لەسەرەتاى دروستكردنى سلێمانییەوە میرانى بابان داوایان لە پیشەوەرانى ناوچە جیاجیاكانى كوردستان كرد رووبكەنە شارە تازەكەو لەوێدا برەو بە پیشەكانیان بدەن, بەم هۆكارە ژمارەیەكى پیشەى دەستى لە شارەكەدا ناسراو سەردەمانێكى زۆر بەشێك لە ئابورى شارەكە لەسەرى بەند بوو دەرفەتى كارو بازرگانیشى بۆ بەشێكى بەرچاوى دانیشتوانى شارەكە رەخساندبوو.
هەندێك لەو پیشانە ئەمانە بوون:
ئاسنگەرى:
كورە كە لەدوكانەكاندا هەبووە ئاسنگەر ئاسنى گەرمكردووەو تواندوەتەوەو كۆمەڵێك ئامێرى سادەى پێ دروست كردوە لەوانە: دەمەبێڵ، دەمە خاكەناز، گاسنى جوت، پێكى بەردشكاندن، سێپاى سەر ئاگردان. چەكوش، داس، تەوراس، مێخ، تەور، كێرد، چەقۆ...هتد
جۆلآى:
دروستكردنى هەندێك كەلوپەلى ناوماڵ و پۆشین بووە بە دەزگایەكى سادە لەوانە: جاجم، پۆپەشمین، بەرماڵ ، شاڵى رانكوچۆغە.
موتابچییەتى:
ئەو پیشەگەرەبووە كە موى بزنى بەكاردەهێنا و دەكرد بە گوریس و قەیاسەو خەرار...هتد
كارگەچییەتى: ئەو پیشەیەبوو كە پیشەوەر خورى مەرِى بەكاردەهێنا بۆ دروستكردنى كۆمەڵێك كەلوپەل لەوانە: فەرەنجى، سەركلآو بۆ باران و خۆر، لباد، پوزەوانە، هیزەدان، كیفى تفەنگ، پەستەك، سەرزین بۆ ئەسپ، نەرمەزین بۆ ئەسپ، عارەق گیر بۆ ئەسپ، كەپنەك بۆ شوان، كوڵەباڵ.
وەتراقچییەتى:
وەتراق وشیەكى توركییە لە شێوەى كرداردا بەواتاى دانیشتن دێت، وەتراقچى بەو كەسانە دەوترا كە شتى كۆنیان دەفرۆشت و كۆنەفرۆش بوون.ئەمانە بەرِەو فەرشى كۆن، لباد و جاجم، مەوج و رانك و چۆغە و پۆپەشمین و گوریس و هۆر و مەسینەى حەوت جوش و گەڵێك كەلوپەلى تریان دەفرۆشت.
چەخماخسازى:
لەچاك مان/چاكمان وە هاتووە بە واتاى تەقاندن، بەو كەسانە دەوترا كە چەكیان چاك دەكردەوە بەتایبەت تفەنگ و دامانچەو تاپرِ, بەلآم ئەم پیشەیە لە سلێمانى بەجۆرێك پەرەى سەندبوو كە چەخماخسازەكان چەكیان دروست دەكرد لەوانە: ساچمەزەنى راو، فیشەك...هەروەها ئەم پیشەگەران چەند ئامێرێكى تریشیان دروست دەكرد كە پەیوەندى بەچەكەوە نەبوو لەوانە: مەقاشى زەرد، قەننە، قفڵى لوولەى، ئەڵقەرێز، ودوولایى و تەقولباب، شەكرشكێن، كلیل و كلۆم، كەوچك، چاپاڵێو..هتد.
شیرگەرى:
شیرگەرى ئەو پیشەوەرانە بوون كە خەنجەریان دروست دەكرد.خەنجەر دروشمى پاڵەوانێتى و جوامێرى كورد بووە.چەند جۆرێكى هەبووە لەوانە: خەنجەرى دەبان، خەنجەرى خۆراسان، خەنجەرى قەزبێن، خەنجەرى شینە تیغ.
مسگەریى:
ئەو وەستاو پیشەگەرانە بوون كە كەلوپەلیان لە ماددەى مس دروست دەكرد لەوانە: مەنجەڵ، سینى، تەشت، مەسینە، لەگەن، دەورى، تاوە، كەوگیر، جام، سوزگى، تاسى حەمام...هتد.هەر ئەم مسگەرانە دواى ئەوەى ئەو كەلوپەلانە لە ئەنجامى بەكارهێنان ژەنگیان دەگرت سپیان دەكردنەوە ئەویش بەشێكى سەرەكى بوو لە پیشەكەیان.
دارتاشى:
دارتاشەكان گەلێك كەلوپەلیان دروست دەكرد لەوانە: دەرگاو پەنجەرە، كە نەخش و نیگاریشان لەسەر دروست دەكرد.تەختەبەند كە وەك خێزانەكان لەسەرى دەخەوتن و جێگەى خێزانێكى چواركەسى لەسەر دەبووە.قەنەفەى رازاوە، كورسى چاخانە. سندوقى هەشتەرخان كە لە دارى گوێز دروست دەكرا، دیكۆرى پێش مالآن و ئوتێلەكان بە دار، دووتا بۆ سەر پشتى ولآخ، جەنجەر و شەن بۆ گێرەكردنى خەرمان، دەرِابەى دووكان، جامخانەى چایخانە و بۆدى پاس و قەمەرە، جۆلانەو بێشكەو بلوێر و رەورەوەى پێگرتنى منداڵ. كلكە خاكەناز و پاچ و بەفرماڵ، كورسى، خەرخ و فەلەك و ماین چەقەڵ بۆ یارى مندالآن.سندوقى بۆراق، سندوقى هەزار پیشە، لەناو پیشەى دارتاشیدا دوو پیشەى ترى ناسراو هەبوون كە ئەوانیش خەرِات و شەقەكێش بوون.
سەرپى و گیپەخانە:
سەروپێ بە پاكراوى دەفرۆشرا لە دوكانەكاندا یان دەستگێر دەیفرۆشت لە كۆلآنەكاندا.هەروەك لە دوكانەكانیشدا سەروپێ بە كولآوى دەفرۆشرا بەتایبەت لە زستاناندا
خومچێیەتى:
خوم بە فارسى ئەو كوپە گەورەیە یان مەركانەیە كە رەنگیان تێدا دەگرتەوە، خومخانەش ئەو شوێنانەبوو كە قوماش و خام و بلورى شاڵ و كلآفەبەن و هەندێك جار خورى تێدا رەنگ دەكرا.لەسلێمانى هەندێك لە جولەكەكان و مەسیحییەكان ئیسلامەكان ئەم پیشەیان بەرێوەدەبرد.
زین دورن:
ئەم پیشەیە تا پەنجاكانى سەدەى رابردوو زۆر باو بوو، پیشەكەش بریتى بوو لە دروستكردنى زینى ئەسپ و ماین و وەستاكانى ئەم بوارە زۆر هونەر و دەسترەنگینان لەم پیشەیەدا دەنواند و تەنانەت بازارێك لەسلێمانى هەبووە تایبەت بووە بە فرۆشتنى بابەكانى زین و رازاندنەوەى ولآخە بەرزە.
كۆپان دوون:
كۆپان جلى گوێدرێژە بەرامبەر بە زین بۆ ئەسپ و ماین، ئەمەش لە كاتى خۆیدا پیشەیەكى بە رەواج بوو لە سلێمانى چونكە هۆكارى گواستنەوە كەم بوو زیاتر پشت بە ئاژەڵ دەبەسترا.
بەرگدروون:
بەرگدرون لە سلێمانى لە پیشە رەسەنەكانە، جلى ژنان و پیاوان لەلایەن وەستاى شارەزاوە دەدورا. بەرگدرووى ژنان جیاواز بوون لە پیاوان.
تووتنچییەتى:
ئەم پیشەیە جیاواز بوو لە بازرگانى بە توتنەوە، پیشەوەرانى ئەم پیشەیە تونیان ئامادە دەكردو دەیاندا بە ژنان بەكرێ و لە جۆرە كاغەزێكى تایبەتیان دەپێچاو دەیانكرد بە جگەرەى ئامادەكراوەو دەیان فرۆشت.
تەنەكەچێتى:
كەرەستەى ئەم پیشەیە بریتى بوو لە تەنەكەى نەوت دواى ئەوەى دەكرانەوە دەدرانە دەم یەك و لەحیم دەكران و كەرەستەى وەك: دەرگاى تەنەكە، بۆرى سەماوەر، قەعەدەى منداڵ، مەقاش و مقەڵى و رەحەتى نەوت و زۆپاى دار گەلێ شتى ترى لێ دروست دەكرا
هەندێك وردە پیشەى تر:
هەندێك پیشەى تر هەبوون لە سلێمانى كە زۆرتر ژنان پێوەى سەرقاڵ بوون وەك: كلآوچنین، لفكەچنین، گوێز و قەزوان و چەقالەى سوێر.