بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

سلێمانی لە مانگی شوبات (فێبرایەر)دا


-    رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 1997، (فەرەیدون عەبدولقادر) وەكو پارێزگاری سلێمانی دەستبەكار بوو شوێنی (سالار عەزیز)ی گرتەوە، كە بۆ ماوەی حەوت مانگ لەو پۆستەدا مایەوە ‌و لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا پۆستەكەی رادەستی (قادر عەزیز حەمەجان ناسراوە بە حاكم قادر) كرد.
-    رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 2007، ڕۆشنبیر ‌و كەسایەتیی شاری سلێمانی (هۆشیار محەمەد عەزیز قەفتان) كۆچی دوایی كردووە كە خزمەتێكی زۆری بە ئەدەب ‌و كەلتور ‌و مێژووی كورد كردوە.
-    رۆژی 2ی شوباتی ساڵی 1966، كۆنگرەی دووەمی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە شێوەیەكی نهێنی لە ناوچەی سلێمانی بەڕێوەچوو.
-    رۆژی 3ی شوباتی ساڵی 1971، بە فەرمانی حكومەتی عێراق، (عەلی عەبدوڵڵا ئەمین) وەكو پارێزگاری سلێمانی دانرا و شوێنی (شوكری سەبری حەدیسیی) گرتەوە، عەلی عەبدوڵڵا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ‌ ساڵ لە پۆستەكەیدا مایەوە.
-    ڕۆژی 3ی شوباتی ساڵی 2000، یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانی لە سنوری ئیدارەی سلێمانیدا ئەنجامدرا، كە تێیدا لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (حاكم قادر حەمەجان) كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆكی شارەوانی زۆرینەی دەنگەكانیان بەدەست هێنا.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1946، لە سەر دەستی (حەپسە خانی نەقیب) یەكێتیی بزووتنەوەی ئافرەتان لە شاری سلێمانی پێكهێنراوە وەكو یەكەم ڕێكخراوی مێینە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان لە باشوری كوردستان.
-    رۆژی 5ی شوباتی ساڵی 1944، (وەفیق حەبیب) لە پۆستی موتەسەڕیفی سلێمانی لابرا، كە تەنها ماوەی سێ‌ مانگ بوو لەو پۆستەدا دانرابوو رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1943 دەستبەكار ببوو، دواتر (بەهادین نوری) لە شوێنەكەی دانرا.
-    لە میانی راگەیاندنی ئەنجامەكانی یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا كە لە سنوری ئیدارەی سلێمانیدا ئەنجامدرا، ڕۆژی 5-2ی ساڵی 2000 ئاشكرا كرا كە كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆرینەی كورسیی شارەوانییەكانیان بە دەست هێناوە.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1935، شاعیری ناودار ‌و نیشتمانپەروەری گەلی كورد (ئەحمەد موختار جاف) لە ئاكامی هێرشێكدا كە كراوەتە سەری كۆچی دوایی كردووە، ئەحمەد موختار جاف ساڵی 1896 لە سنوری هەڵەبجە لە دایك بوە ‌و هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە تێكەڵی ئەدەب ‌و سیاسەت بوە.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1994دا، پارتێكی نوێ‌ لە شاری سلێمانی بە ناوی (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان) پێكهێنراوە وەكو پارتێكی سیاسی كە پێشتر ئەندامەكانی لە ژێر ناوی (ئیخوان موسلیمن)دا بە شێوەی نهێنی كاریان كردووە.
-    ڕۆژی 8ی شوباتی ساڵی 1963، دوایین ژمارەی ڕۆژنامەی ژین بڵاوكرایەوە كە لە سلێمانی پێشتر لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە دەردەچوو، پاش خۆیشی لەلایەن چەند كەسێكی دیكەی وەكو مامۆستا گۆرانی شاعیر ‌و ئەحمەد زرنگ ‌و جەمیل سائیبەوە سەرپەرشتیی دەكرا بەڵام لەگەڵا هاتنەسەر كاری بەعسییەكان ڕۆژنامەكە داخرا ‌و قەدەغە كرا.
-    بە هۆی ئەو بارە نائارامەی كە هێزە ئەمنییەكانی بەعس لە ناوچەی پشدەری سەر بە پارێزگای سلێمانی دروستیان كردبوو، ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1986 هاووڵاتیان ‌و كاسبكارانی شارۆچكەی قەڵادزێ‌ مانگرتنێكی فراوانیان دەست پێكرد ‌و تەواوی دوكان ‌و بازاڕیان داخست، دواتر هێزە ئەمنییەكان بە زەبری هێز دوكانەكانیان بە هاووڵاتیان كردەوە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1992، یەكێتیی ئەندازیارانی كوردستان یەكەم كۆنگرەیی خۆیی لە شاری سلێمانی ‌و بە ئامادەبوونی 656 ئەندامی ڕێكخراوەكە ساز كرد كە ماوەی چەند رۆژێكی خایاند ‌و دەستەیەكی نوێ‌ بۆ سكرتاریەت هەڵبژێردران ‌و پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی رێكخراوەكەدا كرا.
-    ڕۆژی 10ی شوباتی ساڵی 1959، یەكەم ژمارەی گۆڤاری (ڕزگاری) لە شاری سلێمانی بڵاوكراوەتەوە كە گۆڤارێكی سیاسیی نیشتمانی بووە ‌و داكۆكیی لە دۆزی گەلی كورد كردوە و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی ‌و نوسەر ‌و رووناكبیر بابەتەكانیان تێدا بڵاوكردوەتەوە.
-    دوای دوورخستنەوەی وەفیق حەبیب لە پۆستی موتەسەڕیفی سلێمانی، رۆژی 12ی شوباتی ساڵی 1944، بە فەرمانی حكومەتی بەغداد، (بەهادین نوری) وەكو موتەسەڕیفی نوێی سلێمانی دانرا و دەستبەكار بوو، كە ئەویش تەنها بۆ ماوەی كەمتر لە هەشت مانگ لە پۆستەكەدا مایەوە.
-    دوای دەستگیركردنی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی ڕابەری پارتی كرێكارانی كوردستان لەلایەن توركیاوە، ڕۆژی 12ی شوباتی ساڵی 1999 لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكی فراوان بۆ پشتیوانیكردن لە ئۆجەلان بەڕێوەچوو.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1993، بە پیلانێكی ڕژێمی بەعس تەقینەوەیەك لە ناو كۆگاكانی ڕێكخراوی مانگی سوری عێراقیدا لە شاری سلێمانی ڕوویدا كە بە هۆیەوە زیانێكی زۆری مادیی بەو كۆگایانە گەیشت.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1925، كۆمەڵەی (بەرگری نیشتمانیی كورد) لە شاری سلێمانیی باشوری كوردستان پێكهێنراوە كە لەلایەن (ئەحمەد تەوفیق بەگ)ەوە سەرپەرشتیی دەكرا ‌و ژمارەیەك كەسایەتیی ‌و رووناكبیر ‌و نوسەر لە دەوری كۆبوونەوە ‌و ئامانجی بەرگریكردن بوو لە مافەكانی گەلی كوردستان.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2004، زیاتر لە دە هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكیان ئەنجام دا ‌و تێیدا بە چەندین دروشم داوای سەربەخۆیی كوردستانیان كرد.
-    ڕۆژی 15ی شوباتی ساڵی 1993، كەسایەتیی ڕۆشنبیریی ‌و ئەدەبدۆستی شاری سلێمانی (محەمەد عەزیز قەفتان) دامەزرێنەری چاپخانەی كامەرانی كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە ئەدەب ‌و كەلتووری كوردی كردوە.
-    رۆژی 17ی شوباتی ساڵی 1939، بە بڕیارێكی پاشایەتی ‌و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، (عەبدولمەجید یەعقوبی) لە پۆستی موتەسەڕیف (پارێزگار)ی لابرا، كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1937 لەو پۆستەدا دەستبەكار ببوو، بۆ ماوەی چەند مانگێك پۆستەكە بە وەكالەت بەڕێوەبرا، هەتا (حاجی رەمەزان) بە شێوەیەكی فەرمی لە پۆستی موتەسەڕیفدا دەستبەكار بوو.  
-    ڕۆژی 17ی شوباتی ساڵی 2011، هێزە ئەمنییەكانی بەحرەین هێرشیان كردە سەر مانگرتوانی ناوچەی (لوئلوئە) كە لە دژی حكومەتی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، بە هۆیەوە چوار هاووڵاتی كوژران ‌و زیاتر لە 250ی دیكەش بریندار بوون هێزەكانیش بە زەبری هێز كۆتاییان بە خۆپیشاندان ‌و مانگرتنەكە هێنا.
-    رۆژی 18ی شوباتی ساڵی 1981، حكومەتی عێراق (جەعفەر عەبدولكەریم بەرزنجی)ی وەكو پارێزگاری سلێمانی دەستنیشان كرد ‌و شوێنی (ئەرشەد زێباری)ی گرتەوە، كە هەتا ساڵی 1989 لەو پۆستەدا مایەوە.
-    رۆژی 20ی شوباتی ساڵی 1977، بە فەرمانی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتدارانی بەعس لە پۆستە ئیدارییەكانی ناوچەی هەرێمی كوردستان، (محەمەد ئەمین محەمەد) لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لادرا، كە لە ساڵی 1975ەوە لەو پۆستەدا بوو.
-    ڕۆژی 20ی شوباتی ساڵی 2005، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوینەهەواری دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە بە مەبەستی دانانی میكانیزمێك بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكەی حكومەتی هەرێم.
-    دوای ڕاگەیاندنی پاشانشینی كوردستان لەلایەن (شێخ مەحمودی حەفید) مەلیكی كوردستانەوە ئینگلیزەكان كە حوكمڕانیی عێراقیان دەكرد ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1923 داوایان لە مەلیكی كوردستان ‌و خەڵكی سلێمانی كرد كۆتایی بە دژایەتیكردنی حكومەتی بەغداد ‌و دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بهێنن بە پێچەوانەوە هێزە ئاسمانییەكان بەریتانیا ‌و عێراق شاری سلێمانی بۆردومان دەكەن.
-    دوای دەستگیركردنی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی ڕابەری پارتی كرێكارانی كوردستان، ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1999 جەماوەری شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیی گەورەیان ئەنجامدا ‌و تێیدا ئیدانەی رادەستكردنەوەی ئۆجەلانیان كرد بە حكومەتی توركیا.
-    دوای ئەوەی حكومەتی بەغداد ‌و دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراق داوایان لە (شێخ مەحمودی حەفید)ی مەلیكی كوردستان كرد سەردانی بەغداد بكات‌و داواكەش لەلایەن شێخەوە ڕەتكرایەوە، ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1923 فڕۆكەكانی ئینگلیز بەیاننامەی هەڕەشەئامێزیان بەسەر شاری سلێمانیدا فڕێدایە خوارەوە بۆ ئەوەی هێزەكانی كورد شەڕ لەگەڵا هێزەكانی ئینگلیز ‌و عێراقدا نەكەن.
-    ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1988، ڕژێمی بەعس دەستی بە یەكەم كاری كۆكوژیی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی كورد كرد شاڵاوەكەش لە دۆڵی جافایەتیی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا كە بە ئەنفالی یەك ناسراوە ‌و تا ڕۆژی 19ی ئادار بەردەوام بوو.
-    ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1992، بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دژی سیاسەتەكانی ڕژێمی بەعس خوێندكاران ‌و لاوانی شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكی گەورەیان بۆ بەردەم ئۆفیسی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا ‌و داوایان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكانی عێراق دابنێت.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1923، ئینگلیزەكان كە عێراقیان بەڕێوە دەبرد داوایان لە سمكۆ (سمایل خانی شكاك) كرد شاری سلێمانی بەجێبهێڵێت كە ئەو كاتە میوانی (شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان) بوو چونكە سوپای ئینگلیز ‌و عێراق بە نیازی ئەوە بوون بە فڕۆكە شاری سلێمانی بۆردومان بكەن.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1978، شۆڕشگێڕ ‌و پێشمەرگەی كورد (فاتح قادر) ناسراو بە كرێكار لە ناو زانكۆی سلێمانیدا چالاكییەكی بوێرانەی ئەنجامدا دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی بەعسەوە گەمارۆ درا خۆی نەدا بەدەستەوە ‌و خۆیی شەهید كرد.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1988، سوپای بەعس گوندەكانی (هەڵەدن ‌و یاخسەمەر ‌و چاڵاو)ی لە سنوری پارێزگای سلێمانی كیمیاباران كرد ‌و زیانێكی زۆری گیانیی ‌و ماڵیی بەو ناوچانە گەیاند.
-    ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1924، قوتابخانەی كۆمەڵی زانستی لە شاری سلێمانی دامەزرا.
-    ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1986، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر ڕێگای نێوان سلێمانی ‌و قەرەداغ، چالاكییەكی گەورەیان لە دژی هێزەكانی عێراق و رژێمی بەعس ئەنجامدا، كە تێیدا زیانی سوپای عێراق كوژرانی دەیان كەس ‌و زیانێكی زۆری مادی بوو.
-    ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1990، هێزەكانی سەر بە سوپای عێراق ‌و رژێمی بەعس شاڵاوێكی گەورەیان لە ناوچەی سورداشی سەر بەپارێزگای سلێمانی ئەنجامدا، بە ئامانجی دەستگیركردنی ڕێكسختنە نهێنییەكان ‌و پێشمەرگە پارتیزانەكان و هاوكارەكانیان.
-    ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 2005، دووەم فێستیڤاڵی میوزیكی ڕەسەنی كوردی لەش اری سلێمانی دەستی پێكرد، كە ماوەی چوار ڕۆژی خایاند ‌و 15 تیپی كوردی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ‌و پارچە جیاجیاكانی دیكەی كوردستان تێیدا بەشداربوون.

ئامادەکردنی: بەشی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی

مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە


هه‌واڵی زیاتر

هه‌واڵه‌كان

بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی سیمینارێكی تایبەتی بەپرۆژەی كەلەپوور بەنەخشە ئەنجامدرا
2024-09-03
بەبەشداری پارێزگاری سلێمانی سیمپۆزیۆمێك تایبەت بەگرنگیی و رۆڵی پسپۆڕی رێنمایی پەروەردەیی بەڕێوەچوو
2024-09-03
سلێمانی” ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان ده‌ستیپێكرد
2024-08-06
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ به‌رپرسانی حكومی پارێزگای سلێمانی کۆبوویه‌وه‌
2024-07-01
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانی خولی راهێنان بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دەکاتەوە
2024-05-29
پارێزگاری سلێمانی بەشداریکرد لە مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی شێوازەکانی فێربوون
2024-05-06
پارێزگاری سلێمانی، پڕۆژەی وەبەرهێنانی مێگا هۆم ستۆری براندی بەناوبانگیی ئەمریکیی ئاشلی كرده‌وه‌
2024-05-06
126 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی تێده‌په‌ڕێت
2024-04-22
پارێزگاری سلێمانی پشتیوانیی بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی کوتان دژی سورێژە دووپاتده‌كاته‌وه‌
2024-04-16
پارێزگاری سلێمانی: هەموومان هاوکاربین لەوەی تاوان و هەڵەکان دووبارە نەبنەوە
2024-03-17
جێگری پارێزگاری سلێمانی خەڵاتی پێشەنگی ئاشتی پێبەخشرا
2024-02-08
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوون لەسزای دواكەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل دەردەكات
2024-02-07
رێكاری پێویست بۆ پرۆژەی هەژماری من لەسنووری پارێزگای سلێمانی دیاریدەكرێت
2024-01-24
پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لەكونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور دەكات
2024-01-24