
پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ههڤاڵ ئهبوبكر پارێزگاری سلێمانی بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانی ژینگەو زیادەڕەویی کران، ڕێنمایی و ڕێکاریی پێویست بۆ پاراستن و چاککردن و پەرەپێدانی ژینگەو، ڕێگریکردن لە زیادەڕەویی دیاریکران
هەموو ئەو کارو پڕۆژەو دەستپێشخەرییانەی لەسەر ئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان لە بواری ژینگەدا کراون، خرانەڕوو، سوپاسی هاووڵاتیان و حکومەتە خۆجێیەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان و کەرتی تایبەت و دامەزراوەو ڕێکخراوە مەدەنییە ژینگەییەکان و هەر شوێنێک کرا کە لە خەمی پاراستن و چاککردنی ژینگەدان
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە؛
کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ توندکردنی ڕێکارە کردارییەکان ئەنجامدرا
وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و توندکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی دەکات
رۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی دوو پرسی گرنگ کە تایبەت بوون بە پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان لەگەڵ توندترکردن و بەدواداچوونی زیاتری ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی
لە سەرەتای کۆبوونەوە، بەڕێز وەزیری ناوخۆ بۆ ئامادەبووانی روون کردەوە کە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی بایەخی تایبەتی بۆ ئەم دوو پرسە هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاری ڕێکارەکانە و بەدواداچوون دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی زیاترمان لێ دەکات. بەڕێزیان پوختەیەکی دەربارەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو و هەوا و ئاستەنگ و بەربەستەکان خستە روو. هەروەها هەڵوەستەی لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی، وەکو بەرپرسیار لەبەرامبەر جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩، لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و فەرمانگەکانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان خستەڕوو. فەرمانی کرد کە پێویستە ئاستی ئەو هەماهەنگییە بەرز بکرێتەوە و هەمووان وەکو یەک تیم لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە کار بکەن و بەدواداچوونی بەردەوام بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان. دواتر لە بابەتی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی، هەوڵەکانی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان و تیمەکانیان بەرز نرخێندرا کە لە ماوەی ڕابردوو کاری باش بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی کراوە و ڕێکاری توند لەبەرامبەر سەرپێچیکار و زێدەڕۆکاران گیراوەتە بەر. بە تایبەت ئەزموونی لێژنەی تایبەتمەند لە پارێزگای هەولێر وەکو نمونە هێندرایەوە و بڕیار درا کە ئەزموونی ئەو لێژنەیەی هەولێر بگوازرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە دەسەڵاتی تەواوەوە کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت و ڕێکاری یاسایی توند لە بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتە بەر کە دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان هەوڵی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت دەدات
نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ڕاپۆرتی کار و پڕۆژەکانی خۆیان خستە ڕوو، بە بایەخەوە باسیان لە گشتاندنی ژمارە ١١٢٥٥ی ڕێکەوتی ٢٣/٤/٢٠٢٦ی وەزارەتی ناوخۆ کرد کە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاسپاردووە هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنە بەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ. ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆیان بە سەرەتای گوڕ و تینێکی نوێ و گەورە بۆ پاراستنی ژینگە باس کرد
دواتر پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان باسیان لە کار و پلانی سنووری خۆیان کرد کە لە ڕێی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و دامەزراوەکانی سنووریان ئەنجامیانداوە. هەمووان ستایشی (پڕۆژەی رووناکی)ی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە سەرەڕای ئەوەی بۆتە هۆی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، بە هۆیەوە هەزاران مۆلیدەی گەورە و بچووک کوژاونەتەوە کە ببوونە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی و پیسکردنی هەوا. کۆبوونەوە هەڵوەستەی لەسەر زۆری عەلاگەی پلاستیک، بوتڵی پلاستیک و شوشە، کە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن و تەمەنی مانەوەیان لەناو سروشت درێژە، کرد و پێشنیار کرا کە لەگەڵ کۆمپانیاو کارگەکان کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیراسەکردنی چارەسەر و دۆزینەوەی رێگاچارە وەکو بایەخدان و هاندانی بەکارهێنانی عەلاگەی کاغەز، توڕەگە و جۆڕکی دروستکراو لە قوماش و لۆکە بۆ بازاڕکردنی هاووڵاتیان کە تەمەنیان درێژە و ژینگەش پیس ناکەن، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی کارتۆن لە جیاتی پلاستیک بۆ ئاوی کانزایی و شیر و بەرهەمەکانی دیکە و پەرەدان بە عەلاگەی کاغەز. لەمبارەیەوە ئەزموون و نمونەی سەرکەوتوو لە وڵاتانی دونیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ
کۆبوونەوە هانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان دەدات کە سەرمایەگوزاری بکەن لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک و شوشە و وەرگرتنەوەی لە بەکارهێنەر، وەکو ئەوەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی پیس بوون و بڵاو بوونەوە رابگیرێن
کۆبوونەوە بە بایەخەوە باسی لە هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە گرنگی پاراستنی ژینگە و بە پاک و خاوێن راگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان کرد کە هەنگاوی یەکەمی خۆپارێزییە لە پیسبوون. رۆڵی هەموو دەزگاکانی حکومەت و مامۆستایانی ئایینی و پەروەردە و زانکۆکان و میدیاکان لە فراوانکردنی هۆشیاری ژینگەیی و هێنانە کایەوەی کولتوری نوێی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزی بەرز نرخاند کە دەبێتە هۆی گۆڕینی خو و کرداری خراپی پیسکردن و تێکدانی سروشت بۆ بوون بە تاکێکی هۆشیارو هاوڕێی ژینگە
لە کۆتاییدا، جەنابی وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی تەواوی دایە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە، یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە وەکو خۆی جێبەجێ بکەن و سزای توند بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان دەشێوێنێت
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٤ی ئایاری ٢٠٢٦







.jpg)