بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

شێخ مارفی نۆدێ


شێخ مارفی نۆدێ ناوی تەواوی (سەید محەمەدی كوڕی سەید مستەفای كوڕی سەید ئەحمەد)ە و باپیرەی سێزدەمینی سەید عیسای بەرزنجی كوڕی بابەعەلی هەمەدانییە، زانایەكی ئایینی و خواناس بوە، لە هەمان كاتیشدا شاعیرێكی گەورەی كوردە، باوكی كاك ئەحمەدی شێخ (ناسراو بە كاك ئەحمەدی سلێمانی) و باپیری شێخ سەعید و باپیرەگەورەی شێخ مەحمودی حەفیدە، بەهۆی زیرەكی ‌و رەوانبێژیی ‌و شارەزایی لە بواری زمانزانیدا نازناوی (مەعروف)ی پێبەخشراوە، بەڵام بەهۆی فۆنەتیكی زمانی كوردی ناوەكە بوە بە (مارف) ‌و بەو ناوە ناسراوە.
شێخ مارف لە گوندی نۆدێی سەر بە ناوچەی شارباژێڕی سلێمانی لە دایك بووە، لە قۆناغی منداڵیدا لە قەڵاچوالان لە فێرگەی (غەزائی) خوێندویەتی، دواتر بۆ دەستكەوتنی زانستی ئایینیی ‌و فێربونی زیاتر رووی كردوەتە گوندی هەزارمێرد لەباشوری رۆژئاوای سلێمانی ‌و لای زانا ‌و مامۆستای ناسراو (مەلا محەمەدی حاجی) زانستەكانی ئەو سەردەمەی خوێندوە، لە كاتی خوێندندا لە گوندی هەزارمێرد لە چەند بۆنەیەكدا بە دیداری (مەلا عەبدوڵای بێتوشی) شاد بوە ‌و ئاشنایەتییەكی باشیان دروست كردوە، بەهۆی تێكەڵاوبونی لەگەڵ ئەو ئەدیب ‌و نوسەرە گەورەیەدا خولیای ئەدەب ‌و شیعر ‌و هۆنراوە چوەتە سەری ‌و هاوشانی خوێندنی زانستە ئایینییەكان دەستیشی داوەتە كاری ئەدەبی ‌و شیعرنوسین.
نزیكەی پەنجا ‌و پێنج كتێبی ئایینیی ‌و لێكۆڵینەوە ‌و كاری ئەدەبیی نوسیوە، لەو بەرهەمانەش زیاتر لە سی بەرهەمیان تایبەت بوون بە زانست ‌و ئایین ‌و زیاتر لە بیست بەرهەمیشیان دەربارەی ئەدەب ‌و شیعر بوون، زۆربەی بەرهەمەكانی شێخ مارف لە كتێبخانەكانی ناوەوە و دەرەوە پارێزراون، شێخ مارف فەرهەنگی ئەحمەدیی بۆ ئەحمەدی كوڕی داناوە كە بریتییە لە وشەی عەرەبی بە هۆنراوە ‌و واتاكانی بە كوردی لێكدراونەتەوە، فەرهەنگی ئەحمەدی لە دوای شێخ مارف بوە بە یەكێك لە كتێبە سەرەتاییەكانی فەقێكانی كوردستان بۆ فێربونی وشەی عەرەبی، هەروەها خەڵكانێكی زۆر لە قوتابی ‌و خوێندكارانی كورد سودیان لە فەرهەنگی ئەحمەدی بینیوە بۆ فێربونی زمانی عەرەبی ‌و هەتا ئێستاش بەشێك لە خەڵكی پشتی پێدەبەستن بۆ هەندێك وشە ‌و زاراوە.
شێخ مارفی نۆدێ‌ لە شاگردانی ئیبن حاج بوە ‌و پەیڕەوی لە رێبازی قادری كردوە، بەو هۆیەشەوە لەسەر دەستی یەكێك لە شێخەكانی گوندی (دۆڵپەموو)ی ناوچەی شارباژێڕ مۆڵەتی رێبازی قادریی وەرگرتوە ‌و بەشداریی لە كۆڕی زیكر ‌و موناجات ‌و سروتە ئایینییەكاندا كردوە، مەولەوی شاعیر و خواناسی كورد لە شاگردانی ناسراوی شێخ مارفە، چەندین زانای ئایینی ‌و كەسانی خوێندەوار ‌و شارەزا لەسەر دەستی شێخ مارف پێگەیەنراون. شێخ مارفی نۆدێ‌ هەتا دوا ساتەكانی تەمەنی بەردەوام بوە لە خزمەتكردنی ئایین ‌و ئەدەب ‌و خەڵكێكی زۆر سوودیان لێبینیوە بۆ كاروبارەكانیان، دوای كۆچكردنی لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەخاك سپیێردراوە، كە بە گردی شێخ مارف ناسراوە ‌و مەزارگەكەی بوەتە شوێنێكی دیار و خەڵك بە بەردەوامی سەردانی دەكەن.


سەبارەت بە مێژووی ژیانی شێخ مارفی نۆدێ‌ سەرچاوەكان جیاوازییان هەیە، هەندێك سەرچاوە دەڵێن لە نێوان ساڵانی (1753 بۆ 1838) ژیاوە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی دیكە بۆچوونیان وایە كە شێخ مارف ساڵی 1774ی زایینی لەدایك بوە و ساڵی 1834ی زایینی كۆچی دوایی كردوە، بەهەر شێوەیەك بێت شێخ مارف لە پاش خۆی میراتێكی گەورەی ئایینی ‌و زانستی ‌و ئەدەبیی بەجێهێشتوە ‌و بوەتە سەرچاوەی زانست بۆ خەڵكانێكی زۆر.

 


هه‌واڵی زیاتر