پارێزگاری سلێمانی سەردانی زانکۆی سلێمانی دەکات

پارێزگای سلێمانی
دوای ناڕەزایی هەفتەی رابردووی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە بارەی نەبوونی سوتەمەنی پێویست بۆ بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران و نەبوونی پارکی پێویست بۆ ئۆتۆمبیلی خوێندکاران و کێشەکانیان ، د.ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد. لەسەردانەکەی پارێزگاری سلێمانیدا بۆ زانکۆی سلێمانی کە هەریەک بەرێوبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی و بەرێوبەری دابەشکردنی سوتەمەنی سلێمانی ئامادەبوون ، لە لایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیەوە پێشوازیان لێکرا. لە سەردانەکەی د.ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی بۆ زانکۆی سلێمانی ، کێشەی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ بەشە ناوخۆییەکان چارەسەر کرا و هەرچی بڕە سوتەمەنی پێویستی گازۆیل بۆ کۆلیژی وەرزش دابین کرا. لە بارەی کێشەی پارکی ئۆتۆمبیلی خوێندکارانی زانکۆشەوە، بیر لە رێگە چارەی خێرا کرایەوە تا بە شێوەیەکی دروست ئەو کێشەیەش لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێت.