس 1946
11/پەترۆس شلى 1951
12/جوبرائیل مارى 1954
13/قەشە پەرى یوسف 1962
14/ئەمانوئیل حەداد 1972
15/قریاقۆس میخائیل 1982
16/مەتران عەبدول ئەحەد رەبان 1990
17/سڵێوە هوما یوسف 1998
18/ئیبراهیم یوسف ئەلیاس 2000
19/حەننا تۆما 2006
20/سڵێوە عەزیز رەسام 2009
21/ئەیمەن عەزیز هورمز 2010