بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی


 لە ساڵی 1973 لە شـاری سلێمانی دامەزراوە تا ساڵی 1980 – 1981 بەردەوام بووە.وە لەگەڵ راگواستنی زانكۆی سلێمانی بۆ پارێزگای هەولێر لە ساڵی 1981 ئەم پەیمانگایەش هەڵوەشایەوەو بەشە زانستییەكانی بەسەر پەیمانگاكانی (موصل وبەغداو عمارە ) دا دابەشكران ،پاشان بە پێی بڕیاری ژمارە 619 لە بەرواری (22/6/1988) بۆ جاری دووەم دامەزرایەوە ئەمەش بە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانگای تەندروستیی باڵا ( معهد الصحە العالی ) ی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی و دواتر لكاندنی بە دەستەی پەیمانگا تەكنیكییەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی .لە یەكەم ساڵی خوێندنی (1988 – 1989 ) یەك بەشی پزیشكی بەناوی بەشی تەكنیكاریی تەندروستیی و ساڵی دواتر بەشەكانی (پەرستاری و میكانیك و كاڕگێڕیی گەنجینە) كرانەوەو بەشی تەكنیكاریی تەندروستیی لە ساڵی خوێندنی (1990 – 1991 ) گۆڕِا بە بەشی تەندروستیی كۆمەڵ (صحە المجتمع ) .
پاش راپەڕینی بەهاری ساڵی (1991) و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پەیمانگایە وەك هەر پەیمانگاو زانكۆیەكی تری كوردستان خرایە سەر ئەنجومەنی خوێندنی باڵای سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وگەشەسەندن وپێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

لە ساڵی (1992 – 1993)دا هەردوو بەشی (ژمێریاری وڕووپێوی) كرانەوە ،وە لە ساڵی خوێندنی (1993-1994) دا بەشی كاڕگێڕیی گەنجینە ( ادارە المخازن) گۆڕرا بۆ بەشی كارگێڕیی نوسینگە( أدارە المكتب) وە لە ساڵی خوێندنی (1996 – 1997) دا بەشی كارگێڕیی كرا بە دوو لق (كارگێڕیی نوسینگەو كارگێڕیی گەنجینە) ولە ساڵی خوێندنی (2000 – 2001) دا هەردوكیان كران بە بەشی (كارگێڕیی كار – أدارە الاعمال) پاشان بە بڕیاری ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا ساڵی خوێندنی (1996 – 1997) بەشی كارەبا كرایەوە هەروەها لە ساڵی (2002 – 2003) دا لقی تەكنیكی پەیوەندییكردن ( تقنیە الاتصالات) لەم بەشەدا كرایەوەو پێشوازی لە خوێندكاران كردو لە ساڵی خوێندنی (1997 – 1998) بەشی (چارەسەری سروشتی) و ساڵی خوێندنی (1998 – 1999) هەردوو بەشی سڕكردن ( التخدیر) و تیشك (الاشعە)كرانەوە و وە لە ساڵی خوێندنی (1999-2000) بەشی ڕۆژنامەنووسی ( الصحافە) كرایەوە وەلەساڵی خوێندنی (2000 – 2001) دا بەشی پاراستنی رووەك ( وقایە النبات ) و بەشی شیكاری نەخۆشییەكان( التحلیلات المرچیە) كرانەوە.
لە ساڵی (2000 – 2001) بەشی كارەبا دابەشكرا بۆ دوو لقی زانستی وەك بەشی هێزی كارەبا (القوی الكهربائیە) وە لقی تەكنیكاری ئامێری پزیشكیی ( تقنیات الاجهزە الگبیە)
– لە ساڵی خوێندنی (2001 – 2002) دا بەشی دەرمانسازیی ( الصیدلە) كرایەوە، وەلە ساڵی خوێندنی (2003 – 2004) بەشی مامانی ومناڵبوون (القبالە) كرایەوە كە پاشان ناوەكەی گۆڕا بە پەرستاریی ژنان و مناڵبوون .
– لەساڵی خوێندنی (2004 – 2005) دا هەردوو بەشی كتێبخانەو زانیاری ( المكتبات والمعلومات) وە گەشت وگوزار (السیاحە) كرانەوەو پێشوازییان لە خوێندكاران كرد.
– لە ساڵی خوێندنی (2005-2006 ) هەردووبەشی (باخداریی) و(نەمامگەو كشتوكاڵی داپۆشراو) ( المشاتل والزراعە المحمیە.) وە بەشی بەرووبوومی پیشەسازیی ( المحاصیل الصناعیە).كرانەوە، وە لەساڵی خوێندنی (2005ـ2006) بەشی گەشت وگوزار گوازرایەوە سەرپەیمانگای تەكنیكی دوكان .
– ساڵی خوێندنی 2006 -2007 هەرسێ‌ بەشە زانستیە كشتوكاڵییەكە گوازرانەوە سەر پەیمانگای تەكنیكی كشتوكاڵی بەكرەجۆ .
– ساڵی خوێندنی 2007 – 2008 هەردوو بەشی زانستی ( وێنەی ئەندازەیی) و (ئامار ) پێشوازییان لە خوێندكاران كرد .
-ساڵی خوێندنی 2011-2012 بەشی پاراستنی ددان كرایەوە یەكەم قۆناغی خوێند كاری وەرگرتووە بە مەبەستی تەواو كردنی خوێندن لەو بەشەدا و بە دەست هێنانی بروانامەی دبلۆمی تەكنیكی لە پسپۆری پزیشكی پاراستنی ددان دا .
-وەبۆ ساڵی خوێندنی 2011- 2012 بڕیار درا بە سركردنی ( تجمید) بەشی زانیاریەكان وكتێبخانە لە پەیمانگادا وە بۆ ساڵی خوێندنی 2011-2012 هیچ خوێندكارێك لەو بەشەدا وەرنەگیراوە ، وە بەشی كارگێری سەرچاوە مرۆییەكان ( أدارە موارد البشریە ) كە بەشێكی نوێیە لە پەیمانگادا كرایەوە وە بۆ ساڵی خوێندنی 2011-2012یەكەم قۆناغی خوێندكاری وەرگرتووە وە دەتوانرێت خوێندكار بروانامەی كارگێری لە پسپۆری كارگێری مرۆیی پێ‌ ببەخشرێت پاش دەرچوونی لە پەیمانگا . ئێستا ئەم پەیمانگایە (19) بەشی زانستی دەگرێتە خۆی .

لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایان وكارمەندان و بەیارمەتی وپشتگیری دەستەی خوێندنی تەكنیكی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پەیمانگایە پەرەی بەخۆی داوەو پێشكەوتنی لە بوارە زانستی و تەكنیكیەكاندا بە خۆوە بینیوە، كە ناوەندی ئینتەرنێت یەكێكە لەو پێشكەوتن و تەكنۆلۆجیایانەی مامۆستایان و كارمەندان و خوێندكاران سوودی لێوەردەگرن بۆ ئاڵوگۆڕِی زانستی و پەیوەندی و ئاگاداربوون لە هەموو بوارە زانستییەكان . لە رووی گەشەكردنی زانستیی مامۆستایان و كارمەندانی تەكنیكی بەشە زانستییەكان، هەنگاوی پێشكەوتن و برەودانیان ناوە،
هەروەك لەم ساڵانەی دواییدا مامۆستایان و تەكنیكیەكانی پەیمانگا لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماجستێرو دكتۆرا ژمارەیان زیادیكردووەو چەندین مامۆستاو هونەری مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە بۆبەدەستهێنانی بڕوانامەی (ماجستێر و دكتۆرا ) لە زانكۆكانی هەرێم و دەرەوەی كوردستان .
هەروەها لە رووی بیناسازیی و جێگاو شوێنی خوێندن و كارگێڕیی و خوێندكارانەوە پەیمانگاكە گەشەكردن و فراوانبوونی بەخۆوە بینیوە ، بۆ نموونە لە ساڵی 2004 وە ئەم پرۆژە بیناسازییانەی لای خوارەوە جێبەجێ‌ كراوە:
أ‌- باڵەخانەیەك كە لە (3) نهۆم وژێرزەمینێك پێكهاتووە كە (10) هۆڵی خوێندنی بۆ وانە تیۆرییەكان و (6) تاقیگەو چەند گەنجینەیەك و شوێنی كارگوزاری ئەگرێتەخۆ، وە چەند بەشێكی زانستی لە پەیمانگاكەمان سوودی لێوەردەگرن.
ب‌- (2) دوو باڵەخانە كەهەریەكەیان لە (3) نهۆم و ژێرزەمینێك پێكهاتووەو هەربینایەك 26 ژووری نوستن و حەوانەوەی خوێندكاران دەگرێتەخۆی كە وەك بەشی ناوخۆیی بەكاردەهێنرێت.
ج‌- بۆ ساڵی خوێندنی 2009-2010 باڵەخانەیەكی یەك نهۆمی كە لەچەند هۆڵێكی خوێندن پێكدێت، كرایەوە كە ئەمەش ئەبێتە هۆی كار ئاسانی بۆ بەشە زانستییەكانی پەیمانگا بۆ وەرگرتنی وانەی تیۆری .
بۆ سالی خوێندنی 2010– 2011 باڵەخانەیەكی تایبەت بە بەشی راگەیاندن كرایەوە كەلەچەند هۆڵێكی خوێندن وشوێنی تایبەت بەسەرۆكایەتی بەش كرایەوە ئەوەی شایەنی باسكردنە بۆ ساڵی خوێندنی 2011-2012 خوێندكارانی بەشی ناوبراو توانیان سوود لەو هۆڵانە وەربگرن بەمەبەستی خوێندن تێیاندا بە شێوەیەكی مۆدێرن و زانستانە . هەروەها ستۆدێۆیەكی تیادا كرایەوە كە خوێندكارانی TV بۆ وانەی پراكتیكی سوودی لێ‌ دەبینن .

ح‌- بۆساڵی 2012-2013 بینایەكی نوێی تایبەت بە بروانامەكان دروستكرا كە بتوانرێت بە شێوەیەكی زانستیانەو مۆدیرن ئیش و كاری بروانامەكانی تیادا جێ بەجێ بكرێت كەلەگەل سیتمی ئەم سەردەمەدا بگونجێت ، وەهەروەها لەهەمان ساڵدا وە لەسەر بودجەی تایبەتی پەیمانگا توانرا هۆبەی كتێبخانە و هۆڵی خوێندنەوەی خوێندكاران ، نوێ بكریتەوە وە بەشێوازیكی نوێ پێشوازی لە خویندكاران و مامۆستایان بكرێت بۆ سەردانی كتیبخانەو هۆلی خوێندنەوە ,هەروەها توانرا لەرێگای لیژنەی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی پەیمانگا وەلەسەر بودجەی پەیمانگا هەستین بە نۆژەنكردنەوەی بەشی ناوخۆییی كچان كە لە دووپینا پێك هاتوە هەروەها بە دابین كردنی بە دابینكردنی سەرجەم پێداویستیەكانیانەوە وە . لە كۆتایدا پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی زۆر هەوڵیداوەو لە ئامانجیدایە كە پارچە زەوییەك تەرخانبكرێت بۆ دروستكردنی كامپێكی مۆدێرن كە هەموو لایەنێكی خوێندن و نیشتەجێ كردن بگرێتە خۆی لە ساڵانی داهاتوودا تاكو لە پێشكەوتنی بەردەوامدا بێت وە لەم رووەوە توانرا لەم سالی خوێندندا زەویەكانی قالاوا كە دەكەویتە سنوری شەقامی شەست مەتری وەربگیریتوە و ببیتەوە بە مولكی فەرمی پەیمانگا بۆئەوەی لەداهاتوویەكی نزیكدا بتوانرێت سودی لێ وەربگیریت بۆ بنیات نانی كەمپی نوێ ی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی .

 

ئامانجی پەیمانگا پێگەیاندنی كادیری تەكنیكی ناوەندیە كە شارەزابێت لـە بوارە زانستی و پسپۆرییە جیاوازەكـانی ( كارگێڕی و تەكنۆلۆجی و پزیشكی) دا بۆ سەرجەم فەرمانگە میریی و ناوەندە جیاوازەكانی كەرتی تایبەت بۆئەوەی برەوبدەن بە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، دەرچووانی پەیمانگا دوای دوو ساڵا خوێندنی زانستی و تەكنیكی لە پسپۆرییە جیاوازەكاندا و پاش ئەنجامدانی مەشقی پراكتیكی بۆ ماوەی دوو مانگ، بڕوانامەی دبلۆمی تەكنیكیان پێدەبەخشرێت لەو پسپۆرییانەدا. پەیمانگا ساڵانە چەندین خولی زانستی و كارگێڕی و دارایی و (سیمینار و ۆرك شۆپ ) بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگا دەكاتەوە بۆ زیاتر شارەزابوونیان و گرنگیدان و ئاگاداربوون لەو گۆرانكارییانەی كە لە بوارە جیاوازەكاندا روودەدات .
ژمارەی خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بۆ ئەمساڵی خوێندن بریتیە لە (3266)كە (130)خوێندكاریان لە خوێندنی ئێواران دان .

 

 

بەشەكانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی

بەشە پزیشكی یەكان
تەندروستی كۆمەڵا 1988 – 1989
بەشی پەرستاری 1989 – 1990
بەشی چارەسەری سروشتی 1997 – 1998
بەشی سڕكردن 1998 – 1999
بەشی تیشك 1998 – 1999
بەشی شیكاری نەخۆشییەكان 2000 – 2001
بەشی دەرمانسازی 2001 – 2002
بەشی پەرستاری ژنان ومناڵبوون 2007 – 2008
بەشی پاراستنی ددان 2011 – 2012
بەشە تەكنۆلۆجی یەكان
بەشی میكانیك 1989 – 1990
بەشی رووپێوی 1992 – 1993
بەشی كارەبا 1996 – 1997
بەشی ئەلكترۆن 2007 – 2008
بەشی وێنەی ئەندازەیی 2007 – 2008
بەشەكارگێڕی یەكان
بەشی كارگێری كار 1989 – 1990
بەشی ژمێریاری 1992 – 1993
بەشی راگەیاندن 1998 – 1999
بەشی ئامار و زانیاری 2007 – 2008
بەشی كارگێری سەرچاوە مرۆییەكان 2011 – 2012

 

بۆ زانیاری و په‌یوه‌ندی:

Address:

Kurdistan Region of Iraq

Sulaimani City

Qirga,Wrme St., Mardin 327 , Alley 76

P.O.Box: 396

Tel: +964.0533180121
General Inquiries: 

E-mail :  sti-info@spu.edu.iq

 


هه‌واڵی زیاتر