رۆژی 4ی ئەیلولی2018 ، دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید، پسپۆڕو راوێژكاری نەخۆشییەكانی منداڵان بەهۆی نەخۆشیەوە كۆچی دوای كرد.
دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید یەكێك بووە لە دكتۆرە بەخشندەو لە خۆبردووەكانی سلێمانی و ناوبانگێكی فراوانی لەنێو خەڵكدا هەبووە.
دكتۆر جەمال ئەحمەد لە ساڵی 1944 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی 1968 كۆلێژی پزیشكی تەواو كردووەو لەو كاتەشەوە بەردەوام بووە لە خزمەتكردنی منداڵانی نەخۆشی سلێمانی و كوردستان.
دكتۆر جەمال كەسێكی لەخۆبردوو بووەو دوای خانەنشین بوونیشی هەر بەردەوام بووە لە خزمەتی نەخۆشەكانی لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا، ئەوە جگەلەوەی لە نۆرینگە تایبەتەكەی خۆیدا بەنرخێكی رەمزی چارەسەری نەخۆشەكانی كردووە.
وەك خۆی لە مەراسیمی رێزلێنانیدا دەڵێت: نزیكەی 2 ملیون بۆ 2و نیو منداڵی چارەسەر كردووە لە ماوەی ژیانی پیشەی خۆیدا.
دكتۆر جەمال بروانامەی بكالوریوسی هەبووە لە پزیشكی و نەشتەرگەری گشتیداو پاشان لە بریتانیا دیبلۆمی باڵای بەدەست هێناوە لە نەخۆشیەكانی منداڵاندا، لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووشدا لە بریتانیا خوێندنی دكتۆرای تەواوكردووەو مامۆستابووە لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی. هەروەك ئەندامی كۆلیژی پزیشكانی شاهانەی بریتانیانی بووە.
لە ساڵی 2016 خەڵاتی پزیشكی ساڵ و پزیشكی پێشەنگی پێ بەخشراوەو لەمیانی مەراسیمەكەشدا دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو بەهیچ جۆرێك نەبیری كردووەتەوەو نەبیر دەكاتەوە لەسەر نەخۆش بینین و بەهۆی پیشەكەیەوە دەوڵەمەند ببێت.