د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی بەڕێز پارێزگاری کوردستان (سنە) بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە شاری سنە.
لە دەروازەی باشماخ پارێزگاری سلێمانی پێشوازیکرد لە بەڕێز مامۆستا مەزهەری خالقی و وەفدی هاوڕێی و سوپاسی قبوڵکردنی پێشنیازی سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ناودارانی کورددا لە سنە لێکرد.
لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەلایەن بەڕێزان پارێزگاری کوردستان و وەفدی هاوڕێی و بەرپرسانی دەروازەکە لە هەرێم و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازیکرا، دواتر بە هاوڕێیەتی بەڕێزان مامۆستا مەزهەری خالقی و زیرەک کەمال راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و خەلیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی رۆشنبیری و میوانانی تر بەیاوەری وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو شاری سنە بەڕێکەوتن.
شایانی باسە دوای٤٠ ساڵ، ئەمڕۆ هونەرمەندی پایەبەرزو بەهرەمەندی کوردستان مامۆستا مەزهەری خالقی بە سوپاسەوە گەیشتەوە شاری سنەو لە مەراسیمێکی شکۆداری هاوبەشی پارێزگاکانی سلێمانی و سنەدا پێشوازی لێکرا.
هەر لەم سەردانەدا پارێزگاری سلێمانی بەهاوبەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەڕێزان پارێزگاری کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگییە کەلتووری و بازرگانی و ئابوورییەکان کۆدەبنەوە.