بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ژوری ئۆپراسیۆنەكان چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات


ڕۆژی سێشەممە 15/3/2022 ژوری ئۆپراسیۆنەكانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی، پاڵپشت بە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ڕۆژی 9/3/2022ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە دۆخی بازاڕ لە 13/3/2022دا، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە بەشداریی قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، تایبەت بە دابینكردن و گواستنەوە و هێنانە ناوەوە و هەڵگرتن و خستنەڕوو و كوالێتی و قەبارە و نرخی پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان و چاودێریكردنی بازاڕ، لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراك و پێداویستییەكان و بەرژەوەندیی گشتیدا، كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا:
یەكەم: جەختكردنەوە لەسەر یاداشتی پارێزگاری سلێمانی بە نووسراوی پارێزگای سلێمانی/ نوسینگەی تایبەت ژمارە (٢٥) لە 13/3/2022ی تایبەت بە پێشنیازەكان بۆ چارەسەركردنی ئەم بارودۆخانە، كە هاوپێچی ئەم نوسراوە كراوە.
دووەم: لە ڕۆژی 15/3/2022وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانییەوە بە هەماهەنگیی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی لەو (٥) بەنزینخانەیەی بۆ دابینكردنی بەنزینی پشتیوانیكراو لە سنوری شاری سلێمانیدا دیاریكراوە، ڕۆژانە (١) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تایبەت و، (٢) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تاكسی، ڕۆژێك بۆ ژمارەی تاك و ڕۆژێك بۆ ژمارەی جووت و، (٢) بەنزینخانە بۆ پاسەكانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی تەرخان دەكرێت.
سێیەم: بە دەستپێشخەریی بازرگانان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی بڕێك ئارد بێبەرامبەر بۆ هەر نانەواخانە و سەمونخانەیەك دابیندەكرێت. لیژنەكانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی، ڕێكاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە دیاریدەكەن.
چوارەم: بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە كۆمپانیای دابینكردنی غاز دەكرێت، كە پابەندی تەواوی ناوەڕۆكی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پەیوەست بە دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتیان و دابینكردنی غاز بە نرخێكی پشتیوانیكراو بۆ نانەواخانەكان، بێت.
پێنجەم: داوا لە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كرا، بۆ جێبەجێكردنی كرداریی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دەسەڵاتی تەواو بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەكانیان بۆ بەڕێوەبەرێتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتیی پارێزگاكان داببەزێنن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی كارای خۆیان لە چارەسەركردنی ئەم دۆخەدا ببینن.
شەشەم: ژوری ئۆپراسیۆنەكانی چاودێریی ئابووریی، دەسەڵاتی تەواو دەدات بە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، كە سەرۆكایەتیی لیژنەی هاوشێوە لە یەكە كارگێڕییەكانیاندا بكەن بەهەماهەنگیی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیان لە سنورەكەیاندا و چاودێریی وردی قەبارەی خستنەڕوو و كوالێتی و نرخی كاڵاكان بكەن و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر قۆرخكار و سەرپێچیكار بگرنەبەر.
حەوتەم: پێویستە ڕێگری و بەربەستی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت لە جوڵەپێكردنی كاڵاكان و بەرهەم و پێداویستییە كشتوكاڵیی و پەلەوەریی و ڤێتێرنەرییەكاندا و دەرفەتی هاوسەنگ و هاوبەش بۆ هەموو لایەك فەراهەم بكرێت بەبێ جیاوازیی.
هەشتەم: دیاریكردنی ڕەسید لە وەزارەتەكانەوە بۆ پێداویستییە سەرەكییەكان لاببرێت و، چاودێریكردنی كوالێتی و نرخ بكرێتە بنەما.
نۆیەم: ڕێگا بە كێڵگە پەلەوەرییەكان بدرێت خۆیان پێداویستییەكانی خۆیان بەپێی توانای بەرهەمهێنانیان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات دابین بكەن.
دەیەم: پێویستە ئەو بانكە ئەهلییانەی دۆلار بە نرخی فەرمیی لە بانكی ناوەندیی عیراق وەردەگرن، بەپێی مانیفێستی فەرمیی داخڵكردنی كەرەستە خۆراكییە سەرەكییەكان، دۆلار بۆ بازرگانان بە نرخی فەرمیی دابینبكەن.
یانزەیەم: داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت فەرمانبەری پێویست بۆ فەرمانگاكانی (چاودێری بازرگانی، دابەشكردنی ئارد، دابەشكردنی خۆراك) دابین بكەن و پشتیوانیی دارایی و تەكنیكییان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی ژوری ئۆپراسیۆنەكانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی
١٥/ ٣/ ٢٠٢٢


هه‌واڵی زیاتر

هه‌واڵه‌كان

سبه‌ی چوارشه‌ممه‌،له‌سه‌رجه‌م دامووده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشووی فه‌رمییه‌
2025-04-08
سلێمانی له‌كه‌رتی ته‌ندروستی پێشه‌نگی كوردستان وعێراقه‌
2025-04-08
پارێزگاری سلێمانی پێشوازی له‌ وه‌فدی ده‌مپارتی و ده‌به‌په‌ی باكوری كوردستان كرد
2025-03-26
لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی ناوه‌ندی سلێمانی، چاودێرییه‌كانیان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌.
2025-03-26
ئامەد، بەشداریکردنی پارێزگاری سلێمانی لەمەراسیمی بەرزڕاگرتن و ئاگرکردنەوەی نەورۆزی ئازادییدا
2025-03-21
پارێزگاری سلێمانی دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەشێک لەئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی و نوێنەرانی دەم پارتی ئەنجامدا
2025-03-20
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئامەدی کرد
2025-03-20
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی بارەگای سەرەکیی دەم پارتی لەپارێزگای ئامەد کرد
2025-03-20
پارێزگاری سلێمانی هاوخەمیی بۆ كۆچی دوایی خاتوو ئامینەی جۆڵا دەردەبڕێت
2025-03-20
رێكخراوی (IOM) هاوكاری دارایی بۆ پاڵپشتیكردنی كارو بزنسە بچووك و مامناوەندەكان دەبەخشێت
2025-03-10
ئه‌مڕۆ 240 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندن ودروستبوونی شاری سلێمانیدا تێده‌په‌ڕێت
2024-11-14
پارێزگاری سلێمانی به‌شداری دیداری خوێندكارانی دێرینی زانكۆی سلێمانی كرد
2024-11-07
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای سه‌رژمێری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو
2024-11-07
ماڵپەڕی فەرمیی ئەلیكترۆنی، بۆ بەشداربوون لەپرۆسەی سەرژمێریی گشتی كارا دەكرێت و دەتوانن لەسبەینێوە فۆڕم پڕبكەنەوە
2024-11-05