پارێزگای سلێمانی

الرئيسية


ئه‌مڕۆ 240 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندن ودروستبوونی شاری سلێمانیدا تێده‌په‌ڕێت
2024-11-14 06:14:05    پارێزگای سلێمانی

خەڵکی جوامێرو دانشمەندی شاری سلێمانی

لە یادی دوو سەدو چل ساڵەی بونیاتنانی شاری سلێمانیدا، وەک درێژەپێدەری گەشەو ڕەوتی شارستانێتیی قوڵ و ڕەسەن و بەردەوامی دەیان هەزار ساڵەی ژیانی مرۆڤایەتیی لەم ناوچەیەدا، کە کۆنترین شوێنەوارو شارستانییەتی بەردەوامیی مرۆڤایەتییە، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمانتان پێشکەشدەکەین، لەگەڵ ئێوەی بەرزو بەڕێزدا؛ پیرۆزبایی لە هەر کوردو کوردستانییەک لە هەر پنتێکی دنیاداو لە سەرجەم مرۆڤایەتیی دەکەین.

شاری سلێمانی لە مێژووی نوێدا، وەک شارێکی نوێ و هاوچەرخ لەلایەن میرایەتیی بابان و بەتایبەتیی میر ئیبراهیم پاشای بابانەوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا، لەسەر خاک و ماک و ناوو ئاوو هەناوو هەتاوی کانێسکان و مەڵکەندی، لە سەر بنەمای شارستانێتیی ئەو دەمە کە پیشەسازیی و بازرگانیی و ڕۆشنبیریی بووە، وەک پایتەخت بەپێی پێویستیی و تێگەشتنە ئەندازیاریی و شارسازییەکان، وەک زانکۆیەکی کۆمەڵایەتیی ئابوریی سیاسیی؛ بنیاتنراوە، لە شوێنێکدا کە بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ بایەخێکی گەورەی بازرگانیی و جیۆپۆلەتیکیی هەبووەو هەیە، دواتریش منەوەرانی کورد بە ئەزمون و زانست و تێگەیشتنی ژیرانەی خۆیان؛ پایەکانی پەروەردەو فێربوون و ئازادیی و بەشداریی ژنان و هونەرە جوانەکانیان بۆ زیادکردووە، لەو دەمانەوە ئەم شارە بۆتە خۆری دەرکەوتووی نیشتمانی زاگرۆس و کراوەترین کۆمەڵگای کۆمەڵایەتیی ناوچەکە.

ئەم شارە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی جیاوازەکان دروستبووە، خانەو لانەو بەرهەمی پیشەگەریی و نوێگەریی و چاو لە گەشەو ئایندەبووە، لەگەڵ هەستیاریی دۆخەکان و تەماعی بەردەوامی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت و دەسەڵات و وڵاتانی ناوچەکەو دوردا؛ لەگەڵ زۆرانبازیی و ململانێ و دەستشاکاندنەوەی بەردەوامیی براکاندا، لە دۆخی خۆسەریی و داگیرکارییدا، ملینەداوەو چەقی تێکۆشان و سەنگەری بەرەنگاربوونەوەو خۆبەدەستەوەنەدان بووە، نهێنیی مانەوەو گەشەکردن و بەردەوامبوونی؛ خودی ئەو جیاوازییانەبووە کە هێزی نوێی لە دۆخی نوێدا پێبەخشیوە، ئەو تێڕوانینە ڕوونەی بووە بۆ ئایندەو ئەو خۆڕاگرییەی بووە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان.

نە غەدرو نە غوبن و نە غیرەو نە ئەغیار، نە بێباکیی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و نە وەحشیگەرێتیی دوژمنان؛ چۆکیان پێدانەداوە.

هەموو داگیرکەرو دیکتاتۆرو بتەکانی خستووەو شکاندووەو خۆی وەک پیرەمەگروون بە پێوە ماوە.

سەروەرییە بەردەوامەکانی ئەم شارەو قوربانیی و جەرگسوتان و دڵشکانەکانی کردۆتەوە بە هێزو ئیرادەو هەستانەوە، تا ئەوەی ئەمڕۆ پایتەختیی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان و پایتەختی ئاشتیی و پێکەوەژیانی عیراقی فیدراڵ و شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆو خاڵێکی گەشی سەر چەندین سێکتەری شایستەی نێودەوڵەتییە.

لەم یادەدا؛ دەخوازین گیانی یەکترقبوڵکردن و لێبوردەیی، کۆکردنەوەی ناکۆک و جیاوازەکان، ئاشتیی و سەقامگیریی، دادپەروەریی و هاووڵاتیبوون، بەهێزتر بکرێت، ئەزموون لە شکست و دووبەرەکیی و ناکۆکیی و هەڵەکانی ئێستاو ڕابردوو وەربگیرێت، بۆ ئەوەی سلێمانی و هەموو پنت و بستێکی ئەم نیشتمانە ئارام و ئاوەدان بێت.

درود بۆ ئەوانەی بە سلێمانیان بەخشی، سوپاس بۆ ئەوانەی لەگەڵی مانەوە، سەروەریی بۆ ئەوانەی بۆی ژیان بۆی تێکۆشان بۆی مردن.

درود بۆ سلێمانی..

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی




Copyright © 2015 slemani.gov.krd all rights reserved. Developed by DOT Vision for IT solutions