پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێك ڕادەگەیەنێت

پارێزگای سلێمانی

 

رۆژی 13-10-2018 ، موقەدەم ئەكرەم قادر ، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكیان ڕاگەیاند .
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا نەقیب سەركەوت ئەحمەد دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند كە لە ڕۆژی 10-10-2018 هەستابوون بە دزینی ئۆتۆمبێلێك ، دوای بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و پێكهێنانی لیژنەیەك لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانرا ڕۆژی 12-10 تۆمەتباران دەستگیر بكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلی دزراودا .

لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان دەستگیركردنی باندێكی تری دزی دوو كەسی ِڕاگەیاند كە لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لەشاری سلێمانی هەستابوون بەدزیكردن لەماڵان ، هەروەها دەستگیركردنی سێ‌ تۆمەتباری تری ڕاگەیاند كە لەگەڕەكی بەكرەجۆو گەڕەكەكانی تری شاری سلێمانی هەستابوون بە دزینی 12 ماتۆڕسكیل .
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا نەقیب سەركەوت ئەحمەد دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند كە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی هەستابوون بە ڕفاندنی هاوڵاتییەك .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن وپەیوەندییەكان