بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پارێزگار روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە ئامانجی سەردانە فەرمییەكەی بۆ كۆماری هیندستان روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە ‌و تێیدا بە وردی هۆكار و ئامانجی سەردانەكە دەخاتەڕوو، ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:

ڕونكردنەوەیەك بۆ ڕایگشتیی
بەناوی خودای گەورەی میهرەبان
وەك پارێزگاری سلێمانی، بەپێی بڕگەی چوارەم، لە مادەی نۆزدەیەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩؛ (نوێنەرایەتیی پارێزگای سلێمانی دەكەم لەو كۆنگرەو كۆڕو سیمینارانەی كە بۆیان بانگدەكرێم)، لەسەر داواو پێشنیازی بەڕێزان باڵیۆزو كونسوڵی كۆماری هیندستان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، لە مانگی شوباتی ڕابردوودا‌، داوایانكرد لە پای ئەوەی سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان و شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسكۆو شاری شوێنەوارو شارستانییەت و مۆزەخانەو هونەرو فەرهەنگ و...تادییەو، پەیوەندییەكی كولتوریی بەهێز لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هیندستاندا هەیەو چەندین چالاكیی كولتوریی هاوبەشمان لە سلێمانی بەڕێوەبردووەو، لەماوەی دەستبەكاربوونی ئێمەدا وەك پارێزگار لەگەڵ زۆریی و قوڵیی و سەختیی قەیرانەكاندا؛ بەڵام نەمانهێشتووە كایە كولتورییەكان بووەستن و چەندین كارو پڕۆژەی ناوازەمان بە زمانی كوردیی و زمانە زیندووەكانی دنیا لە هەموو بوارە كولتورییەكاندا، لەسەر ئاستی هەموو پارچەكانی كوردستان و ڕەوەندیی كوردیش؛ بەگەڕخستووە، بەشدارو میوان بین لە بەرنامەی ساڵانەی (میوانە ناوازەو دیارەكان)ی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكان (ICCR)، كە لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەڕێوە دەچێت و هەر ساڵەی چەند كەسێكی‌ زۆر دیاریكراوو بژاردە لە وڵاتانی دنیاوە لە ڕێی وەزارەتی دەرەوەی هیندستانەوە، بانگهێشتی وڵاتەكەیان دەكەن.
بەپێی بنەماو پێوەرو هەڵسەنگاندن و توێژینەوەكانی خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، پارێزگاری سلێمانیان لەسەر ئاستی ناوچەكەو عیراق و هەرێمی كوردستان، وەك میوانی ناوازەی ٢٠٢٢؛ دیاریكرد.
بەڕێزان باڵیۆزو كونسوڵی كۆماری هیندستان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، داوایانكرد ڕەزامەندیی خۆمان لەم ڕووەوە دەرببڕین، دوای ڕاوێژو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ بەڕێزان جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆو سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارماندا بەشداریی ئەم بەرنامە بەهادارە كولتورییە جیهانییە بكەین، وەك لە نوسراوی فەرمیمان ژمارە (٣٤٢٨) لە ٣/٤/٢٠٢٢دا ئاماژەمان پێداوه (نوسراوە فەرمییەكە هاوپێچە)‌، بانگهێشتنامەی فەرمیی بەڕێز كۆمار توهین: بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكان (ICCR)مان لەڕێی بەڕێزان باڵیۆزو كونسوڵی كۆماری هیندستان لە عیراق و هەرێمی كوردستانەوە بەدەستگەیشت (بانگهێشتنامە فەرمییەكە‌ هاوپێچە).
بەپێی بانگهێشتنامە فەرمییەكە‌: پارێزگارو هاوەڵێكی وەك میوانی بەرنامەی ساڵانەی میوانە ناوازەو دیارەكان‌ میوانداریی كراون، هەموو تێچووە داراییە سەرەكییەكان لە ئەستۆی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكاندا دەبێت، بەپێی نوسراوی پارێزگاری سلێمانیش بۆ وەزارەتی ناوخۆ؛ هەموو پابەندییە دارایی و ماڵییەكانی تر لە ئەستۆی خودی پارێزگار دەبن، نەك بوجەی گشتیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەموو ئەو سەردانە فەرمییانەی تر كە لە ڕابردودا كردومانن و هیچ ئەركێكی دارایی و ماڵیمان نەخستۆتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەردانە فەرمییەكە‌مان بەپێی بەرنامەیەكی چڕو ئامانجدارو ڕێكخراو لەلایەن ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكان (ICCR)ەوە دیاریكرابوو (هاوپێچ كراوە)، بە‌ڕێزان لە وەزارەتەكانی دەرەوەو ناوخۆی هیندستان و ڕاسپێردراو بە كاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە هیندستان/ نیودەلهی و كونسوڵی گشتیی عیراق لە شاری مۆمبای پایتەختی بازرگانیی هیندستان و، سەرۆك و بەرپرس و نوێنەرانی (ICCR)و دامەزراوە دەوڵەتییە گشتیی و تایبەتەكانی پەیوەندیدار لەو وڵاتە؛ بە شایستەترین شێوازی دبلۆماسیی پێشوازو هاوڕێ و هاوكارو پشتیوانمان بوون.
كۆی وردەكاریی بەرنامەو دیدارو سەردانەكانمان؛ لە سایت و پەڕەی فەرمیی پارێزگای سلێمانی و پەڕەی تایبەتیی پارێزگاری سلێمانی و سایت و پەڕە فەرمییەكانی هیندستان و عیراق و كوردستاندا؛ بڵاوكراونەتەوەو دەتوانین بچنەوە سەریان، ئەمەیش پوختەی بەرنامەكەمانە:
١١/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی پەیمانگای هیندیی بۆ هونەرەجوانەكان و هونەرە ڕەسەنە میللییەكانمان
١١/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: تەلاری سەرەكیی (ICCR)، (ICCR)؛ كۆبوونەوەو سیمینارێك بۆ پارێزگاری سلێمانی.
١٢/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی پەیمانگای هیندیی بۆ پەیوەندییە گشتییەكان، بەشداریكردن لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی ئێزگەی نێودەوڵەتیی پەیمانگاكەدا.
١٢/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی كۆنفیدراسیۆنی پیشەسازیی هیندیی.
١٢/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی مۆزەخانەی كاری دەستیی هیندستان.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی سەنتەری لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی هیندستان.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی نەخۆشخانەی ئەپۆڵۆی گشتیی تایبەت، كە كۆنترین نەخۆشخانەی تایبەتیی هیندستان و یەكەم نەخۆشخانەی تایبەتە لەسەر ئاستی وڵاتەكە.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی بەڕێز ڕام مادهاڤ سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی (هیند فاوندەیشن)و سەرۆكی حیزبی بەهاراتا جاناتا لە ساڵانی ٢٠١٤- ٢٠٢٠و؛ حوكمڕانی هیندستان لە ٢٠١٤ەوە بەبەردەوامیی تائێستاو، گەورەترین حیزبی سیاسیی جیهان لەڕووی ژمارەی ئەندامان و گەورەترین حیزبی هیندستان لە ڕووی نوێنەرایەتیكردنەوە.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی گەلەریی نیشتمانیی هونەری مۆدێرنی هیندستان، كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێز ئەدوەیتا گادانایاك، هونەرمەندی گەورەی هیندستان و سەرۆكی گەلەریی نیشتمانیی هونەری مۆدێرنی هیندستان.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: سەردانی پەیمانگای هیندیی ئەیورڤێدای بۆ توێژینەوەو خوێندنی باڵای بوارە پزیشكییە سروشتییەكانی هیندستان.
١٣/٤/٢٠٢٢/ نیودەلهی: هۆتێل میریدیانی دەلهی، لە پایتەختی هیندستان، بەڕێز كۆمار توهین بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكان (ICCR)، لەسەر شەرەفی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بۆ ڕێزلێنان لەو هەوڵانەی داویەتی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە مرۆیی و كولتورییەكان، ئێوارەخوانێكی بۆ دەستەیەكی هەڵبژێردراوو دیاری زاناو هونەرمەندو مامۆستایانی زانكۆو مێدیاو بیرمەندو سەرۆكی دامەزراوە جیاجیاكانی هیندستان ڕێكخست.
١٤/٤/٢٠٢٢/ ئاگرا: سەردانی شاری ئاگرا، بەسەركردنەوەی شوێنەواری جیهانیی دێرینی تاج محەل و خاسمحەل و قەڵای ئاگراو گەلەریی هونەریی و تەكنیكیی مەڕمەڕو بەردە بەنرخە پێكهێنەرەكانی كۆشكەكانی تاج محەل و گەلەریی و شوێنی كاری دەستیی و چنینی ئەتەمین و چینی بەبەردی بەنرخ و دەزوی مس لەسەر شێوازی كۆنی سەدەكانی شانزدەو حەڤدەو گەلەریی پۆپەشمینی بەدەستچنراوی كشمری.
١٥/٤/٢٠٢٢/ جایپور: سەردانی شاری جایپوری پایتەختی ولایەتی راجیستانی گەورەترین ولایەتی هیندستان ، بەسەركردنەوەی شوێنەوارە كۆن و ڕەسەنەكانی ئەم ناوچەیە، قەڵای عەمبەرو كۆشكی شارو سەنتەری فەلەكناسیی مەنتار جانتار، كە یەكێكە لە سەنتەرە هەرە بەناوبانگەكانی دنیاو، كۆشكی هەوامحەل و، شورای مەزنی قەڵای عەمبەرو، حەل مەهەل (كۆشكی ناو ئاو) و زنجیرە شاخەكانی ئەرەواڵیی.
١٧/٤/٢٠٢٢/ حەیدەرئاباد: سەردانی شاری حەیدەرئاباد، بەسەركردنەوەی شوێنەوارەكانی چوار منارەو مزگەوتە ناوازەكانی شارەكەو مۆزەخانەی سالاری جەنگ و شاری ڕامۆجی تایبەت بە فیلم و بەرهەمهێنانە سینەماییەكان.
١٨/٤/٢٠٢٢/ حەیدەرئاباد: بەسەركردنەوەی ناوچەی گەتقەیسەرو دامەزراوەی سەرەكیی كۆمەڵگای ئای تی ئینفۆسیس؛ گەورەترین كۆمپانیای هیندستانی ئەم بوارە، كە زیاتر لە دووسەد هەزار كەس كاریتێدادەكات و وەك كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی نیشتمانیی لەسەر ئاستی جیهان كاردەكات.
١٨/٤/٢٠٢٢/ حەیدەرئاباد: سەردانی زانكۆی زمانە ئینگلیزیی و بیانییەكانییەكان.
١٩/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: سەردانی شاری مۆمبای پایتەختی ولایەتی ماهاراشترا؛ گەورەترین شاری هیندستان‌ لە دوای دەلهی پایەختەوە و لەلایەن بەڕێزان دكتۆر غازی ئەلتوبی كونسوڵی گشتیی عیراق لە مۆمبای و خاتوو ڕەنو پریسیانی بەرپرسی ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكان لە مۆمبای و بەرپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مۆمبایەوە پێشوازیمانكرا.
١٩/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: بەسەركردنەوەی ئەكادیمیای ویستین وودس(دارستانی ویسلیگینك)ی نێودەوڵەتیی سینەمای هیندستان.
١٩/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: سەردانی شاری بەرهەمهێنانی فیلمی نێودەوڵەتیی هیندستان، كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێزان هونەرمەندو سیناریست و دەرهێنەرو تەكنیككارو بەرهەمهێنەرانی فیلم و سینەمای هیندستانەوە لە كات و شوێن و لۆكەیشنی كارە هونەرییەكانیاندا.
١٩/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: سەردانی ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی هیندستان.
١٩/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێزان دكتۆر غازی ئەلتوبی كونسوڵی گشتیی عیراق لە مۆمبای و ستافی كونسوڵخانەی گشتیی عیراق لە مۆمبای.
٢٠/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: بە دیدێكی هاوبەش گفتوگۆ لەسەر بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری هیندستان و پەیوەندییەكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ مۆمبای پایتەخت لە هەموو ئاست و بوارەكان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دۆكۆمێنت و شوێنەوارەكانی مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی حەفید كرا، دواتر لەسەر پێشنیازی بەڕێز سەرۆكی ولایەتی ماهاراشترا؛ پارێزگاری سلێمانی شوێنە جیاجیاكانی كۆشكی سەرۆكایەتیی هیندستانی لە مۆمبای بەسەركردەوە، كە پێش سەربەخۆیی هیندستان؛ بارەگای سەرەكیی بەریتانییەكان بووە لە هەموو ناوچەكانی خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتداو هەریەك لە بەڕێزان جواهیر لاڵ نەهرۆو ئەندێرا غاندیی و ڕاجیڤ غاندی لەم كۆشكەدا سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیانیان كردووە، ولایەتی ماهاراشترا دووەم گەورەترین ولایەتی هیندستانەو دانیشتوانەكەی زیاتر لە سەدو بیست و پێنج ملیۆنەو، مۆمبای پایتەختیش گەورەترین سەنتەری بازرگانیی و ئابوریی و هونەریی هیندستان و ناوچەكەیە.
٢٠/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: بەسەركردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی سینەمای هیندستان؛ كە یەكێكە لە گەورەترین مۆزەخانەكانی ئەم بوارە لە جیهاندا.
٢٠/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: بەسەركردنەوەی شوێنەواری دیارو دێرینی بەندەرو ئەشكەوتی فیلەكان، كە مێژووەكەی بۆ سەدەی پێنجەمی زایینیی دەگەڕێتەوە.
٢٠/٤/٢٠٢٢/ مۆمبای: لەسەر بانگهێشت و میوانداریی بەڕێزان سەرۆكانی جالییە ئیسلامیی و هندییەكانی هیندستان؛ هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان دكتۆر غازی ئەلتوبی كونسوڵی گشتیی عیراق لە مۆمبای و باڵیۆزو كونسوڵی وڵاتانی ئیسلامیی و وڵاتە جیاجیاكان، بەئامادەبوونی كەسایەتییە دیارەكانی هەموو ئایین و ئایینزاو خاوەن بیروباوەڕە ئاینییەكانی ئەم وڵاتە، بەشدارییمان كرد لە خوانی بەربانگی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، كە لەلایەن جالییەی ئیسلامیی و هیندیی هینستانەوە ڕێكخرابوو، تئایدا بەڕێزان سەرۆكوەزیرانی پێشوی هیندستان و چەندین وەزیرو پلە باڵای ئێستا و پێشووی ئەو وڵاتە ئامادەبوون، جوانترین دیمەنی ڕاستەقینەی یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیانی نێوان هەموو هاووڵاتیانی وڵاتەكەیان بۆ هەموو جیهان خستەڕوو.
بە نوێنەرایەتیی هەموو باڵیۆزو كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار، پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی لێكردن و سوپاسی ئەم میوانداریی و پێكەوەبوونە شایستەیەی لە رێكخەران و ئامادەكاران و ئامادەبوونی بەڕێز كرد.
هەموو هەواڵ و چالاكییەكانمان بە شێوەیەكی فەرمیی لە سایتە فەرمییەكانی وەزارەتی دەرەوەو باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی هیندستان لە عیراق و كوردستان و ICCRو ئەو دامەزراوانەو مێدیای ئەو وڵاتەدا، ڕۆژانە؛ بڵاوكراونەتەوە، ئەمانە نمونەی هەندێكن لەوانە:
https://www.eoibaghdad.gov.in/event_detail/?eventid=135
https://www.eoibaghdad.gov.in/event_detail/?eventid=130
https://www.eoibaghdad.gov.in/event_detail/?eventid=133
https://www.iccr.gov.in/.../visit-dr-haval-abubaker...
https://mobile.twitter.com/.../1516650879436296194/photo/1
https://mobile.twitter.com/Ind.../status/1517157088446668802
https://mobile.twitter.com/Ind.../status/1517157081098293250
https://mobile.twitter.com/Ind.../status/1517157052761604096
https://mobile.twitter.com/EI.../status/1516850932021186569
https://www.facebook.com/photo/?fbid=1084341392122977&set=pcb.1084345478789235
https://mobile.twitter.com/ei_baghdad
ئامانجی سەردانەكەمان:
بەهێزكردنی پەیوەندییە مرۆیی و كولتوریی و شارستانیی و ژیاریی و سیاسیی و ئابوریی و بازرگانیی و گەشتیاریی و تەكنۆلۆژیی و زانكۆیی و هونەریی و فەرهەنگیی و پێكەوەژیان و تەندروستیی و ژینگەییەكانی نێوان (عیراق و هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی) لەگەڵ (هیندستاندا)، ئەو وڵاتەی بەیەكێك لە پێشكەوتووترین وڵاتانی دنیا دادەنرێت.
لە نزیكەوەو ڕاستەوخۆ یەكتربینین و بینینی ئەو كۆمەڵگا مرۆییەی بە ئاشتیی و ئارامیی و گەشەكردن و یەكترقبوڵكردنەوە بە یەك لەچواری دانیشتوانی زەوییەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات.
سود وەرگرتن لە ئەزمون و داهێنان و بەڕێوەبردنی خەڵك و خزمەتگوزارییەكان و سەرمایەگوزاریی و وڵاتە جیاجیا پێشكەوتووەكانی جیهانداو، یەكترقبوڵكردنی ئایینەكان و بیرە جیاوازەكان و هاوبەشیی كارای ژنان و پابەندبوون بە ڕەسەنایەتیی و كوالێتیی و داهێنانە نوێكان.
دروستكردنی پەیوەندیی دوو لایەنە لە نێوان خەڵك و دامەزراوەو كایە گشتیی و تایبەتییەكانی هەردوولادا.
زیادكردنی دۆستایەتیی هاوسەنگ و هاوبەش لەسەر هەموو ئاست و بوارە جیاجیاكان.
دۆزینەوەی ڕەچەڵەكی زمان و فەرهەنگی كوردیی و ئاسەوارەكانی مەلیك مەحمودی نەمرو ئامادەیی كورد لە قۆناغە جیاجیاكانی خۆرهەڵاتدا.
پیشاندانی كوردستان و پارێزگای سلێمانی وەك ناوچەیەكی لەباری سەرمایەگوزاریی و وەبەر‌هێنان و كایە كولتورییەكان.
دەسكەوتەكان:
لەسەر ئاستی عیراق:
- پتەوتركردنی پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
- كاركردنی هاوبەش بە متمانەیەكی زیاترەوە.
- پشتیوانیكردن لە زیادكردنی گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆكانی نێوان عیراق و هیندستان.
- كردنەوەی دەرگای خوێندنی باڵا و زامنكردنی كورسیی خوێندن بە پشتیوانیی ICCR بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا.
- پیشاندانی ڕۆڵی سەرەكیی عیراق لە ناو هەموو جالیات و باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئیسلامیی و غەیرە ئیسلامییدا.
- چارەسەركردنی گرفتی ئەو نەخۆش و خوێندكارو بازرگانانەی سەردانی هیندستان دەكەن.
- یەكترناسینی دەیان كەسایەتیی هیندستان لەلایەن ئێمەوە بە باڵیۆرخانەو كونسوڵخانەی عیراق لەو وڵاتەداو بەڕێزو بایەخەوە وەرگرتنی لەلایەن عیراقەوە.
- پیشاندانی جوانترین نمونەی حوكمڕانیی خۆجێیەتیی و پابەندبونی تەواومان بە كات و شوێن و بەرنامە چڕو بەردەوامەكانەوەو دوركەوتنەوە لە كاری تایبەتیی و بازاڕكردن و خۆدزینەوەو سەفاكردن.
لەسەر ئاستی كوردستان و پارێزگای سلێمانی:
- دروستكردنی پەیوەندیی دبلۆماسیی و كولتوریی ڕاستەخۆو بەرهەمدار لە نێوان شارەكانی هیندستان و پارێزگای سلێمانی و كوردستاندا.
- زامنكردنی چەندین كورسیی خوێندن بۆ ماستەرو دكتۆرا لەسەر ئەركی ICCR، بە هەماهەنگیی باڵیۆزو كونسوڵی هیند لە عیراق و كوردستان و ڕووبەڕووكردنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆ ئەم مەبەستەو لە داهاتوودا زانكۆكانی ترو زانكۆ تایبەتەكانیش دەگرێتەوە.
- دروستكردنی پەیوەندیی زانكۆیی ڕاستەوخۆ بۆ زانكۆكانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ زانكۆو ئینستیتیوت و سەنتەرەكانی توێژینەوەو گۆڤارە زانستیە ڕەسەنەكان و كاركردن لەسەر پەیوەندیی و هاتووچۆی نێوان ئەكادیمیانی هەردوولا.
- ناساندنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی كوردستان و یەكێتی وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانی سلێمانی بە هەموو دامەزراوە بازرگانیی و پیشەسازییەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی كۆنفیدراسیۆنی پیشەسازیی هیندیی و ژوری بازرگانی و پیشەسازیی هیندستان.
- تۆماركردن و بانگهێشتكردنی پارێزگای سلێمانی بۆ كۆنگرەی ئابوریی نێودەوڵەتیی لە مۆمبای و وەك بەشدارێكی كاراو خاوەن ڕوئیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.
- كارئاسانیكردن بۆ پێدانی ڤیزای تەندروستیی و خوێندن و بازرگانیی و زیادكردنی ڤیزای گەشتیاریی بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان.
- دروستكردنی ناوەندی هاوبەشی باوەڕپێكراوی دەوڵەتیی بەبەشداریی كەرتی تایبەت بۆ بوارە گەشتیاریی و تەندروستیی و بازرگانییەكان بە پشتیوانی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عیراق و هیندستان و دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بەم بوارە بۆئەوەی هیچ كێشەو گرفت و بەلاڕێدابردنێك لەم دۆسیانەدا نەمێنێت.
- پەسەندكردنی پێشنیازمان بۆ ڕاهێنان لەسەر ئەركی خۆیان بەو ژنە بەهرەمەندانەی لە بواری ئیشی دەست و خۆبژێویدا كاردەكەن، هەروەها لە بوارە تەندروستیی و گەشتیاریی و ژینگەیی و هونەریی و زانستیەكانیشدا.
- پەسەندكردنی زیادكردنی گەشتە ڕاستەوخۆكانی عیراق بۆ هیندستان لە بەغداوەو كردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی هێڵی ئاسمانی هیندستان هەفتانە لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆ شارەكانی دەلهی و مۆمبای و وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا دوای ڕەزامەندیی حكومەتی عیراق و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق ئەم بابەتە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە خەرجیی و كاتێكی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.
- وەبەرهێنان و بازرگانە دیارەكانی ئەو وڵاتە لەسەر پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی سەردانی كوردستان و سلێمانی دەكەن و خوازیاری پڕۆژەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی جێبەجێ بكەن.
- دروستكردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان مۆزەخانەی نیشتمانی سلێمانی و گەلەرییە هونەرییەكان و مۆزەخانەو گەلەرییەكانی ئەو وڵاتەداو لە ئایندەیەكی نزیكدا پەیوەندیی هاوبەش بەگەڕدەخەن.
- ئامادەیی سەنتەری لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی ئەو وڵاتە بۆ پێشكەشكردنی بابەت و توێژینەوەی زانستی ورد لەسەر ئاستی جیهان لە عیراق و كوردستان و پارێزگای سلێمانی لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا.
- كاركردن لەگەڵ زانكۆی زمانی ئینگلیزیی و زمانە بیانییەكان بۆ كاری هاوبەش و نووسینەوەی فەرهەنگی هیندیی – كوردیی و هاوكاریكردنی ئەكادیمیی و توێژەرانی كوردستان بە سەرچاوەو دۆكۆمێنت و گەڕانە مەیدانییە ڕاستەوخۆكان.
- دروستكردنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ نەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستیی و توێژینەوەكانی دەرمان و چارەسەركردن لەگەڵ ناوەندە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی لە هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەتدا.
- گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی ڕاستەوخۆی سیاسیی كراوەو ئاشكرا؛ لەگەڵ حیزبی بەهاراتا جاناتا؛ حیزبی حوكمڕانی ئێستای هیند، كە لە ٢٠١٤وە لە حوكمدا بەردەوامن و گەورەترین حیزبن لەسەر ئاستی دنیا لەڕووی ژمارەی ئەندامان و گەورەترین حیزبی هیندستانن لەڕووی نوێنەرایەتیكردنی پەرلەمانی و حوكمڕانیی و دامەزراوە گشتیی و تایبەتەكانەوە.
- ناساندنی پارێزگای سلێمانی وەك سەركەوتووترین میوانی ئەم پرۆگرامانەی ICCR و پێدانی نازناوی (باڵیۆزی موحیببەت)، كە سەروەرییەكەی بۆ كوردستان و پارێزگای سلێمانی دەگەڕێتەوەو ڕاگەیاندنی ئەم بابەتانە لە ئاستە باڵاكان و مێدیای ئەو وڵاتەدا.
- دروستكردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەورەترین ناوەندی سۆفت وێرو IT لە دنیاداو ئامادەییان بۆ هەموو هاوكاریی و هەماهەنگیی و پشتیوانیەكی هەرێمی كوردستان و سلێمانی.
- بە تیمكاركردنی شایستانە لەنێوان بەڕێزان باڵیۆزو كونسوڵ و پارێزگای سلێمانیداو پێشكەشكردنی نموونەیەكی جوانی كاری پێكەوەیی.
- دروستكردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەیان كەسایەتیی زاناو داناو توانا لە هەموو بوارە جیاجیاكانداو وەرگرتنەوەی سۆزو ئامادەیی و دڵسۆزییان بۆ كاری هاوبەش و ڕاوێژو پشتیوانیكردن كە بەشی زۆریان لە وڵاتە گەورەكانی دنیادا لە ناوەندی بڕیاردان و لە توێژینەوەی باڵادا كاردەكەن.
- دروستكردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ هونەرمەندان و دامەزراوە هونەرییە سینەماییەكانی كوردستان و سلێمانی لەگەڵ بۆڵیود و ئامادەییان بۆ میوانداریكردنیان و بەشداریكردن لە چالاكییەكانی كوردستاندا.
- دروستكردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و لێكتێگەیشتنی سەرەتایی لەنێوان ولایەتی ماهاراشترا دووەم گەورەترین ولایەتی هیندستان و شاری مۆمبای گەورەترین شاری هیندستان لەدوای نیودەلهییەوە لەڕێی بەڕێز سەرۆكی ولایەتی ماهاراشتراو دامەزراوە دەوڵەتیەكانی ئەو ولایەتەوە.
- وەرگرتنی بەڵێنی گەڕان و پشكنینی تەواو لەسەر ئاستی فەرمیی بۆ دۆزینەوەی هەر شوێنەوارو دۆكۆمێنتێكی تایبەت بە كوردو كوردستان و بەتایبەتی مەلیك مەحمودی نەمرو پێشكەشكردنەوەی بە پارێزگای سلێمانی.
- بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هەموو باڵیۆزو كونسوڵ و نوێنەرو جالیاتی ئیسلامیی و هیندیی لەسەر ئاستی هیندستان و جیهان و دیاریكردنمان وەك نوێنەری هەموو بەشداربووان بۆ پێشكەشكردنی وتاری باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەو نوێنەرو جالیاتی ئیسلامیی و هیندیی تایبەت بە كۆبوونەوەكەو دروستكردنی پەیوەندیی دبلۆماسیی ڕاستەوخۆی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئیسلامیی و ئاینە جیاجیاكانی هیندستاندا.
- دابینكردنی چەندین كتێبی ئەدەبیی بۆ كتێبخانەی ئەدەبیی نێودەوڵەتیی پارێزگای سلێمانی و ئەمڕۆ ڕۆژی (٢٦/٤/٢٠٢٢) لەڕێی بەڕێز كونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی كوردستانەوە گەیەندرایە پارێزگای سلێمانی.
- دروستكردنی پەیوەندیی هونەریی و هونەرە ڕەسەنەكان لە نێوان هونەرمەندو دامەزراوە هونەرییەكانی هەردولادا، پەسەندكردنی پێشنیازی بەڕێز سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بۆ كارو پەیوەندیی هاوبەش.
- ناساندنی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و تایبەتمەندیی و دۆخی گشتیی گونجاویان؛ بەدەستەبژێرو كەسایەتیی و دامەزراوەكانی گەڵاڵەكردنی بڕیارو هێزی سیاسیی حوكمڕان و بڕیاردەر لەو وڵاتەدا.
- ناساندنی ڕەسەنایەتیی و شارستانییەت و شوێنەوارو ئەدەب و فەرهەنگ و هونەرو كولتوری كوردستان بەو وڵاتە لەسەر ئاستێكی جیهانی.
- پیشاندانی پێگەی پارێزگای سلێمانی وەك شاری یەكەم لەسەر ئاستی عیراق لە پێكەوەژیان و ئازادییە ئاینیی و فیكریی و مێدیایی و سیاسییەكان و دەرفەتی ئازادییەكان و بوارەكانی پەروەردەو تەندروستیی و شارەوانیی و كشتوكاڵ و ژینگەو وزەنوێكان و گەشتیاریی و شوێنەوارو پیشەسازیی و زانكۆو كولتورو سەوزایی و فڕۆكەخانەو كارگۆو دەروازە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان.
- پیشاندانی ئیدارەدانی سەركەوتووانەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆناو ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە نێوان لێكەوتە تەندروستیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییەكاندا.
- ئیدارەدانی لێكەو‌تەكانی بۆردومانی بەردەوامی ناوچەكانمان لەلایەن وڵاتانی‌ دراوسێ و شەڕی داعش و لە ئامێزگرتنی سەدان هەزار ئاوارو پەناهەندەو قەیرانە سیاسیی و ئابورییەكان و كارەساتە سروشتییەكاندا.
- خستنەڕووی ڕۆڵی دیارو جوامێرانەی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤان لە بەگژاچونەوەی داعش و هاوشێوەكانیاندا.
- بەڕێز شەماڵ ئەبوبەكر؛ هەڵگری بڕوانامەكانی بەكالۆریۆس لە ئەندازیاریی میكانیك و زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی بە پلەی یەكەم و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ئەدەبی ئەمریكیی و تێزەكەی لە ئەمازۆن بڵاوكراوەتەوەو بەرپرسی ژوری وەرگێڕان و پەیوەندییەكانی دەرەوەی نوسینگەی تایبەتی پارێزگارو بەرپرسی ئۆفیسی یونسكۆی شاری داهێنەری ئەدەبە لە سلێمانی و مامۆستاو مامۆستای زانكۆ بووەو لە هونەرمەندە بەهرەمەندە فرە بەهرەكانی كوردستان و عیراقە و بەبەردەوامیی سەرپەرشتیی هەموو كارو چالاكییە هاوبەشەكانی نێوان باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەو دامەزراوە كولتورییە هیندییەكان و پارێزگای سلێمانی كردووە، لە باشترین وەرگێڕە‌ ڕاستەوخۆو خێراكانی كوردستان و عیراقە، هەموو وەفدە بیانییەكان و زاناو پرۆفیسۆرو زانكۆكانی هیندستانیش هەمان باوەڕو متمانەیان بە توانستەكانی بەخشیوەتەوە، توانستە بێهاوتاكانی خۆی خۆبەخشانەو به ‌ڕێكاری كارگێڕیی و بێبەرامبەر؛ كردوویەتی بە هاوەڵی ئێمەو كارەكەی، نەك برایەتییە پڕ جوامێرییەكەی.
بۆ هەموولایەكی ڕووندەكەینەوە، هیچ كەسێك هێندەی ئێمە مافی ڕەوای نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی پارێزگاكەمانی نییەو بە دەنگدان لەم پۆستەدا كاردەكەین و بەردەوام بەشێك بووین لە چارەسەر نەك لە كێشەو هەموو حكومەتەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و یەكە كارگێڕییەكان و فەرمانگاكانی دەوڵەت و كەرتی تایبەتیش دەزانن لەم سەرگەردانیی سیاسیی و دۆخی سەختی متمانەو ئابوریی و قوڵیی قەیرانانەدا، چیمان پێشكەشكردووەو چیمان كردووە.
ئارامیی سلێمانی و كوردستان و عیراق بۆ ئێمە لەپێش هەموو شتێكەوەیەو قوربانیی گەورەمان بۆ ئەم مەبەستە داوەو حكومەتی خەڵك و سەروەریی یاساو حكومەتی خزمەتگوزارمان بەڕێوەبردووە.
بۆ هەر كێشەو قەیرانێك كە لەڕووی یاساییشەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئێمەوە نەبووبێت چەندین پێشنیازو پڕۆژەمان پێشكەشكردووە.
بەڵێنمان بە خوداو بە خەڵك و بە خۆمان داوە، ڕوون و ڕاست و ڕەوا بین و لە هەر جوڵەیەكماندا هاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە ئێمە لەكوێین، چی دەكەین، بەچییەوە خەریكین، هیچ بودجەیەكمان بۆ مێدیای سێبەرو هاندانی هەندێك پەیج و سەرقاڵكردنی مێدیا بەخۆمانەوە خەرج نەكردووەو مۆبایلەكەی دەستی خۆمانمان كردۆتە ئەو مێدیایەی كە مەبەستمانە ببێتە سەرچاوەی زانیاریی دروست بۆ هەمووان و ئاگاداركردنەوەی هەمووان لە هەر هەنگاوێك كە دەینێین.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی

 


هه‌واڵی زیاتر