پارێزگای سلێمانی

الرئيسية


سلێمانی لە ئۆكتۆبەردا
2019-11-07 09:51:00    پارێزگای سلێمانی

- ڕۆژی 1ی ئۆكۆتبەری ساڵی 1937، بە فەرمانێكی حكومەتی عێراق (عەبدولمەجید یەعقوبی) كرایە موتەسەڕیفی سلێمانی، كە تا 17ی شوباتی ساڵی 1939 لەو پۆستەدا مایەوە.
-    رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر (تشرینی یەكەم)ی ساڵی 2010 هونەرمەند و پێشمەرگە  حەمەجەزا عەلی كۆچی دوایی كردوە، كە ساڵی 1949 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە ‌و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە و خولیای هونەر بوە، هاوكات كەسێكی نیشتمانپەروەر بوە ‌و بەرگریكردن لە خاكی كوردستان یەكێك بوە لە ئامانجەكانی بۆیە لە میانی شۆڕشی ئەیلولدا ساڵی 1965 بوەتە پێشمەرگە، حەمەجەزا هەردوو خەباتی پێشمەرگایەتیی و هونەری پێكەوە گرێداوە و لە ناخیدا ئاوێتە بوون، بۆیە هاوشانی خەباتی پێشمەرگایەتی خزمەتی هونەریشی كردوە ‌و لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوودا چەندین سرودی نیشتمانی ‌و گۆرانیی لەگەڵ تیپەكانی میوزیكی سلێمانی و هەولێر  تۆمار كردوە، حەمەجەزا لە هەشتاكاندا رووی كردوەتە ئەوروپا ‌و لە سوید نیشتەجێ‌ بوە و بۆ ماوەیەك وەكو پەنابەر لەو وڵاتەدا ماوەتەوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بەردەوام بوە لە خزمەتی هونەر، لە سەرەتای سەدەی بیست ‌و یەكدا تووشی نەخۆشی بوە ‌و دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا رۆژی  1ی ئۆكتۆبەری 2010 كۆچی دوایی كرد و لەمەراسیمێكی شایستەدا لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
-    ڕۆژی 2ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2002، وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی، گەیشتنە هاوینەهەواری دوكان ‌و لەگەڵا سەركردایەتیی یەكێتی بە سەرۆكایەتی (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە، بە مەبەستی چەسپاندنی ڕێكەوتنەكانی نێوان هەردوولا ‌و ئاشتەوایی لە باشوری كوردستان ‌و ئامادەكاریی بۆ دوای روخانی رژێمی بەعس.
- ڕۆژی 5ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1991، تۆپخانەكانی سوپای عێراق بۆردومانێكی خەستی ناوچەكانی (سلێمانی ‌و كفری ‌و عەربەت ‌و كەلار)یان كرد، كە بە هۆیەوە دەیان كوژراو و برینداری لە ڕیزی هاوڵاتیانی مەدەنیدا لێكەوتەوە.
-     رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1991، سێهەمین راپەڕینی خەڵكی شاری سلێمانی  لە دژی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە رژێمی بەعس دەستی پێكرد، كە ماوەیەك بوو خۆیان لە سنورەكەدا كۆدەكردەوە ‌و ببوونە مایەی بێزاركردنی خەڵك، ئەنجامەكەشی بە رزگاركردنی شاری سلێمانی و دەوروبەری كۆتایی هات، لە وەڵامیشدا هێزەكانی سەر بە رژێمی بەعس لە سنوری تانجەرۆوە ناو شاری سلێمانییان تۆپباران كرد ‌و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، دواتریش هێزەكانی پێشمەرگە تەواوی ناوچەكەیان لە ژێر دەستی هێزەكانی عێراق دەرهێنا، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە  پێشتر دوو راپەڕینی دیكە كرابوون لە رۆژانی 7 ی ئادار و 18ی تەمموزی هەمان ساڵدا.
-    ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1997، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 400 ساڵا بە سەر نوسینی (شەرەفنامە)دا لەلایەن (شەرەف خانی بەدلیسی)یەوە، لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵێكی گەورە لەلایەن یەكێتی نوسەرانی كوردەوە ڕێكخرا، كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆشنبیر ‌و نوسەر ‌و كەسایەتییەكان بەشدارییان تێدا كرد ‌و هەوڵەكانی شەرەف خان بەرز نرخێنرا كە مێژووی كوردی نوسیوەتەوە.
- رۆژی 8ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1966، بە فەرمانی حكومەتی بەغداد كۆتایی بە راژەی عامر حەسەك هێنرا وەكو پارێزگاری سلێمانی، كە ماوەی تەنها پێنج مانگ بوو ئەو پۆستەی درابوویە دەست، دواتریش حكومەتی عێراق بڕیاریدا باییز دزەیی شوێنی بگرێتەوە ‌و رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر دەستبەكار بوو لە پۆستەكەدا.
-    ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1982، هێزە ئەمنییەكانی سوپای عێراق بە یارمەتیی جاشەكان، هێرشیان كردە سەر گوندی (كەڵكان) لە دەڤەری پشدەر، مەفرەزەكانی پێشمەرگەش ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەو هۆیەشەوە سەرەڕای گەیاندنی زیانێكی زۆر بە هێزەكانی عێراق ‌و شەڕێكی سەخت كە چەندین كاتژمێری خایاند ‌و دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل ‌و چەك ‌و تەقەمەنیدا گیرا، ژمارەیەك لە پێشمەرگەی پارتیزانەكانیش گیانیان لەدەست دا ‌و دواتر كشانەوە بۆ سنورەكان.
-    دوای هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی سێهەم لە شاری سلێمانی دژی دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق، ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، ڕاپەڕین سەرجەم ناوچەكانی باشوری كوردستانی گرتەوە ‌و لە هێزەكانی سوپای عێراق ڕزگار كران، كە بەوەش كۆتایی بە هێزی سەربازیی عێراق هێنرا لە ناوچە ئازادكراوەكانی باشوری كوردستان ‌و جارێكی تر سوپای بەعس نەگەڕایەوە بۆ ئەو ناوچانە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش ئەركی پاراستنی سنورەكانی گرتە ئەستۆ.
-     رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1926، شێخ مەحمودی حەفیدی مەلیكی كوردستان، لە شارۆچكەی خورماڵی سەر بە هەڵەبجە لەگەڵَ كۆمیساریای باڵای بەریتانیا لە عێراق كۆبوەوە، كە بەمەبەستی گفتوگۆی ئاشتییانە سەردانی كوردستانی كردبوو، لە ئەنجامی گفتوگۆكاندا رێككەوتن لەسەر رادەستكردنەوەی ئەو فڕۆكەوانە بەریتانیاییەی كە پێشتر ‌و لە میانی پێكدادانی نێوان هێزە كوردییەكان ‌و سوپای ئینگلیزدا فڕۆكەكەی تێكشابوو لەلایەن شۆڕشگێڕانی كوردەوە لە سنوری سلێمانی بەدیل گیرابوو .
-     رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1956 شێخ مەحمودی حەفید مەلیكی كوردستان  لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری بەغدادی پایتەختی عێراق كۆچی دوایی كردوە،  كە ساڵی 1881 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە ‌و بەهۆی ئەوەی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ بوە ‌و كەسێكی شارەزا ‌و زانا ‌و لێهاتوو بووە، بوەتە جێگەی سەرنج ‌و رێزی خەڵك، بۆیە لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، ساڵی 1918 یەكەم حكومەتی كوردستانی لەشاری سلێمانی  دامەزراندوە ‌و دواتریش شۆڕشی لەدژی داگیركاری ئینگلیز بەرپا كردوە و سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاندوە، بەڵام لەلایەن ئینگلیزەوە دەستگیر كراوە ‌و رەوانەی هیندستان كراوە، دوای فشارێكی زۆری جەماوەری سلێمانی ‌و باشوری كوردستان، ئینگلیز گەڕاندوویەتییەوە بۆ سلێمانی، بەڵام هەر دوای گەڕانەوەی هەوڵەكانی دەست پێكردوەتەوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان ‌و ساڵی 1922 لەدوای گەڕانەوەی لە هندستان بۆ دوەم جار حكومەتی كوردستانی دامەزراندوەتەوە، بەردەوام بوە لە خەبات ‌و خزمەتی كوردستان ‌و چەندین جار لەگەڵ سوپای ئینگلیز بەشەڕ هاتوە ‌و كار گەیشتوەتە ئەوەی بریندار ‌و دەستگیر كراوە، هەتا دواجار لە ناوچەی داریكەلی سنوری بازیان نیشتەجێ‌ بوە، دوای ئەوەی نەخۆش دەكەوێت گوێزراوەتەوە بۆ شاری بەغداد بۆ چارەسەركردن، سەرئەنجام دوای كۆچی دوایی، تەرمەكەی گەڕێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە رێوڕەسمێكی جەماوەریی گەورە ‌و شكۆداردا لەمزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی لەتەنیشت كاك ئەحمەدی شێخەوە بەخاك سپێردراوە .
-     لە 9 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1981 بەبڕیارێكی رژێمی بەعسی رووخاو زانكۆی سلێمانی لە شاری سلێمانیەوە گواسترایەوە بۆ شاری هەولێرو ناوەكەی گۆڕدرا بە زانكۆی صلاح الدین . ئەم بڕیارەی رژێمی بەعسی رووخاو لەدوای ئەوەوە هات كە ئەم زانكۆیە ببوە سەرچاوەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری سیاسی بۆ شۆڕشی كوردو و پشێوی نانەوە دژ بە بەعسیەكان لە شاری سلێمانی دا . بەڵام پاش راپەڕینەكەی ساڵی 1991 و لە ساڵی 1992 بە هەوڵ و كۆششی چەندین كەسی خەمخۆر بڕیاری دامەزراندنەوەی درا و حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیش پشتگیری دامەزراندنەوەیان كرد.
-     رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1990،  كاكەی فەلاح كۆچی دوایی كردوە، شاعیری ناوداری كورد كاكەی فەلاح  ناوی تەواوی بریتییە لە (محەمەد حەمەئەمین قادر) كە ساڵی 1928 لە قەزای چوارتای سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایك بوە، كاكەی فەلاح هەر لە تەمەنی گەنجییەوە خولیای ئەدەب بوە دەستی داوەتە شیعرنوسین، لە سەرەتادا رێبازی ریالیزمی شۆڕشگێڕانەی هەڵبژاردوە ‌و شیعرەكانی لە بوارەكانی خۆشەویستی نەتەوە و خاكی كوردستاندا نوسیون و گرنگییەكی زۆریشی داوە بە چینی چەوساوە، لەهەمان كاتدا چەندین پارچە شیعریشی بۆ منداڵا نوسیوە، بێجگە لە شیعرنوسین گرنگییەكی زۆریشی بە بواری ئەدەب و شاعیرە گەورەكان داوە و دیوانی مەولەویی و پەندەكانی پیرەمێرد و چوارینەكانی خەیامی چاپ و بڵاوكردوەتەوە، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا ئیمتیازی رۆژنامەی (ژین)ی گرتوەتە ئەستۆی خۆی و بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بەردەوامی رۆژنامەكەی بە شێوەی هەفتانە بڵاوكردوەتەوە ‌و چاپخانەیەكی بچوكیشی داناوە بەناوی چاپخانەی (كاكەی فەلاح) ‌و بێجگە لە رۆژنامەی ژین ‌و بەرهەمەكانی خۆی، چەندین بەرهەمی دیكەشی بۆ شاعیر ‌و نوسەرانی كورد تێدا چاپ ‌و بڵاو كردوەتەوە.
-    ڕۆژی 10ی ئۆكۆتۆبەری ساڵی 1922، یەكەم كابینەی حكومەتی كوردی لە شاری سلێمانی ‌و لە شانشینی كوردستاندا پێكهێنراوە، كە لەلایەن (شێخ عەبدولقادر)ەوە سەرۆكایەتی دەكرا ‌و كابینەی حكومەتەكەش لە نۆ وەزارەت پێكدەهات، شاری سلێمانیش كرایە پایتەختی یەكەم حكومەتی كوردی ‌و لەلایەن خەڵكی سلێمانییەوە ئاهەنگ ‌و مەراسیمی گەورە بەو بۆنەیەوە رێكخرا، ئەو بڕیارەش بوە هۆی تووڕەكردنی هێزەكانی ئینگلیز و حكومەتی عێراق.
-    رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1974، بە فەرمانێكی حكومەتی بەغداد بابەكر مەحمود پشدەری لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لابرا، كە ماوەی كەمتر لە شەش مانگ بوو لەو پۆستەدا بوو، رۆژی دواتریش واتە 11ی ئۆكتۆبەر بەغداد بڕیاریدا حادی رەسوڵ محەمەد لە پۆستی پارێزگاری نوێدا دەستبەكار بێت.
-    ڕۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988، هێزەكانی سوپای عێراق گەمارۆی شارۆچكەی خەلەكانی سەر بە قەزای دوكانیان دا ‌و دوای چەند كاتژمێریك سەرجەم بینا‌و خانووەكانی ئەو شارۆچكەیەیان خاپوور كرد ‌و دانیشتوانەكەشیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان ڕاگواست.
-    رۆژی 11ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1965، بە فەرمانی حكومەتی عێراق محەمەد رەشاد حەمامی كۆتایی بە راژەكەی هێنرا لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدا، كە لە مانگی شوباتی ساڵی 1964ەوە لەو پۆستەدا بوو.
-    ڕۆژی 12ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1820، بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە لە شاری سلێمانی ‌و میرنشینی بابان، ژمارەیەك هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا لە نێوانیشیاندا یەكێك لە كوڕەكانی (ئەحمەد بەگ)ی میری بابان بوو، كە بوە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس ‌و دڵەڕاوكێ‌ لە ناو خەڵكی سنورەكەدا ‌و هەوڵەكان خرانەگەڕ بۆ كۆنترۆڵكردنی.
-    ڕۆژی 12ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1983، هێزەكانی سوپای عێراق بە پشتیوانیی فڕۆكە ‌و تۆپ ‌و تانك ‌و جاشەكان، هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەی دۆڵی بالیسان دەست پێكرد ‌و ماوەی نزیكەی سێ‌ هەفتەی خایاند، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشەوە زۆر بە توندی وەڵام درانەوە ‌و ژمارەیەكی زۆر كوژراویش لە هەردوولا كەوتەوە ‌و دواتر سوپای عێراق ناوچەكەی وێران كرد.
-     رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1944،  كتێبخانەی گشتیی لە شاری سلێمانی دامەزرێنراوە كە لەو سەردەمەدا گرنگییەكی تایبەتی هەبوە بۆ بواری روناكبیریی ‌و ئەدەب لە سنورەكە و تەواوی باشوری كوردستان، كتێبخانەی سلێمانی لە مێژووی دامەزراندنییەوە چەند جێگەیەكی كردوە و چەندین كەسایەتیی ئەدەبیی ‌و روناكبیر ‌و نوسەر كاریان تێدا كردوە ‌و چەند جارێكیش تووشی زیان بوە، دواجار ساڵی 2003 بەشێوەیەكی گونجاو فراوان ‌و نوێ‌ كراوەتەوە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن، كە دەیان هەزار ناونیشانی كتێب لەخۆ دەگرێت بە زمانی كوردی ‌و زمانەكانی تر، توێژەر ‌و خوێندكارانیش سوودێكی زۆری لێ دەبینن بۆ دەستخستنی سەرچاوەكان.
-     رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1951، نوسەری گەورەی گەلی كورد (جەمیل سائیب) كۆچی دوایی كردوە، كە ساڵی 1887 لە شاری سلێمانی لەدایك بوە ‌و هەر لەو شارە خوێندوویەتی ‌و چەندین ناوچەی تری عێراق چوە بۆ دەستخستنی زانست و ئەدەب ‌و بواری روناكبیریی، سەرەتا وەكو فەرمانبەری دارایی كاری كردوە ‌و دواتر بەهۆی لێهاتووییەوە كراوە بە بەڕێوەبەری گەنجینە ‌و هەتا ساڵی 1949 لەو پۆستەدا ماوەتەوە ‌و خانەنشین كراوە، جەمیل سائیب لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوە لە بوارەكانی ئەدەبیی و رۆژنامەگەریدا ‌و یەكێك بووە لە نوسەرە دیارەكانی چیرۆكی كوردی بابەتەكانی لە رۆژنامەكانی رۆژنامەی ژین و ژیانەوەدا  بڵاوكردوەتەوە، لە رووی هزرییەوە لە نەیارانی شێخ مەحمودی حەفید بووە و ئەو دوو  ساڵەی كە شێخ  مەحمود حوكمڕانی سلێمانی بوە، جەمیل سائیب لە شاری كەركوك نیشتەجێ‌ بوە، دواتر لە ساڵی 1924دا گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و ئەركی سەرنوسەریی رۆژنامەی ژیانەوەی گرتوەتە ئەستۆ.
-    ڕۆژی 14ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق بە چەكی كیمیایی بۆردومانی (چەمی ڕەزان)ی سنوری پارێزگای سلێمانییان كرد، بەو هۆیەشەوە نزیكەی 50 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست دا ‌و دەیانی تریش بەركەوتن كە زۆربەیان ژن ‌و منداڵا بوون.
-     رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1925، كۆمەڵەی گەلان بڕیارێكی لە بارەی دۆخی باشوری كوردستان و عێراق دەركرد، ئەو بڕیارەش دوا ئەوە هات كە شۆڕشەكەی شێخ مەحمودی حەفید ‌و شۆڕشگێڕانی باشوری كوردستان سەركەوتنی گەورەیان لە دژی هێزەكانی ئینگلیز و سوپای عێراق بەدەست هێنابوو، بەگوێرەی بڕیارەكەی كۆمەڵەی گەلان دەبوو حكومەتێكی ناوخۆیی لە باشوری كوردستان بۆ گەلی كورد پێكبهێنرێت ‌و حكومەتی عێراق دانی پێدا بنێت، بەڵام وڵاتانی زلهێز بەڵێنەكەیان نەبردە سەر و ئەو بڕیارەیان تەنها بۆ خامۆشكردنی شۆڕشەكەی شێخ مەحمودی حەفید و خەڵكی باشوری كوردستان بوو .
-    ڕۆژی 16ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1930، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێكی دەركرد كە بە زەبری هێز ‌و لەشكركێشی بۆ سەر ناوچەكانی باشوری كوردستان شۆڕشەكەی (شێخ مەحمودی حەفید) سەركوت بكرێت.
-    ڕۆژی 16ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، یەكەم پیشانگەی كتێبی كوردی لە شاری سلێمانی كرایەوە، كە چەندین دەزگا و دامەزراوەی چاپ ‌و پەخشی كوردستانی بەشدارییان تێدا كردبوو ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاند.
-     رۆژی 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1954، مامۆستا  گۆرانی شاعیر بەهۆی كاری سیاسییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراقەوە دەستگیر كرا و بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ زیندانی كرا، گۆرانی شاعیر جگە لەوەی شاعیرێكی گەورە ‌و لێهاتوو بوە، كەسێكی بەهەڵوێست و نیشتمانپەروەریش بوە و چەندین جار بەهۆی كار ‌و هەڵوێستی سیاسییەوە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەكانی عێراقەوە دەستگیر كراوە، بەڵام فشارەكانی حكومەتی عێراق نەیتوانیوە گۆران لە هەڵوێستە نیشتمانییەكانی سارد بكاتەوە، عەبدوڵا گۆرانی شاعیری گەورەی كورد ساڵی 1904 لە شاری هەڵەبجە هاتوەتە دنیاوە و رۆژی 18 ی تشرینی دوەمی 1962 لە شاری  سلێمانی كۆچی دوایی كردوە.
-     رۆژی 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1985، هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی بەعس قەدەغەی هاتوچۆ (مەنع التجول )یان لە ناو شاری سلێمانی راگەیاند و بۆ ماوەی (14) كاتژمێر سەرجەم شەقام و گەڕەكەكانی سلێمانییان گەمارۆدا ‌و كەوتنە پشكنینی تەواوی گەڕەك ‌و كۆڵان ‌و ماڵەكانی هاوڵاتیان ‌و لە ئەنجامدا سەدان هاووڵاتیی ناو شاری سلێمانییان دەستگیر كرد و ژمارەیەك گەنجیش شەهید كران و چەندین  ماڵ ‌و دوكانی هاووڵاتیانیشیان ڕوخاند، دەیان كەسیشی دیكەشیان بە بیانوی ئەوەی سەربازی هەڵاتوو بوون شەهید كرد، هەر ئەو ڕۆژەش 20 گەنجی شاری سلێمانییان بە تۆمەتی دژایەتیكردنی بەعس لە ناو سەربازگەی (حامییە) گوللـەباران كرد.
-     رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1957 بەهۆی بارانبارینێكی زۆر، كە ماوەی تەنها نیو كاتژمێری خیاند، لافاوێكی گەورە لە شاری سلێمانی دروست بوو، بەهۆیەوە زیانێكی زۆری گیانیی ‌و ماڵیی لێكەوتەوە و  ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون، بێجگە لەوەش نزیكەی 70 خانووبەری هاووڵاتیان روخان ‌و سەدان خانووبەرە ‌و قەیسەری ‌و بازاڕیش ئاویان تێچوو، بە هۆی زۆریی زیانەكانیشەوە دوای چەند رۆژێك فەیسەڵی دوەمی پاشای عێراق گەیشتە شاری سلێمانی ‌و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریدا كۆبوەوە، دواتریش چەند ناوچەیەكی ناوشاری بەسەر كردەوە ‌و چاوی بە ژمارەیەك هاووڵاتی كەوت.
-     رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ساڵی  1985، هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی بەعس 20 هاووڵاتیان  لەناو سەربازگەی (حامییە)ی شاری سلێمانی  گوللەباران كرد، كە رۆژی پێشتر ‌و لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیر كرابوون، لەناوەندی شاریشدا لە فولكەی نالی نۆ هاووڵاتییان بەبێ‌ دادگاییكردن ‌و بەبەر چاوی خەڵكەوە شەهید كرد، ئەو هەنگاوەش بوە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵكی شاری سلێمانی ‌و دۆخێكی ناجێگیر دروست بوو، دانیشتوانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی چەندین رۆژ پرسەیان گێڕا ‌و بەشێكی زۆر لە بازاڕ ‌و دوكانەكان داخران، هێزەكانی بەعسیش لەناو شاردا بڵاوەیان پێكرا، بە مەبەستی رێگرتن لەهەر جۆرە ناڕەزایەتیی ‌و خۆپیشاندانێك.
-     رۆژی 19ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1947، حكومەتی عێراق سەرژمێرییەكی گشتیی دانیشتوانی ئەنجامدا، كە بەپێی سەرژمێرییەكە دانیشتوانی ئەو كاتەی شاری سلێمانی و دەوروبەری بریتی بوە لە 34 هەزار كەس، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە بەپێی قەیدی تاپۆی ساڵی 1934 كۆی خانووبەرەكانی سلێمانی بریتی بوە لە 3 هەزار 500 ماڵ ‌و ژمارەی دانیشتوانەكەشی 17 هەزار و 500 كەس بوون.
-    ڕۆژی 19ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1987، هێزەكانی سوپای عێراق بە هاوكاریی مغاویر ‌و جاش ‌و گاردی كۆماری هێرشێكی فراوانیان كردە سەر ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی، مەفرەزە پارتیزانەكانی هێزی پێشمەرگەش زۆر بە توندی بەرپەرچیان دانەوە ‌و شەڕەكەش ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاند ‌و تێیدا زیانی سوپای عێراق دەیان كوژراو و بریندار بوو.
-     رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1820، (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) شاری سلێمانی بەجێهێشتوە، ڕابەر و زانای گەورەی ئایینی مەولانا خالید ساڵی 1779 لە ناوچەی  قەرەداغی سەر بە شاری سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی (1808) بە ئومێدی بە دەستهێنانی رێبازێكی تەسەوفی، سەفەری كردوە ‌و لە ئێرانەوە چوەتە هیندستان ‌و لە شاری دهلی بە خزمەتی (شێخ عەبدوڵای دەهلەوی) گەیشتووە، دوای وەرگرتنی ئیرشادی تەریقەتی تەسەوف ساڵی 1809 گەڕاوەتەوە بۆ باشوری كوردستان ‌و دەست كردوە بە خزمەتكردنی ئایین ‌و پەروەردەكردن ‌و پێگەیاندنی زانای ئایینی ‌و چەندین كەس لەسەر دەستی مەولانا خالید بڕوانامەیان پێدراوە ‌و هەتا ساڵی 1820 لە سلێمانی ماوەتەوە، لەو كاتەوە بەهۆی ناكۆكیی نێوان میرەكانی بابان و شێخ مارفی نۆدێ‌، سلێمانیی بەجێ هێشتوە رووی كردوەتە شاری بەغداد، پاش ماوەیەكیش سەفەر كردوە بۆ شام ‌و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ بوە، هەتا لە ساڵی 1827دا كۆچی دوایی كردوە ‌و لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی بەنرخی بەجێهێشتوە.
-      رۆژی 21ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1820، رۆژهەڵاتناس ‌و گەڕیدەی بەریتانی ( كلۆدیۆس جەیمس ریچ)  شاری سلێمانیی بەجێهێشت و روویكردە شاری هەولێر بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی ‌و مێژووی ئەو سنورە، جەیمس ریچ سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 1820 دەست كرد بە گەشتێك بۆ كوردستان ‌و لە ماوەی مانەوەیدا لە كوردستان چەندین ناوچەی لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان بەسەركردوەتەوە ‌و ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامە ‌و شوێنەواری كۆكردوەتەوە و زۆر شتی لە بارەی مێژووی كوردستان نوسیوە، كتێبەكەشی بە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكان لەقەڵەم دەدرێت سەبارەت بە مێژووی كوردستان .
-    ڕۆژی 21ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1997، حكومەتی هەرێمی كوردستان - ئیدارەی سلێمانی یاداشتێكی ناڕەزایەتیی دایە حكومەتی توركیا سەبارەت بە بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكانی باشوری كوردستان لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای توركیاوە، كە بە هۆیانەوە زیانێكی زۆری گیانیی ‌و ماڵیی بە هاووڵاتیانی كوردستان گەیشتبوو.
-   رۆژی 21ی ئۆكتۆبەری ساڵی  2004، مامۆستا كەمال جەلال غەریب كۆچی دوایی كردوە، كە یەكێك بووە لە روناكبیر و زمانزانە بەتواناكانی كورد، ساڵی 1929 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندیی لە سلێمانی تەواو كردوە ‌و بۆ تەواوكردنی خوێندن چوەتە بەغداد، ساڵی 1952 بەشی زانیارییە سروشتییەكانی لە كۆلێژی خانەی باڵای مامۆستایان تەواو كردوە، لە شارەكانی موسڵ و سلێمانی وەكو مامۆستا و وانەبێژ كاری كردوە و دواتر بە تەواوی گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی ‌و وەكو پسپۆڕێكی پەروەردەیی لە بواری كیمیا ‌و زیندەوەرزانیدا كاری كردوە، ساڵی 1984 بەهۆی باری سیاسییەوە خۆی خانەنشین كردوە،  ساڵی 1992 وەكو ئەندامی خولی یەكەمی پارلەمانی كوردستان هەڵبژێردراوە و ساڵی 2002 خۆی خانەنشین كردوە، مامۆستا كەمال جەلال ئەندامی كۆڕی زانیاریی كورد و یەكێتیی نوسەران و كۆمەڵەی فۆلكلۆر و كۆمەڵەی زانستی كوردی بوە، لە ساڵانی كۆتایی تەمەنیدا خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری ( زانستی سەردەم) بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی گەورەی  بە بوارەكانی ئەدەب ‌و زانست ‌و روناكبیریی كردوە .
-    ڕۆژی 22ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1919، لەلایەن (شەریف پاشای خەندان ‌و سەید عەبدولقادر ئەفەندی)یەوە یاداشت درایە ئەنجومەنی باڵای كۆنگرەی ئاشتی كە لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچوو، تێیدا داوا لە وڵاتانی براوەی جەنگی یەكەمی جیهانی ‌و بەرەی هاوپەیمانان كرا كوردستان بەسەر وڵاتانی ناوچەكەدا دابەش نەكرێت ‌و هاوپەیمانەكان یارمەتیی توركیا نەدەن بۆ داگیركردنی كوردستان.
-     رۆژی 23ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1968، زانكۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی دامەزراوە، دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لەو كاتەدا ئەو راستییەی سەلماندوە كە خەڵكی كوردستان چەندە پەرۆشی زانست و پەروەردەن، زانكۆی سلێمانی بوە جێگەیەك بۆ كۆكردنەوەی روناكبیران و ناوەندێكی گرنگی زانست و پەروەردە، لە هەمان كاتیشدا بووە پێگەیەكی گرنگ بۆ جۆشدانی گیانی بەرگریكردن لە داخوازییە نەتەوەییەكانی كورد و شۆڕش لە دژی داگیركاران، هەر بەو هۆیەشەوە لەلایەن مامۆستایان ‌و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانییەوە چەندین خۆپیشاندانی گەورە لە دژی رژێمی بەعس ‌و دەزگا سەركوتكار ‌و ئەمنییەكانی عێراق رێكخران، دەسەڵاتدارانی رژێمی بەعس لە ئەنجامی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییە بەردەوامەكانی خوێندكاران ‌و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی، لە ترسی ئەوەی زانكۆكە نەبێتە مەڵبەندێكی شۆڕشگێڕیی لەساڵی 1982دا زانكۆكەی لە سلێمانی داخست ‌و گواستیەوە بۆ شاری هەولێر، بەڵام دوای راپەڕینەكەی بەهاری ساڵی 1991، جارێكی تر بە هیممەتی خەمخۆران ساڵی 1992 زانكۆی سلێمانی بنیات نرایەوە.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1994، پرۆژەی هێڵی كارەبای دەربەندیخان - سلێمانی كرایەوە، كە وزەی كارەبای لە وێستگە بەرهەمهێنەرەكانی دەربەندیخانەوە دەگواستەوە بۆ شار ‌و شارۆچكەكانی ئیدارەی سلێمانی، بەو هۆیەشەوە بەشێك لە گرفتی كارەبای شوێنە گشتییەكان چارەسەر بوو، كە ئەو كاتە باشوری كوردستان بە دەست بێكارەباییەوە دەیناڵاند.
-    ڕۆژی 24ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1976، نوسەر ‌و زانا ‌و تێكۆشەری گەلی كورد مامۆستا (ئەحمەد موختار بابان)، لەشاری (بۆن)ی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كردووە، كە خزمەتێكی زۆری بە بواری ئەدەب كردوە و لە ماوەی ژیانیدا خەباتی زۆری كردوە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كورد.
-     رۆژی 25ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2005، لە ئاكامی دوو كردەوەی تیرۆرستیدا لە شاری سلێمانی 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە نزیك گردەكەی گەڕەكی سەرچنار ‌و رێگای نێوان قلیاسان ‌و باخی لەختیاری تەقێنرانەوە، كە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان ‌و بارەگای وەزارەتی پێشمەرگەیان كردبوە ئامانج، لە ئاكامدا پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە شەهید بوون ‌و ژمارەیەك برینداریشان لێكەوتەوە، ئەوەش بۆ یەكەم جار بوو كردەوەیەكی لەو شێوەیە لە شاری سلێمانیدا رووبدات، دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ  بەسەر رووداوەكەدا بەرپرسی یەكەمی كردەوە تیرۆریستییەكە دەستگیر كرا.
-     رۆژی 25ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2008، شانۆكاری ناوداری كورد ئیبراهیم چێوار كۆچی دوایی كردوە، هونەرمەند ئیبراهیم چێوار ساڵی 1958 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی بڕیوە و بەشی شانۆی لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی شاری بەغداد تەواو كردوە، لە ماوەی ژیانیدا وەك مامۆستا و ئەكتەر و دەرهێنەر بەشداریی لە چەندین كاری شانۆیی ‌و هونەریدا كردوە و خزمەتێكی گەورەی بە بواری هونەری كوردی كردوە، ئەندامی كۆڕی شانۆی (با) بوە و لەگەڵ ئەو تیپەدا چەندین كاری ناوازەی شانۆیی ئەنجامداوە ‌و خاوەنی جەماوەرێكی زۆر بوە ‌و چەندین هونەرمەند لەسەر دەستی پێگەیشتوون.
-    ڕۆژی 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1920، شۆڕشی گەلی كورد لە ناوچەی گەرمیانی باشوری كوردستان ‌و بە ڕابەرایەتیی (ئیبراهیم خانی دەلۆ) لە دژی سوپای داگیركاری ئینگلیز دەستی پێكرد.
-     رۆژی 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1922، دوا ژمارەی ڕۆژنامەی (بانگی كوردستان) لە شاری سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، كە زمانحاڵی حكومەتەكەی مەلیك مەحمود بووە ‌و گرنگیی بە بوارەكانی سیاسەت ‌و فكر ‌و ئەدەب داوە ‌و ژمارەیەك كەسایەتی ‌و نوسەر بابەتەكانیان تێدا بڵاوكردوەتەوە،  دوای داگیركردنی شاری سلێمانی لەلایەن هێزەكانی ئینگلیزەوە ڕۆژنامەكە داخرا.
رۆژی 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1969، حكومەتی عێراق بڕیاریدا كەریم حەسەن قەرەنی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لاببات، كە لە مانگی تەمموزی ساڵی 1968ەوە لەو پۆستەدا بوو.
-    ڕۆژی 27ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1985، مەفرەزە پارتیزانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند چالاكییەكدا لە گوندەكانی (گولیجە، مشار، زاگە ‌و شەمشولە)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی هێرشیان كردە سەر یەكەكانی سوپای عێراق ‌و جاشەكانی ڕژێمی بەعس كە بە هۆیەوە زیانێكی زۆری گیانیی ‌و ماڵییان بە هێزەكانی سوپای عێراق ‌و جاشەكان گەیاند ‌و هێرشی هێزە ئەمنییەكانی بەعسیشیان بۆ سەر گوندەكان تێكشكاند.
-     رۆژی 28ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1990، مامۆستا و شاعیر و هونەرمەند (حەمەساڵح دیلان) كۆچی دوایی كردوە، ناوی تەواوی بریتییە لە (محەمەد ساڵح مەلائەحمەد دیلان مەلاساڵح)ە، لەگەڵ دروستبوونی شاری سلێمانی بنەماڵەكەیان لە قەڵاچوالانەوە هاتوونەتە  سلێمانی، مامۆستا حەمەساڵح دیلان  ساڵی 1927 لە سلێمانی لەدایك بووە، بەهۆی باری داراییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات ‌و تەنها قۆناغی ناوەندیی تەواو كردوە بوەتە فەرمانبەر، ساڵی 1958 خێزانی پێكەوەناوە، بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەكانیەوە لە دژی داگیركاران ماوەی 11 ساڵ زیندانی كراوە ‌و دوورخراوەتەوە بۆ شارەكانی باشوری عێراق، لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوودا دەستی داوەتە نوسینی شیعر ‌و یەكەم شیعریشی بۆ بێكەسی شاعیر وتوە، لە رۆژنامەی ژینیشدا شیعری بڵاوكردۆتەوە ‌و ساڵی 1957 هەموو  شیعرەكانی كۆكردوەتەوە و بە چاپی گەیاندوە، هەروەها ساڵی 1969 نامیلكەیەكی دیكەی شیعریی بە ناوی (پایزی جاران) بڵاوكردوەتەوە، جگە لە بواری ئەدەب مامۆستا دیلان خاوەنی دەنگێكی خۆش و تایبەت بووە و  شارەزاییەكی باشی لەمەقامە كوردییەكاندا هەبووە ‌و كۆمەڵێك شیعری خۆی و شاعیرانی تری كردووە بە گۆرانی، حەمەساڵح دیلان لە ماوەی ژیانیدا لە بوارەكانی ئەدەب ‌و هونەردا خزمەتێكی زۆری بە میللەتەكەی كردوە.
-    ڕۆژی 29ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1985، مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی سوپا ‌و هێزە ئەمنییەكانی عێراقیان تێكشكاند كە كردبوویانە سەر گوندی (شەمشوڵە)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی ‌و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا پێشمەرگە دەستیان بەسەر گوندەكەدا گرت.
-     رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2006، روناكبیر و شاعیری گەورەی كورد مامۆستا (ئەحمەد هەردی) كۆچی دوایی كردوە و لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردراوە، ناوی تەواوی بریتییە لە (ئەحمەد حەسەن بەگ عەزیز بەگ)، ساڵی 1922 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە ‌و خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو كردووە ، پاشان بۆ درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن ‌و فێربوونی زانست (داروموعەلیمینی ریفی ) لە شاری بەغداد تەواو كردووە، ساڵی 1941 كراوە بە مامۆستا، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسییەوە ساڵی 1949 لەكارەكەی دوورخراوەتەوە ‌و دوای سێ‌ ساڵ گەڕێنراوەتەوە سەر كارەكەی، مامۆستا هەردی هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەدەب ‌و هۆنراوە بوە ‌و سەرەتای دەستپێكردنی شیعری دەگەڕێتەوە بۆ چلەكان، لەماوەی ژیانیدا  كۆمەڵێك شیعری سیاسیی بۆ چەند بۆنەیەكی جیاواز داناوە، لە بواری شیعری ئەوینداریی ‌و خۆشەویستیشدا دەستێكی باڵای هەبووە.
-    ڕۆژی 30ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1930، بە هۆی پێكدادان ‌و شەڕێكی گەورە لە نێوان شۆڕشگێڕانی باشوری كوردستان بە رابەرایەتیی (شێخ مەحمود حەفید) ‌و هێزەكانی پۆلیسی سەر بە دەوڵەتی عێراق لە نزیك شاری سلێمانی پۆلیسێك كوژرا، بەو هۆیەشەوە ئاڵۆزیی كەوتە نێوان حكومەتی باشوری كوردستان ‌و دەوڵەتی عێراق ‌و هێزەكانی ئینگلیز.
-    رۆژی 30ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1943، مستەفا مەحمود عەبدولڕەحمان قەرەداغی موتەسەریفی سلێمانی بە فەرمانی حكومەتی عێراق لە پۆستەكە گوێزرایەوە، كە لە ساڵی 1941ەوە لەو پۆستەدا بوو، رۆژی دواتریش واتە 31ی ئۆكتۆبەر وەفیق حەبیب لە پۆستی موتەسەریفدا دەستبەركار بوو.

ئامادەكردنی: بەشی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی
مافی بڵاوكردنەوەی پارێزراوە




Copyright © 2015 slemani.gov.krd all rights reserved. Developed by DOT Vision for IT solutions