قەرەداغ یەكێكە لە قەزاكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە، گرنگییەكی زۆری بۆ پارێزگاكە هەیە، بە تایبەت كە لە چەندین رووەوە سوودی زۆر بە سلێمانی و هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
لەڕووی جوگرافیاوە
قەزای قەرەداغ دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی و نزیكەی (45) كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاكەوە دوورە، دەكەوێتە نێوان دوو زنجیرە چیا، یەكەمیان شاخی گڵەزەردە كە لە ناوچەی بازیان و تاسڵوجەوە دەست پێدەكات و لە نزیك شاخی بەمۆ كۆتایی پێدێت، زنجیرە چیای دووەمیش شاخی قۆپییەكانی قەرەداغە و كەوتووەتە ڕۆژئاوای ناوچەی قەرەداغ، لە دوای بازیان دەست پێدەكات هەتا دەگاتە شاخی گوڵان لە ناوچەی دەربەندیخان، بۆیە ئەو زەوییانەی كەوتوونەتە نێوان ئەو دوو زنجیرە شاخە، قەزای قەرەداغیان پێكهێناوە.
مێژووی قەرەداغ
قەزای قەرەداغ، مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی (1663)ی زایینی، كە ماوەی فەرمانڕەواییی بابانییەكان دەكات و لەو كاتەدا موفتی و قازیی شەرعییان بۆ داناوە و هەر بە قەزا ماوەتەوە، تا ساڵی (1925) كە ویلایەتی موسڵ و كوردستانی باشوور خرایە سەر عێراق، قەرەداغ لە ڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای سلێمانی، قەزای قەرەداغ بە فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (423 نهێنی) لە (6/3/2007) كراوە بە قەزا و یەكەمجار ( عزیز مینە صۆفی) قائیمقامی قەزاكە بووە بەوەكالەت .
ناوی قەرەداغ لە چییەوە هاتووە
قەرەداغ لە دوو وشەی لێكدراو پێكدێت ( قەرە: واتە ڕەش) و ( داغ: واتە شاخ)، كە وشەیەكی توركییە و بە مانای شاخی ڕەش دێت، بەڵام لە كۆندا ناوی (زەردی ئاوا) بووە، واتە زەردی بەگ ئاوەدانی كردۆتەوە، كە پیاوێكی مێژووی چەرخی میلادە و پیاوێكی لێهاتوو دادپەروەر بووە و تەمەنی (147) ساڵ بووە و (36) كوڕی هەبووە.
دواتر بەهۆی داگیركاریی دەوڵەتی عوسمانی، قەزای قەرەداغ دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و ناوەكەی لە زەردی ئاواوە دەگۆڕێت بۆ قەرەداغ و تا ئێستاش هەر بەو ناوەوە ماوەتەوە.
لە ڕووی كارگێڕییەوە
قەزای قەرەداغ پێكدێت لە ناوەندی قەزا و یەك ناحیەی لەسەرە ئەویش ناحیەی (سێوسێنان)ە، هەروەها (22) فەرمانگەی حكومیی تێدایە و ژمارەی گوندەكانی (84) گوندن، كە (63) گوندیان سەر بە ناوەندی قەزاكەن و (21) گوندیشیان سەر بە ئیدارەی ناحیەی سێوسێنانن، قەزای قەرەداغ سەر بەپارێزگای سلێمانییە.
ژمارەی دانیشتوانی قەزای قەرەداغ (10937) كەسە، قەزای قەرەداغ لە كۆندا ڕێگای بازرگانیی نێوان بەغداد و ئێران بووە، لە ڕێگاكانی گڵەزەردە و سەرگرمەوە كە كاروانەكان بەوێدا تێدەپەڕین و خێڵەكان گەرمیان و كوێستانیان تێدا دەكرد و ئاڵوگۆڕی كاڵا و شتومەكەكانیان دەكرد، بۆیە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا نیشتەجێ بوو، بەڵام بەهۆی زۆر هۆكارەوە وەك نەخۆشیی و كۆچ بۆ شارەكان و زۆر هۆكاری تر، ژمارەی دانیشتوان كەمی كردووە، قەرەداغ شارۆچكەیەكی بچوك و جیهانێكی گەورە بووە لە پێكەوەژیانی ئایینە جیاجیاكان، دانیشتوانەكەی بریتی بوون لە (مسوڵمان و جولەكە و كەمێك كریستیان).
قەزای قەرەداغ لە ڕووی شۆڕش و قوربانیدانەوە پشكی شێری بەركەوتووە، هەربۆیە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە كراوەتە ئامانج و دیارترینیان كیمیابارانكردنی ناحیەی سێوسێنانە بە چەكی كیمیایی، كە بووە هۆی شەهیدكردنی نزیكەی (70) كەس لە دانیشتوانی ناحیەكە، هەروەها خاوەنی نزیكەی (60) ئەنفالكراوە لە تاوانی بەدناوی ئەنفالدا.