ئایینزاكانی كریستیان یاخود مەسیحییەت، لە دێرزەمانەوە لە كوردستان نیشتەجێی بوون و هاوشانی ئایینزاكانی دیكە، پێكەوە بە ئاشتیی و ئارامی ژیاون، لە ناوچەكانی سنوری سلێمانیش بە درێژایی مێژوو كریستیان بوونیان هەبووە و هاونیشتمانییەكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوون و پێكەوە لەگەڵ موسڵمان و جولەكە و پێكهاتەكانی دیكە ژیانێكی كۆمەڵایەتیی و ئاشتییانەیان بردووەتەسەر.
بوونی چەندین كڵێسا و شوێنی ئایینی كە تایبەتن بە پەرستشی كریستیانەكان، نیشانەی ئەوەیە كە جیاوازیی ئایین و مەزهەب هەرگیز لە سلێمانیدا نەبوونەتە كۆسپ لە بەردەم دانیشتوانەكانیدا، كە پێكەوە بە ئاشتی و خۆشی بژین و بگرە تێكەڵاوییەكی زۆریان هەبێت لە سەرجەم ڕووەكانەوە.
مێژووی هاتنی مەسیحییەكان بۆ شاری سلێمانی
شاری سلێمانی لە سەرەتای دروستبوون و بنیاتنانییەوە جێگەی سەرجەم چین و توێژ و ئایینەكان بووە و جگە لە موسڵمانان، جولەكە و مەسیحییەكانیش بەشێك بوون لە دانیشتوانی شاری سلێمانی و هەر لە كۆنەوە ژمارەیەك خێزانی مەسیحی لە سلێمانی نیشتەجێبوون، سەرەتا و دوای بنیاتنانی شاری سلێمانی لەلایەن بابانییەكانەوە، ژمارەیەك خێزانی موسڵمان تێیدا نیشتەجێبوون و هەر ئەو كاتیش ژمارەیەك خێزانی مەسیحی چوونەتە شارەكە كە ژمارەیان (7) خێزان بووە.
ژمارەی كڵێساكان
قەشە ئەیمەن سەرپەرشتیاری كەنیسەی مار یوسف لە بارەی ژمارەی كڵێسا و هاونیشتمانیانی مەسیحی لە شاری سلێمانی بۆ وێبسایتی پارێزگای روونكردەوە، لە سلێمانیدا سێ كڵێسا بوونیان هەیە، ئەوانیش (كڵێسای ماریوسف) كە دەكەوێتە گەڕەكی ئەندازیاران، كلێسای (مەریەم عەزرا) كە دەكەوێتە گەڕەكی سابونكەران، ئەو دوو كڵێسایەش تایبەتن بەكلدانییەكان، كڵێسای چوارچراش هەیە كە تایبەتە بە (ئەرسەدۆكس)، ئەویش دەكەوێتە گەڕەكی چوارچرا و پێشتر تایبەت بووە بەقیبتییەكانی میسر و كاتی خۆی (1000) هەزار كرێكاری میسری هاتوونەتە شاری سلێمانی بۆ كاركردن لە كارگەی چیمەنتۆ، بۆیە لەو كڵێسایە ماونەتەوە بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام كڵێساكە ماوەتەوە و ئێستا لە گەڕەكی چوارچرا ئایینزا كریستیانەكان سروتە ئایینییەكانیانی تێدا جێبەجێ دەكەن.
كڵێسای ماریوسف
قەشە ئەیمەن ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كڵێسای ماریوسف لە دوای راپەڕینی ساڵی (1991)، لەلایەن جەنابی مام جەلال بەردی بناغەی دانراوە و لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراوە، دەكەوێتە گەڕەكی ئەندازیاران لە شاری سلێمانی و لە ئێستادا وەك بەڕێوەبەرایەتییەك وایە و سەرپەرشتیی كاروباری كڵێساكان و مەسیحییەكانی شاری سلێمانی دەكات، رووبەرەكەی نزیكەی (3.600) سێ هەزار و شەشسەد مەتر دەبێت و هەفتانە بۆنە ئایینییەكانی تایبەت بەمەسیسحییەكانی تێدا ئەنجامدەدرێت و شوێنی كۆبوونەوەی مەسیحییەكانی شاری سلێمانییە.
كۆنترۆین و یەكەمین كڵێسا
كۆنترین كڵێسا كە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دروستكرابێت، كڵێسای بازیانە كە نزیكەی 1600 ساڵ پێش ئێستا دروستكراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو كڵێسایە شوێنەواری نەماوە بەهۆی ئەوەی لەو سنورەدا ئایینزای كریستیان نەماون، سەبارەت بە یەكەمین كڵێساش كە لە شاری سلێمانی دروستكرابێت كڵێسای مریەم عەزرائە لە گەڕەكی سابونەكەرانی شاری سلێمانی، كە ساڵی (1862) دروستكراوە و تا ئێستاش بەكاردێت بۆ بۆنە تایبەتییەكان، هەموو رۆژانی یەكشەممان نوێژ و مەراسیمی ئایینی تێدا ئەنجامدەدرێت.
ژمارەی خێزان و ئیشوكاری مەسیحییەكان
لە ئێستادا مەسیحییەكانی شاری سلێمانی ژمارەیان نزیكەی (310) خێزانن و وەك دانیشتوانی شاری سلێمانی سەرقاڵن بەكاروباری تایبەتی خۆیان، وەك هەر دانیشتویەكی دیكەی شاری سلێمانی هەموو جۆرە كار و كەسابەتێك دەكەن و لەگەڵ دابونەریتەكانی دانیشتوانی سلێمانی گونجاون.
بەگشتی لە سەرەتای هاتنی مەسیحییەكان بۆ شاری سلێمانی، تووشی هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ نەبوون كە شایەنی باسكردن بێت بەهۆی ئاینەكەیانەوە، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە خەڵكی شاری سلێمانی كەسانێكی رۆشنبیر و تێگەیشتون و توانای قبوڵكردنی یەكتر و پێكەوەژیانیان هەیە.
لایەنی رۆشنبیریی كڵێساكان
لە ئێستادا كڵێسای مریەم عەزرا بەبەردەوامیی خولەكانی زمانی (كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی)ی تێدا دەخوێنرێت، لە وەرزی هاوینیشدا خولی هاوینە دەكرێتەوە بۆ منداڵانی كورد و عەرەب و موسڵمانیش تێیدا بەشداریی دەكەن، خولەكانیش بریتین لە (موزیك، وێنەكێشان، گەشتی زانستی) و لە كۆتایی خولەكانیشدا لە مەراسیمێكدا بڕوانامە بەبەشداربوان دەبەخشرێت.
كریستیانەكانی شاری سلێمانی لە سەرجەم بۆنە و مەراسیمە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بەشدارن و هەڵوێستی نیشتمانییان دیار و ئاشكرایە، ژمارەیەكیشیان لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا كار و خزمەت دەكەن و هاوشانی برا موسڵمانەكانیان، دەستیان لە ئاوەدانیی و رۆشنبیریی و دەوڵەمەندكردنی كەلتووری كوردستاندا هەیە، وە بە درێژایی مێژووی شاری سلێمانی چەندین كەسایەتیی سەرمایەدار و ئەدیب و هونەردۆستیان تێدا هەڵكەوتوە.
كۆكردنەوەو بەرهەمهێنان: بەشی راگەیاندن و هۆبەی وێبسایتی پارێزگای سلێمانی
ئامادەكردن: رەنجدەر بەهادین و دیلان كازم
سەرپەرشتیاری گشتیی: صالح رحمان
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe