هەوڵی باشتركردنی جۆری خۆراكی نەخۆشخانەكان دەدرێت

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی پێدانی ڕێنمایی پێویست و باشتركردنی جۆری خۆراكی نەخۆش لەناو چێشتخانەی نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی دا.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەڕێی هۆبەی زانستی خۆراكەوە، لەناو نەخۆشخانەی فێركاری نەشتەرگەری دا خولێكی یەك ڕۆژەی بۆ شێف و سەرپەرشتیارانی چێشتخانەی ناو نەخۆشخانەكان ڕێكخست.

لەوبارەوە د.بینایی كامەران لێپرسراوی هۆبەی زانستی خۆراك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، تایبەت بۆ سایتی"تەندروستی" ڕایگەیاندوە:خولەكە بەمەبەستی گۆڕینی چەندین جۆری خواردنی ئامادەكراوە كە ئێستا لە ژەمە خۆراكییەكانی نەخۆشدا هەیە لەناو نەخۆشخانەكاندا بۆ ئەو خۆراكانەی كە زیاتر سوود بە تەندروستی نەخۆش دەگەیەنێت، بۆ نمونە زیادكردنی شۆفان لە ژەمە خواردنەكاندا و لێنانی برنج بەزەیتی زەیتوون و زیاد كردنی شۆربا، هەروەها لە بەیانیانیشدا هێلكە و گوێز و ماست لەجیاتی پەنیر دابنرێت. 

ڕونیشیكردەوە، لە خولەكەدا تیشكمان خستە سەر هەنگاوەكانی چۆنێتی ئامادەكردن و لێنانی خواردن بەشێوەیەكی تەندروستانە تاوەكو نەخۆش بتوانێت سەرەڕای وەرگرتنی دەرمان بەهۆی خواردنی ژەمەكانی نێو نەخۆشخانە باری  تەندروستی بەرەو باشتر بوون بڕوات.