لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە و چەند بڕیارێك دەدات لە پێناو خزمەتی گشتیی و رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانە:
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە سەرپەرشتی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیداو ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كران، لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی بەڕێزان سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەخشیویانە بە پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە كۆی دەنگ بڕیاردرا:
١-دواكەوتنی موچە كاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی دروستكردووە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بەخێرایی موچەی موچەخۆران بەتایبەتی موچەی كەرتی تەندروستیی و هێزەكانی ناوخۆ دابەش بكات.
٢-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی تردا لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (١/ ٧/ ٢٠٢٠) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت هاتووچۆ بكات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دیاریكراون.
٣-ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حكومییەكان، جگە لە هێزەكانی ناوخۆ و كەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بەپێی سروشتی ئەرك و ئێشكگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەكشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەكشەممە (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) دەوامی فەرمیی دەستپێدەكاتەوە.
٤-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.
٥-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) هەموو نۆرینگە ئەهلییەكانی پزیشكی ددان دادەخرێن و لەكاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژكارییەكانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بكەن. هەر كلینیكێكی پزیشكیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەكی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
٦-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەكان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن كاربكەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەكانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.
٧-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە نێرگەلەخانە و هەر كافتریایەك كە نێرگەلە پێشكەش بكات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیك، جیمەكان، یانە شەوانەكان، مەیخانەكان، شوێنەكانی كاتبەسەربردن و سەرگەرمكردن، هۆڵی بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوەكان، دادەخرێن.
٨-پرسەو پرسەی گەڕەكەكان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو كۆبوونەوەیەكی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێك قەدەغەن.
٩-گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێك سەرپێچی بكات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
١٠-هەر شۆفێرێكی (تەكسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆ ماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
١١-لە هەر شوێنێك، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان جێبەجێ نەكرێت، بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
١٢-هەر كۆمپانیا و دامەزراوە و مۆڵ و شوێنێكی كەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
١٣-هەر بازرگانیكردنێك بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەكرێت و قەدەغەیە، لەهەمان كاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەكەین كە لەم پەتایە چاكبوونەتەوە و توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەك ئەركێكی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەكانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەكانیاندا ببینن.
١٤-پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون و كۆبوونەوەیەك بەدوور بگرن.
١٥-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان لێپرسینەوە و ڕێكارەكان وردتر و زیاتر و خێراتر بكەن و هەر فەرمانگە و لیژنەیەك كەمتەرخەمیی بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
١٦-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربكەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠