بلۆكە نەوتییەكانی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

 

ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە نێو نەخشەی ئیداری پارێزگای سلێمانییەوە، ناوچەی دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی بەتایبەت نەوت و غاز، ناوچەكانی پارێزگاكە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە كراوە بەچەندین بلۆكی نەوتی جۆراو جۆر، لەهەندێك لە بلۆكەكاندا پڕێكی باش نەوت دۆزراوەتەوەو لە بلۆكەكانی تریش هێشتا گەران پشكنین بەردەوامە، بەپێی هەندێك بۆچوون بری یەدەگی نەوت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان خۆی لە سەروی 30 ملیار بەرمیل نەوت دەدات.

بلۆكە نەوتییەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بەمجۆرە دابەش بوون:

 

بلۆكی چەمچەماڵ

ئەم بلۆكە لە زێی بچوكەوە تا سەر رووباری باسەڕە درێژ دەبێتەوە و شاری چەمچەماڵ لەسەر ئەم بلۆكەیە. رووبەرەكەی 1169 كم دووجا.جگەلە نەوت كێڵگەیەكی گەورەی گازی سروشتی تێدایە كە درێژییەكەی نزیكەی 80كم و پانی پتر لە 10 كم.كە بڕی 3 تریلیۆن مەتر سێ جا گازی یەدەگی تێدایە.

 

بلۆكی كۆرمۆر

دەكەوێتە ناحیەی قادركەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، رووبەرەكەی 510 كم دووجایە. بری زیاتر لە 2 تریلیۆن مەتر سێ جا غازی سروشتی تێدایە. كۆمپانیای داناغاز و كریسنت ئۆیڵ رۆژانە زیاتر لە 70هەزار بەرمیل پێكهاتەی نەوت و گازی لێ بەرهەم دەهێنن، لەگەڵ بەرهەم هێنانی 330 ملێون پی سێجا غاز لە رۆژێكدا.

 

بلۆكی كێوە چەرمەڵە

دەكەوێتە ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵەوە، بەپێی راپۆرتی سكۆتیا كاپیتاڵ بری پتر لە یەك ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە

 

بلۆكی باكوری سەنگاو

دەكەوێتە باكوری ناحیەی سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵ، روبەری 492 كم دووجایە.بەپێی راپۆرتی هەر یەك لە سكۆتیا كاپیتاڵ و سەتەرلینگ ئینەرجی بڕی 2.163 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.

 

بلۆكی باشوری سەنگاو

سەنتەری ناحیەی سەنگاو و دەوربەری دەگرێتەوە. رووبەری 846 كیلۆمەتر دووجایە. پێشبینی یەدەگی 1 ملیار بەرمیل نەوتی لێی دەكرێت و بیری تێدا لێدراوە. هاوكات بڕی یەك تریلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی تێدایە.

 

بلۆكی تۆپخانە

رۆژهەڵاتی ناحیەی قادر كەرەم و ناوچەی جەباری دەگرێتەوەو رووبەری 945كم دووجایە. پێدەچێت بڕی 4ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدا بێت. سەرەرای بڕێكی زۆر گازی سروشتی.

 

بلۆكی تازە

بەشێك لە سنوری ناحیەی نەوجول و خۆرئاوای ناحیەی قادركەرەم دەگرێتەوە. رووبەرەكەی 700 كم دووجایە.پێشبینی بڕی 2 ملیار بەرمیل نەوت و بڕێكی زۆر گازی سروشتی لێ دەكرێت.لە قۆناغی بیر لێداندایە.

 

بلۆكی كۆرمۆر دوو

بلۆكێكی جیاكراوەیە لە بلۆكی كۆرمۆری ناحیەی قادركەرەم و نزیكەی 300 كم دووجا رووبەرەكەیەتی پێشبینی برێكی زۆر نەوتی لێدەكرێت.

 

بلۆكی قەرەهەنجیر

دەكەوێتە نێوان چەمچەماڵ و كەركوك، ناوچەی شوان و ناحیەی قەرەهەنجیر و تەكیەی جەباری دەگرێتەوە. رووبەرەكەی 1200 كم دووجایە. پێشبینی 4 ملیار بەرمیل نەوتی لێ دەكرێت.

بلۆكی شاكەل

خواروی قەزای كەلار و ناحیەی رزگاری و قەزای كفری دەگرێتەوە. رووبەرەكەی 632 كم دووجایە. نزیكەی 2 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە.

 

بلۆكی پەڵكانە

قەزای خورماتوو، ناحیەی جەبارەو رۆژهەڵاتی ئەو قەزایە دەگرێتەوە كە ناوچەیەكی جێگە ناكۆكە و رووبەرەكەی 529 كم دووجایەو بری 1 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.

 

بلۆكی كوردە میر

 خوارووی ناحیەی سەنگاو وباكوری قەزای كەلار دەگرێتەوە تا سەر رووباری سیروان. رووبەرەكەی 620 كم دووجایە. بەپێێ راپۆرتی سكۆتیا كەپیتاڵ بڕی 4.129 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدا و لە گوندی كوردە میر بیر لەسەر ئەم كێڵگەیە لێدراوە.

 

بلۆكی شاكەل دوو

بلۆكێكی جیاكراوەیە لە بلۆكی شاكەل، دەكەوێتە خوارووی شاری كەلارەوە و رووبەرەكەی 200 كم دووجایە و حكومەتی هەرێم دەیەوێت بیدات بە یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكان

قەرەداغ

ناوچەی قەرەداغ و چیای سەرگرمە و رۆژئاوای رووباری سیروان دەگرێتەوە و رووبەرەكەی 846 كم دووجایە و بەپێی راپۆرتی سكوت كەپیتەڵ 2 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە. بیری تێدا لێدراوەو جۆری نەوتەكەی باشە.

 

بلۆكی بازیان

حەوزی بازیان و شارۆچكەی تەكیەو بەشێك لە ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ دەگرێتەوە، رووبەرەكەی 473 كم دووجایە.بیری تێدا لێدراوەو بڕی یەدەگی 1 ملیار بەرمیلە.

بلۆكی بەرانان

باشوری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی و چیای بەرانان دەگرێتەوە تا دەگاتە دەربەندیخان. رووبەرەكەی 722 كم دووجایە. لە ساڵی 2012 بیری تێدا لێدراوەو ئەگەری بوونی نەوتی زۆری لێدەكرێت.

بلۆكی میران

لە تاسلوجەوە دەست پێدەكات و رۆژئاوای رێگای دوكان-سلێمانی و بەشێك لە ناحیەی ئاغجەلەر و شارۆچكەی بازیان و سەیرانگای چەمی رێزان دەگرێـتەوە. رووبەرەكەی 11015كم دوجایە. دوو كێڵگەی گەورەی نەوتی تێدایە كە بریتین لە: میران رۆژهەڵات كە بڕی 1 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە و بیرێكی تێدا لێدراوە. هەروەها میران رۆژئاوا كە 2 ملیار بەرمیل نەوت و برێكی زۆر غازی سروشتی تێدایە.

بلۆكی عەربەت

شاری سلێمانی و شاخی ئەزمڕو گۆیژەو ناحیەی عەربەت تا هەڵەبجەی تازە دەگرێـتەوەو رووبەرەكەی 274 كم دووجایە و بەپێی راپۆرتی شاماران پترۆلیۆم بری 1.177 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.

بلۆكی خەلەكان

شارۆچكەی خەلەكان و چیای هەیبەسوڵتان و بەشێك لە دەشتی كۆیە تا سەر زێی بچوك دەگرێتەوەو رووبەرەكەی 624 كم دووجایە. بەپێی راپۆرتی رنج ئۆیڵ گاز بڕی 1 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە.

 

بلۆكی رۆژهەڵاتی عەربەت

ناوچەی بەرزنجەو بەشێك لە شارەزوور تا ناحیەی ناڵپارێز و قەزای پێنجوێن دەگرێتەوەو رووبەرەكەی 700 كم دووجایە. هێشتا پرۆسەی گەران تیدا دەستی پێنەكردووە.

 

بلۆكی پیرەمەگرون

رۆژهەڵاتی رێگەی دوكان-سلێمانی و بناری چیای پیرەمەگرون تا دەگاتە شارۆچكەی دوكان دەگرێتەوەو رووبەرەكەی 730كم دووجایەو لە قۆناغی پشكنیندایە

بلۆكی قەڵادزێ

سەرجەم قەڵادزێ و دەریاچەی دوكان و رانییە دەگرێتەوە و رووبەرەكەی نزیكەی 2000 كم دوجایە و لە قۆناغی پشكنیندایە.

بلۆكی بێتواتە

لە ناحیەی حاجی ئاوا دەست پێدەكات تا شارۆچكەی بێتواتە و بالیسان و رووبەرەكەی 650كم دووجایە، هێشتا گەڕان تێدا دەستی پێ نەكردووە.

بلۆكی شەكرۆك

ناحیەی خدرانی دوكانەوە دەست پێدەكات و رووبەرەكەی 418 كم دووجایە

بلۆكی هەڵەبجە

سنوری پارێزگای  هەڵەبجەی شەهید دەگرێتەوەو رووبەرەكەی 1000كم دووجایە و بریتیە لە ناوچەكانی خورماڵ و سیروان و بیارەو سەنتەری قەزای هەڵەبجەو بەشێك لە سەیدسادق  و پێش بینی دەكرێت بڕی 650ملیون بەرمیل نەوتی تێدا بێت.

 

سەرجەم بلۆكەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی هەرێم نزیكەی 27 بلۆكن و لەسەروی 35 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەیە.

 

**** بۆ ئەم بابەتە پشت بە لێكۆڵینەوەیەكی بەرێز د.غالب محەمەد شارەزا لە بواری نەوت بەسراوە كە ساڵی 2015 ئەنجامی داوە.