بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

خارخار


 


خارخار شارێكی تری كۆنی كوردستان و ناوچه‌ی سلێمانی ئه‌مرۆیه‌و  ئاشورییه‌كان له‌ هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می  پێش زایین ناویان بردووه‌.
ناوی خارخار(Harhar) ته‌نیا له‌ هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین ده‌بیسترێت.
ناوی كارخار یان كاراخار یان گانخار له‌ هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زاییندا هاتووه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و شارانه‌ی له‌لایه‌ن پادشای بنه‌ماڵه‌ی سێیه‌می ئوری سۆمه‌ری له‌ ساڵانی 2094-2047 پێش زایین په‌لامار دراوه‌.
بەپێى گوزارشتى سەرچاوە مێژوویەكان ئەم شارە لەسەر روبارى سیروان یان یەكێك لە لقەكانى ئەم رووبارە هەڵكەوتووە، هێشتا شوێنەكەى نەدۆزراوەتەوە، بەلآم به‌رای مێژوو نووسان شوێنی ئه‌م شاره‌ كه‌وتبێته‌ نزیك كه‌لاری ئێستا و ته‌نانه‌ت رەنگە ناوی كه‌لاریش هه‌ر له‌م ناوه‌وه‌ هاتبێت.
بۆ یه‌كه‌مین جار ناوی خارخار له‌ تۆمارێكدا هاتووه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پادشای ئاشوری شه‌لمانه‌صه‌ری سێیه‌م. ئه‌ویش له‌ 24م ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌كه‌یدا كه‌ ده‌كاته‌ 834 پێش زایین. ئه‌و پادشایه‌ ناوی خارخار له‌گه‌ڵ ئه‌و شارانه‌دا ده‌بات كه‌ له‌ له‌شكر كێشیه‌دا داگیری كردوون و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات وێنه‌كی خۆی له‌ وڵاتی خارخاردا داناوه‌.
هه‌روه‌ك له‌ نیرای سێیه‌می ئاشوریش810-783پ.ز  ناوی خارخار ده‌بات له‌ریزی ئه‌و شارانه‌ی له‌ مادده‌كانی گرتووه‌. له‌سه‌رده‌می  سارگۆنی دوومی ئاشوردا زیاتر ناوی خارخار ده‌بیسترێت. له‌ ساڵی شه‌شه‌می ئه‌و پاشایه‌دا 716پ.ز خه‌ڵكی خاخار  به‌فه‌رمانره‌وای كیبابا ناوێك راده‌په‌رن و له‌گه‌ڵ پاشای وڵاتی ئێللیپی كه‌ كه‌وتووبووه‌ باشوری خارخار واته‌ ناوچه‌ی كرماشان په‌یمان ده‌به‌ستن. سارگۆنیش خارخار ده‌گرێت و خه‌ڵكی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی تر ده‌باته‌ ئه‌وێ و فه‌رمانبه‌رێكی خۆی له‌وێ ده‌كاته‌ فه‌رمانره‌وای شاره‌كه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی خارخاریش ده‌لكێنێت پێوه‌ی. ناو شاره‌كه‌ش ده‌گۆڕێت و وێنه‌كی خۆشی له‌ شاره‌كه‌ داده‌نێت.
ساڵی حه‌وته‌می حوكمرانی سارگۆندا و له‌به‌رئه‌وه‌ی خارخار كرابوو به‌ هه‌رێمێكی سه‌ر به‌ ئاشور خه‌ڵكه‌كه‌ راده‌په‌رن دژی ئاشور وشۆرشه‌كه‌یان ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێت به‌ڵام سارگۆن سه‌ركوت ده‌كات و شاره‌كه‌ش قایمتر ده‌كات.
سارگۆن له‌كاتی له‌شكركێشی دووه‌میدا له‌ ساڵی 702ی پ.ز چه‌ندین شاری تر له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گرێـت و ئه‌وانیش ده‌لكنێت به‌ خارخاره‌وه‌
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت دانیشتوانی خارخار ملیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئاشور نه‌داوه‌و هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاشور له‌ شاره‌كه‌دا له‌ق بووه‌. له‌ ده‌قێكی كۆنیشدا كه‌ وه‌ڵامی خواوه‌ندی ئاشوره‌ بۆ پادشا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی خارحار پیلانیان دژی هۆ گێراوه‌و دژی تۆ جوڵاون.
 ناوی ئه‌م شاره‌ له‌ ماوه‌ی حوكمی ئه‌سه‌رحه‌دون (680-669) پ.ز له‌ نوسراوه‌ ئاشورییه‌كاندا نابیسترێت.
به‌روونی نازانرێت كه‌ گه‌لی خارخار سه‌ر به‌چی ره‌گه‌زێك بوون، وه‌ك ماده‌كان هیندۆئه‌وروپی بوون یان وه‌ك گه‌لانی كۆنی كوردستان ره‌گه‌زی پێش هیندۆئه‌وروپیه‌كان بوون و یان گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆ بوون و جیابوون له‌ ماده‌كان و گوتی و خوری و لوللوییه‌كان.
پێش ده‌چێت له‌ناو شاره‌كه‌دا گه‌لانی جۆراو جۆری ناوچه‌كه‌ ژیا بن و بۆچوونی واش هه‌یه‌ ئه‌و گه‌لانه‌ی ئاشورییه‌كان له‌ سوریاو فه‌له‌ستینه‌وه‌ رایانگواستن هێنابێتیان بۆ ئه‌و شاره‌.
 


 ئه‌م بابه‌ته‌ 252 جار بینراوه‌

هه‌واڵی زیاتر

هه‌واڵه‌كان