ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی کرد لە (رۆلاد لاکنەر) جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی GIZ لە عێراق و لێپرسراوی راستەوخۆی ڕێکخراوی GIZ لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبونەوەیەکدا بەڵێنی بەردەوامبوونی پرۆژە بەگەڕخراوەکانی ڕێکخراوی GIZی دا تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و کارکردنیش لەسەر بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بواری هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدانی گەنجان و گەشەکردنی کەرتی تایبەت پارێزگاری سلێمانی سوپاسی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی کردو داوای کرد گەنجان بەشداری پێ بکەن لە پڕۆژەکانیاندا.
لاکنەر، ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ئێستادا ڕێکخراوەکەیان کاردەکات بۆ دروستکردنی (ئاگربڕ) لە شاخی ئەزمڕو گۆیژە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا (٨٠٠) هەلی کار ڕابگەیەنێت بۆ پاراستن و خزمەتکردنی پارکی ئازادی و هەواری شار لە سلێمانی، هەروەها خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی کە هەماهەنگی و کارئاسانی باش لەلایەن فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانییەوە دەکرێت بۆ فەرمانبەرانی ڕێکخراوی GIZ راشیگەیاند کە لە پرۆگرامی ڕێکخراوەکە بۆ ساڵی ٢٠١٩دا بایەخی تایبەتی بە سلێمانی دەدرێت.
لەبەرامبەردا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: لە سلێمانی جگە لە ئاوارەی ناوخۆیی، پەنابەری وڵاتانی دراوسێش هەن و بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە سیاسیەکان لە ناوچەکەدا ئەگەری زیادبوونی ژمارەی ئاوارەو پەنابەر زیاد دەکات، هەروەها قەیرانی دارایی و خراپی خزمەتگوزاریەکان وایکردووە بۆشاییەکی تەواو دروستبێت، دەکرێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی خۆیان لە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانەدا ببینن.
ڕێکخراوی GIZ یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوە حکومییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا کە لەلایەن وەزارەتی پەرەپێدانی ئەڵمانیاوە پشتیوانی دەکرێت، ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی لەبەرامبەر ئەرک و پڕۆژەکانیاندا دەستچنی ژنە ئەنفالکراوێکی وەک خەڵات پێشکەش کردن.