پشتیوانی و پشتگیری
لەکاتێکدا مافی پاداشتی ئەرکی فەرمانبەران و دواکەتنی موچەکانیان پێدەنێتە مانگی سێهەمەوە ، هاوشانی نەبەردی و خۆڕاگری برا پێشمەرگەکانمان لە سەنگەرەکانی خزمەتکردنی هاوڵاتیانیان و بەرەی نێوخۆدا بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا
لەم دۆخە نالەبار و قەیرانە داراییەدا ، فەرمانبەران مافی ڕەوا و داواکاری بەجێ ی خۆیان دەگەیەنن . ئێمەش پشتگیر و پشتیوانی حەق و داواکانیانین تا ئەو شوێنەی مافەکانیان لە ئاستێکدا بڵندتر بکەینەوە ، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا ، پێویست دەکات بەشێوەیەکی شایستە بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران پێداچوونەوە بە هەیکەلی ئابووری هەرێم و سیستەمە داراییەکەیدا بکرێتەوە .
ئەوکاتەی دەگوترا : ئەگەر بەغدا مانگێک بەشەبودجەی هەرێم دوابخات ، حکومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی خۆی پێنادرێت ،دەبوو ئەم ڕەخنەیە بەهەند وەربگیرایە ،چارەنوسی ئابووری و دارایی وڵات نەبەسترایەتەوە بە بودجەی نەوتەوە ، دووچاری قەیرانێکی لەم شێوەی ئێستا نەبووینایەتەوە .
لە ئێستاشدا هەنووکەیی ترین هەنگاو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەت و سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستانە ، دەنا ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزداری و دەستەوەستانی حکومەت زیاتر قوڵ دەبێتەوە . پێویستە لەسەر هەموولایەکمان بەشداربین بۆ سەرلەنوێ هەیکەلەکردنەوەی ئابووری نێوخۆیی و خۆیەتیمان .
هەر لەم سۆنگەیەوە جارێکی تر پشتیوانی و پشتگیری خۆمان بۆ ماف و داواکاریەکانی فەرمانبەران دووپات دەکەینەوە و داوکارین ڕەچاوی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان بکرێت . بەتایبەتی لەسێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و فەرمانگە فریاگوزاریەکاندا .
براتان
د . ئاسۆ فەرەیدوون