لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەست دەكرێت بە چەندین خولی راهێنان، بە ئامانجی بەهێزكردنی توانای گەنجان و رەخساندنی دەرفەتی كار، پارێزگاری سلێمانیش دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی دەكات، بڕیاریشە هەمان هەنگاو لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان بنرێت.
ڕۆژی یەكشەممە 18/12/2022، بە چاودێریی و ئامادەبوونی بەڕێز كوێستان محەمەد عەبدوڵڵا وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێزان كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی و نوێنەری ڕێكخراوی WFP لە عێراق، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بەشدارییكرد لە ڕێوڕەسمی خولەكانی ڕاهێنانی پیشەیی بەڕێوەبەرێتیی ڕاهێنانی پیشەیی سلێمانی.
خولەكان بە چاودێریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە كۆمەكی دەوڵەتی ئەڵمانیا و بە سەرپەرشتیی ڕێكخراوی WFP و بە پشتیوانیی بەردەوامی پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەدەچن. بە سوپاسەوە، بەڕێوەبەر و كارمەند و ڕاهێنەرانی بەڕێوەبەرێتیی ڕاهێنانی پیشەیی سلێمانی، لە بیست خولدا، لە قۆناغی یەكەمدا سێسەد گەنج لەسەر پانزدە پیشەی كاركردن بە شێوازێكی نوێ و بەپێی پێداویستیی بازاڕی كار، ڕادەهێنن.
جگە لەم خولانەی لە پارێزگای سلێمانی كراونەتەوە، لە سەنتەری ڕاهێنانەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانیش لە هەڵەبجە و قەڵادزێ وا بڕیارە ئەم خولانە بكرێنەوە، هەروەها لە شارەكانی دهۆك و هەولێریش.
ئەم خولانە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە فێركردن و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانستەكانی گەنجاندا لەو ئیش و پیشانەی، كە لە ئێستادا پێویستن و دەبێتە پشتیوان بۆ فەراهەمكردنی دەرفەتی كاركردن.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/