دوای دەرچوونی بەیانی ژمارە 25 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تایبەت بە قەدەغەی هاتوچۆ و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات تایبەت بە شێوازی هاتوچۆی هاووڵاتیان و رێكخستنی كاروباری بازرگانی و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانییە:
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە بەیانی ژمارە (٢٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆدا پێمان بەخشراوە. بڕیارماندا بە:
١-قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەنێوان یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تر و پارێزگاكانی عێراقیشدا تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت.
٢-قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواو لە سەعات (٦)ی ئێوارە بۆ سەعات (١٢)ی شەو تا ڕۆژی (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) شەوانە بەردەوام دەبێت.
٣-دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەموو قائیمقامیەتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لە ماوەی سەعات (١٢)ی شەو تا (٦)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەكان و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەپێی ڕێكارەكانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندكراون و لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستییەكان، پلانەكانیان جێبەجێ بكەن.
٤-شەوانە لە سەعات (١٢)ی شەو بۆ سەعات (٦)ی بەیانی هاتووچۆی سنورداركراو بۆ كاری زۆر پێویست بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان، لە سنوری قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕێگەپێدراو دەبێت.
٥-قەدەغەكردنی هاتووچۆ ئەو سێكتەرانە ناگرێتەوە كە لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریكراون، بەتایبەتیش پزیشكانی هەڵگری ناسنامەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان.
٦-هاتووچۆی كارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی كە (پشوو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەو كاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە دیاریكراون لەڕێی ناسنامە و پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكانی خۆیانەوە دەبێت، وەك (تەندروستی، كارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی دروستكردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك، بانكە حكومییەكان، گەنجینەكانی ١ و ٢، كشتوكاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنورییەكان، گومرگ، فڕۆكەخانە، شێڵتەر و خانەكانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان).
٧-كەرتی تایبەت لە بوارەكانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، كارەبا، پەیوەندییەكان، ئینتەرنێت، سیتیەكان، كۆمپانیاكانی سكوریتی، عەلوە، كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بانكی ئەهلی، كارگەكانی بەرهەمهێنانی پێداویستیە تەندروستیەكان و پاككردنەوە، كۆمپانیاكانی خۆراك، پەلەوەر، خانووی پلاستیكی و كێڵگە كشتوكاڵییەكان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، كۆمپانیاكانی دابەشكاریی، چالاكیی فرۆشتنی كارگە پیشەسازییەكان، كارگەكانی دەرمان) بەردەوام دەبن بەپێی ڕێكارە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكانی پێشتر دیاریكراون.
٨-كارمەند و ڕۆژنامەوانانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نووسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەركی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.
٩-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە كارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە موچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بن.
١٠-هەموو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆو لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و لیواكانی سكرتاریەت و هێزەكانی پێشمەرگە، بە شێوازێكی نوێ و بەپێی دابەشبوونی گەڕەكەكان، لە تیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبوون بە قەدەغەی هاتووچۆوە جێبەجێ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتووچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێكدا ڕێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.
١١-لەدوای سەعات (١٢)ی شەوی (٦/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە، هەموو چالاكییە ئابووریی و بازاڕگەریی و دارایی و عەلوە و یەكەكانی نیشتەجێبوون و كۆمپانیاكانی سكوریتی و سیتییەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی و ماركێت و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان وەك (ماركێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – كە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن))، لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانی و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بە هەماهەنگیی (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كۆمەڵەی هاوردەو هەناردەكاران و یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی) ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەكە كارگێڕییەكان) ڕێكاری پێویست بۆ هەر بوارێكیان دیاریدەكەن و ڕایدەگەیەنن).
١٢-جوڵە و كاروباری دامودەزگا حكومیەكان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگا و فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.
١٣-پێویستە هەموو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوە و مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستكێش و ماسك بەكاربهێنێت و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بێت.
١٤-هەموو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.
١٥-بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشوو بەردەوام دەبن.
١٦-بازاڕی دراوی سلێمانی و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەو كاتەی لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.
١٧-پێویستە هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی و تایبەت و مێدیاكان و ڕێكخراوەكان بایەخی تەواو بە كەلتوری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لە ئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٦ / ٤ / ٢٠٢٠