ڕاگەیەنراوی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

ڕاگەیەنراوی 
لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی

     ئەمڕۆ 1/7/2018، له‌ دیوانی پارێزگای سلێمانیدا؛ پارێزگاری سلێمانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا بەوردیی باس لە بارودۆخی ئاسایش‌و ئارامیی پارێزگاكەو هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە كراو، سوپاسی هاووڵاتیان‌و هەموو فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا كە بە دڵسۆزانەو گیانێكی بەرپرسانەو نیشتمانییانەوە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ‌ كردووە.
لەپێناوی پاراستنی ئارامیی‌و ئاسایشی هاووڵاتیان و پارێزگاكەشماندا بڕیاردرا بە:
یەكەم: بەردەوامبوونی لیژنەی هاوبەشی هێزەكانی ناوخۆ كە پێشتر بەفەرمانی پارێزگار پێكهێنراون، بۆ بنەبڕكردنی تاوان‌و دیاردەی چەكداریی‌و ئۆتۆمبێلی بێ‌ ژمارەو بێ‌ مۆڵەت‌و هەر سەرپێچییەكی تر.
دووەم: بەردەوامبوونی هەماهەنگیكردنی لیژنەی ئارامیی شاری سلێمانی و لیژنەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانەی بۆ قەدەغەكردنی دیاردەی سەرپێچیكردن‌و زیادەڕەویی‌و خراپیی كوالێتیی‌و سواڵكردن‌و تێكدانی نەزمی گشتیی و هەر دیاردەیەكی نەخوازراوی تر پێكهێنراون.
سێیەم: دەستگیركردنی هەموو ئەو گومانلێكراوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراون.
چوارەم: هەر كەسێكی بیانیی كە مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێمی كوردستاندا پێدراوە؛ پێویستە سێ‌ مانگ جارێك پشكنینێكی تەندروستیی ڕەسمیی بكات و بەپێچەوانەوە خۆیشی‌و ئەو شوێنەیشی كاری تێدادەكات بەرپرسیار دەبن.
پێنجەم: هێزەكانی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و پۆلیسی بەرگریی‌و فریاكەوتن، هاوكارو هەماهەنگی هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش دەبن بۆ ڕێگرتن لە هەر زیادەڕەویی‌و سەرپێچیكردن‌و هەر دۆخێكی پێویست؛ بەپێی ڕێنمایی پارێزگاری سلێمانی.
شەشەم: بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی پارێزگای سلێمانی، هەموو تیمەكانی ئامادە دەكات بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراوو ئاگركەوتنەوەیەك، لەم بارەیەوە ڕێنمایی پێویست پێشكەش بە هاووڵاتیان و فەرمانگەو كۆمپانیاكان دەكات.
حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕێگریی لە هەر حاڵەتێكی بیرهەڵكەندنی نایاسایی دەكات‌و بەپێی یاساو له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی پارێزگاری سلێمانیدا؛ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا دەكات، هەروەها بەوردیی ڕێنماییەكانی پەیوەست بە پاراستنی دارستان‌و ژینگەو ڕاوكردن جێبەجێ‌ دەكات.
هەشتەم: ڕێكخستنەوەی گرتوخانەكان‌و نەهێشتنی هیچ جیاوازیی‌و جیاكارییەك‌و چاودێریكردنی وردی شێڵتەرو خانەو گرتوخانەو دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانی تر.
نۆیەم: پێویستە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا، بڕیارو ڕێنماییه‌كانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی جێبەجێبكه‌ن.
دەیەم: لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی لەچوارچێوەی كۆبوونەوەكانی سەروەریی یاسادا؛ لەگەڵ بەڕێزان سەرۆكی دادگاكان‌و داواكاری گشتیی‌و دادوەرەكاندا كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی دانانی چێوەیەكی یاسایی پتەو بۆ چەسپاندنی یاساو سزادانی تاوانباران.
یانزدەیەم: ڕێكخستنەوەی شوێن‌و دامەزراوە گەشتیارییەكان و شوێنه‌ گشتییه‌كان بەپێی ڕێنماییەكانی پێشووی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی.
دوانزدەیەم: تیمی فریاكەوتنی هاوبەش بۆ شوێنە گەشتیاریی و گشتییه‌كان پێكدەهێنرێن.

سیانزدەیەم: هەموو ئەم بڕیارو ڕێنماییانە بەبێ‌ جیاوازیی و گوێدانە پلەو پایەو پۆستی كەسە سەرپێچیكەرەكان، جێبەجێدەكرێن.
چوارده‌یه‌م: پارێزگاری سلێمانی؛ پشتیوانیی و هاوكاریی پێویست پێشكەش بە هەموو فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانیان‌. 

لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی سوپاسی بڕیارو دەستپێشخەرییەكەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامەزراوەكانی تر ده‌كات، كە پشتیوان‌و جێبەجێكاری بڕیارو ڕێنماییەكانی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی دەبن.