بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

مامە یارە


مامە یارە یەكێك بوە لە پیاوە ئازا ‌و لێهاتوەكانی شاری سلێمانی ‌و مێژووی تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە لە نێوان ساڵانی 1804 بۆ 1896دا ژیاوە، لاوێكی بەتوانا ‌و دلێر ‌و بەغیرەت بوە، هەربۆیە بوەتە جێی سەرنجی میرەكانی بابان ‌و بەهۆی تواناكانییەوە، لە ناو لەشكری باباندا كراوەتە تۆپچی ‌و بەشداریی لە چەندین شەڕ ‌و جەنگدا كردوە كە لەو سەردەمەدا كراون، كەسێكی هۆشیار ‌و نیشتمانپەروەر بوە ‌و زۆر دژی داگیركارانی عوسمانی ‌و سەفەوی بوە، دانیشتووی گەڕەكی مەڵكەندی بوە.
مامە یارە كە ساڵەهای ساڵە لە شاری سلێمانی گردێكی گەورەی بەناوەوە ناو نراوە، ناوی تەواوی (یار ئەحمەد كوڕی خدر بەگی عومەر ئاغا)یە ‌و خەڵكی گوندی (هۆنەرێنە)ی سەر بە ناحیەی بەرزنجەیە. مامە یارە كەسایەتییەكی ناسراوی سەردەمی میرنشینی بابان بوە، لە هەمان كاتدا سوارچاكێكی بە توانا ‌و نیشانەشكێنێكی كارامە ‌و ئەفسەرێكی تۆپچیی لەشكری بابانەكان بوە لە سەردەمی (ئەحمەد پاشای كوڕی سلێمان پاشا)دا، دوای رێكەوتننامەی ئەرزڕۆم لە نێوان سەفەوی ‌و عوسمانییەكاندا لە ساڵی 1847، هەردوو دەوڵەت رێككەوتون بۆ لەناوبردنی میرنشینە كوردییەكان، بۆیە سوپای عوسمانی هێرشی كردوەتە سەر میرنشینی بابان لە نێوان ساڵانی (1849- 1850)دا بەهۆی زۆریی ژمارەی سوپای عوسمانی لەشكری بابان شكاوە ‌و هەڵاتوون، بەڵام مامە یارە كە ئەو كاتە بەرپرسی كۆشكی میری بابان بوە، بە تەنها لەبارەگای سەرەكیی (ئەحمەد پاشا)ی میری بابان ماوەتەوە ‌و هەڵنەهاتوە، بەڵكو زۆر ئازایانە بەرەنگاری سوپای تورك بوەتەوە و ئامادە نەبوە پشت بكاتە سوپای بێگانە.
كاتێك سوپای عوسمانییەكان بەرەو سلێمانی ‌و بارەگای میری بابان چوون بۆ تاڵانكردن ‌و وێرانكردنی شارەكە ‌و دامەزراوەكان، مامە یارە زۆر ئازایانە بە تۆپ بۆردومانی سوپای عوسمانی دەكات ‌و بەرەنگاریان دەبێتەوە ‌و بۆ ماوەیەكی زۆر رێگە نادات سوپای عوسمانی دەستیان بگات بە بارەگای سەرەكی، بەڵام كاتێك سوپای عوسمانی دەزانن بە تەنهایە، لەهەر چوار لاوە هێرش دەبەن بۆ سەر مامە یارە ‌و دوای بەرگرییەكی زۆر ‌و گەیاندنی زیانێكی زۆری گیانی ‌و ماڵی بە عوسمانییەكان، بەهۆی ئەوەی هیچ كەسێكی لەگەڵدا نابێت ‌و بریندار دەكرێت ‌و تۆپەكەی لەكار دەكەوێت، سەرئەنجام دەستگیری دەكەن و بە قۆڵبەستكراوی دەیبەن بۆ لای (نەجیب پاشا)ی سەرلەشكری سوپا ‌و والیی عوسمانی، هەرچەندە ئەفسەر ‌و سەربازەكانی سوپای عوسمانی داوا دەكەن سزای مەرگ بەسەر مامە یارەدا بسەپێنرێت، بەڵام نەجیب پاشا مامەڵەیەكی جیاوازی لەگەڵ دەكات ‌و لێی دەپرسێ‌ بۆچی بەرگریی كردوە ‌و خۆی نەداوە بەدەستەوە لە كاتێكدا لەشكری بابان شكاوە و هەڵهاتون، مامە یارەش زۆر چاونەترسانە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ‌: ئەو بەرگریی لە خاك ‌و نیشتمان كردوە ‌و وا گۆش كراوە كە خۆی نەدات بەدەست سوپای بێگانەوە، بە تەنهاش نەبوە بەڵكو شاخی گۆیژە‌و گردی گوڵان لە پشتی بوون، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوە هەتا دواسات بجەنگێ‌ ‌و ئەگەر كەرەستەی جەنگیی لەبەردەستدا بوایە ئەوا بەردەوام دەبوو لە بەرگریكردن، بەهۆی ئەو ئازایەتی ‌و قارەمانێتیەیەوە والیی عوسمانی لە جیاتی سزادان، خەڵاتی مامە یارە دەكات و گوندی (كانی دڕكە)ی وەكو دیاری پێدەبەخشێت، بەڵام پێی دەڵێ‌: پێویستە سەرەتا رەوانەی ئیستانبوڵ بكرێت بۆ چارەسەركردن.
دوای ئەوەی مامە یارە رەوانەی ئیستانبوڵ دەكرێت ‌و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەكرێت، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی رێگەی پێنادات، بۆیە بە ناچاری بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە توركیا دەمێنێتەوە ‌و بەردەوامیش لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەكانەوە چاودێریی كراوە، دوای ئەوەی مامە یارە دەچێتە تەمەنەوە ‌و عوسمانییەكان دڵنیا دەبن لە كۆتاییهاتنی فەرمانڕەوایی بابانەكان ‌و دەزانن مامە یارە توانای نەماوە، بۆیە رێگەی پێدەدەن بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، دوای گەڕانەوەشی هەر دڵسۆزی گەل ‌و نەتەوەكەی بوە ‌و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ‌ بوە، بەڵام زۆر نیگەران بوە لەوەی عوسمانییەكان دەستیان بەسەر سلێمانیدا گرتوە، بەهۆی ئەوەش كە هیچ منداڵێكی نەبوە، لەگەڕەكی گوێژەی شاری سلێمانی لە بینایەكی دوو نهۆمیدا ژیاوە، خۆی لە نهۆمی سەرەوە دانیشتوە ‌و نهۆمی یەكەمیشی كردوە بە ژێرخان ‌و وڵاخی تێدا بەخێو كردوە ‌و تا كۆتایی تەمەنی سەرقاڵی كاری پەروەردەكردن ‌و ئەسپسواری بوە، لەسەر داوای خۆیشی هەموو موڵك و ماڵەكەی بـەخشیوە بە برازایەكی بە ناوی (ئەحمەد ئاغای سلێمان).

وێنەی دوانزە سوارەی مەریوان

مامە یارە یەكێكە لەقارەمانەكانی داستانی دوانزە سوارەی مەریوان كە لە دژی سوپای سەفەوییەكان جەنگاوە ‌و لەناو گەلی كورددا رێزێكی زۆری لێگیراوە،  هەر بەو هۆیەشەوە بوەتە  یەكێك لە كەسە ناسراوەكانی سوپای بابان ‌و پیاوێكی ئایینپەروەر و لەخوا ترس بووە، چەخماخسازێكی دەست رەنگینیش بووە ‌و لەو رێگەیەوە بژێویی پەیدا كردوە، بەپێی هەندێك سەرچاوە مامە یارە لە تافی لاوێتیدا هەموو بەیانییەك كە چوە بۆ راوكردن، لە گردی گوڵان فیشەكێكی تەقاندوە وەكو ئاماژەیەك بۆ دەرچوونی لە شار، ئێوارانیش كە گەڕاوەتەوە بە هەمان شێوە كاتێك گەیشوەتە گردی گوڵان فیشەكێكی تری تەقاندوە، چونكە ئەو گردەی زۆر خۆشویستوە ‌و لەو شوێنەوە بەسەر شاری سلێمانیدا روانیویەتی، بۆیە پێش كۆچی دواییشی وەسیەتی كردبوو لەگردی (گوڵان) لە بەشی سەرەوەی گردی سەیوان بنێژرێت ‌و ئەو شوێنە ببێتە دوا هەواری، دوای كۆچی دواییش كەسوكار ‌و هاوڕێكانی وەسیەتەكەیان جێبەجێ كرد ‌و لەگردی گوڵان لە رێوڕەسمێكی شكۆداردا ئەسپەردەی خاك كرا، خەڵكی سلێمانیش بەهۆی خۆشەویستییان بۆ مامە یارە ‌و دڵسۆزییەكەی بۆ خاك ‌و نیشتمان، لە سەرەتای سەدەی بیستدا ناوەكەیان گۆڕی بۆ گردی مامە یارە، لە سەردەمی پیرەمێردی شاعیریشدا، كە لە نزیكەوە مامە یارەی بینیوە ‌و سەرسام بوە پێی، گردی مامە یارە بوە شوێنی یادی ئاهەنگی نەورۆز ‌و لەوێ‌ مەراسیمەكان بەڕێوەدەچوون، ئێستاش بوەتە نەریت ‌و ساڵانە لە یادی جەژنی نەورۆزدا بەشێكی زۆر لە خەڵكی سلێمانی لە گردی مامە یارە ئاگر دەكەنەوە ‌و ئاهەنگ دەگێڕن ‌و چەندین چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber


 ئه‌م بابه‌ته‌ 130 جار بینراوه‌




هه‌واڵی زیاتر