ساڵى 1851 كە عوسمانییەكان بەسەر عەزیزپاشاى باباندا سەركەوتن و سلێمانیان داگیركردوو كۆتاییان هێنا بە سیستمى میرنشینى و لەجێگەى پاشاى بابان، عەبدولآ پاشاى كورِى سلێمان پاشان وەك قائیمقام دانا، لەدواى ئەویش بە یەكجارى كۆتاییان هێنا بە دەسەلآتدارى كورد و ئیسماعیل پاشاى توركیان هێنا و لە جێگەى ئەو كردیان بە قائیمقام.دواى ئەو ئیتر هەر كەسێك دەكرا بە قائیمقام كەمتر لە دوو ساڵ دەمایەوەو بەهۆى ئەوەى ئەوسەردەمە رێگەى هاتوچۆ ئاسان نەبوو، هەر هاتنى قائیمقامەكە لە شارەكانى توركیاوە چەند مانگێكى پێدەچوو، ئەگەر سەفەر و پشویەكى وەربگرتایە چەند مانگێكى تر دەویست و بەو جۆرەش لەو ماوە كەمەى دەمایەوە ئەو كاربەدەستە بە تەواوەتیش شارەزاى ناوچەكەو كاروبار نەدەبوو.سیستمى ئەو كاتە دەسەلآتى عوسمانیش وابوو كە لەبرى ئەوەى دەوڵەت پارە تەرخان بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەى ناوچەكان ، كاربەدەستان ناچاركرابوون كە سالآنە برێكى دیاریكراو باج كۆ بكەنەوە بۆ دەوڵەتى بنێرن و بەو جۆرەش كاربەدەستى ئەو رۆژگارەى عوسمانى لە سلێمانیدا ئەگەر خواستیشى بوایە خزمەتێك بكات نەیدەتوانى چونكە نە پارەى هەبوو نەكات.
میجەر سۆن كە لەكاتى دەسەلآتى عوسمانیدا سەردانى سلێمانى كردووە دەڵێت: سوڵتانى عوسمانى زیاتر ئەو كەسانەى دەگرتە خۆى كەبەدەست و مەچەكى بەهێز و لەرێگەى دزى و جەردەییەوە پارەى زیاتریان دەدایە.بۆیە بارى سلێمانى زۆر خراپ بوو.بازرگانان دەبوو دوو ئەوەندە یان سێ ئەوەندە باج بدەن، ئەوە ئەگەر لەرێگە چەتە هەموو ماڵ و سامانى نەبردنایە، هەر میجەر سۆن باسى هەڵسوكەوتى پۆلیس و قۆمیسەرى عوسمانى دەكات لەگەڵ خەڵك بۆ ئەوەى گێچەڵیان پێ بكەن و بەرتیلیان لێ وەربگرن.بەكورتى شیرازەى حوكم بەتەواوى تێكچووبوو.
لەدواى كۆتایى هاتنى حوكمى بنەماڵەى بابان، لە سلێمانیدا، بنەماڵەى شێخان رۆڵى كۆمەلآیەتى و سیاسیان وەرگرت. ئەو بنەماڵەیە لەزووەوە لە كوردستان و ناوچەكە ناسرابوون، لەساڵى 1359وە لە بەرزنجە نیشەجێ بوون.كە سەرەتا دوو برابوون بەناوى عیساو موسا. شێخ مارفى نودێ لەم بنەماڵەیە بووە، كە رۆڵى ئاینى گەورەى هەبووە لە نێو بابانەكاندا، پاشان كاك ئەحمەدى شێخ كورِى شێخ مارف كە بەهۆى پێگەى ئاینیەوە ناوبانگێى ناوچەى و هەرێمى پەیداكردبوو، تەنانەت سوڵتان عەبدولحەمیدى عوسمانى ئارەزووى دیدارى كردووەو كاك ئەحمەدى شێخیش لەشەرى روس و عوسمانییەكاندا هێزێك لەژێر سەرپەرەشتى شێخ سەعیدى كورِى رەوانەى شەر دەكات بۆ هاوكارى عوسمانییەكان و بەو جۆرەش تواناو دەسەلآت و ناوبانگیان زیاتر بوو، پاشانیش شێخ سەعید جێگەى باوكى گرتەوە.
ساڵى 1908 كۆمەڵەى اتحاد وتەرقى سوڵتان عەبدول حەمیدیان لابردوو ، لقى ئەو كۆمەڵەیەش لە سلێمانى لەگەڵ ئەو گروپە كۆمەلآیەتیانەى تر كە ناكۆكیان هەبوو لەگەڵ بنەماڵەى شێخان هەوڵى تۆڵەكردنەوەیان دەدا لەو گروپە كۆمەلآیەتیانەى سەر بە سوڵتانى لەسەر كارلادراو بوون و بەو جۆرەش هانى حكومەتیان دا تا شێخ سەعید و شێخ مەحمودى كورِى و بنەماڵەكەى و رابگوازن بۆ موسڵ و لەویش دواى ماوەیەك بەهۆى كێشەیەكەوە شێخ سەعید كوژراو شێخ مەحمود بە ئاستەم رزگارى بوو.
ئەو رووداوە لە عیراق و ناوچەكانى دەوڵەتى عوسمانى زۆر دەنگى دایەوەو هۆزى هەمەوەند هەستان و خەریك بوو شورش بەرپا بكەن و هەرەشەیان لە كاربەدەستانى موسڵ كرد ئەگەر شێخ مەحمود كورِى شێخ سەعید بەند بكرێت هێرش دەكەنە سەر شارەكە، لە ناچاریدا ئیدارەى عوسمانى لە موسڵ شێخ مەحمود و هاوەلآنى ناردەوە بۆ سلێمانى و لە كەركوكەوە تا سلێمانى پێشوازییەكى گەورەیان لێكرا.
لەسەر تاوانى كوشتنى شێخ سەعید و كەسوكارى والى موسڵ 130 كەسى خستە بەندیخانەو پاش ساڵ و نیوێك لە دادگاكردن بریارى لە سێدارەدان بۆ 13 كەس دەرچوو، بەلآم لە ئەستەمبوڵ كاربەدەستانى اتحادو تەرەقى هیچ كام لە حكومەكانى دادگایان پەسەند نەكرد.
لە تشرینى دووەمى 1914 دواى بەرپابوونى تەنیا یەك رۆژ بەسەر شەرِى دەوڵەتى عوسمانى و بریتانیادا ، سوپاى بریتانیا شارى بەسرەى گرت، خەڵكى ناوچەكەش لەبەر زوڵم و زۆرى كاربەدەستانى عوسمانى بەرگریان نەكردو نە عوسمانییەكان خۆشیان بەرگریان پێ دەكرا، بۆیە عوسمانییەكان بۆ راستكردنەوەى ئەو بارە لارەى خۆیان پەنایان بۆ جولآندنى هەستى ئاینى خەڵك بردوو هەزاران كەس بەدەم بانگەوازەكەوە چوون و كوردیش بەهەمان شێوە لەژێر گوشارى هەستى ئاینیدا نزیكەى 3 هەزار كەس بە سەرۆكایەتى شێخ مەحمود رووى لە باشورى عیراق كرد و بەشدارى لەشەرى شوعەیبەدا كرد.
لەشەرى جیهانى یەكەمدا دەوڵەتى عوسمانى چووە پاڵ دەوڵەتى ئەڵمانیاو لەشەرەوە گلا، سلێمانیش كە بەشێك بوو لە ولآتى عوسمانى پریشكى شەرِى بەركەوتوو، بەهۆى شەرِو سەپاندنى باجى لە رادەبەدر بەسەرخەڵكدا بۆ بەخێوكردنى سوپاو وشكە ساڵى ، گرانى و قاتوقرِى و كارەساتى زۆر رووى لە شارەكەو ناوچەكە كرد كە لەنێو خەڵكدا بە گرانى گەورە ناو دەبرێت و هەزاران كەس بەهۆى برسێتى و نەبوونى و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دا بەجۆرێك وەك رەفیق حیلمى دەڵێت: شاردنەوەى مردوو لە توانادا نەمابوو!