بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پیشەسازی لە سەردەمی نوێدا


ئەگەر سەیری مێژووی سەرهەڵدان و بەردەوامیی پیشەسازیی بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە هەندێك پیشە ژیانی مرۆڤایەتی و وڵاتهکی بەرەوپێش بردووە، لە هەمان كاتدا لایەنی ئابوریی وڵاتانیشی گۆڕیوە، هەندێك پیشەش پشتاوپشت یاخود نەوە دوای نەوە گرنگیی پێدراوە و گۆڕانكاریی لە پیشەكەدا كراوە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ژیانی دانیشتوانی هەر ناوچە ‌و شارێك.
عێراق و هەرێمی كوردستان بەدەرنەبوون لە بەرەوپێشچوونی كەرتی پیشەسازی، چونكە لە دوای ساڵی 1950 پیشە دەستییەكان هەندێكیان گۆڕان بەكارگە و بەرهەمی زیاتریان خستە بازاڕەوە، ئەو گۆڕانكارییە بووە هۆی بەرزكردنەوەی لایەنی ئابوریی و پڕكردنەوەی پێداویستیی ژیانی دانیشتوان.
شاری سلێمانی یەكێك بووە لەو شارانەی كە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، گرنگیی بەپیشە و پیشەسازیی داوە و هەوڵ دراوە پشت بەبەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت، بابانییەكان پێشەنگ بوون لە بەرەوپێشبردنی شارستانییەت و ئابوریی و پیشەسازیدا، لە پێناو پڕكردنەوەی پێداویستیی دانیشتوانی سنورەكە.
بەهاوكاریی كاربەدەستانی ئەو كاتی كورد، كۆمەڵێك كارگەیان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان بنیات ناوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و هەندێ جاریش هەناردەی وڵاتانی دراوسێ كراوە، شاری سلێمانی و دەوروبەری پێشەنگی ئەو ناوچانەی كوردستان بوون و گرنگی تایبەتیان هەبووە لە ڕووی دامەزراندنی كارگە و بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریییەوە، ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیژی شوێنی جوگرافی و بەپیتیی و گونجاویی شاری سلێمانی و دەوروبەری.
بەشێوەیەكی گشتی لە سەردەمی نوێدا لە شاری سلێمانی چەند پیشەیەك گرنگییان پێدراوە و چەندین كارگەی جۆراوجۆر دروست كراون، بۆ ئەوەی پیشەسازییەكان زیاتر پەرەبسێنن، كە ئەمانەی خوارەوە بەشێكن لەو پیشانە:
1ـــ پیشەی ئاسیاو (ئاشەوانی):
مێژووی دروستكرن و كاركردن بەم ئاسیاوانە دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 1950، ناوەكەشی لە ئاس واتا وردكردن + ئاو واتا بە هێزی ئاو كاری كردووە، ئەم جۆرە پیشەیە دروستكردنی ئاسیاوی ئاو بووە لەسەر چەم یاخود ڕوبارێك یان سەرچاوەی كانی و كارێزەكان، لەسەرەتادا بەم شێوەیە دووبەردی گەورەی پانی داتاشراوی ڕێكخراو لەسەریەك دانراو، بەبەكارهێنانی هەندی ئامێری لەدار دروستكراو، هەروەها خولانەوەی بەشێوەی دروستكرنی هێز بەشەلالێك یان بۆرییە ئاوێكی بەخوڕ و بەهێز بۆ خولانەوەی بەردە گەورەكان، بۆ هاڕینی دانەوێڵە، ئەوەش زۆربەی كات لە كەنار ڕوبارەكان یان ناو دۆڵ و جۆگا ئاوەكانی كانیاوەكان دانراون، چونكە ئەم ئاسیاوانە (ئاشانە) پێویستیان بە ئاوی بەخوڕ هەبووە بۆ كاركردن.
ناوچەكانی سلێمانی بەهۆكاری ئەوەی ناوچەی شاخاوین، روبار و كانیاوی چاكیان هەبووە، بۆیە زۆر لەبار بوون بۆ دامەزراندی ئاسیاوی ئاو، كە ئەوەش بووە بە هۆی سودگەیاندن بە تەواوی دانیشتوانی سنوری سلێمانی بۆ هاڕینی دانەوێڵەكانیان و ساخكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیانشیان.
هەندێك وەستای كارامەی كورد ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە دروستكردنی ئەو جۆرە ئاساوانە، لە هەمان كاتدا هەلی كاری زۆری ڕەخساندووە بۆ پیشەوەرانی پیشەی ئاشەوانی، بۆ ئەوەی بژێویی خۆیان و خێزانیان لە ڕێگای ئەو پیشەیەوە دەست بكەوێت.
لە هەمان كاتدا و دوای ئەم ئاسیاوانەش، چەند جۆرێكی تری ئامێری هاڕینی دانەوێڵەیان دروست كردووە، وەك:
یەكەم (دەستاڕ): كە وەستایەكی كارمە دوو بەردی گەورەی دەتاشی و لەسەریەكی دادەنان و بەردەكەی ژێرەوە چاڵێكی تێكردووە، بۆ ئەوەی داریكی كورت گیر بكات و بەردەكەی سەرەوەی لە ناوەڕاستەوە كون كردووە، بۆ ئەوەی دارەكەی لەبەردەكەی ژێرەوە گیری كردبوو بەناو ئەو كونەدا تێپەڕێت و بەدەوریدا بخولێتەوە، دواتر بەردەكەی سەروەی لەقەراخەكەیەوە چاڵكردووە و داردەستێكی تێدا چەقاندووە، بۆ ئەوەی كەسی بەكار هێنەر بە دەستی بیگرێ و بتوانێ بەردەكەی سەرەوە بسوڕێنی و لە كونی ناوەڕاستی بەردی سەرەوە دانەوێڵەی تێكراوە و بەهۆی خولانەوەی لە لایەن كەسێك یان دوو كەسی بەرامبەریەك، دانەوێڵەكە هاڕدراوە، ئەوەش زیاتر بۆ هاڕینی گەنم بۆ ساوار و بڕوێش و نیسك  لەماڵان بەكار هاتووە.

دوەم (جۆنی): یەكێكی ترە لە ئامێرەكان بۆ كوتانی گەنم بەتایبەت بۆ گەنمە كوتاو، ئەویش پێكهاتوو بووە لە دوو بەردی ڕێكخراو و چاڵكراو، بەردی یەكەم كە بەردێكی گەورە بووە چاڵ كراوە و دواتر بەردێكی تر وەك بەردە دەست ڕێكخراوەو دانەوێڵەكە خراوەتە ناو بەردەچاڵكراوەكە و بە بەردە ڕێكخراوە درێژەكەش كێشراوە بەناو دانەوێڵەكەی ناو چاڵی بەردەكە، بەو شێوازەش بەچەند جارێك دووبارە بوونەوەی كوتانەكە دانەوێكە دەكوترێ و ئامادە دەبێ بۆ خواردن، ئەوەش زیاتر لە ماڵاندا بەكارهاتووە.
دوای پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا، ئاشی ئاو گۆڕدراوە بە جۆرە ئاشێك كە بەئامێر كاریان كردووە ‌و لە ناو شارەكان، ئەویش بەهۆی هێنانی كۆمەڵێك ئامێری كارگەیی سەرەتا لەناو سەنتەری شارەكان دانراون، دواتر بۆ شارۆچكەكانیش گواستراونەتەوە، ئەم جۆرەیان پێوستی بە وزەی كارەبا هەبوو بۆ كاركردنی و بەرهەمی زیاتری دەخستەوە، ئاسیاوەكان (ئاشەكان) هەتا ئێستاش گرنگی خۆیان لەدەست نەداوە بۆ هاڕینی دانەوێڵە، بەتایبەت گەنم كاتێك دەكرێت بە ئارد و بۆ خواردنی ئادەمیزاد بەكاردێ، هەروەها بۆ  هاڕینی ئەو دانەوێڵانەی بۆ خواردنی ئاژەڵەكان بەكاردێ وەك جۆ و پاقلە و پۆڵكە و سەرجەم دانەوێڵەكانی تر.
2ـــ كارگەی جگەرەی سلێمانی:
كارگەی جگەرەی سلێمانی ساڵی 1956 لەلایەن وەزارەتی ئابوریی عێراق لەسەر ڕووبەری 30,000 مەتردووجا بەردی بناغەی دانراوە، بڕی تێچووی 5 ملیۆن دیناری عێراقیی ئەو كاتی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام كۆی گشتیی پارەی خەرجكراو لە كارگەكەدا گەیشتە یەك میلۆن و سێسەد و هەشتا و پێنچ هەزار و هەشتسەد و شەست و یەك دیناری عێراقی.
كە كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كارگەكە و سەرجەم بەشەكانی ناو كارگەكەی تەواو كردووە، دوای تەواوبوونی خرایە سەر وەزارەتی پیشەسازیی عێراق / بەڕێوەبەرایەتیی كارگێڕیی پرۆژەكان، ئەم كارگەیە لە ڕێكەوتی 11/9/1961دەستی كردووە بەدروستكردنی جگەرەی بێ فڵتەر بەبڕی (3,5) ملیۆن جگەرە لەیەك وەجبەی كاركردندا، واتە لە 8 كاتژمێری رۆژێكدا، بەناوی جگەرەی جمهوری (سكایر الجمهوریە) دوای ماوەیەك كاركردن و شارەزابوونی كادیرەكانی، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی زیادیكرد بۆ چوار ملیۆن جگەرە لەیەك ڕۆژدا.
ا ـ هاوشانی كارگەی جگەرە، ( كارگەی پوختەكردنی كۆنی توتن لە سلێمانی) دامەزرا لەسەر ڕووبەری 25000 مەتر دووجا لە ساڵی 1957دا، كە لە سەرەتادا بە پوختەكردنی دەستی دەستپێكرا، دواتر لە ساڵی 1965دا ئامێری پوختەكردن بۆ ئەو كارگەیەش هاتووە و بەرهەمی زیادی كردووە.
لە ساڵی 1969دا دەستكرا بە بەرهەمهێنانی دوو جۆر جگەرەی فیلتەردار بەناوەكانی (غازی و سەڵاحەدین)، بەڵام بە رێژەیەكی دیاریكراو.
ب ـ ساڵی 1970 چەند كارگەیەكی تری هاوكاری كارگەی جگەرەی سلێمانی دامەزران بەناوی كارگەی (پوختەكردنی  تازەی توتن ) لە هەریەك لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و كۆیە، ئەو كارگانەش توتنیان پوختە دەكرد و دەیاننارد بۆ كارگەی جگەرەی سلێمان، ساڵی 1975 بەتەواوی ئەم كارگە پوختەكاریانە و كارگەی جگەرەی سلێمانی یەكخران ‌و كران بەیەك بەڕێوەبەرایەتی بەناوی (كارگەكانی جگەرە و پوختەكردنی توتن لە سلێمانی)، دواتریش ساڵی 1976 هەندێك ئامێری تازە هێنرانە كارگەكەوە بۆ زیادكرنی بەرهەمی كارگە و هەناردەكرنی بۆ وڵاتانی دراوسێ، هەر بۆیەش ساڵی 1977 دەستكرا بە بەرهەمهێنانی جۆری تر لە جگەرەی فیلتەردار بەناوەكانی (سۆمەر و بەغداد) بە بڕی 14 ملێون جگەرە لە دوو وەجبەی ئیشكردن لە ماوەی یەك ڕۆژدا، ساڵی 1980ش بەرهەمهێنانی جگەرەی (الجمهوریە) ڕاگیرا.
ج ــ كارگەی ترشاندنی توتن لە سلێمانی:
ئەم كارگەیە بەگەورەترین كارگە دادەنرێ لە ناوچەكەدا ‌و ساڵی 1983 دەستكرا بەكاركردن لە دروستكردنی ئەو كارگەیەدا و ساڵی 1988 تەواو بووە، بەبڕی تێچووی 14ملیۆن دیناری عێراقی، لەدوای تەواوكردنی ئەم كارگەیەدا كە لە 14 جامپەر پێكهاتبوو بۆ ترشاندنی توتنی پوختەكراو، كە لە ماوەی ساڵێكدا بڕی 11 هەزار تۆن تووتنی دەترشاند.
ژمارەی كارمەندانی سەرجەم كارگەكانی سەر بە كارگەی جگەرەی سلێمانی ( 2451) كارمەند كاریان تێدا كردووە، بەپلەی جیاجیا و موچەی جیا، ئەو كارگانەی سەر بە كارگەی جگەرەی سلێمانی بوون ئەمانە بوون (كارگەی توتنی كۆن، كارگەی توتنی تازە، كارگەی توتنی هەڵەبجە، كارگەی توتنی كۆیە، كارگەی ترشاندنی تووتن).
ئەو جگەرانەشی كە بەدرێژایی كاركردنی كارگەی جگەرەی سلێمانی بەرهەم هێنراون، هەتا ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 ئەمانە بوون (جگەرەی بێفیلتەر، جگەرەی بێفیلتەری جمهوری، جگەرەی 14ی تەموزی جمهوری، جگەرەی عەلائەدینی كاغەزی فیلتەردار، جگەرەی عەلائەدینی كارتۆنی فلتەردار، جگەرەی بەغدادی كارتۆنی فلتەردار، جگەرەی بەغدادی كاغەزی فلتەردار، جگەرەی غازیی فلتەردار، جگەرەی جمهوری فیلتەردار، جگەرەی جمهوریی بێفیلتەر، جگەرەی سۆمەر).
دوای ڕاپەڕینەكەی بەهاری ساڵی 1991ی گەلی كورد، كارگەی جگەرەی سلێمانی دەستی بەكاركردن كردەوە و هەندێك لە ستافی كاركردن تێیدا گۆڕان، بۆیە بەرهەمەكەی كەمی كرد تەنها یەك جۆر جگەرەیان بەرهەم دەهێنا بەناوی جگەرەی (سان).
جگەرەی سان یەكەم جگەرەی كوردی بوو كە لە سەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان  ‌و دوای ڕاپەرینی 1991 دروستكرا، لە مانگەكانی 10و 11و 12ی ساڵی 2001 تا ساڵی 2003 بەردەوام بوو، دواتر بەرهەمهێنانی ئەو جگەرەیەش ڕاگیرا.
بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی دەرەكی وردەوردە كارگەكانی پوختەكردن و ترشاندنی توتن و كارگەی جگەرەی سلێمانی گرنگییان كەمبووەوە، تا دواجار لە 12/1/2004 بەتەواوی كاركردن تێیاندا وەستا و هەر بۆیەش كارگەی جگەرە و پوختەكردن و ترشاندنی تووتن , ناوەكەی گۆڕدرا بۆ كارگەی پوختەكردن و ترشاندنی تووتن لە سلێمانی، ئەو فەرمانبەر و كارمەندانەشی ئیشیان تێدا دەكرد، هەندێكیان دابەشكران بە سەر فەرمانگەكانی تری حكومەتی هەرێمی كورستاندا.

3ـ كارگەی مافوری سلێمانی:
كارگەی  مافوری سلێمانی بەسەرپەرشتیی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دروست كراوە، مەبەست لە دروستكردنی ئەم كارگەیە لەسنوری سلێمانیدا بۆ زیاتر گرنگیدان بوو بە بەرزكردنەوەی ئاستی لایەنی پیشەسازیی و ئابوریی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، بە بنیاتنانی ئەو كارگەیە و سەرجەم كارگەكانی تری سلێمانی، شار چووە قۆناغێكی ترەوە، ئەوەش وایكرد هەلی كار زیاتر بڕەخسێ بۆ سەدان ئارەزوومەند لە بوارە جیاجیاكانی ناو گارگەكانی سلێمانیدا.
كارگەی مافوری سلێمانی سەرەتا بەشێوەیەكی سادە خرایە كار بەهۆی كەمیی ئامێرەكانی پێویست بەكارگەكە، بەلاًَم بەهۆی داواكاریی زیاتر لەسەر بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە، شێوازەكانی كاركردن و ئامێرەكانیان زیاد كرد و كارمەندنی زیاتریان بۆ دامەزراند، كارگەی مافور پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕستن و چنین هەیە، چونكە بەرهەمە خاوەكان و شێوازی كاركردنیان هاوتای یەكە.
لەگەڵ دروستكردنی كارگەی مافوری سلێمانی، حكومەتی عێراق هەندێك كارگەی بچوكی شووشتنەوەی خوریی  لەو ناوچانەی كە ئاویان زۆربوو دامەزراند، بەتایبەت كەنار زیێ بچووك و سیروان، بەناوی كارگەی شوشتنەوەی خوری لەقەزای  دەربەندیخان و پشدەر و ناحیەی تەقتەق، ساڵانە لەگەڵ وەرزی گەرما و بڕینەوەی خوریی مەڕ و مووی بزن، حكومەت تەواوی خوری و مووەكانی لە ئاژەڵدارەكان دەكڕییەوە و لە كارگەكانی شووشتنەوەدا بە جوانی دەشۆرانەوە و پاك دەكرانەوە.
دواتر بە خاوێنی و ئامادەكراوی  ناردوویانە بۆ كارگەی مافور و ڕستن و چنینی سلێمانی، لەم شووشتنگایانەش زۆر فەرمانبەریان دامەزراندبوو، بەوەش هەلیكار لەو ناوچانەدا زیادی كردبوو كە كارگەكانیان تێدابوو، دوای ئەوەی ئەم بەرهەمە خاوانە دەگاتە كارگەكان دەستدەكرا بە ڕستنیان و دواتر دەنێردران بۆ خومخانە و بە گوێرەی هەڵبژاردنی ڕەنگی وێنەی دیاریكراوی بۆ سەر فەرشەكان، تۆپەڵە داوەكان ڕەنگ دەكرێت و دوای وشكبوونەوەی دەنێردرێتەوە كارگە و بەدەست و پەنجە و بیرە هونەرییەكانی كارمەندانی كارگەی مافوور جواترین مافور و وێنە نەخشەكانی سەرمافورەكە بەرهەم دێ.
كارمەندانی كارگەی مافوری سلێمانی زۆربەی ئافرەتن، چونكە كاری چنینە، ئەم كارەش سەلیقەی ئیشكردنی ئافرەت تێیدا زیاترە وەك لە پیاو، ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندان لەسەرەتادا لەناو كارگە و سەرجەم شوشتنگەكان (127) بووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمی كارگەكە ‌و هەروەها خواست لەسەر بەرهەمەكانی، ژمارەی كارمەندەكانیان زیادكرد بۆ دوو هێندە و وردە وردە جۆرەكانی بەرهەمی مافور و بەڕڕە و وێنەی دیوار و نەخش و جوانكاریی ماڵ زیادی كرد.


بەرگدوورین:
لە هەمان كاتی پیشە و كارگەكانی سلێمانی، پیشەی بەرگدوورین یەكێكی تر بووە  لەپیشەكانی هەندێك لە پیاوان و ژنانی سلێمانی، مێژووی دۆزینەوەی ئەم پیشەیەش بەشێوەیەكی سەرەتایی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ملیۆن ساڵ پیش ئێستا، چونكە قۆناغ دوای قۆناغ مرۆڤ زیاتر پێویستی بە جلوبەرگ بووە بۆ خۆپاراستن و خۆداپۆشین، لە كوردستانیش بەهۆی هێنانی هەندێك جۆری قوماش لە وڵاتانی دراوسێوە لەلایەن بازرگانەكانەوە بۆ سلێمانی، كۆمەڵێك جلوبەرگ دروستكراون، بەڵام ئەو بازرگانیكردنە كەم بووە، بۆیە زیاتر پشتیان بە بەرهەمی ناوخۆیی لە خوری و موو و كەتان بەستووە، ئەویش خۆی بینیوەتەوە لە دروستكردنی جلی كوردیی پیاوان و ژنان وەك شاڵ و جۆخە و پشتێن و مشكی و جامانە و كڵاو بۆ پیاوان، كراسی كوردی و كڵاو و سەڵتە و كەوا بۆ ژنان.
هونەر و پیشەی بەرگدووریی كەسانی شارەزا و بە سەلیقە پێی هەستاون و ئەوان كاریان دوورین و پینەكردن و چاككردنی جلوبەرگ بووە بۆ مشتەرییەكانی خۆیان، كە سەرەتا لە ناو ماڵەكانەوە دەستیان پێكردووە، هەتا وای لێهاتووە لە سەرجەم كوچە و كۆڵانەكان و ناو بازاڕەكان دوكانی بەرگدووریی كراونەتەوە، ئەو پیشەیەش بە پیشەیەكی گرنگ دادەنرێ و هەندێكجار پشتاو پشت لەناو خێزانەكاندا گواستراوەتەوە، هەر ئەوەش وایكردووە كۆمەڵێك لە ئەندامانی خێزانەكان بە بەرگدوور یان خەیات ناو دەربكەن، ئەوان بە دەستڕەنگینیی خۆیان و بیرۆكەی هونەریی، گۆڕانكارییان لە شێوازەكانی دوورینی جلوبەرگدا كردووە.
دواتر پیشەی بەرگدووریین گرنگیی زیاتری  پێدراوە و تا گەیشتووەتە ئەوەی كارگەیەك بەناوی كارگەی جلوبەرگی سلێمانی دابمەزرێنرێت، بە ئامانجی زیاتر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی جلوبەرگ بۆ دەرەوەی وڵات، بەتایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەكردنەوەی ئەو كارگەیەش هەلیكاری زیاتری لە سلێمانی بۆ دانیشتوانەكەی ڕەخساند.

 
          
4ــ كارگەی چیمەنتۆ لە سلێمانی:
چیمەنتۆ وەك كەرەستەیەكی پێویست بۆ بنیاتنان و خانووبەرە ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە فراوانبوون و بەرەوپێشچوونی شار و شارۆچكەكاندا، هەرچەندە لە پێش ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991ی گەلی كوردستان، زیاتر چیمەنتۆ بۆ دروستكردنی تەلار و باڵەخانە و فەرمانگە و كارگە و دامودەزگا حكومییەكان بەكارهاتووە، لەپاڵ ئەوانیش هەندێك لە دەوڵەمەندەكانی شار و شارۆچكەكان خانووەكانیان بەچیمەنتۆ دروستكردووە، ئەگینا لەبەر كەمیی بەرهەمەكە و كەمیی كارگەی چیمەنتۆ، هەروەها زۆریی تێچووی ڕێژەی بەرهەمهێنان، هەموو كەسێك نەیتوانیوە خانووەكەی بە چیمەنتۆ دروست بكات، هەر ئەو هۆكارانەش وایكردووە هاووڵاتیانی كورد بۆ دروستكردنی خانووەكانیان پەنا بەرن بۆ قوڕ و بەرد و خشت.
كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار تاكە كارگە بووە لە شاری سلێمانی، كە توانیویەتی پێداویستیی و داواكاریی هاووڵاتیان و حكومەتیش پڕبكاتەوە، كە مادە خاوەكەی لە بەردی شاخەكانی كوردستانەوە دەست كەوتووە، كاتێك ئەو بەردانەی مادەی لكێنەریان تێدایە دۆزراونەتەوە و شكێنراون، دواتر گوازراونەتەوە بۆ كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و بە ئامێری تایبەت بە هاڕینی بەرد ورد كرون، دواتر بە تێپەڕبوونی بە هەندێك ئامێری تری سوتاندن و لەبێژینگدان، چیمەنتۆی لێ‌ بەرهەمهێنراوە ‌و زیاتر بۆ كاری دروستكردنی دامودەزگا حكومییەكان و خانووی حكومی بەكار هێنراوە، دامەزراندنی ئەو كارگەیەش ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو بۆ سنورەكە ئەویش لە چەند ڕوویەكەوە:
(یەكەم: لە ڕووی هەلی كارەوە، زیاتر لە 150 كەسی سنورەكە دامەزراون لە كارگەكەدا، دووەم: لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆ بنیاتنانی كارگە و تەلاری تر لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، سێیەم: لە ڕووی پیشەییەوە، كە زۆر كەس لەو كارگەیەوە فێری دروستكردنی چیمەتنۆ و كارە تەكنیكییەكانی بوون، چوارەم: لە ڕووی بازرگانییەوە، ئەویش لەڕێگەی ناردنی بەرهەمەكەی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەندێكجاریش بۆ دەرەوەی وڵات، پێنجەم: هاوكار بووە بۆ بەرەوپێشچوونی شارستانییەت).
سەنتەری سلێمانی و قەزا و ناحییەكانی سەر بەو شارە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە، هەر لە زووەوە جێگایەكی لەبار بوون بۆ دامەزراندنی كارگە و بەرەوپێشبردنی لایەنەكانی ئابووری، هەر بۆیەش لە كۆنەوە پیشەسازیی لە سلێمانیدا بووەتە پرسێكی گرنگ و بەردەوام كار لەسەر ئەوە كراوە، كەرتی پیشەسازیی پەرەی زیاتری پێبدرێت.

دوای ئەوەی پێداویستییەكانی عێراق زیادی كرد بۆ چیمەنتۆ، كۆتایی حەفتاكان بڕیار لە دروستكردنی كارگەیەكی دیكە دەدرێت لە ناوچەی تاسڵوجە ‌و لە ماوەی چەند ساڵێكدا پرۆژەكە جێبەجێ‌ دەكرێت، كە دەبێتە یەكێك لە كارگە بەناوبانگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‌و رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنێت، بەوەش كاری بیناسازیی لە سلێمانی ‌و تەواوی عێراق پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە، كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە هەتا ئێستاش یەكێكە لە كارگە گەورەكان لەسەر ئاستی كوردستان ‌و عێراق ‌و چەندین جۆر چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنێت.

كۆكردنەوە‌و بەرهەمهێنان: بەشی راگەیاندن و هۆبەی وێبسایتی پارێزگای سلێمانی
ئامادەكردن: ئاراس خاكی
فۆتۆ: ئەرشیف ، رەنجدەر بەهادین
سەرپەرشتیاری گشتیی: صالح رحمان

مافی بڵاوكردنەوەی پارێزراوە

 

 


هه‌واڵی زیاتر