وه‌ك هه‌وڵێك بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی خواردنی ته‌ندروست له ڕێستوڕانت و چێشتخانه‌كاندا له شاری سلێمانی ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی پڕؤژه‌یه‌ك بۆ سه‌لامه‌تی خۆراك پێشكه‌ش ده‌كات و پارێزگا و قائیمقامیه‌ت و هه‌موو فه‌رمانگه حكومییه‌كان پاڵپشتی له پڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن.
ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ڕی ڕێكخراوی كوردژین كۆبویه‌وه كه خاوه‌نی پڕؤژه‌یه‌كه ده‌رباره‌ی جێ به جێ كردنی پڕؤژه‌كه قائیمقامی سلێمانی ڕایگه‌یاند له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی كه پرؤژه‌كه هه‌وڵێكی گرنگه بۆ پێشكه‌شكردنی خواردنی ته‌ندروست له خواردنگه و ڕێستوڕانته‌كاندا و له هه‌مان كاتدا پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیانه پشتیوانی ته‌واوی لێ ده‌كه‌ن و هه‌رچی پێویست بێت بۆ سه‌رخستنی ده‌یكه‌ن.ڕاشیگه‌یاند: پڕؤژه‌كه كارئاسانی و هه‌ماهه‌نگیه‌كی گرنگ و پێویسته كه ئه‌و ڕێكخراوه پێشكه‌ش به دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه گرنگه هه‌موو لایه‌ك هه‌ماهه‌نگی پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ سه‌رخستنی.
ده‌رباره‌ی ئامانج و چۆنیه‌تی جێ به جێ كردنی پرؤژه‌كه شادان عبدالله سه‌رۆكی ڕێكخراوی كوردژین كه ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نیه و بایه‌خ به پاراستنی لایه‌نی ژینگه و ته‌ندروستی ده‌دات ڕایگه‌یاند هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر پڕؤژه‌كه نیشانداوه و ڕێكخراوه‌كه‌یان ئاماده‌كارییه‌كی پێویستی كردووه بۆ جێ به جێ كردنی پڕؤژه‌كه له سلێمانی . ووتیشی پرؤژه‌كه بریتی ده‌بێت له كردنه‌وه‌ی خولی هۆشیاری ته‌ندروستی بۆ هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه له خواردنگه و ڕێستوڕانت و ئوتێله‌كاندا كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی زانستییه‌وه زانیاری پێویستیان پێ بدرێت ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی خواردنی ته‌ندروست.
ڕاشیگه‌یاند: خوله‌كه له‌لایه‌ن كه‌سانی پسپۆڕ و ئه‌كادیمیه‌وه ده‌وترێته‌وه كه هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دگتۆران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕؤژه‌كه هه‌وڵێكی گرنگه بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان و دروستكردنی هۆشیاری گشتی سه‌باره‌ت به‌سه‌لامه‌تی خۆراك.