بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پیشەسازیی لە كۆندا، بەشی یەکەم


ئەگەر لە مێژووی هەر گەلیك بكۆڵینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە خاوەنی شارستانییەتی خۆیانن و لە ڕووی كەلتورەوە دەوڵەمەندن، كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی جیهان و لەسەر خاكی كوردستان لە ڕووی كەلتورییەوە زۆر دەوڵەمەندترە و خاوەنی شارستانییەت و پیشەسازیی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵگەش بۆ ئەوە لە ئەشكەوتەكانی هەزارمێرد و بەردە بلك و چەرموو لە ساڵانی (3000 بۆ 2500) پێش زانییندا، مرۆڤ ژیاوە و كەلوپەلی لە بەرد دروستكردووە و دواتریش لە ماددە كانزاییەكانی وەك مس و ئاسن چەندین كەرەستەی جۆراوجۆری دروستكردووە، كە ئەوانە بە سەرەتای دەستپێكی پیشەسازی دادەنرێت لە كوردستاندا بە تایبەت لە سنوری سلێمانی.
دوای دروستبوونی سلێمانی لە ساڵانی 1784 ‌و سەردەمی بابانییەكاندا، بە تایبەت ئیبراهیم پاشای بابان كە  دامەزرێنەری شاری سلێمانییە، بۆ بنیاتنان و دروستكردنی خانوو و بازاڕ و مزگەوت پێویستیان بە كۆمەڵێك كەلوپەل هەبووە و هەر زوو  لە رووی پیشەسازیی دەستكردەوە هەوڵیان داوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، لەو ڕووەوە پشتیان بە كۆمەڵێك كەلوپەل و ئامڕاز بەستووە بۆ بەرزكردنەوەی بەردە گەورەكان لە كاتی دروستكردنی خانوو و مزگەوتەكاندا، خلۆكە یاخوج چەرخیان بۆ ڕاكێشانی ئاژەڵ بەكارهێناوە، لە هەمان كاتدا بۆ لێدان و دروستكردنی كانی و كارێز هەندێك پاچ و بێڵ و پواز و چەكوشیان دروستكردووە و بەكاریان هێناون، بۆ هەڵگرتنی ئاو و خواردەمەنی و دانەوێڵەش ئەمانەیان بەكارهێناوە: چاڵ بۆ دانەوێڵە و گۆزە بۆ هەڵگرتنی شلەمەنی هەروەها  بۆ هەڵگرتنی ئاو جەڕڕِە و كوندەی لە پێستە دروستكراو بەكارهاتووە و مەشكەش بۆ دۆ و رۆنەكەرە بەكارهاتووە، هەر لە سەردەمی بابانییەكاندا وەستای چاك هەبوون بۆ دروستكردنی تیـرو كەوان و قەڵغان و شمشێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و خۆپاراستنیان لە ئاژەڵە دڕندەكان.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە لە كوێوە ئەم مادە خاوانەیان بەدەست گەیشتووە، ئایا لە وڵاتانی دەرەوە بۆیان هاتووە؟ یاخود خۆیان بەدوایدا گەڕاون و دەستیان كەوتوون؟ وەستاكانی كورد هەر لە سەرەتاوە لەو مادە خاوانەی دەستیان كەوتوون كەلوپەلیان دروست كردووە، بۆ نمونە لە ساڵەكانی پێش زایین، چەقۆیان لە بەرد دروستكردووە بۆ بڕینی گۆشتی ئاژەڵ و هەندێك كاری تری خۆیان.
دوای شۆڕشی پیشەسازی، هەمان چەقۆ و كەلوپەلەكانی تر بوون بە مس و ئاسن و كەمێك گۆڕانكارییان تێدا كراوە، هەروەها گاسن بۆ كێڵانی زەوی و چەكوش و كۆمەڵێك كەلوپەلی تریان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەیان دروستكردووە، بۆیە بۆمان دەردەكەوێت كە شارەزایانی ئەم بوارە گەڕاون بەدوای زانیاریی زیاتر بۆ زیادكرنی پێداویستییەكانی مرۆڤ و دانیشتوانی ئەو كاتی كوردستان، بە تایبەت لە سنوری سلێمانیدا.
لەم لێكۆڵینەوەیەوە بۆمان دەردەكەوێ كە لە سەردەمی بابانییەكاندا و دوای ئەوانیش ئەم پیشانە  لە سنوری سلێمانیدا سازكراون:
یەكەم: دارتاشیی
مێژووی دارتاشی لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروسبوونی شاری سلێمانی، بە هۆی پێویستیی ئەو كات بە گالیسكە و قاپ و قاچاخ و بەرزكەرەوەكان بۆ كاری دروستكردنی خانوو و مزگەوت و حەمام  بۆ سەرگرتنیان و دەرگا و پەنجەرەكان بەكارهاتووە، لە هەمان كاتدا بۆ زەوی كێڵان و پرد و لە بوارەكانی جوانكاریدا بەكارهاتوون، بۆیە دارتاشەكان ئەمانە و چەندین كاری تریان كردووە، وەك دروستكردنی كانتۆر و جامخانە و ئاوێنە و تەشی و تەبەقی شەكرشكاندن و كورسی و مێز و چوارچێوە بۆ وێنەكانی دیوار، هەروەها سندوق بۆ هەڵگرتنی جلوبەرگ و هەڵگرتنی میوەكان و كۆمەڵێك كەلوپەلی تری ناوماڵ، بۆیە كاری دارتاشی ‌و دەستڕەنگینیی لە وەستاكانی ئەو كاتەوە گواستراوەتەوە بۆ ئێستا و بە شێوازی جیاجیا و گۆڕانكاریی سەردەمیانە بەردەوامیی هەیە، چونكە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە، گۆڕانكارییش لە سەرجەم بوارەكانی كارە دەستییەكان و كارگەكاندا كراوە، ئەویش بە هۆی هێنانی هەندێك ئامێری تەكنیكی بۆ كارگەكان، بەوەش شێوازی دروستكرن گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و بەرهەمی لە دار داتاشراوی جوانتر و زیاتر خراوەتە بازاڕەوە.


دووەم: ئاسنگەریی
ئەم پیشە و پیشەسازییە یەكێكی ترە لە پیشە زۆر باوەكانی سەردەمی بابانییەكان لە سلێمانی، بگرە تا ئێستاش گرنگیی خۆی لە دەست نەداوە، پیشەوەرانی ئەم پیشەیە خۆیان لەناو خاكدا وردەی ئاسنیان دۆزیوەتەوە و لەو ناوچانەی كە مادەی ئەستەلەكتایت و ئەستەلەكمایتیان زۆر بووە، بەتایبەت دەوروبەری ئەشكەوت و ناوئەشكەوتەكان یان لە ناوچە زوورگەكان و هەندێك كەنار ڕووبارەكان، ئەو مادانەیان كۆدەكردۆتەوە و دواتر جیایان كردوونەتەوە لە گڵ و پوش و گژوگیا، دواتر لە ناو بەردێكی هەڵكۆڵدراو زۆر گەرمیان كردووە، دواتر مادە شلەكەیان لە قاڵبی لە بەرد دروستكراو یان لە كانزا نەخشێندراو، دواتر هەندێ كوتاویانەتەوە و  ئەم كەلوپەلانەیان لێ دروستكردوون، كە پێداویستیی سنورەكەیان پڕكردۆتەوە.
پیشەوەرانی ئاسن زیاتر كەلوپەلەكانیان لەو مادە تواوانە دروست كردوون: تیروكەوان، قەڵغان، ناڵ و زین بۆ ئاژەڵەكان و دەفر و پاچ و بێڵ و چەكوش ‌و هەندێك ئامێری تری لە ئاسن دروستكراو، بۆ كارئاسانیی و پڕكردنەوەی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی سلێمانی و دەوروبەری.