بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

شوێنی سلێمانی

شوێنی سلێمانی

 

 

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە ، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە. سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ(1700م)، گۆیژە (1525م) و قەیوان دەورە دراوە ، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان(١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاو و ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە ، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو و ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵدا بەدی دەکرێت.

 

نه‌خشه‌ی شاری سلێمانی له‌google map

 

ئاو و ھەواى سلێمانی

 

 

ئاو و ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لە ئاو و ھەوای ناوچەی دەریای ناوەڕاست ئەچێت تەنیا ناوچەکانی چەمچەماڵ و دەشتی کەلاریان لێدەرچێت. پلەی گەرمای ھاوین ئەگاتە (٣٩) پلەی سەدی و ئەگەر بەرەو خۆرئاوا ببیتەوە تا (٢٤)نزم ئەبێتەوە. ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ھاوین دا سنووری (٤٥) پلەی سەدیش ئەبەزێنێت. بای لە ھەر چوارلاوە بۆ دێت. جاران لە دوانزە مانگی ساڵدا ھەشت مانگ بارانی تیا دەباری بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی ماوە و ڕێژەی باران بارینی تیا کەم بۆتەوە. تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان (٤٠٠-ـ٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ئەگاتە ١٠٠٠ ملم و ھەندێکجار زیاتریش.

پله‌كانی گه‌رما به‌پێی مانگه‌كان:

 

شاری سلێمانی ٨٥٣م لە دەریاوە بەرزە. ھەر لە ناو شاری سلێمانی دا بەرزی و نزمی و گردۆڵکەی زۆر ھەن (ھەوارە بەرزە ، گردی عەلی ناجی ، گردی گەڕەکی ئەندازیاران ، گردی سەرچنار وە گردەکانی تر) ئەمانە بە شوێنی بەرز دائەنرێن بەڵام سلێمانی کۆن وەک دەرگەزێن و چوارباخ و کانێسکان و سەرچنار و سەرشەقام تا بەرەو خوارەوه‌ بێتەوە ھەر دوو چەمی تانجەرۆ و قلیاسان نموونەی ناوچە نزمەکانی سلێمانین. جیاوازی نێوان لوتکەی گۆیژە و دەوروبەری چەمی قلیاسان ٨٧٨م ئەبێت. واتە گۆیژە نزیکەی ١کم لە باشووری سلێمانییەوە بەرزترە کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرە و گەلێک کار ئەکاتە سەر ئاو و ھەوا و پەیدابوونی ڕەشەبا. ئاو و ھەوای شاری سلێمانی پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا وەک گەشتیاری بەناوبانگ (میستەر ریچ) لە دوای نیوەڕۆدا گرتویەتی لە ڕۆژی ١٧ی‌ تەموزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە ، بێگومان ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی ئەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا لە بەکرەجۆی نزیک سلێمانی تێکڕا( ٣،٥) پلەی سەدییە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستان دا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە.

تەوژمی پاڵەپەستۆی ھەوا و پلەی گەرما پێچەوانەی یەکترن. واتە ھەتا پلەی گەرمی بەرزتر بێتەوە (با) یاخود (ھەوا) ئەکشێ و بۆشایی تیا پەیدا ئەبێت و قورسای کەم ئەبێتەوە ، بەوە تەوژمەکە کەم ئەبێتەوە بۆیە گەرما کاریگەرترین شتە لەسەر پاڵە پەستۆی ھەوا ھەر ئەمەشە وای کردوە سلێمانی بە شاری ڕەشەبا بناسرێت. ھەوای سلێمانی (شێدار)نییە چونکە دوورە لەدەریاوە.

هێڵكاری ئه‌گه‌ری باران بارین به‌پێی مانگه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی:

نه‌خشه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌ google map