
پەیامی پارێزگاری سلێمانی؛ بۆ کۆڕبەندی ئاشتیی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی لە شاری ئامەدی مەزن لە ڕۆژانی ١٢- ١٦ ی مایسی ٢٠٢٦دا
بەڕێزان؛
- خاتوو ئایشە سێرا بوجاک کوچوک و، دۆغان هاتون؛ هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر (ئامەد)
- ڕێکخەران و توێژەران و بەشداربووانی کۆڕبەندی ئاشتیی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی
بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمان پێشکەش بە شارەوانیی گەورەی ئامەدو، کۆڕبەندەکەتان دەکەین، سوپاسی میهرەبانیی و بانگکردن و میوانداریتان دەکەین. داوای لێبوردن دەکەین کە بەهۆی پابەندییە فەرمییە پێشوەختەکانمانەوە، نەمانتوانی لە دیدارو خزمەتی جوامێریی بەڕێزتان و، شاری ئامەدی دێرینی زێڕینی قەڵای ئاشتیی و قەڵغانی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییدا بین
دەخوازین لە بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە دوور و قووڵ و ڕەسەن و بەردەوامەی لەنێوان ئامەد و سلێمانیدا هەیە، بتوانین لە داهاتوودا بەهەمان گیانی ئێستا و ڕابردوو، پێکەوەبین
بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕبەندە، بەم ناونیشان و ناوەڕۆکە گرنگ و هەستیار و بەهادارەوە، لەم ساتەوەختەی جەنگی جیهانیی سێیەم بە شاراوەو ئاشکرا بەرپابووە، بژاردەیەکی دروست و دەستپێشخەرییەکی شایستانەیە، بەتایبەتیی بۆ ناوچەکەی ئێمە، کە کەوتۆتە ناوەندی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کۆن و نوێکانەوە.
ئەرکی هەموومانە، بەهەموو نەتەوەو پێكهاتە جیاجیاکانی ئەم ناوچەیەوە، بەیەکەوەبین و دور لە هەر دەمارگیریی و پەڕگیریی و پەراوێزخستن و سڕینەوەیەک، کار بۆ ئاشتییەکی ئابڕومەندانە و هاوسەنگ و گشتگیر و بەردەوام و، بۆ پاراستنی ئازادیی و ئاسایشێکی شکۆمەندانە بکەین و، چیتر نە یەکتر بەکاربهێنین، نە ڕێ بدەین بەکارمانبهێنن، ئەم پرۆسەیەش؛ وەک خۆشەویستی، وەک شەڕ، تەنها بەیەک لا نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بە باوەڕ و هەوڵ و ئیرادە و مکوڕبوون و ڕاستوتاریی و ڕاستکرداریی و سوربوون و جەسووربوون و پێکەوەبوون و هاوئامانجی هەیە
باوەڕ و ئیرادە و هەوڵ و ئامانجەکان یەکنابن، ئەگەر هەموومان هەست بە بوون و سەروەریی و ئامادەیی و کارایی خۆمان لە نەخشە و تابلۆ گشتییەکەدا نەکەین
چیتر نابێت هەڵەکانی ڕابردوو دووبارەبکرێنەوەو پێویستە ئەمجارە میللەتانی ناوچەکە خۆیان بە بیرو دەست و بازوی خۆیان ئاشتییەکی هەمەلایەنەی لەنگەرگرتووی دادپەروەرانە بە بەشداریی و کۆمەک و هەرەوەزییەکی گشتگیرانە بهێننەکایەوەو، ماف و ئازادییەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی و، ڕێکخستن و پاراستنیان، دادپەروەرانە و دەستوریانە و یاساییانە و جەماوەرییانە، ڕێکبخنەوە
کورد وەک هەمیشە بەشێکی کاراو کاریگەر دەبێت لە چارەسەرەکاندا و، سروشتی جوگرافیا و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و پەیوەستیی سیاسیی و ئابوریی و ئارامیی و مێژووی کۆن و نوێ و، دەرفەتەکانی ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەو گەشەکردنی بەردەوامیش، ژیان و پێکەوەبوون و چارەنووسی هاوبەش بە گیانی یەکتر قبوڵکردن و لێبوردەیی و بەخشین و متمانەوە، لە هەموومان دەخوازن
دەخوازین جیاوازییەکانمان بە خاڵی ئەرێنیی و بوون و مانەوە و گەشەکردن و بەردەوامیمان بزانین، نەک بە سەنگەرو نەشتەری ناکۆکیی و ترازان
دەخوازین ئەم کۆڕبەندە هەموو دیوارە ئەستورو بەرزو درێژەکان بڕوخێنێت و پردی پەیوەندیی و پێکەوەبوونەکانمان پتەو بکات و، تەلە دڕکاوییەکان بۆ گوڵزارو گوڵستانی گەشەکردن و، دەنگ و ڕەنگ و سەنگ و نەغمەی نەواری ئاشتیی و ئازادیی بگۆڕێت و، چەک و دەنگە نەسازو چاوە بەدو دەستە بەدکارەکان، بێدەنگ و نابینا و بێکار بکات.
بەڵێ بۆ ئاشتیی، بژی ئاشتیی.
نا بۆ شەڕ، بمرێ شەڕ.
سەرکەوتن بۆ کۆڕبەندی ئاشتیی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
١٠ی مایسی ٢٠٢٦








