بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

مزگەوتی گەورەی سلێمانی


مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی یەكێكە لە دێرینترین مزگەوت ‌و شوێنە ئایینییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی ‌و مێژووی دروستكردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنیاتنانی شاری سلێمانی، دەكەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە ‌و رۆژانی هەینی وتاری تێدا دەخوێنرێت، شوێنی كۆبوونەوەی زانایانی ئایینی ‌و نوێژخوێنان ‌و خەڵكی ئایینپەروەرە، بە هۆی ئەوەی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ دەكەوێتە ناو مزگەوتەكە رۆژانە سەدان ‌و هەزاران كەس لە ناو شار ‌و دەرەوەی شار ‌و ناوچەكانی دیكەی كوردستان ‌و عێراق ‌و دەرەوە سەردانی دەكەن، بێجگە لەوەش بە بەردەوامی مەراسیمی ئایینی ‌و كۆڕی زیكر لەخۆ دەگرێت، شوێنێكی تایبەتی هەیە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی ‌و فێرخوازان ‌و رۆژانەش چەند ژەمێك خواردنی وەكو كاری خێرخوازی تێدا دروست دەكرێت ‌و دەدرێت بە كەسانی هەژار ‌و كەمدەرامەت ‌و میوان ‌و سەردانیكارانی مزگەوت ‌و مەرقەدەكە، مزگەوتی گەورە بێجگە لە مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ گۆڕی چەند میرێكی بابان ‌و بنەماڵەكانیان ‌و كەسایەتییەكی دیكەی تێدایە بۆیە وەكو شوێنەوارێكی مێژوویی ‌و ئایینیی  گرنگ لە قەڵەم دەدرێت لەسەر ئاستی كوردستان.
ئەم زانیارییانەی خوارەوە لە چەند سەرچاوەیەكی مێژوویی وەرگیراون ‌و هاوكات بۆ دەستخستنی چەند زانیارییەكی دیكەش سوود لە زانیارییەكانی بەڕێز شێخ سالاری حەفید وەرگیراوە، كە ئێستا سەرپەرشتیاریی مەرقەدی كاك ئەحمەدی شێخ ‌و مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانییە.

دروستبوونی مزگەوتی گەورە
مێژووی دروستبوونی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی شارەكە لە سەردەمی میرنشینی بابان، كە پایتەختەكەی قەڵاچوالان بووە و دواتر بیریان لەوە كردووەتەوە لەبەر چەند هۆكارێك شارەكە بگوازنەوە بۆ شوێنێكی دیكە، لە سەردەمی ئیبراهیم پاشای باباندا شوێنی ئێستای سلێمانییان بە باش زانیوەو وەستا و كەسانی شارەزایان لە ئێرانەوە هێناوە بۆ دروستكردنی بینا و دامەزراوەكان شوێنە ئایینی و كارگێڕییەكان، مزگەوتی گەورەش یەكێك بووە لە شوێنە ئایینییەكان و ساڵی 1785 مزگەوتی گەورە بنیات نراوە، مزگەوتی گەورە لە سەردەمی شێخ مارفی نۆدێدا دروست كراوە، كە ئەو كات شێخ مارف بەرپرسی قوتابخانەی غەزایی بووە لە قەڵاچوالان و قوتابخانەكەشی هێناوەتە ناو مزگەوتی گەورەوە.

 

 

روبەر ‌و بەشەكانی مزگەوتی گەورە
رووبەری مزگەوتی گەورە (7000) حەوت هەزار مەتر چوارگۆشەیە، چەند بەشێكی تێدایە لەوانە (قوتابخانەكەی شێخ مارفی نۆدێ‌ كە تا ئێستا بەردەوامە لە خزمەتكردنی فەقێ‌ ‌و فێرخوازانی ئایینی، بەشێكی مزگەوتەكەش تایبەتە بە نابیناكان، بەشێكی دیكەش تایبەتە بە خواردنگە و خواردن بۆ كەسانی هەژار و كەمدەرامەت بەبێ بەرامبەر دابین دەكرێت، رۆژانە نزیكەی 500 بۆ 600 كەس لە خواردنگەی ناو مزگەوتی گەورە نان دەخۆن، ئەمە لە ڕۆژانی ئاساییدا، بەڵام رۆژانی هەینی ئەو ژمارەیە بۆ 1000 كەس یان زیاتر بەرز دەبێتەوە، لە مانگی رەمەزانیشدا ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە 3000 كەس رۆژانە زیاد دەكات).
بەشێكی دیكەی ناو مزگەوتی گەورە تایبەتە بە مەزار (مەرقەد)ی كاك ئەحمەدی شێخ، ئەو ژوورەی ئێستا گۆڕی كاك ئەحمەدی شێخی لێیە، كاتی خۆی ژووری خۆی بووە و لەوێ دانیشتووە و كاروبارەكانی رۆژانەی ئەنجام داوە، پێش مردنیشی وەسێتی كردووە هەر لەوێدا بینێژن و لەسەر وەسیەتی خۆی لەوێ نێژراوە، رۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش خەڵكانێك زۆر سەردانی مەزارەكە دەكەن.

 

مەرقەدی كاك ئەحمەدی شێخ

 

هەندێك زانیاریی لە بارەی كاك ئەحمەدی شێخ
كاك ئەحمەدی شێخ لەگەڵ ئەوەی زانایەكی گەورەی جیهانی ئیسلامیی بووە، لەهەمان كاتدا كەسێكی كۆمەڵایەتیش بووە، كاتی خۆی لەم شارەدا جگە لە ئیسلام چەندین نەتەوە و ئایینی دیكەی تێدا بووە وەك (جولەكە و مەسیحی و كلدانی و ئاشووری)، ئەو كات جگە لە موسڵمانەكان مەسیحییەكان و جولەكە و كلدان و ئاشوورییەكانیش هاتوچۆی كاك ئەحمەدی شێخیان كردووە، جارێك مەسیحییەكان گلەیی ئەوەیان كردووە كە لە ناو بازاڕ قسەیان پێدەڵێن و پێیان دەڵێن ئێوە كافرن، كاك ئەحمەدی شێخ چەندین جار ئامۆژگاریی خەڵكی كردووە كە رێز لە ئایین و نەتەوەكانی دیكەی شار بگرن و چەندین جار لە وتاری نوێژی هەینی و كاتی نوێژدا ئەمەی باس كردووە و ئامۆژگاریی و رێنمایی خەڵكی كردووە، كاك ئەحمەدی شێخ بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو تەنیا كوڕێكی هەبووە ئەویش ژن و منداڵی گەورەی هەبووە، بەڵام بۆ ئەوەی كێشە بۆ مەسیحییەكان دروست نەبێت بە كوڕەكەی وتووە دەبێت ژنێكی مەسیحی بهێنێت، بەهەمان شێوەی مەسیحییەكان كاك ئەحمەدی شێخ جولەكەكانیشی پاراستووە و ئاگاداریان بووە، چونكە ئەو كاتە لە شاری سلێمانی گەڕەكی جولەكان هەبووە، كاك ئەحمەد نەیهێشتووە كێشە بۆ ئەوانیش دروست ببێت و ئەگەر هەشبووبێت چارەسەری كردووە و ئاشتی كردوونەتەوە، بۆ نمونە جارێك لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان كێشە دەكەوێتە نێوان موسڵمان و جولەكەكانەوە، وەفدێك دەنێرن بە شوێن كاك ئەحمەدی شێخدا بۆ ئەوەی كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات و دەستوەردان لە كێشەكەدا بكات، جولەكەكان دێنە لای كاك ئەحمەد و سكاڵا لە دراوسێیەكیان دەكەن كە موسڵمان بووە، كاك ئەحمەدیش لە سلێمانییەوە لەگەڵیان دەچێت بۆ مهاباد، خەڵكەكە كە دەزانن كاك ئەحمەد هاتووە بۆ شارەكەیان، هەموویان دەچن بە پیرییەوە بۆ پێشوازیی و ئەویش لە پێش خەڵكەوە دەچێتە ماڵی جولەكەكە و هەر لەوێ ئاشتیان دەكاتەوە، كاك ئەحمەدی شێخ ماوەی مانگێك لە مهاباد دەمێنێتەوە و لەوێ لە مزگەوتی سوور نیشتەجێ دەبێت، تا ئێستا ئەو مزگەوتە هەر ماوە، ئەو كات لەوێش لە وتاری هەینی و نوێژەكانی دیكەدا ئامۆژگارییان دەكات و بانگەوازی ئاشتەواییان بۆ دەكات.

 

جلوبەرگی كاك ئەحمەدی شێخ

 

قوتابخانەكەی شێخ مارف بەردەوامە
بەشێكی دیكەی مزگەوتی گەورە پەیوەستە بە قوتابخانە ئایینییەكەوە، كە سەرەتا شێخ مارفی نۆدێ وانەی تێدا وتوەتەوە و دواتریش كاك ئەحمەدی شێخ بەردەوام بووە و تا ئێستا هەر ماوە و بەردەوام وانەی تێدا دەوترێتەوە، ئێستا لەلایەن مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاوە بەڕێوەدەبرێت ‌و تێیدا وانەی ئایینی بە فێرخوازان دەوترێتەوە ‌و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر مامۆستای ئایینی پەروەردە دەكرێن، هەر لەو بەشەدا رۆژانە كۆڕی زیكر ‌و مەراسیمی ئایینی بەڕێوەدەچن ‌و خەڵكی بۆ پرسیار ‌و زانیاریی لە بارەی ئایین ‌و كێشەكانیان سەردانی دەكەن ‌و رێنمایی لە مامۆستایانی ئایینی ‌و شارەزایان وەردەگرن.

 

بەشی ناوەوەی مزگەوتی گەورە

 

گۆڕ و مەزارەكانی ناو مزگەوتی گەورە
جگە لە مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ، هەندێك كەسایەتیی دیكە دوای كۆچیان لە مزگەوتی گەورەدا نێژراون، ئەوانیش شێخ مەحمودی نەمر، كاك ئەحمەدی شێخ، حاجی تۆفیقی ئاغا فەتحوڵڵا، یەكێك لە گۆڕەكان لە خانەوادەی كاك ئەحمەدی شێخ نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆشەویستی كاك ئەحمەدی شێخ بووە ئەویش معاون موتسەریفێكی زەمانی عوسمانییەكان بووە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە ناو مزگەوتی گەورە نێژراوە، یەكێكیشیان خێزانەكەی كاك ئەحمەدی شێخە، فاتمە خانی خوشكی شێخ مەحمودیش هەر لە مزگەوتی گەورەدا نێژراوە، سەید برایمی برای شێخ مەحمود، شێخ مەحمودی شەمزینانیش لە مزگەوتی گەورە نێژراوە، سەید نوری نەقیب، ئایشە خانی خوشكی حەپسەخانی نەقیب، كوڕەزایەكی كاك ئەحمەدی شێخ هەر لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراوە كە دایكی مەسیحی بووە و منداڵەكە لە تەمەنی 10 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و ناوی عیسا بووە، بەدەر لەوانەش ژمارەیەك لە میرەكانی بابان لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراون، كە ئەوانیش بە هەمان شێوە لەسەر وەسیەتی خۆیان لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراون.

 

گۆڕی كەسایەتییەكان

گۆڕی میرەكانی بابان ‌و بنەماڵەكانیان

 

نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی گەورە
تا ئێستا چەند جارێك مزگەوتی گەورە و مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ نۆژەن كراونەتەوە، یەكەمیان لە ساڵی 1964دا بوە، دواتریش  لەسەر ئەركی سەرۆك مام جەلال لە ساڵی 1994 مەزارگەكە نۆژەن كراوەتەوە و گومەزێكیش لەەر مەزارەكە دروست كراوە، چەند كەسایەتییەكی دیكەش بەشداربوون لە نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی گەورەدا، ئەوانیش (كاك كۆسرەت رەسوڵ، د. بەرهەم ساڵح، هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، جگە لە وانەش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند جارێك هاوكاریی پێشكەش كردوە بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی گەورە.

 

بەڕێز شێخ سالاری حەفید لە میانی چاوپێكەوتنی وێبسایتی پارێزگای سلێمانیدا

 


هه‌واڵی زیاتر