بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

سلێمانی بەرەو بەكارهێنانی وزەی نوێبوەوە هەنگاو دەنێت


بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرێتیی ئاماری سلێمانی، پارێزگاكە لە بواری بەرهەمێهنانی وزەی كارەبادا هەنگاوی گەورەی ناوە ‌و ئاستی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان تادێت بەرزتر دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو پلانانەی پارێزگا ‌و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان دایانڕشتوون بۆ گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی وزە لە بەرهەمهێنانی تەقلیدییەوە بۆ ستانداردی جیهانی ‌و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە وزەی جێگرەوە ‌و نوێبوەوە.
لەڕووی ئاستی دابینبوونی كارەبای نیشتمانیی بۆ هاووڵاتیان، تێكڕای كارەبای نیشتمانی لە ڕۆژێكدا لە ساڵی ١٩٩١ تەنها یەك كاتژمێر بووە، بەڵام ساڵی ٢٠٢١  ئەو رێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ (16.5) كاتژمێر، وە ڕێژەی هەبوونی سەرچاوەی كارەبای حكومیی لە ساڵی (٢٠٢١) دا بریتییە لە (99%).
لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە بە هەماهەنگیی ڕێكخراوی UNDP، سلێمانی بووەتە ئەندامی ڕێكەوتننامەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ پارێزگاری شارەكان لە بواری وزەی جێگرەوە و نوێ و خاوێن و هاوڕێی ژینگە (وزەی خۆر، وزەی با، هایدرۆپاوەرو ...هتد)دا و چەند پڕۆژەیەكی گرنگی لەو بوارەدا دەستپێكردووە، وەك گۆڕینی ڕووناككردنەوەی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و تاسڵوجە بە گڵۆپی لید، كە هاوڕێی ژینگەیە و تەمەنی كاركردنی درێژ و چاككردنەوەی ئاسانتر و تێچووی كەمترە و لەڕووی چوستییەوە نیوەی وزەی بەكارهاتوو دەگەڕێنێتەوە نێو تۆڕی نیشتمانیی.
هاندانی بەكارهێنانی وزەی خۆر/سۆلەر و زیادكردنی سەرچاوەی هایدرۆپاوەر/بەنداوەكانیش چەند هەوڵێكی بەردەوامی تری سلێمانییە بۆ بەكارهێنانی زیاتری وزەی جێگرەوە.
پارێزگای سلێمانی لەلایەن خۆیەوە، بۆ هاندانی كەرتی گشتیی و تایبەت بۆ بەكارهێنانی وزەی جێگرەوە، لەسەر دەستپێشخەریی خۆی وزەی سۆلەری بۆ چەندین بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و دامودەزگای حكومیی دامەزراندووە و بە چەند ڕێكارێكیش كەرتی تایبەتی پابەندكردووە بە دامەزراندن و پشتبەستن بە وزەی جێگرەوە بە ڕێژەی نزیكەی (٢٥٪)ی وزەی بەكارهاتوو لە پڕۆژە نوێكانی وەبەرهێناندا.
بە پشتگیریی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشی وزە نوێبووەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی (١٥) ماست (تاوەر)ی تایبەت بە پێوانەی خێرایی (با)ی لە ناوچە جیاجیاكانی سلێمانیدا داناوە، كە بە بەردەوامی شوێنی ئەم (ماست)انە دەگۆڕێت، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی وزەی (با ) Wind Energy Assessmentو كۆكردنەوەی داتای چاودێریی كەشناسیMeteorological Data) )  وەك داتای خێرایی و ئاراستەی (با) لە سێ‌ بەرزیی جیاواز (٥٠،٣٠،١٠) مەتردا، و پێوانەی چڕیی تیشكی خۆر Radiation)) و پلەی گەرمی و ڕادەی شێ‌.
وەزارەتی كارەبا توانیویەتی سوود لەو داتایانە وەربگرێت بۆ ئامادەكردنی نەخشەی وزەی با و ئامادەكردنی پڕۆژەی سەرەتایی وزەی با بۆ هەرێمی كوردستان و خۆشبەختانە لە ئێستادا ئەتڵەسی (با) و پرۆپۆزەڵی سەرەتایی پڕۆژەی تۆربینی (با) لەبەردەستدا ئامادەیە. ئەم پرۆسەیە زانیاریی بواری وزەی نوێبووەوە لەگەڵ ناوەندە زانكۆییەكان و توێژەران و خوێندكارانی ماستەر و دكتۆرا و كۆمپانیاكانیشدا هاوبەش دەكات.
وزەی نوێبووەوە لەلایەن چەندین كۆمپانیا و دامەزراوەوە لە ئێستادا بەكاردەهێنرێت، وەك:
Green power (17.5kw)
Shaho (400kw)
(1500kw) تاقیگەی كەمال
(480kw) كۆمپانیای خۆری بازیان
(200kw) كۆمپانیای ئاوی ئاڵای سلێمانی
سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە سنوری سلێمانی و گەرمیاندا
- وێستگەی وزەی بازنەیی یەكخراوی سلێمانی  (SCCPP)، بڕی (١٥٠٠) مێگاوات كە (٧٠٠) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی وزەی گازیی بازیان  (BGPP)، بڕی (٥٠٠) مێگاوات كە (٤٥٠) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی هایدرۆپاوەری دوكان  (DHPS)، بڕی (٤٠٠) مێگاوات كە (٥٥) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی هایدرۆپاوەری دەربەندیخان  (DBK HPS)، بڕی (٢٤٩) مێگاوات كە (٢٠) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی وزەی گازیی گەرمیان  (GGPP)، بڕی (١٦٥) مێگاوات كە (١٤٠) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی وزەی سوتەمەنیی قورسی تاسڵوجە  (THFPP)، بڕی (٥١) مێگاوات كە (٣٢) مێگاواتی لێ بەرهەمدێت.
- وێستگەی وزەی گاز (٢٩) مێگاوات.
- كۆی گشتی بەرهەمهێنان (١٣٩٧) مێگاوات.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe


هه‌واڵی زیاتر