لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە و وەكو ئامادەكارییەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە، چەند بڕیارێك دەدات.
ڕۆژی سێشەممە 13/10/2020، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای كۆرۆنا و باری تەندروستیی پارێزگاكە كرا و ڕێنمایی و ڕێكاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریكرا.
تیایدا داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بۆ پابەندبوونی بە دابەشكردنی موچە و تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ كەرتە جیاجیاكان بەتایبەتی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و هێزەكانی ناوخۆو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا داوا لە هاووڵاتیان كرا پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان بن.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانە:
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، بۆ هەڵسەنگاندن و دانانی ڕێنمایی و ڕێكاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا:
١-پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی دابینكردنی موچەو بودجەو شایستە داراییەكانی دامەزراوە دەوڵەتیەكان بێت بەتایبەتی كەرتی تەندروستی و پەروەردەو هێزەكانی ناوخۆو فەرمانگا خزمەتگوزارییەكان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشكەش بكەن و بەرەنگاری كۆرۆنا ببنەوە.
٢-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەك خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكان بێت.
٣-هەموو سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاكانی دەوڵەت و كەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریكردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو كارمەندانی فەرمانگەو دامەزراوەكانیان بە ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكانەوە.
٤-لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەكی دەوڵەتیی و كەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواكارێك نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیی و تەندروستیەكان نەبێت.
٥-لیژنە هاوبەشەكانی یەكە كارگێڕییەكان و فەرمانگا پەیوەندیدارەكان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیەكان دەكەن لە شوێنە گشتیەكانداو هەر شوێنێك پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.
٦-كردنەوەی خوێندنگاو ناوەندە زانكۆییەكان لە هۆڵەكانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیەكانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی كارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێررێن بۆ چاودێریكردنی پابەندبوونی ناوەندەكانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێكارانەوە.
٧-دانانی پرسەو چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەكان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر چاودێری ئەم ڕێكارە دەكات.
٨-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژكردنی مزگەوتەكانی ناوبازاڕو ئەو فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاكەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەكرێت.
٩-كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەركی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسكبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا