بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

به‌رپرسی نوسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی پارێزگاری سلێمانی كرد


كلارێسا پاستۆری به‌رپرسی نوسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ردانی پارێزگاری سلێمانی كرد، وێڕای پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌ن و پارێزگای سلێمانی به‌ گرنگیه‌وه‌ باسی له‌و هه‌نگاوه‌ كرد.

سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت ئاماژه‌ی به‌ دۆخی خراپی ژیانی هاوڵاتیان و كێشه‌كانی پارێزگاكه‌ كرد،هاوكات ئاماژه‌ی به‌ ژیانی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی كرد كه‌ ژماره‌یان 400 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركه‌كانی زیاتر كردوون .

لای خۆیه‌وه‌ خاتوو كلارێسا سوپاسی پارێزگاری سلێمانی كرد بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا كه‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی تێكه‌تووه‌،ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ی به‌ ئه‌ركێكی گرنگ و دژوار وه‌صف كرد.هیوای خواست كه‌ ده‌رگای گفتوگۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم بكرێته‌وه‌ به‌ ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن تا یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد.

سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سنوره‌كانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا پارێزراوبن له‌ شه‌پۆلی كۆچبه‌ران پێویسته‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوكاریه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ن.

نوسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ 23/8/2015 له‌ شاری هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌،تا ئێستا به‌ به‌های زیاتر له‌ 45 ملیۆن دۆلار هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كردوه‌،كاره‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدان و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و مافی مرۆڤ و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی وشه‌ڕی دژه‌ تیرۆره‌.

 


هه‌واڵی زیاتر