نزیكەی سەدەیەكە لە سلێمانی كاروانی رۆژنامەگەری دەستی پێكردووە، كە یەكێك لە گرنگترین كایەكانی رۆشنبیری و فەرهەنگ و سیاستە لەنێو هەموو میللەتێكدا ، رێرەوەكەش بەجۆرەی خوارەوە دەستی پێكردووە:
1/ رۆژنامەی پێشكەوتن
ئەم رۆژنامەیە یەكەمین رۆژنامەی سلێمانییە، لەلایەن ئینگلیزەكانەوە و بەسەرپەرەشتی مێجەرسۆن و دواتریش جێگرەكەی دەركراوە. یەكەم ژمارەی لە 29ی نیسانی 1920 دەرچووەو تا ساڵی 1922 بەردەوام بووە، بەگشتی 118 ژمارەی لێ دەرچووەو هەفتانە بووەو هەموو هەواڵێكی ئەو رۆژانەی بڵاوكردوەتەوە.
2/ بانگی كوردستان
رۆژنامەی دوا رۆژەكانی ئینگلیز و دەمی گەرانەوەی شێخ مەحمودە لە هندستانەوە، رۆژنامەكە زمان حاڵی جەمعییەی كوردستان بوو بەسەرۆكایەتی مستەفا پاشای یاموڵكی.
یەكەم ژمارەی ئەم رۆژنامەیە بە هەفتەیەك دوای وەستانی پێشكەوتن واتا لەمانگی ئایاری 1922 دەرچووە. خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەكە مستەفا پاشا و سەرپەرشتیاری كوردی و فارسی عەلی كەمال و مامۆستا نوری بووەو سەرپەرشتیاری توركی رەفیق حلمی بووە. و رۆژنامەكە خۆی وەك رۆژنامەیەكی سەربەست و ئازادی زانستی، كۆمەڵایەتی، ئەدەبی وەسف دەكات. هەفتەی جارێك دەرچووە.
ئەم رۆژنامەیە تا گەڕانەوەی شێخ مەحمود بەردەوام بووە تا تشرینی دووەمی 1922 ، 13 ژمارەی لێ دەرچووە.
3/ رۆژی كوردستان
12 رۆژ دوای بانگی كوردستان ، یەكەم ژمارەی لە 15ی تشرینی دووەمی 1922 دەرچووە، خاوەنی ئیمتیاز و بەرپرس م.نوری و سەرپەشتیار عەلی كەمال بووە. هەموو ژمارەكانی لەسەردەمی حكومەتی شێخ مەحمودا دەرچووە كە 15 ژمارە بووە. هەفتەی جارێك دەرچووە.
4/بانگی هەق
لە ئەشكەوتی جاسەنە لە ناحیەی سورداش دەرچووە، كاتێك شێخ مەحمود بەهۆی بۆردومانی ئینگلیزەكان سلێمانی بەجێ هێشت، چاپخانەكە كۆنەكەی ئینگلیزەكانی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەشكەوتی جاسەنەو لەوێوە ئەو رۆژنامەیەی پێ دەركرد. یەكەم ژمارەی ئەم رۆژنامەیە لە 8ی مارسی 1923 دەرچووە.تا نیسانی هەمان ساڵ سێ ژمارەی رۆژنامەكە دەرچوو.
دوای دەرچوونی ئەو سێ ژمارەیە شێخ مەحمود ناچار بوو ناوچەی سورداش بەجێ بهێڵت، نەیتوانی چاپخانەكە لەگەڵ خۆی بەرێت و كەوتەوە دەستی ئینگلیزەكان ئەوانیش گواستیانەوە بۆ سلێمانی و رۆژنامەی ژیانەوەیان پێ دەركرد.
5/ئومێدی ئستیقلال:
رۆژنامە لەوكاتەدا كاریگەرییەكی زۆریان دروستكردبوو لەسەر بیركردنەوەی خەڵك هەروەكو كاتێك ئینگلیز سلێمانی جێهێشت گرنگیی بلاوكراوەكانی دەزانی كە چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر بیركردنەوە و رەفتاری خەڵك.. بۆیە دوای رۆشتنیان هەڵسان بە خراپكردنی ئەو چاپخانەی كە هێنابوویان بۆ سلێمانی بۆدەركردنی رۆژنامەی پێشكەوتن و جێبەجێكردنی كارە میرەییەكانی خۆیان.. بۆیە نەیانتوانی لەگەڵ خۆیانی بەرن بۆیە نەیانویست كە كورد سوودیلێوەربگرێت، بەڵام دواتر توانرا چاكبكرێتەوە بۆئەم مەبەستەش دەستەیەك لە رووناكبیران پێكهێنرا لەوانە (ئەحمەد خواجە، ماجید مستەفا، سەیید ئەحمەدی بەرزنجی، سەبری كاكە رەش.. هتد) بۆدەركردنی رۆژنامەیەك دوای راوێژكردنی دەستەكە بڕیاری دروستكردنی رۆژنامەیەكیان دەركرد سەرەتا چەند ناوێكیان دۆزییەوە بۆ رۆژنامەكە دواتر بە بڕیاری زۆرینە ناونرا (ئومێدی ئستیقلال) یەكەم ژمارەی لە ئەیلولی 1923 دەرچوو، بیست و پێنج ژمارەی لێبڵاوكرایەوە رۆژژنامەیەكی سیاسی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی بوو هەفتەی جارێك دەردەچوو ئەم رۆژنامە بەهەمانشێوەی رۆژی كوردستان زمانحاڵی حكومەتەكەی سێەمی شێخ مەحمود بوو محەمەد زوهدی ئەم رۆژنامەی چاپدەكرد و پیتەكانی هەرژمارەیەكی بەچەند رۆژێك رێكدەخست و بە رۆژێكیش چاپیدەكرد لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامە پرشنگێكیتری تۆماری رۆژنامەنووسی كوردی بوو، ژمارەكانی ئەم رۆژنامە بۆ زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەنێردرا تەنانەت بۆ بەغداش، هەروەها لەم رۆژنامەدا باسی ژیانی كەسایەتییەكان كراوە سووچێكی رۆژنامەكە بۆ مەبەستی ریكلام و ئاگادارییەكان تەرخانكرابوو، بەڵام ئەم رۆژنامە زۆری پێنەچوو كاتێك فرۆكەكانی ئینگلیز گەمارۆی سلێمانیان دا لە چاپ وەستا ، بەڵام دوای مانگێك دەزگایەكی میری كەوتە بڵاوكردنەوەی رۆژنامەیەك بەناوی ( ژیانەوە )
6/ژیانەوە
ژمارە یەكی ئەم رۆژنامەیە لە 18یئابی 1924 دەرچووە، رۆژنامەیەكی هەفتانە بووە، لە چاپخانەی شارەوانی لە چاپ دەدرا، رۆژنامەكە تا رۆژی 14ی كانوونی دووەمی ساڵی 1926 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا 56 ژمارەی لێ دەركراوە.
7/ژیان
ئەم رۆژنامەیە جێگەی ژیانەوەی گرتووەتەوەو لەلایەن حسین نازمەوە سەرپەرەشتی كراوە، یەكەم ژمارەی لە 21ی كانوونی دووەمی 1926 دەرچووە. دوای كۆچی دوای حسین نازم، پیرەمێردی شاعیر سەرپەشتی گرتووەتە ئەستۆو لە ژمارە 406 كە رۆژی 14ی ئابی 1934 دەرچووە ئیمتیازی رۆژنامەكە بەناوی پیرەمێردەوە تۆماركراوە. تا 10ی مارسی 1938 ,553 ژمارەی لێ دەرچووە دوای ئەوە رۆژنامەی ژین جێگەی گرتەوە.
8/ زبان
یەكەم ژمارەی لە 12ی ئەیلولی 1937 دەرچوو، شارەوانی سلێمانی دەری دەكرد و مامۆستا ساڵح قەفتان سەرپەرەشتی دەكرد و هەتا مانگی كانوونی دووەمی 1939 بەردەوام بوو.
9/ژین
ژمارە یەكەمی لە 26ی كانوونی دووەمی ساڵی 1939 دەرچوو، لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە، تا 19ی حوزەیرانی 1950 ،1015 ژمارەی لێ دەرچوو. دوای لەسەر وەسێتی پیرەمێرد خۆی لەلایەن جەمیل سائیب ی خوشكەزایەوە بەرێوە دەبرا. تا ئەویش لە 13ی تشرینی یەكەمی 1951 كۆچی دوای كرد و دوای ئەو پارێزەر نوری ئەمین مەحمود سەرنوسەر و گۆرانی شاعیر بەرێوەبەری بوو، ئەوان تا ژمارە 1106 بەردەوام بوون، دوای ئەوان ئەحمەد زرنگ كاری دەركردنی رۆژنامەكەی گرتە ئەستۆ. رۆژنامەكە لە1963دا بە یەكجاری لەلایەن حكومەتی ئەو كاتەی عیراقەوە داخرا.
10/ نەورۆز
یەكەم ژمارەی لە رۆژی 25ی حوزەیرانی 1959 دەرچووە، رۆژنامەیەكی رامیاری و ئەدەبی و زانیاری كۆمەڵاتیی بوو، خاوەن و لێپرسراوی پارێزەر كەمالی میرزا كەریم بوو، هەفتەی جارێك دەردەچوو. لە ژمارە 7ی بەدواوە بەشێكی بۆ عەرەبی تەرخانكرا. هەتا مانگی مایسی 1960 ،19 ژمارەی لێ دەرچوو
11/بروا
یەكەم ژمارەی لە 2ی تەموزی 1960 و دوا ژمارەی كە 95 بوو لە 25ی كانوونی دووەمی 1963 دەرچووە، رۆژنامەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و خاوەنی لێپرسراو و سەرنوسەری كەمالی میرزا كەریم بوو، ئەم رۆژنامەیە سەر بە شیوعییەكان بوو.
12/ راپەرین
یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1963 و دوا ژمارەی كە 207 بوو لە رۆژی 19ی 12ی1968 دەرچوو، رۆژنامەیەكی هەفتانە بوو، بەكوردی و عەرەبی دەردەچوو، خاوەنەكەی عەبدول عەزیز ئەلتالبی بوو، سەرنوسەرەكەشی پارێزەر سدیق عەبدوڵا موختار بوو.
13/ برایەتی
ژمارەی یەكەمی لە ئەیلولی ساڵی 1971 داو ژمارەی 17ی لە 18ی لە 1972 دەرچوو، پاشكۆی رۆژنامەی التاخی بوو، سەرنوسەری دارا تۆفیق و رەمزی قەزاز سەرپەرەشتی دەكرد. رۆژنامەیەكی سیاسی گشتی بوو هەفتەی جارێك دەردەچوو.
14/ ژین
ژمارەی یەكەمی لە رۆژی پێنج شەمەی 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1971 دەرچوو، خاوەنەكەی كاكەی فەلاح،سەرنوسەر عەبدولقادر بەرزنجی بوو.
گۆڤارەكانی سلێمانی
گۆڤار لە سلێمانی زۆر دوای رۆژنامە دەركەوتووە، رەنگە هۆیەكەی بۆ نەبوونی ئامێری باشی چاپ و نەبوونی كرێكاری شارەزای چاپ و نەبوونی كاغەز و شتی تر بگەڕێتەوە، یەكەم گۆڤار لە ساڵی 1938 دەرچووە..
1/ زانستی
یەكەم ژمارەی لە 25ی شوباتی ساڵی 1938 لەژێر چاودێری و سەرپەرەشتیاری ساڵح قەفتان دەرچووە، گۆڤارێكی ئەدەبی، مێژووی ، نیومانگی بووە،
2/نیشتیمان
یەكەم ژمارەی لە مانگی مارسی 1959 دەرچووە، گۆڤارێكی وێژەیی و زانیاری و كۆمەڵایەتی خوێندكاران بوو، لەلایەن قوتابخانەی سەرەتایی مامۆستایانی كوڕانی سلێمانییەوە بەكوردی و عەرەبی دەردەچوو. تەنیا یەك ژمارەی لێ دەرچوو.
3/ نەورۆز
یەكەم ژمارەی لە مانگی نەورۆزی 1959 دەرچوو، خاوەن و لێپرسراوی پارێزەر كەمالی میرزا كەریم شەریف بوو، گۆڤارێكی ئەدەبی و زانیاری و كۆمەڵایەتی كوردی بوو، مانگی جارێك دەردەچوو. بەڵام تەنیا 3 ژمارەی لێ دەرچوو.
4/بڵێسە
یەكەم ژمارەی لە مانگی ئابی 1959 دەرچوو، گۆڤارێكی ئەدەبی و زانیاری و كۆمەڵایەتی بوو، مانگی جارێك لەلایەن نەقابەی مامۆستایانی سلێمانییەوە دەردەچوو، هەتا مانگی مایسی 1960 ،10 ژمارەی لێ دەرچوو بەڵام تەمەنی لە ساڵێك كەمتر بوو.
5/ هیوای كوردستان
یەكەم ژمارەی لە 1959 دەرچووە، گۆڤارێكی وێژەی و كۆمەڵایەتی قوتابیان بووە, مانگی دووجار دەرچووە.نزیكەی ساڵێك بەردەوام بووەو 13 ژمارەی لێ دەرچووە.
6/هونەر
یەكەم ژمارەی 1959 دەرچوو لەلایەن ناوەندی هونەری، ناوەرۆكەكەی نوسراوی كۆمەڵایەتی و هونەری و پەروەردەیی بوو.
7/رۆژی نوێ
یەكەم ژمارەی لە مانگی نیسانی 1960 دەرچوو، گۆڤارێكی رامیاری و وێژەیی و كۆمەڵایەتی بوو، مانگی جارێك دەردەچوو.خاوەنی لێپرسراو پارێزەر جەمال شاڵی بوو، سكرتێری نوسین كامەرانی شاعیر و دەستەی نوسەران موحەرەم محەمەد ئەمین و ئیحسان فواد و عەبدوڵا ئەژدەر و كەریم زەند بوون. هەتا ساڵی 1961 ، 18 ژمارەی لێ دەرچووەو یەكێك بووە لە گۆڤارە دەوڵەمەندەكانی سلێمانی.
8/شەفەق
یەكەم ژمارەی لە 15ی كانوونی دووەمی 1958 دا دەرچووە، لەسەرەتاوە دوو هەفتە جارێك لە كەركوك دەرچووە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی و ناوەكەشی گۆرا بۆ بەیان.
9/رابەر
یەكەم ژمارەی لە مانگی نیسانی 1966 دەرچوو، گۆڤارێكی پەروەردەی ساڵانە بوو، قوتابخانەی مەڵكەندی دووەمی كوڕان دەری دەركرد، سەرنوسەرەكەی مستەفا ساڵح كەریم و دەستەی نوسەرانیش فوئاد محەمەد ئەمین و رەوف ئەحمەد حەسەن بوون و تا 1968 ، 3 ژمارەی لێ دەرچوو.
10/گزنگ
یەكەم ژمارەی لە 5/5/1967 دەرچوو، گۆڤارێكی پەروەردەی ساڵانە بوو قوتابخانەی مەناری كوڕان دەری دەكرد.
11/ سلێمانی
لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە دەردەكرا، یەكەم ژمارەی لە مانگی تەموزی ساڵی 1968دەرچوو، گۆڤارەكە تا مانگی شوباتی 1970،15 ژمارەی لێ دەرچوو.
12/ رزگاری
یەكەم ژمارەی لە 20ی نیسانی 1969 دەرچوو، گۆڤارێكی هەفتانەی گشتی بوو، خاوەنی ئیمتیازی نەوشیروان مستەفا و سەرنوسەر پارێزەر شازاد سائیب بوو. 15 ژمارەی لێ دەرچوو تا 27ی مارتی 1970.
13/دەنگی مامۆستا
یەكەم ژمارەی لە شوباتی 1971 دەرچوو، گۆڤاری ئۆرگانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان/لقی سلێمانی بوو. دروشمی: ئاشتی و زانست و برایەتی بوو. دوا ژمارەی لە 10ی كانوونی دووەمی 1973 دەرچووە.
14/چیا
دەستەیەك خوێندكار دەریان كردووە، ژمارە یەكی لە 48لا پەڕە پێك دێت و پێدەچێت هەر ئەو ژمارەی لێ دەرچوو بێت.
15/ ئەستێرە
یەكەم ژمارەی لە هاوینی 1972 دەرچوو، پاشكۆی رۆژی كوردستان بوو، گۆڤارێكی مانگانەی منداڵان بوو، سەرنوسەرەكەی ساڵح یوسفی بوو.ئەم گۆڤارە لە دوایدا بوو بە هی بەرێوەبەرێتی رۆشنبیری كوردی لە بەغدا.
16/ كاژاو
ژمارە یەكی لە 1984 دەرچووە، بڵاوكراوەیەكی پەروەردەیی بوو قوتابخانەی ناوەندی كاژاوی كوڕان لە سلێمانی بڵاوی دەكردەوە. سەرنوسەرەكەی بەرێوەبەری قوتابخانەكە حەسەن جاف بوو.لەسەر ئەركی عەلی بۆسكانی لە چاپ دراوە.
رۆژنامەو گۆڤاری نهێنی لە سلێمانی
لە پاڵ ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەی بە ئاشكراو بە موڵەتی حكومەتەكانی ئەو كاتە دەرچوون، لەشاری سلێمانی ژمارەیەكی بەرچاو گۆڤار و رۆژنامەی نهێنی دەرچوون، كە زۆربەیان لەلایەن رێكخراو پارتە سیاسییە قەدەغەكراوەكانەوە دەردەچوون. ئەو گۆڤار و رۆژنامانە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە جوڵانەوەی سیاسی سەردەمی خۆیاندا.
1/ گۆڤاری رزگاری
ئەم گۆڤارە پارتی رزگاری كورد لە ساڵی 1945 بە كوردی و عە رەبی دەری دەكرد، لەسەرەتاوە بە رۆنیو چاپ دەكرا و تا ساڵی 1956ی خایاند، دوای ناوەكەی گۆرا بۆ خەباتی كوردستان و بوو بە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان.
2/ دەنگی جوتیاران
گۆڤارێكی نهێنی كوردی بوو، پارتی كۆمۆنیستی عیراق/لقی سلێمانی لە ساڵانی 1945 و 1946دەری كردووە.
3/ رووناكی
كۆمەڵەی نابینایان لە ساڵی 1945 دەری كردووە بەڵام تەمەنی درێژ نەبووە.
4/ دەنگی فەقێ
رۆژنامەیەكی رۆشنبیری مانگانە بوو، یەكێتی قوتابییە ئاینییەكانی سلێمانی لە ساڵی 1945 دەریان دەركرد و تەنیا 5 ژمارەی لێ دەرچووە.
5/ دەنگی داس
حزبی كۆمۆنیستی عیراق/ لقی كوردستان ساڵی 1956 دەری دەكرد.
6/ رۆژنامەی خەبات