بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

كورته‌یه‌ك له‌ مێژووی بازرگانی سلێمانی



بەپێى وتەى مستەر ریچ كە ساڵى 1820 هاتووەتە سلێمانى بازرگانى لە سلێمانیدا زۆر باو نەبووە، بەڵكو لەرێگەى قافڵەو كاروان قەتارچییەكانەوە لەگەڵ ئەم شارانە بازرگانى كراوە:
1/ بەغدا ، ناوەندى ویلایەت بوو، گەورەترین شارى عیراق بوو، كاروانى سلێمانى هەمیشە دەچوون بۆ بەغدا، فەردە تووتن، هیزە رۆن، پێستەو پەنیر و كەتیرەو ترشى سماق و پیو سابوون و ئاوریشمیان دەبرد. لەوێشەوە پوشە خورما و قاوەى دەنك و قوماش و شتى هیندی و ئەورپیان دەهێنا.
2/ موسڵ: لە سلێمانییەوە مازوو و جەوت، شتى تر دەبرا، لەوێشەوە پێلآو و خام و جامانەى سەرپێچ و قوماشى لۆكەى رەنگاورەنگ و كەلوپەلى شام و دیاربەكریان دەهێنا.
3/كەركوك: بەردەوام كاروانى بازرگانى لەنێوان كەركوك سلێمانیدا هەبووە، لە سلێمانییەوە هەنگوین و هیزە رۆن و لۆكەو میوەو برنج و مازوو ترشى سماق و مەرومالآتیان دەبرد، لەوسەرەوە پێلآو و قوماشیان لەگەڵ خۆیان دەهێنایەوە.
4/هەمەدان و سنە: مانگى قافڵەیەك لەو شارانەوە دەهاتە سلێمانى و رۆن و هەنگوین و میوەى وشكەوەكراوەو پۆلآى دەوروپشتى قەزوینیان دەهێنا.
5/ تەورێز: كاروانى بازرگانى سلێمانى مانگى جارێك یاخود كەمتر دەچوون بۆ ئەو شارە، لە سلێمانییەوە خورما و قاوەى دەنك یان دەبرد و لەوێشەوە ئاوریشم و قوماشیان دەهێنایەوە و دواى ئاوریشمەكەیان دەبرد لە بەغدا ساغیان دەكردەوە.
6/ ئەرەزرووم: ساڵى قافڵەیەك دەچوو بۆ ئەو شارە لە سلێمانییەوە خورما و قاوەی بەغدایان دەبرد و لەوێوە هێستر، ئاسن و مسیان دەهێنا.

نرخى بازرگانى سلێمانى لە هەر ساڵێكدا ئەگەر شەرِو شۆرِ نەبوایە دەگەیشتە(475)هەزار لیرەى ئەو كاتە.ئەوەشى كە زیاتر برەوەى بەو بازرگانییە دابوو بەرهەمى ناوخۆ و سەنعەتكارى ناوخۆ بوو.بەتایبەت لە چەكسازیدا، چونكە لە سلێمانى 150 خەخماخسازى تێدابوو كە زۆر شارەزاى دروستكردنى چەك و چۆڵى بچوك و چاككردنەوەى بوون و لە دروستكردنى تفەنگى مارتینى و گولەكەیدا زۆر شارەزابوو بوون.

رێگەى كاروانى سلێمانیش بەم رێگەیانەوە بەسرابوونەوە:
سلێمانى- بازیان-چەمچەماڵ-كەركوك-چوڵى عوزێم-بەغدا
سلێمانى –كەلى سەرگرمە-گوندى برایم خانچى-كفرى-بەرەو بەغدا
سلێمانى-پێنجوێن-سنە-ناو ئێران
سلێمانى-هەڵەبجەو هەورامان-پاوە-جوانرِۆ-كرماشان
سلێمانى-مەرگە-سەردەشت-بانە-سەقز
سلێمانى-هەڵەبجە-مەیدان-شیروان-خانەقین

سلێمانى-هەڵەبجە-زەهاو-جوانرِۆ

هەروەها مستەر ریچ لە یاداشت نامەكەیدا لەسەر بازرگانى سلێمانى دەڵێت: كەركوك بازارى سەرەكى ئەم بەشەى كوردستانە، خەڵكى شارەكە بە مەبەستى شت كرِین دێنە سلێمانى،
سەبارەت بە بەرهەمى بازرگانى سلێمانیش دەڵێت: كوردستان باشترین جۆرى هەنگوین دەهێنێتە بەرهەم، هەروەها باشترین جۆرى مازوو بە تایبەت لە دارستانەكانى بەروو لە قەرەداغ بەرهەم دەهێنرێت كە ئەم شتە زیاتر بۆ كەركوك و موسڵ هەناردە دەكرێن.ئەو دارانەش لە كێوەكاندا هەن كە كەتیرە بەرهەم دەهێنن.

ساڵنامەى عەسمانیش لە 1907 ئاماژە بە لایەنى ئابورى و بازرگانى سلێمانى دەكات و دەڵێت:سلێمانى لە جێى عەمبارێكى بازرگانییە لە نێوان توركیا و ئێراندا، ئەو بەرهەمانەى بەزۆرى رەوانەى دەرەوەى دەكات تووتنە ئینجا هەرێمى.
 لە شوێنێكى تردا ساڵنامەكە دەڵێت: سلێمانى و دەوروپشتى میوەى سەوزى زۆر هەیە، لەبەر ئەوەى هۆى گواستنەوەى باشتى تێدا نییە بۆیە ناردنى بۆ دەرەوەى شار زۆر زەحمەتە، بۆیە زۆربەى بێ‌ كەڵك دەبن، بەلآم تووتن بەشێوەیەكى زۆر بۆ دەرەوەى سلێمانى رەوانە دەكرێت.جگەلە تووتن لە سلێمانییەوە مازوو، كەتیرە، خورى رەوانەى دەرەوەى عیراق دەكرێ‌.هەروەها مەرومالآتێكى زۆر لەم لیوایەدا بەخێو دەكرێت وەك: مەرِ و بزن و مەرەز و لە خورى و موى ئەوانە فەرش و قاڵى دروست دەكرێت و رەوانەى دەرەوە دەكرێت.
پێش شەرِى جیهانى یەكەم، بازرگانانى سلێمانى خورما و شەكر و چاو قامیشە جگەرەو خورى و پێستەو تووتن و لۆكەو شتى تریان دەبرد لە ئێران ساخیان دەكردەوە، لەوسەرەوە لە شارى ئستراخان(هەستەرخان) سەماوەرى زەرد دەهێنا كە بەناوبانگ بوو بە سەماوەرى هشتەرخان.هەروەها سەماوەرى وارشۆیان دەهێنا لە ئێران قۆرى عەجەم و پیاڵەو ژێر پیاڵە و گوڵدان و گولآوپرژێنیان دەهێنا.لە رشتەى مرواریدا باسى چوونى بازرگانێكى ناودارى سلێمانى دەكات بۆ وارشۆ كە ئەوەش حاجى ئەمینى كاكە حەمەیە لەگەڵ بازرگانێكى جولەكەدا.
بازرگانە ناودارەكانى ئەو كاتە بریتى بوون لە: خواجە كەریمى عەلەكە، حاجى ابراهیم ئاغا، حاجى سەعیدى قادر ئاغا، حاجى مەلا سەعید و ئەحمەد ئاغا كەركووكلى زادەى براى، میرزا فەتاح و میرزا كەریم و میرزا محیەدین لە سلێمانى و میرزا فەرەجى برایان لە بەغدا.حاجى ساڵحى خەفاف. حاجى مەلا سەعیدى شاڵى، حاجى فەتاحى قادر، حاجى فەرەج حاجى حامید، حاجى ئەحمەدى پیرۆز، حاجى كەریمى عەمبەرخان، حاجى كاكە حەمە، مەلا ئەمین ئەحمەد بەقاڵ، حاجى رەشیدى وەسمان چاوەش، حاجى سەعید ئاغا و حاجى حەمە ئاغا و حاجى مەلا محێدین، ئاغا فەتحوڵلآ، حاجى فەقێ‌ شاڵى، حاجى ئەحمەد قەزاز، حاجى عەزیزى شەرعى، ساڵحى رەشەو كورِەكانى، میرزا تۆفیق قەزاز و هتد.
مێجەرسۆن كە ساڵى 1908 هاتووەتە سلێمانى لە یاداشتەكانیدا دەڵێت: مامەڵەى بازرگانى سالآنە بە نیو ملیون لیرە خەمڵێنراوە. بەلآم ئێستا (مەبەستى سالآنى1908-1909)یە بەرزترین ژمارە 400 هەزار لیرە تێپەرِ ناكات و ئەو ژمارەیەش هەروا روو لە كەمییە.
هەر لەبارەى بازرگانى لە سلێمانى دەڵێت: ساڵى 1880 بیست بازرگانى هەمەدانى لە فارسەكان لە سلێمانى بوون و تیدا ماونەتەوە.
بەلآم سلێمانى بەهۆى بارودۆخى سیاسیەوە هەمیشە بەرێك و پێكى بازرگانى تێدا نەكراوە، ئەو بەرهەمانەى لە سلێمانەوە بەرەو بەغداو موسڵ و ئەرزروم و كەركوك دەچوون یان دەهاتن لە بەر نائارامى رێگە رزگاریان نەدەبوو بەشى زۆرى دەفەوتا لەبەر دەست وەشاندنى چەتە.لەكاتى شەرِى یەكەمى جیهانیشدا دواى شەرِیش بە دوو سآ ساڵ بارى ئابورى سلێمانى بە تەواوى تێكچوو بوو، هەر پیاوێك ئیشى پێ بكرایە توركە عوسمانییەكان دەیانخستە ژێربارى چەكەوەو رەوانەى مەیدانى شەرِیان دەكرد.بۆیە بەروبومى كشتوكاڵ و ئاژەڵ دارى بەرەو نەمان چوون.هەروەها پۆلیسى عوسمانى(زەفتییە) ماڵەوماڵ دەگەرِان هەرچى بەرووبوومى خۆراك و پێداویستى هەیە بەزۆر دەریان دەهێناو بەناوى غەزاوە دەیانبرد! بەمەش گرانى گەورە دەستى پێكرد.
 


هه‌واڵی زیاتر