نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم داوای لێ كردوین زانیاری و داتایان بۆ بنێرین به‌مه‌به‌ستی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی تا ئێستا سوودمه‌ند نه‌بوون له زه‌وی و خانوو و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی سیستمێكی خاڵبه‌ندی ئاماده بكه‌ین و بیخه‌ینه به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆیه داوای زانیاریمان له وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه تا ئه‌م كاره ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌و بڕیاری دابه‌شكردنه‌ش فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی چین و توێژه‌كان ده‌گرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه و تا ئێستا وه‌ریان نه‌گرتووه یاخود فه‌رمانه‌كه‌یان پێویستی به نوێكردنه‌وه هه‌یه ناوبراو ڕایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و مامه‌ڵانه كاركردن له سه‌ریان به‌رده‌وامه و هه‌ندێكیان پێویستیان به ده‌ركردنی ڕه‌زامه‌ندی هه‌یه به‌ڵام هه‌موویان ده‌خرێنه چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاره‌كانمانه‌وه و ڕێنماییی نوێیان بۆ ده‌رده‌كرێت و هه‌موویان ده‌خرێنه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌كو ڕێنمایی تازه.
ڕاشیگه‌یاند: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ماوه‌ی مانگێك بۆ مانگ و نیوێك زانیاریه‌كان كۆ بكه‌ینه‌وه و پاشان ده‌توانین پێشنیاری سیستمی خاڵبه‌ندی بكه‌ین، هه‌ر كاتێكیش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان دا و په‌سه‌ندی كرد، ئه‌و كات ئێمه بانگه‌وازێكی تر ده‌كه‌ینه‌وه.
له سایتی (خندان) وه وه‌رگیراوه