پارێزگای سلێمانی پەیكەری گاندی لە هەواری شاری دادەنێت، حكومەتی هیندستانیش كەلوپەل و دۆكیۆمێنتەكانی مەلیك مەحمود دەگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی.
ڕۆژی شەممە 9/4/2022، بە سەرپەرشتیی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز (پراشانت پایس) باڵیۆزی كۆماری هیندستان لە عێراق و بە ئامادەبوونی بەڕێزان سوبهاش كەین كونسوڵی گشتیی كۆماری هیند لە هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری و سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و بەڕێوەبەرە گشتیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و نشینانی هیند لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی، پەردە لەسەر پەیكەری كەسایەتیی گەردونیی و هێمای ئاشتیی و پێكەوەژیان (مەهاتما گاندی) لە پاركی هەواری شار لادرا.
لەم چالاكییە مرۆیی و كولتورییە هاوبەشەی نێوان هیندستان و پارێزگای سلێمانیدا؛ پەیكەری (مەهاتما گاندی) كە لە سەر ئەركی خۆیان دروستكراوە، پێشكەش بە پارێزگای سلێمانی كرا و لەسەر ئەركی پارێزگای سلێمانی لە پاركی هەواری شار (گەورەترین پاركی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا) بە ئەندازەیەكی شایستە كە لەلایەن بەڕێوەبەرێتیی ئەندازەی پارێزگای سلێمانی و پاركی هەواری شارەوە ڕێكخرابوو؛ جێگیركرا.
لە مەراسیمەكەدا بەڕێز باڵیۆزی كۆماری هیند لە عێراق وێنەیەكی تەواوی ڕەسەنی دەستوری بەدەستنوسراوی هیندی پێشكەش بە پارێزگاری سلێمانی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەرییدا پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی كۆماری هیند لە عێراق، لە بەهای مرۆیی و كاری پێكەوەیی و هاوبەش و ئاشتیی و خۆشەویستیی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان گەلان لەم دۆخە ناجێگیر و شەڕەی دنیادا دوان و باڵیۆزی هیند سوپاسی هەوڵەكانی پارێزگاری سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی كرد بۆ ئەم دەستپێشخەریی و كارە هاوبەشانە.
لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی سوپاسی حكومەت و خەڵكی هیندستان و بەڕێزان باڵیۆز و كونسوڵ و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی كرد، بۆ گیانی بەرزی هەماهەنگیی و كاری هاوبەش.
لە كۆنگرەكەدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد، لەسەر بانگهێشتی حكومەتی هیندستان، شاندێكی پارێزگا سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و لە میانی سەردانەكەدا پەیوەندییە كولتوریی و زانستیی و تەندروستیی و بازرگانیی و تەكنۆلۆژیی و ژینگەیی و كارگێڕیی و گەشتیارییەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێ بكەن.
بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی یەكشەممە 10/4/2022 پارێزگاری سلێمانی بە یاوەریی شاندێك بەرەو هیندستان بەڕێ كەوتن و بڕیاریشە لەسەر پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی، هەموو كەلوپەل و دۆكۆمێنتەكانی مەلیك مەحمودی نەمر مەلیكی كوردستان لە هیندستانەوە بۆ سلێمانی بگوێزرێنەوە.