بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ده‌قی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان


 

 

 

 

ده‌قی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق

پشت به‌ حوكمی برِگه‌ (1)له‌ مادده‌ی (56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ســـــاڵی (1992) هه‌مواركراو و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردســـــتان- عیراق له‌ دانیشـــــتنی رۆژی (4/7/2006) برِیاری دا ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ دابنێت:
یاسای ژماره‌( 4 )ی ساڵی 2006
(یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان- عیراق)
ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م
حوكمه‌ گشتیه‌كان
به‌شی یه‌كه‌م
پێناسه‌كان
مادده‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ هاتوون ئه‌و واتایانه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌گه‌یه‌نن.
یه‌كه‌م. هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان – عیراق.
دووه‌م. حكومه‌ت: حكومه‌تی هه‌رێم.
سێیه‌م. ئه‌نجومه‌ن: ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان.
چواره‌م. سه‌رۆك: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان.
پێنجه‌م. ده‌سته‌: ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا.
شه‌شه‌م. سه‌رۆكی ده‌سته‌: سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان.
حه‌فته‌م. پرۆژه‌: چالاكیه‌كی ئابووریه‌ یان پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنه‌رییه‌ كه‌كه‌سێكی سروشتی یان یاسایی(مه‌عنه‌وی) دایده‌مه‌زرێنێت له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی ته‌رخانكراو بۆی، به‌ سه‌رمایه‌كی، نیشتمانی، یان بیانی وحوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌و ئه‌و په‌یره‌و و رێنماییانه‌ی به‌ گوێره‌یه‌وه‌ ده‌رچوون, له‌سه‌ریان پیاده‌ ده‌كرێن.
هه‌شته‌م. باج وره‌سمه‌كان: هه‌موو ئه‌و جۆره‌ باج و ره‌سمانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ پێی یاساكانی كارا دیاركراون.
نۆیه‌م. وه‌به‌رهێن: ئه‌وكه‌سه‌ سروشتیه‌ یان یاساییه‌ (مه‌عنه‌وی)یه‌ كه‌ سامانه‌كه‌ی له‌ هه‌رێمدا به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ وه‌به‌ردێنێت، چ نیشتمانی بێت یان بیانی.
ده‌یه‌م. لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان: هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ حكومیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌كه‌ به‌رپرسن له‌و كه‌رته‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ كاروباری پرۆژه‌كه‌.
یازده‌م. سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهاتوو: به‌های خه‌مڵێنراو به‌ دراوی بیانی یان نیشتمانی كه‌ له‌ پروَژه‌كه‌دا وه‌ به‌ر هاتووه‌ .
دوازده‌م. سه‌رمایه‌ی بیانی: ئه‌و سامانه‌ دراویه‌، شتومه‌كه‌ جه‌سته‌ییانه‌، یان مافانه‌یه‌ كه‌ نرخێكی دارایی هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنی بیانی له‌ هه‌رێمدا وه‌به‌ری دێنێت.

به‌شی دووه‌م
بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان
مادده‌ی دووه‌م:
حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ پیاده‌ ده‌كرێن كه‌ ده‌سته‌ له‌ یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌ی خواره‌وه‌ دا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ده‌دات:
یه‌كه‌م. پیشه‌سازییه‌ گۆرِاوه‌كان(التحویلیه‌) وكاره‌با وئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ و پێیانه‌وه‌ به‌ندن.
دووه‌م. كشتوكاڵ به‌هه‌ر دوو لایه‌نیه‌وه‌، رووه‌كی وئاژه‌ڵی، ودارستان وئه‌وخزمه‌تگوزاریانه‌ی پێیانه‌وه‌ به‌ندن.
سێیه‌م. هوتێل وپرۆژه‌كانی گه‌شتیاری وكات به‌سه‌ربردن وشاره‌كانی یاری.
چواره‌م. ته‌ندروستی وژینگه‌
پێنجه‌م. توێژینه‌وه‌كانی زانستی وته‌كنۆلۆژی وته‌كنۆلۆژیای زانیاریه‌كان.
شه‌شه‌م. گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندنی سه‌رده‌م.
حه‌فته‌م. بانكه‌كان وكۆمپانیاكانی دڵنیاكاری (تڕمین) وده‌زگا داراییه‌كانی دیكه‌.
هه‌شته‌م. پرۆژه‌كانی ژێرخانی ئابووری، وه‌ك بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جیكردن ورێگاوبان وهێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر وفرۆكه‌خانه‌ وئاودێری وبه‌نداوه‌كان.
نۆیه‌م. ناوچه‌ ئازاده‌كان وبازاره‌ بازرگانیه‌ سه‌رده‌مییه‌كان و ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ راوێژكاریانه‌ی پێیانه‌وه‌ به‌ندن.
ده‌یه‌م. فێركردن له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا، له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی فێركاری له‌ هه‌رێمدا.
یازده‌م. هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌ هه‌ر كه‌رتێكی دیكه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌ن ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خستنه‌به‌ر حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ی بدات.
به‌شی سێیه‌م
ره‌فتار له‌گه‌ل وه‌به‌رهێنی بیانی
ماده‌ی سێیه‌م:
ره‌فتار له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێن و سه‌رمایه‌ی بیانی وه‌ك وه‌به‌رهێن وسه‌رمایه‌ی نیشتمانی ده‌كرێت ووه‌به‌رهێنی بیانی بۆی هه‌یه‌ هه‌موو سه‌رمایه‌ی ئه‌و پرۆژه‌ی به‌ناو بێت كه‌ به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، له‌ هه‌رێمدا دایده‌مه‌زرێنێت.
به‌شی چواره‌م
ته‌رخانكردنی زه‌وی وزار
مادده‌ی چواره‌م:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت وفه‌رمانگه‌ په‌یوه‌نداره‌كان, ده‌ستنیشانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات كه‌ بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی هه‌ر پارێزگایه‌ك ته‌رخان ده‌كرێن وله‌ ئاینده‌دا به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ داده‌مه‌زرێن و له‌سه‌ر وێنه‌ی تۆماره‌كانیاندا ئاماژه‌ داده‌ندرێت كه‌ ئه‌م شوێنانه‌ تایبه‌تن به‌ مه‌به‌سته‌كانی ده‌سته‌.
دووه‌م. فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌دا ده‌ستنیشانی هه‌ر شتێك ده‌كه‌ن كه‌ پرِوَژه‌ پێویستی بێت له‌ زه‌وی وزاری نێو نه‌خشه‌ی بنه‌رِه‌تی شاره‌كان وده‌ره‌وه‌یاندا وته‌رخانیان ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌ی كری وبانه‌وانی (مساگحه‌)، به‌ نرخێكی هانده‌ر وبه‌پێی ئه‌و رێكسازیانه‌ی ده‌سته‌ دایان ده‌نێت، به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی یاسای كارای فرۆشتن وبه‌كرێدانی سامانه‌كانی میری له‌ هه‌رێمدا.
سێیه‌م. ئه‌نجومه‌ن بوَی هه‌یه‌، له‌ سه‌ر پێشنیاری ده‌سته‌، ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ته‌رخانكراون به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، به‌ نرخێكی هانده‌ر كه‌ ده‌سته‌ پێشنیاری ده‌كات یان به‌خۆرِایی به‌ناویان بكات، به‌ مه‌رجێك سروشت و گرنگیی ئه‌و پرۆژانه‌ وپێویستیه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ كاتی به‌ناوكردندا له‌به‌رچاو بگیرێت. ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی یاسای فرۆشتن و به‌كرێدانی سامانه‌كانی میریی كارا له‌ هه‌رێمدا.
چواره‌م. له‌ فه‌رمانگه‌كانی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ی تایبه‌تمه‌ند، ئاماژه‌ی گلدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ داده‌ندرێت كه‌ بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ته‌رخانكراون، ونابی ئه‌م ئاماژه‌یه‌ لاببردرێت ته‌نها به‌ ره‌زامه‌ندیه‌كی نووسراوی ده‌سته‌ نه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌به‌رهێن هه‌موو پابه‌ندیه‌كانی خۆی جێبه‌جی ده‌كات.
پێنجه‌م. له‌ پێناو هێنانه‌دی ئامانجه‌كانیدا، ده‌سته‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ به‌ناوی خۆی بكات كه‌ موڵكی ده‌وڵه‌تن، وه‌ك موڵكێكی ێرف و به‌بێ پاره‌. هه‌روه‌ها ئه‌و زه‌ویانه‌ش به‌ناوی خۆی بكات كه‌ مافی ره‌فتاركردنیان (حق التێرف)، به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، دوای كوژاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی ره‌فتاركردن له‌سه‌ریاندا وقه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ وگونجاوی خاوه‌نه‌كانیان به‌پێی یاساو په‌یرِه‌و و رێنماییه‌ ره‌چاوكراوه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌.
شه‌شه‌م. وه‌به‌رهێن مافی كرِِین وبه‌كرێ گرتنی ئه‌و زه‌وی وخانوبه‌رانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ پێویستن بۆ دامه‌زراندن و فراوانكردنوو و هه‌مه‌ جۆركردن وپه‌ره‌پێدانی پرۆژه‌كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ و له‌ سنووری ئه‌و رووبه‌ر و ئه‌و ماوه‌ی له‌ رِوَشنایی ئامانجه‌كانی پرۆژه‌كه‌ وپێداویستی راسته‌قینه‌یدا ده‌خه‌ملێنرین، به‌ره‌چاوكردنی حوكمه‌كانی برگه‌ی (3) ی ئه‌م ماده‌یه‌.
حه‌فته‌م. ئه‌و زه‌ویانه‌ی پێویستن بۆ ئه‌و پرِۆژه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌ندرێن جیاده‌كرێنه‌وه‌ له‌ سنووری ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ له‌ رۆشنایی ئامانجه‌كانی پرِۆژه‌كه‌ وپێداویستی رِاسته‌قینه‌ی ده‌خه‌مڵێنرێن به‌ پێی ئه‌و مه‌رجه‌ تایبه‌تیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ دیارده‌كرێن به‌ ده‌ر له‌و حوكمانه‌ی كه‌ له‌م باره‌وه‌ ره‌چاوكراون.
هه‌شته‌م. گۆرِینی شوێنی پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێرباری هه‌مان بنه‌ماو مه‌رجه‌كانی ته‌رخانكردنی شوێنی پرۆژه‌كه‌ كه‌ یه‌كه‌م جار ره‌چاو كراون.
نۆیه‌م. لایه‌نه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌، خزمه‌تگوزاریه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌با و ئاوه‌رِۆو رێگای گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كان و شتی دیكه‌ش بۆ سنووری پرۆژه‌كه‌ فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن به‌ مه‌رجێك برێكی پێویست له‌ بودجه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بكرێت.
ده‌یه‌م. جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ وه‌به‌رهێنی بیانی، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، مافی موڵكدارێتی و به‌كرێگرتنی زه‌وی و ئوتومبێلی به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه‌، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ خانوو به‌ره‌ی نیشته‌جێ كردن وئوَتوَمبێلی به‌رهه‌م نه‌هێن، وئه‌وه‌ی پرِوَژه‌ پێی ده‌وێت بیانكرێت یان به‌كرێیان بگرێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ی، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ له‌سه‌ریدا و به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ بوَ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیار ده‌كرێن.
ده‌روازه‌ی دووه‌م
به‌خشینه‌ كان و پابه‌ندیه‌كان
به‌شی یه‌كه‌م
به‌خشینه‌كانی باج و گومرگ
ماده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م. پرۆژه‌ له‌ هه‌موو و باج ره‌سمه‌ ناگومرگیه‌كان ده‌بوردرێت بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ له‌ رۆژی ده‌ستپێكردنی به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی، یان له‌ رۆژی به‌رهه‌مهێنان به‌ كرده‌نی.
دووه‌م. ئامێرو ده‌زگا و كه‌ره‌سته‌ و مه‌كینه‌ هاورده‌كانی پرۆژه‌ له‌ ره‌سم و باجه‌كان ومه‌رجی مۆڵه‌ت به‌ده‌ستهێنانی هاوردن ده‌بوردرێن، به‌مه‌رجێ له‌ خاڵه‌كانی ده‌ربازبوونی سنووره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ بێنه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌بی له‌ ماوه‌ی (2) دوو ساڵ له‌ رۆژی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی ده‌سته‌ له‌سه‌ر لیسته‌كان، بهێندرێنه‌ ناو هه‌رێم، و ته‌نها بۆ مه‌به‌سته‌كانی پرۆژه‌كه‌ به‌كاربێن. به‌ پێچه‌وانه‌، ئه‌و لێخۆشبوونانه‌ ناگرنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێن ناچار ده‌كرێت باجه‌كه‌ بدات و دووهێنده‌ی باجه‌كه‌ش غه‌رامه‌ی لێوه‌رده‌گیرێت.
سێیه‌م. له‌ ره‌سم و باجی ئه‌و پارچه‌ یه‌ده‌گه‌ هاوردانه‌ی پرۆژه‌كه‌ ده‌بووردرێت به‌ مه‌رجێك به‌هاكه‌یان له‌ (15%)ی به‌های ئامێر و مه‌كینه‌كانپ تر نه‌بێت، ئه‌ویش به‌ برِیارێكی پێشینه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر لیسته‌كانی و چه‌ندایه‌تیان ده‌بێت.
چواره‌م. له‌ ئامێر و ده‌زگا و مه‌كینه‌ و كه‌ره‌سته‌ پێویسته‌كان بۆ فراوانكردنیان په‌ره‌پێدان یان نوێ كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ ده‌بووردرێن.
پێنجه‌م. ره‌سمی گومرگ بوَ ماوه‌ی (5) ساڵ له‌ سه‌ر ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنان هاوردراوون ده‌بووردرێن، به‌ مه‌رجێك جۆر و بره‌كانیان له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ دیار بكرێن، به‌ڵام ده‌بێ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌و كه‌ره‌سته‌ خاوه‌ خۆماڵیانه‌ی له‌ هه‌رێمدا چنگ ده‌كه‌ون و بۆ پرۆژه‌كه‌ به‌كه‌لك دێن له‌لایه‌نی چه‌ندی چۆنیه‌وه‌ به‌كاربێن.
شه‌شه‌م. وه‌به‌رهێن، بۆی هه‌یه‌، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، هه‌موو پێداویستیه‌كانی پرۆژه‌كه‌ هاورده‌ بكات، وه‌ك ئامێر و مه‌كینه‌ و ده‌زگا و كه‌ره‌سته‌، ئه‌و هاوردانه‌ش له‌ هه‌موو باجی خاڵه‌كانی گومرگی سنووری هه‌رێم ده‌به‌خشرێن، به‌ مه‌رجێك ته‌نیا بۆ مه‌به‌سته‌كانی پرۆژه‌كه‌ به‌كاربێن.
به‌شی دووه‌م
به‌خشینه‌ كانی سه‌ربار
مادده‌ی شه‌شه‌م:
یه‌كه‌م: به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گشتی له‌ هه‌رێمدا ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ هاندان و ئاسانكاری زیاتر بۆ ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ی رێپێدراوون به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، پێشكه‌ش بكات كه‌ یه‌ك له‌م دوو ئاكاره‌یان تێدا به‌دی بكرێت به‌پێی ئه‌و رێكسازیانه‌ی ده‌سته‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دایان ده‌نێت:
ڕ) ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ ناوچه‌ كه‌م په‌ره‌سه‌ندووه‌كاندا داده‌ندرێن.
ب)ئه‌و پرۆژانه‌ی به‌ هاوبه‌شیی وه‌به‌رهێنی بیانی و نیشتمانی داده‌مه‌زرێن.
دووه‌م: ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ به‌خشینی سه‌ربار بدات له‌ ره‌سمی شته‌ كرِاوه‌كانی وه‌ك كه‌لوپه‌ل و رایه‌خ و پێداویستیه‌كانی به‌ سه‌رده‌م كردن و نوێ كردنه‌وه‌ هه‌ر(3) ساڵ جارێك به‌و پرۆژه‌ وه‌به‌رهێنه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ داده‌مه‌زرێن، به‌پێی سروشتیان و به‌تایبه‌تی پرۆژه‌كانی هۆتێل و نه‌خۆشخانه‌ و شاره‌ گه‌شتوگوزارییه‌كان و زانكۆ و قوتابخانه‌كان، به‌مه‌رجێك ته‌نها بۆ پرۆژه‌كه‌ به‌كار بێن و له‌ماوه‌ی ساڵێك له‌رۆژی ده‌رچوونی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی ده‌سته‌ له‌سه‌ر لیسته‌كانی شته‌ كرِاوه‌كان و چه‌ندێتیان بهێندرێنه‌وه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌.
به‌شی سێیه‌م
گره‌نتیه‌ یاساییه‌كان
مادده‌ی حه‌فته‌م:
یه‌كه‌م. وه‌به‌رهێن بۆی هه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ی وه‌به‌رهێنانی دڵنیا (تڕمین) بكات له‌لایه‌ن هه‌ر كۆمپانیایه‌كی دڵنیاكاری كه‌ به‌گونجاو ده‌زانێت، بیانی یان نیشتمانی، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و كارانه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات دڵنیای بكات.
دووه‌م. وه‌به‌رهێن بۆی هه‌یه‌ كار به‌كریكاری خۆجێی و بیانی پێویست بۆ پرۆژه‌كه‌ بكات له‌ گه‌ڵ پێشخستنی كرێكاری خۆماڵی له‌ كارپێكردندا، به‌پێی یاساكانی كارا له‌هه‌رێمدا.
سێیه‌م. وه‌به‌رهێنی بیانی بۆی هه‌یه‌ سوود و قازانجی سه‌رمایه‌كه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ بنێرێت به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌.
چواره‌م. كرێكاره‌ ناعیراقییه‌كانی پرۆژه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن بۆیان هه‌یه‌ پاره‌ و كرێیه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ بكه‌ن.
پێنجه‌م. وه‌به‌رهێنی بیانی بۆی هه‌یه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌كاتی پاكتاوكردنی پرۆژه‌كه‌ی یان ره‌فتاركردنی له‌سه‌ریدا به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی یاسا و رێكاره‌كانی گومرگی و باجیی كارا له‌ هه‌رێمدا ناكۆك نه‌بێت.
شه‌شه‌م. وه‌به‌رهێنی بیانی بۆی هه‌یه‌ پرۆژه‌ وه‌به‌رهێنه‌كه‌ی بخاته‌ سه‌ر ناوی وه‌به‌رهێنێكی دیكه‌ی بیانی یان وه‌به‌رهێنێكی نیشتمانی. یان له‌ به‌شی خۆی له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌رچێت بۆ هاوبه‌شه‌كه‌ی، به‌ره‌زامه‌ندیی ده‌سته‌. وه‌به‌رهێنی نوێ جێگه‌ی وه‌به‌رهێنی كۆن ده‌گرێته‌وه‌ له‌و ماف وپابه‌ندیانه‌ی له‌ پرۆژه‌كه‌ دا كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.
حه‌فته‌م. وه‌به‌رهێن بۆی هه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه‌ رێپێدراوه‌كه‌ی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، حیسابێك به‌ دراوی نیشتمانی، بیانی یان به‌ هه‌ردووكیان له‌ یه‌كێك له‌ بانقه‌كانی هه‌رێم یان له‌ ده‌ره‌وه‌ بكاته‌وه‌.
هه‌شته‌م. وێرای له‌به‌رچاوگرتنی یاساكانی كارا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی كۆمپانیاكانی هاوكاری، ئه‌و پرۆژانه‌ی به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ تۆماركراون و شێوه‌ یاساییه‌كه‌یان هه‌ر چوَنێك بێت به‌ پرۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت داده‌ندرێن، سروشتی یاسایی ئه‌و سامانانه‌ی تێیاندا پشكداری كراوه‌ هه‌ر چوَنێك بێت.
نۆیه‌م. به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌، وه‌به‌رهێن مافی هه‌یه‌ نهێنی زانیارییه‌ هونه‌ری و ئابووریه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ی پارێزگاری لێبكرێت وده‌ست پێشخه‌ریه‌ وه‌به‌رهینه‌ریه‌كانی بپارێزرێت، ئه‌مه‌ش به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسا و رێسا و رێنماییانه‌ی له‌ هه‌رێمدا كاران. هه‌ر كه‌سێك زانیاریه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپیشخه‌ریه‌كانی به‌رهه‌مهێنی ولایه‌نه‌ هونه‌ری و ئابووری و داراییه‌كانی پرۆژه‌كه‌ی بڵاو بكاته‌وه‌ كه‌ به‌حوكمی فه‌رمانه‌كه‌ی به‌ده‌ستی كه‌وتوون، به‌ پێی یاسا سزا ده‌درێت.
به‌شی چواره‌م
پابه‌ندییه‌كانی وه‌به‌رهێن
ماده‌ی هه‌شته‌م:
ده‌بێ وه‌به‌رهێن به‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پابه‌ند بێت:
یه‌كه‌م. پێناسه‌ی بواری وه‌به‌رهێنانی خۆی بكات سه‌باره‌ت به‌و پرۆژانه‌ی پێشتر ئه‌نجامی داوون و باری دارایی و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی جێبه‌جێی كردوون ده‌ست نیشان بكات.
دووه‌م. ده‌سته‌، به‌ ته‌واوبوونی پرِوَژه‌كه‌ و ده‌ستكردن به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی یان به‌رهه‌مهێنانی راسته‌قینه‌ی، ئاگادار بكاته‌وه‌.
سێیه‌م. ئاسانكاری پێویست بۆ فه‌رمانبه‌رانی تایبه‌تمه‌ندی ده‌سته‌ دابین بكات، سه‌باره‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ست خستنی زانیاری پێویست ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كانی پرِوَژه‌ بۆ مه‌به‌سته‌كانی ده‌سته‌.
چواره‌م. تۆماری تایبه‌تی ئه‌و كه‌رسته‌ هاوردانه‌ی پرۆژه‌كه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ له‌ ره‌سمی گومرگ به‌خشراون.
پێنجه‌م. پاكی ژینگه‌ و ئاسایش و ته‌ندروستی گشتی بپارێزێت وپابه‌ندبێت به‌ سیسته‌می پێوانه‌ و كۆنترِۆلكردنی چۆنایه‌تی به‌پێی پێوه‌ره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
شه‌شه‌م. مه‌شق به‌كریكاری خوجێی پرۆژه‌كه‌ بكات ورایان بهێنێت.
به‌شی پێنجه‌م
رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌ كاتی سه‌رپێچی كردنی وه‌به‌رهێنه‌ر
مادده‌ی نۆیه‌م:
یه‌كه‌م. له‌ كاتی سه‌رپێچی كردنی وه‌به‌رهێن له‌ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، یان له‌ یه‌كێك له‌ برِگه‌كانی گرێبه‌ستی مۆركراو له‌ نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كاندا، ده‌سته‌ سه‌رپێچیكار ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و داوای لێده‌كات یه‌كسه‌ر ئه‌و چالاكیه‌ی بۆته‌ هۆی سه‌رپێچیه‌كه‌ بوه‌ستێنێت و ماوه‌یه‌كی گونجاوی بۆ دیاری ده‌كات كه‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ سروشتی سه‌رپێچیه‌كه‌ بۆ لادان ونه‌هێشتنی شوێنه‌واره‌كانی.
دووه‌م. له‌ حاڵه‌تێكدا وه‌به‌رهێن پێیداگرت له‌سه‌ر رانه‌گرتنی سه‌رپێچیه‌كه‌ ولانه‌بردنی شوێنه‌واره‌كانی به‌پێی حوكمه‌كانی برِگه‌(1)ی سه‌ره‌وه‌، ده‌سته‌، زه‌ویه‌كه‌ی لێ ده‌سێنێته‌وه‌، و ئه‌و بینایانه‌ی له‌سه‌ریشی دروست كراوون، ئه‌گه‌ر هه‌بن، به‌ناوی خۆی تۆماریان ده‌كات به‌ نرخی كه‌ره‌سته‌كان به‌ هه‌ڵكه‌ندراوی، به‌پێی یاسا. ئه‌و به‌هایه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی وه‌به‌رهێنی نوی كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، ئه‌و زه‌ویه‌ی بۆ ته‌رخان ده‌كری بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بكات. سه‌رپێچیكاریش به‌رپرسه‌ له‌هه‌ر زه‌ره‌رو زیانێك كه‌ له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جی نه‌كردنی پابه‌ندییه‌كانی بێنه‌ ئاراوه‌.
سێیه‌م. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن پرۆژه‌كه‌، به‌بێ ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ هه‌موو ئه‌و زه‌ویه‌ی بۆ پرۆژه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌، یان به‌شێكی له‌ ژێره‌وه‌ به‌كریدا، یان به‌كاری هێنا بۆ مه‌به‌ستێكی دی له‌ پرۆژه‌كه‌دا، زه‌ویه‌كه‌ی یان ئه‌و به‌شه‌ی به‌كرێی داوه‌ یان ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی به‌كار هێناوه‌ لێ ده‌سه‌ندرێته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ خاوه‌ن پرِۆژه‌ ده‌بی دوو هێنده‌ی كرێی هاوتا (ڕجر مپل) بدات له‌ برِی به‌كرێدانی زه‌ویه‌كه‌ یان به‌كارهێنانی بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی پرۆژه‌كه‌. ئه‌و پارانه‌ش به‌پێی حوكمه‌كانی یاسای وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی كارا له‌ هه‌رێمدا وه‌رده‌گیرێته‌وه‌. له‌ حاڵه‌تی لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌موو زه‌ویه‌كه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنی سه‌رپێچیكار به‌پێی حوكمه‌كانی برِگه‌(2)ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێ، سه‌باره‌ت به‌و بینایانه‌ی كه‌ له‌ كاتی لێوه‌رگرتنیه‌وه‌ له‌سه‌ری دروست كراون.
ده‌روازه‌ی سێیه‌م
پێكهاته‌ وه‌به‌رهێنه‌ریه‌كان
به‌شی یه‌كه‌م
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی
مادده‌ی ده‌یه‌م:
یه‌كه‌م. ده‌سته‌یه‌ك داده‌مه‌زرێت به‌ناوی (ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان) و كه‌سایه‌تیه‌كی یاسایی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێرِی ده‌بێ، و بۆی هه‌یه‌ هه‌موو ره‌فتاره‌ یاساییه‌كانی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌نجام بدات.
دووه‌م. ده‌سته‌، سه‌رۆكێكی ده‌بێت به‌ پله‌ی وه‌زیر وگشت ماف و ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌زیری ده‌بێت و خۆی به‌رپرسه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی كاره‌كان و سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی چالاكیه‌كانی و هه‌رشتێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌رك و فه‌رمانه‌كان و كاروباره‌كانی دیكه‌ی ده‌سته‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی خواره‌وه‌شی پێوه‌ به‌ندن:
ڕ) فه‌رمانگه‌ی لێتۆژینه‌وه‌ وزانیاریه‌كان،
ب) فه‌رمانگه‌ی به‌رِِێكردن وهه‌ڵسه‌نگاندن و مۆڵه‌تپێدانی پرۆژه‌كان
ج) فه‌رمانگه‌ی كاروباری یاسایی وكارگێری ودارایی
د) فه‌رمانگه‌ی شارو ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌كان.
سێیه‌م. باره‌گای ده‌سته‌ له‌ هه‌ولێر، پایته‌ختی هه‌رێم ده‌بێت وچه‌ند لقێكی له‌ پارێزگایه‌كان ده‌بێت و هه‌ر لقێك فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی به‌رێوه‌ی ده‌بات.
چواره‌م. ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی پێویست، چه‌ند به‌ش و هۆبه‌یه‌ك بێنێته‌ كایه‌وه‌ ولێكیان بدات، یان لایان بدات.
پێنجه‌م. پێكهاته‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ده‌سته‌ و لقه‌كانی و ئه‌رك و فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌ پێره‌وك ده‌كرێت كه‌ ده‌سته‌ دایده‌نێت و ئه‌نجومه‌ن په‌سه‌ندی ده‌كات.
شه‌شه‌م. ده‌سته‌ كه‌شی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌ره‌خسێنێت كه‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری له‌ هه‌رێمدا بێنێته‌دی و ستراتیژی وپلان وسیاسه‌تی وه‌به‌رهێنان ئاماده‌ ده‌كات وده‌یخاته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن بۆ په‌سه‌ند كردنی وهه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان لقه‌كانی له‌ هه‌رێمدا ده‌كات.
ماده‌ی یازده‌م:
مه‌رجه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ وبه‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌كاندا داده‌مه‌زرێت:
یه‌كه‌م. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌، خاوه‌ن بروانامه‌یه‌كی زانكۆیی سه‌ره‌تایی بێت كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌و فه‌رمانه‌ی لێی داده‌مه‌زرێت,
دووه‌م. شاره‌زا بێت وكاری كردبێت له‌ بواری پسپۆریه‌كه‌یدا بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ، به‌لای كه‌مه‌وه‌.
ماده‌ی دوازده‌م:
ده‌بێ گشت وه‌زاره‌ت و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له‌ هه‌رێمدا پابه‌ندبن به‌و برِیارانه‌ی تایبه‌تن به‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م یاسایه‌ وله‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌رده‌چن.
مادده‌ی سیازده‌م:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ بۆی هه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌سانی سروشتی و یاسایی(مه‌عنه‌وی) ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم مۆر بكات بۆ راپه‌رِاندنی ئه‌و ئه‌ركوفه‌رمانانه‌ی پێیان ده‌سپێرێت بۆ هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی ده‌سته‌. ماف و ئه‌ركه‌كانیشیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌سته‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن.
به‌شی دووه‌م
ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنانِ
مادده‌ی چوارده‌م:
یه‌كه‌م. ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا پێكدێت له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك سه‌رۆك وجێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ جێگری و له‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونی جێی ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ ئه‌ندامێتی وه‌زیرانی: دارایی وئابووری و بازرگانی و شاره‌وانی وپلاندانان وكشتوكاڵ وپیشه‌سازی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان.
دووه‌م.
1) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ داوا له‌ وه‌زیرێكی دیكه‌ بكات كه‌ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن بكات كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌.
2) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ داوای ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری كه‌رتی تایبه‌تی په‌یوه‌نددار به‌ پرۆژه‌كه‌ بكات
3) ئه‌نجومه‌ن پێره‌وی ناوخۆی داده‌نێت، سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن و ده‌ركردنی برِیاره‌كان تیایدا.
سێیه‌م. ئه‌نجومه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ پیاده‌ ده‌كات:
1) دانانی ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتیژیانه‌ی په‌یوه‌نددارن به‌ وه‌به‌رهێنان و ده‌سته‌ پێشنیاریان ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گشتی هه‌رێم.
2) په‌سه‌ندكردنی پلان و به‌رنامه‌ی چالاكی ده‌سته‌ له‌ چوارچێوه‌ی پلانی گشتی هه‌رێمدا.
3) تێرِوانینی ئه‌و راپۆرته‌ خوله‌ییانه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌باره‌ت به‌ راپه‌رِاندنی كار له‌ده‌سته‌دا پێشكه‌شی ده‌كات و ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ باروكه‌شی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا و چی پێویسته‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ بكرێت.
4) تێرِوانینی پێگه‌ی دارایی ده‌سته‌ وپه‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی بودجه‌ی ساڵانه‌ی.
5) په‌سه‌ندكردنی گرێبه‌ستی ئه‌و قه‌رز و ئاسانكاریه‌ ده‌سته‌به‌ریانه‌ی پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ ده‌كرێن به‌ده‌سته‌به‌ری حكومه‌ت و بانكه‌كان و ده‌زگا داراییه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌ پێی ئه‌و رێكار و سیسته‌مانه‌ی داندراون. به‌مه‌رجێ مه‌به‌سته‌كانیان ته‌نها بۆ دارایی كردنی ئه‌و چالاكیانه‌ بێت كه‌ده‌سته‌ له‌ سنوری تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیدا ئه‌نجامیان ده‌دات.
6) دانانی سیسته‌مێك بۆ چاودێری و به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی دێنه‌ رِێیان تێبگه‌ن وكاربكه‌ن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ریاندا.
7) په‌سه‌ند كردنی پێرِه‌وی ناوخۆی ده‌سته‌.
به‌شی سێیه‌م
بودجه‌ی ده‌سته‌
ماده‌ی پازده‌م:
ده‌سته‌ بودجه‌یه‌كی هه‌یه‌ له‌ نێو بودجه‌ی گشتی هه‌رێمدا.
ده‌روازه‌ی چواره‌م
مۆڵه‌تپێدانی پرِۆژه‌كان وناوبژیوانی
به‌شی یه‌كه‌م
رێكاره‌كانی مۆڵه‌ت پێدانی پرۆژه‌كان
ماده‌ی حه‌ڤده‌م:
یه‌كه‌م: له‌ پێناوی سوودوه‌رگرتن له‌و به‌خشین وتایبه‌تكاریانه‌ی (امتیازات) له‌م یاسایه‌ داهاتوون، پێویسته‌ وه‌به‌رهێن مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی پرۆژه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ به‌ده‌ست بێنێت.
دووه‌م: ده‌سته‌، له‌سه‌ر داوای وه‌به‌رهێن، مۆڵه‌ت به‌ دامه‌زراندنی پرۆژه‌ ده‌دات، به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوون. پێویسته‌ ده‌سته‌ش له‌میانه‌ی(30)رۆژ له‌ رۆژی ته‌واوكردنی پێداویستی و مه‌رجه‌كانی هونه‌ری و یاسایی و ئابووری، به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌، بریار له‌باره‌یه‌وه‌ بدات، وێرِای له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و رێكسازی وپێوه‌رانه‌ی ده‌سته‌ دایان ده‌نێ.
سێیه‌م:ده‌بێ ده‌سته‌ راو بۆچوونی لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان وه‌ربگرێت سه‌باره‌ت به‌كه‌ڵك وسوودی ده‌ركردنی مۆڵه‌تی دامه‌زراندنه‌كه‌ و ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ش رای خۆیان ده‌ربرِن به‌رِه‌زامه‌ندی، ره‌تكردنه‌وه‌ی، یان هه‌مواركردنی له‌ماوه‌یه‌ك له‌ (30)رۆژ تێپه‌ر ِنه‌كات له‌ رۆژی ره‌وانه‌كردنی داواكه‌یه‌وه‌ بۆی له‌لایه‌ن ده‌سته‌وه‌.وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه‌ش به‌رِه‌زامه‌ندی داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر ره‌تی كرده‌وه‌ ده‌بێ برِیاره‌كه‌ی پاساوی هه‌بێت.
چواره‌م: ئه‌گه‌ر داوای دامه‌زراندنه‌كه‌ ره‌ت كرایه‌وه‌، داواكار بۆی هه‌یه‌ ره‌خنه‌ بگرێت له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن له‌ماوه‌ی (15) رۆژدا له‌ رۆژی پێرِاگه‌یاندنیه‌وه‌ به‌ برِیاری ره‌ت كردنه‌وه‌كه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نیش له‌ماوه‌ی (3) رۆژدا برِیار له‌سه‌ر ره‌خنه‌كه‌ ده‌دات وبرِیاره‌كه‌شی له‌م باره‌یه‌وه‌ كۆتاییه‌.
به‌شی دووه‌م
ناوبژیوانی
ماده‌ی هه‌ژده‌م:
كێشه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌پێی گرێبه‌ستی مۆركراو له‌ نێوان هه‌ردوو لادا یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ش هیچ برگه‌یه‌كی وا نه‌بوو ئه‌وا به‌ رێگه‌یه‌كی دۆستانه‌ و به‌ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو لایه‌ن چاره‌سه‌رده‌كرێن، له‌ حاڵه‌تێكدا رِه‌زامه‌ندی هه‌ردوو لایه‌ن به‌ده‌ست نه‌هات، هه‌ردوو لا بۆیان هه‌یه‌ هانا به‌رن بۆ ئه‌و ناوبژیوانیه‌ی كه‌ حوكمه‌كانی له‌ یاسا ره‌چاوكراوه‌كانی هه‌رێمدا دیاركراوون، یان به‌پێی حوكمه‌كانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی هه‌ر رێككه‌وتنامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، یان دووقۆڵی كه‌ عیراق لایه‌نێك بێت تیایاندا.
به‌شی سێیه‌م
حوكمه‌ كۆتاییه‌كان
مادده‌ی نۆزده‌م:
نابێ وه‌به‌رهێن ئه‌و زه‌ویانه‌ به‌ناو بكات كه‌ نه‌وت و غاز یان هه‌ر سامانێكی كانزایی به‌نرخ یان سه‌نگینی تیابێت.
مادده‌ی بیسته‌م:
ده‌بێ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی هاوكاریی ئه‌نجام ده‌دات ده‌سته‌به‌ری پێویست پێشكه‌ش بكات بۆ پارێزگاری له‌سامانی هاوكاره‌كان و ده‌بێ ده‌سته‌ رێكاری دڵنیاكاری و بانكه‌وانی پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی.
مادده‌ی بیست ویه‌كه‌م:
ژمێركاری ده‌سته‌ له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری داراییه‌وه‌ وردكاری ده‌كرێت.
مادده‌ی بیست ودووه‌م:
ئه‌وحاڵه‌تانه‌ی ده‌قێكی ئه‌م یاسایه‌ نایانگرێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ئه‌و رێسا گشتیانه‌ی له‌ یاساكانی دیكه‌ی په‌یوه‌نداردا هاتوون، به‌ مه‌رجێك حوكمه‌كانی له‌گه‌ڵ حوكمی ئه‌م یاسایه‌دا پێچه‌وانه‌ نه‌بن. له‌كاتی ناكۆكی له‌ نێوانیاندا، حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ ده‌كرێن.
مادده‌ی بیست وسێیه‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن بۆی هه‌یه‌ رێنماییه‌كانی پێویست ده‌ربكات بۆ ئاسانكردنی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م یاسایه‌.
مادده‌ی بیست و چواره‌م:
ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ولایه‌نه‌كانی په‌یوه‌نددار حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
ماده‌ی بیست وپێنجه‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی ده‌ركردنیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت وله‌ رۆژنامه‌ فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان) بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.


عه‌دنان ره‌شاد موفتی
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
كوردستان - عیراق

هۆی ده‌ركردنی یاساكه‌
به‌ ئامانجی دروستكردنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی هانده‌ر بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق ولابردنی كۆسپه‌كانی یاسایی له‌ به‌رده‌میدا وماوه‌دان بۆ كارپێكردنی سه‌رمایه‌ی نیشتمانی و بیانی به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ ته‌نها له‌ پرِۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، به‌و شێوه‌یه‌ی هاوكارییه‌كی كاریگه‌ر له‌ پرۆسه‌ی بوژانه‌وه‌ی ئابووری بكات وبۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری و پشتگیری هانده‌ر بدرێ و له‌ هه‌ندێ باجی سه‌رمایه‌كانی وه‌به‌رهێنراو ببوردرێت وله‌ پێناو هێنانه‌كایه‌ی ده‌سته‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌تمه‌ند بۆ رێكخستنی لایه‌نه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كانی پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا ئه‌م یاسایه‌ داندرا.

 

 

 

 


هه‌واڵی زیاتر