خولی سێیه‌می حكومه‌تی شێخ مه‌حمود و داگیركردنی یه‌كجاری سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

رێكەوتی 16ی مایسی 1923 هێزەكانی ئینگلیز جارێكی تر هاتنه‌وه‌ سلێمانی و گەیشتە سەرچنار ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود له‌ ژێر گوشاری بومباراندا شاره‌كه‌ی به‌جێ هێشت

ئه‌دمۆندز حاكمی سیاسی ئینگلیز هه‌مان رۆژ به‌یاوه‌ری پیاوماقوڵانی شار خۆی گه‌یانده‌ سلێمانی و كه‌وته‌وه‌ رێكخسته‌وه‌ی كاروبارو دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌زگاكانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ش ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ كرا به‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌و شێخ قادری حه‌فیدش به‌رپرسیارێتی ئاسایشی پێ سپێردرا. ئه‌دمۆندز خۆشی له‌ بیانی مه‌كته‌بی ئه‌عدادیه‌وه‌ كاروباری به‌رێوه‌ده‌برد و به‌م شێوه‌یه‌و له‌ رێكه‌وتی 28ی مایسی 1923 هێزه‌كانی ئینگلیز بۆ جارێكی تر به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی سلێمانیان كرده‌وه‌.

رۆژێك دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئینگلیز، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی عیراق (عه‌بدول محسین ئه‌ل سه‌عدون) به‌ یاوه‌ری وه‌زیری ناوخۆ و موته‌سه‌ریفی به‌غدا و راوێژكاری به‌ریتانیا بۆ كاروباری ناوخۆ گه‌یشتنه‌ سلێمانی، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی سلێمانی بخه‌نه‌ سه‌ر ئیداره‌ی عیراق. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵان و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌. به‌ڵام وه‌فده‌كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ كوردی سلێمانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نییه‌ بخرێته‌ سه‌ر عیراق. به‌ڵام هاوكات هاوكاری و هاوپشتی و گوێرایه‌ڵی خۆیان بۆ نوێنه‌ری ئینگلیز ده‌رخست. ئینگلیزه‌كان پێشنیاریان كرد ئه‌نجومه‌نێكی ئیداری كوردی له‌ سلێمانی پێك بێت و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن نوێنه‌ری باڵای ئینگلیز و فه‌یسه‌ڵه‌وه‌ بریاری لێ بدرێت. وێرای ئه‌وه‌ی به‌ره‌سمی زمانی كوردی له‌ سلێمانیدا بناسرێت. هاوكات سلێمانی وه‌ك لیوایه‌كی عیراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. به‌ڵام بیروبۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌ڵبژێرێت بۆ په‌رله‌مانی عیراق. به‌ڵام له‌ په‌رله‌ماندا هیچ ئه‌ندامێكی سلێمانی ناچار نه‌كرێت سوێندی دڵسۆزی بۆ (مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ) بخوات.

هه‌ردوولا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ نیشاندا،به‌ڵام به‌ مه‌رجێك هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ سلێمانیدا بهێڵرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌.

به‌ڵام ئینگلیزه‌كان به‌شێكی زۆری پێشنیاره‌كانیان پشگوێ خست. قه‌زاكانی (رانیه‌و چه‌مچه‌ماڵ) یان له‌ سلێمانی جیاكرده‌وه‌ و خستیانه‌ سه‌ر هه‌ولێرو كه‌ركوك به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی سلێمانی. ئه‌م كارانه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌ ئیدارییه‌كه‌ له‌ 15ی حوزه‌یرانی 1923ده‌ست له‌كار بكێشته‌وه‌. هه‌روه‌ها هێزه‌كه‌ی ئینگلیزیش له‌ 17ی حوزه‌یراندا سلێمانی چۆڵ كرد.

ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ ئینگلیزه‌كان نه‌یانتوانی شتێكی ئه‌وتۆ بكه‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخی سلێمانی و كه‌سێكی وه‌هایان بۆ نه‌دۆزرایه‌وه‌ بتوانێ جێگه‌ی شێخ مه‌حمود بگرێته‌وه‌ بۆیه‌ ناچار بوون بكشێنه‌وه‌.

به‌چۆڵكردنه‌وه‌ی سلێمانیش گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بووه‌ شتێكی حه‌تمی و به‌ڵگه‌ نه‌ویست.

له‌گه‌ڵ چۆڵكردنی سلێمانی، ژماره‌یه‌كیش له‌و كوردانه‌ی نه‌یاری شێخ مه‌حمود بوون شان به‌شانی هێزه‌كانی ئینگلیز شاره‌كه‌یان جێ هێشت و به‌ره‌و كه‌ركوك رۆیشتن. به‌ڵام له‌كاتی چوون بۆ كه‌ركوك له‌لایه‌ن هه‌ندێك توركمانه‌وه‌ سوكایه‌تیان پێ كراوه‌و ژماره‌یه‌كیشان له‌ رێگه‌ رووت كرانه‌وه‌.

به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی سلێمانیان به‌جێ هێشت ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ دڵسۆزانه‌ بوون كه‌ له‌ ریزی سوپاكه‌ی شێخ مه‌حمودا بوون، به‌ڵام له‌لایه‌ن جلخواره‌كان(لایه‌نگرانی تورك) دژایه‌تیان ده‌كراو پلانی له‌ناوبردنیان بۆ داده‌نان و به‌و هۆیه‌ ناچار بوون شاره‌كه‌ به‌جێ بهێڵن.

دوای چۆڵبوونی شاره‌كه‌ شێخ مه‌حمود له‌ رێكه‌وتی 26ی حوزه‌یرانی 1923 گه‌یشته‌وه‌ سلێمانی.

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌یدا(هنری دۆبس) بۆ روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ئینگلیز به‌رامبه‌ر شێخ مه‌حمود چه‌ند بریارێكی ده‌ركرد:

1/دوای شكستی هه‌وڵه‌كان بۆ لكاندنی سلێمانی به‌ عیراقه‌وه‌، سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارودۆخی پێش هه‌ڵمه‌ته‌كانی به‌ریتانیا و هیچ په‌یوه‌ندیه‌ ناكرێت له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و ئه‌واندا.

2/ ئه‌م بریاره‌ ته‌نیا به‌شێك له‌ لیواكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ناده‌ن بخرێته‌ سه‌ر عیراق و كۆنترۆڵی حكومه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و قه‌زاو ناحیه‌ جیاكراوانه‌ هه‌موو كارێكیان له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ین.

3/ شێخ مه‌حمود ئاگادار بكرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا حاكمه‌ له‌ سلێمانیدا، خۆی و كاروباره‌كانی وازلێهێنراون، ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی سنوری مه‌ركه‌زی سلێمانی.

دوای ئه‌مه‌ ئینگلیزه‌كان هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویستیان نا بۆ دابڕینی (رانیه‌، قه‌ڵادزێ، سه‌نگاو،چه‌مچه‌ماڵ، هه‌ڵه‌بجه‌، قه‌ره‌داغ،ماوه‌ت) له‌ سلێمانی و به‌توندی ئاگاداری شێخ مه‌حمودیان كرده‌وه‌ كه‌ نابێ ده‌ست بخاته‌ كاروباری ئه‌و ناوچانه‌.

شێخ مه‌حمود دووباره‌ كه‌وته‌وه‌ كار بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نوێ له‌ سلێمانیدا. هه‌روه‌ها بیری له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك كرده‌وه‌. ئه‌وه‌بوو دووباره‌ رۆژنامه‌ی(ئومێدی ئیستقلال)ی ده‌ركرد و یه‌كه‌مین ژماره‌ش له‌ 5ی ئه‌یلولی 1923 ده‌رچوو ناو ئه‌ندامانی كابینه‌ی سێیه‌می حكومه‌ته‌كه‌ی تێدا بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌:

1/ شێخ محه‌مه‌د غه‌ریب- ره‌ئیسی داخلیه‌.

2/سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی- ره‌ئیسی مالیه‌و گومرگ.

3/ معروف ئه‌فه‌ندی- ره‌ئیسی مه‌حكه‌مه‌.

4/حاجی مه‌لا سه‌عید ئه‌فه‌ندی- ره‌ئیسی تجاره‌ت و مه‌عاریف.

5/ره‌زا به‌گ- قوماندانی عه‌سكه‌ری.

سنوری ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی سێیه‌می شێخ مه‌حمود به‌رته‌سك بوو،ئینگلیزه‌كانیش له‌سه‌ر داوای عیراق زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان له‌ سلێمانی دابری بوو. به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو شێخ مه‌حمود له‌ كۆتایی ته‌مووزی 1923 كه‌وته‌ هه‌وڵدان بۆ دووباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ جیاكرابوونه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو كه‌ ئینگلیزه‌كان دوای مۆركردنی په‌یمانی لۆزان له‌ 24ی ته‌موزی 1923، پێیان وابووهیچ ئیلتیزامێكیان به‌رامبه‌ر كوردی باشوری كوردستان نه‌ماوه‌.

هه‌ر بۆیه‌ كاتێك زانیان شێخ مه‌حمود دووباره‌ خه‌ریكی په‌ل هاویشتنه‌، كه‌وتنه‌ خۆ بۆ لێدانی حكومه‌ته‌كه‌ی و له‌ناوبردنی.

له‌16ی ئابی1923 جارێكی تر ئینگلیزه‌كان شاری سلێمانیان بۆردومان كرد. له‌م بۆردومانه‌دا بۆمبای 220 پاوه‌نی كه‌یه‌كه‌م جاربوو له‌ مێژوودا به‌كاربێت له‌ سلێمانی به‌كارهات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو شێخ مه‌حمود ئاره‌زووی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئینگلیز نه‌ده‌كرد و ده‌یویست له‌گه‌ڵیان رێ بكه‌وێت.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ رۆژنامه‌كه‌یدا چه‌ندین بابه‌تی سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئینگلیز بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.

هاوكات چه‌ندین نامه‌ی بۆ نوێنه‌ری باڵای ئینگلیز له‌ به‌غدا ناردبوو. داوای لێ كردوون نوێنه‌ریان بنێرن بۆ سلێمانی. به‌ڵام ئینگلیزه‌كان رازی نه‌بوون.

شێخ مه‌حمود له‌و كاته‌ دژواره‌شدا سه‌ر قاڵی هێنانی چاپخانه‌یه‌كی نوێ بوو بۆ سلێمانی، هاوكات سه‌رقاڵی سكه‌ لێدان و چاپكردنی پاره‌ی كاغه‌ز بوو. به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ هێنده‌ ناهه‌موار بوو كه‌ رێگه‌ی نه‌دا هیچ هه‌نگاوێكی به‌رچاو بنێت،هێنده‌ نه‌بێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا پولی پۆسته‌ی چاپ كرد.

20ی مایسی 1924 به‌یاننامه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا به‌ردرایه‌وه‌و ئاگاداری خه‌ڵكیان كرد كه‌ ناوچه‌كه‌ بۆردومان ده‌كرێت. رۆژی 22ی مایسی 1924 شێخ مه‌حمودیان ئاگادار كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌كه‌ جێ نه‌هێڵێت ئه‌وا شاره‌كه‌ بۆردومان ده‌كرێت.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا ترس و دڵه‌ راوكێی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه‌ كه‌س به‌رۆژ نه‌یده‌وێرا له‌ شاردا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ جگه‌له‌ دام و ده‌زگای حكومه‌ت، بازارو دوكانیش نه‌مێنێت.

هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئینگلیز، له‌ 25ی مایسی 1924دا،سلێمانیان بۆردومان كردو خه‌ڵكه‌كه‌ شاره‌كه‌ی به ته‌واوی جی هێشت و رووی له‌ گونده‌كان كرد. ئه‌م باره‌ چوار مانگی خایاند و بووه‌ هۆی كاولكردنی زۆری شاره‌كه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م جاره‌ش ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حمود له‌ سلێمانی له‌ژێر فشاری بوردوماندا كۆتایی هات و له‌ 16ی ته‌موزی 1924 شێخ مه‌حمود ناچاركرا سلێمانی چۆڵ بكات و روو بكاته‌ شارباژێرو له‌ گوندی سیته‌ك بارگه‌ی بخات.

رۆژی 19ی 7ی1924 هێزه‌كانی ئینگلیز، سلێمانیان گرته‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مین جاریش فه‌وجێكی حكومه‌تی عیراق توانی بگاته‌ سلێمانی، كه‌ناوی (موسای كازم)بوو. ئینگلیزه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌یاندا(چه‌پمه‌ن)یان كرده‌ لێپرسراوی ئیداری سلێمانی و ده‌سه‌ڵاتی موته‌سه‌ریفیان پێ دا.

 

*** بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سود له‌ ماسته‌رنامه‌ی ئاكۆ عبدول كه‌ریم شوانی به‌ناونیشانی(شاری سلێمانی 1918-1932) وه‌رگیراوه‌.